
رێككەوتنی گۆڕانو یەكێتی كاریگەری باشی دەبێت

نوری مالیكی ئەمینداری گشتی حیزبی دەعوەی ئیسلامی عێراق لەگەڵ نەوشیروان مستەفاو وەفدێكی سەركردایەتی هاوبەشی بزوتنەوەی گۆڕانو یەكێتی نیشتیمانی كوردستان كۆبوەوە.
رۆژی دوشهممه نوری مالیكی هاتە شاری سلێمانیو سەردانی گردی زەرگەتەی كردو لەلایەن وەفدێكی سەركردایەتی هاوبەشی بزوتنەوەی گۆڕانو یەكێتی نیشتمانی كوردستانەوە، پێشوازی لێكرا.
لە كۆبونەوەیەكدا كە هەریەك لە عیماد ئەحمەدو رەفعەت عەبدوڵاو عومەری سەید عەلیو محەمەد تۆفیق رەحیمو جەلال جەوهەرو شۆرش حاجی ئامادەی بون، گفتوگۆ كرا لەبارەی پەیوەندییەكانی هەرێمو بەغدا.
لە لێدوانێكدا بۆ (تۆڕی میدیای گۆڕان) نوری مالیكی راگەیاند، سلێمانی شاری خۆمانەو خەڵكەكەشی كەوسكاری خۆمانن، هەرچی روداو بەرەوپێشچونێكی تێدابێت، بەلامانەوە گرنگە.
وتی: هاتین پیرۆزبایی لە برایانمان لە بزوتنەوەی گۆڕانو یەكێتی نیشتمانی كوردستان بكەین، بۆ ئەو هاوپەیمانێتییەكەی پێكیانهێناوە، بڕوامان وایە كاریگەری باشی لەسەر هەرێمی كوردستان دەبێت، ئەگەر ئەنجامو كاریگەرییەكانی لە هەرێمی كوردستان باشبون، ئەوا لە بەغداش باشدەبن، چونكە ئێمە یەك گەلینو یەك بەرژەوەندیمان هەیەو روبەڕوی یەك ئاستەنگیش دەبینەوە.
شۆڕش حاجی وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان ئاماژەی بەوەكرد، ئەو وەفدەی ئەمڕۆ سەردانی مەكۆی سەرەكی بزوتنەوەی گۆڕانیان كردوە لە شاری سلێمانی، نوێنەرایەتی حیزبی دەعوەو دەوڵەتی یاسایان كردوە، سەردانەكەیان وەك وەڵامدانەوە بوە بۆ سەردانی وەفدی هاوبەشی بزوتنەوەی گۆڕانو یەكێـتی نیشتیمانی كوردستان بۆلای هێزو لایەنە سیاسییەكانی عێراق.
باسیلەوەشكرد، نوری مالیكی هیوای خواستوە، رێككەوتنەكەی گۆڕانو یەكێتی ببێتەهۆكاری چاكبونەوەی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستانو بەغداو ئامادەی خۆشی نیشانداوە بۆ هەمو هاوكاریكردنێكی رێككەوتنەوە.
پێش سەردانەكەی بۆ گردی زەرگەتە، نوری مالیكی، سەردانی مام جەلال سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستانی كرد لە دەباشانو دواتریش سەردانی مەكتەبی سیاسی یەكێتی كرد.