هه‌واڵ و چالاكی‌
  نەوشیروان مستەفا: كەس ناتوانێت ئیرادەمان زەوت بكات
"خاوەنی ئیرادەین‌و لە كەسی قبوڵ ناكەین ئیرادەمان زەوت بكات" ئەمە قسەی نەوشیروان مستەفا رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان بو بۆ ژمارەیەك لە هەڵسوڕاوانی گۆڕان لە بەریتانیا.

رۆژی هه‌ینی نەوشیروان مستەفا رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان لە بەریتانیا لەگەڵ ئەنجومەنی بزوتنەوەی گۆڕان كۆبوەوە، لە كۆبونەوەكەدا لەبارەی هەلومەرجی عێراق‌و ناوچەكەو كاریگەرییەكانی لەسەر هەرێمی كوردستان قسەی كرد.

رێكخەری گشتی رایگەیاند، هەلومەرجی ئێستا لە هەمو ساڵەكانی پێشوتر خراپترە‌و قەیرانی دارایی‌و شەڕی روبەڕوبونەوەی "داعش"و قەیرانی سیاسی بەرۆكی كوردستانیان گرتوە، بەجۆرێكە خەریكە تەونی كۆمەڵایەتی تێكدەدات‌و كۆمەڵگەكەمان هەڵدەوەشێنێت.

سەبارەت بە قەیرانی سیاسی هەرێمی كوردستان، وتی: كێشەی سیاسی لە هەرێمی كوردستان لەوێوە دەستیپێكرد كە حزبەكانی پەرلەمان بە پرۆژەیاسا دەستیان بۆ مەسەلەی سەرۆكایەتی هەرێم برد، هەر حزبەو هەمواركردنێكی بۆ یاسایی سەرۆكایەتی هەرێم نوسیبو، پاشان لیژنەی یاسایی پەرلەمان هەمو پرۆژەكانی كرد بە یەك پرۆژەی هەمواركراو، كە تا ئێستاش بە رەسمی هیچ كام لە حزبەكان كە زۆرینەی پەرلەمانین لە پرۆژەكە پەشیمان نەبونەتەوە.

ئاماژەی بەوەكرد، بزوتنەوەی گۆڕان لەو مەسەلەیەدا تەنها نەبوە.. دەكرا هەمو حزبەكان لەڕێگەی گفتوگۆی پەرلەمان‌و حكومەتەوە چارەسەریان بۆ كێشەكان بدۆزیایەتەوە، بە گۆڕانكاری پۆستەكانیشەوە.

"پێداگیری ئێمە ئەوەیە كە نامانەوێت ببێت بە نەریت، پارتی حەزی بە چارەی هەر كەسێك نەكرد لە هەولێر دەریكات، ئێمە نامانەوێن حزبێك لە كوردستاندا بەزۆر بیەوێت بڕیارێكمان بەسەرد بسەپێنێت، ئێمە خاوەن ئیرادەین‌و لە كەسی قبوڵ ناكەین ئیرادەمان زەوت بكات" ئەمە بەشێكی تر بو لە قسەكانی رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان.

سەبارەت بە قەیرانی دارایی، رێكخەری گشتی رونیكردەوە، ئەو كاتەی بزوتنەوەی گۆڕان بە دروشمی بەرەو دەسەڵات چوە بانگەشەی هەڵبژاردنەكان‌و بەڵێنی بە خەڵكی كوردستان دا، ئەو كاتە هەرێم كوردستان جگە لە داهاتی ناوخۆ، ساڵانە (12 ملیار) دۆلاری لە بەغداوە بۆ دەهات، بەڵام لەم كابینە نوێیەدا كە ئێمە بەشداریمان تێدا كرد، بە ناوی سیاسەتی سەربەخۆیی ئابوری جۆرێك لە چەواشەكاریان كردو وەزارەتی سامانە سروشتییەكانیش فێڵی كرد‌و بە پەرلەمانتارانی وت تاكۆتایی ساڵی 2015 هەناردەی نەوت دەگەیەنینە (یەك ملیۆن) بەرمیل نەوت لە مانگێكدا، بەمەش پارەكەی بەغدایان بڕی، پرسی سەربەخۆی ئابوری‌و هەمو ئەو پڕو پاگەندانەی بۆ دەوڵەتی سەربەخۆ كردیان، وایانكرد دەوڵەتانی دراوسێ‌ وریا ببنەوەو خەریكە گەلەكۆمەكە لەسەرمان دروست دەبێت.

هەر لەبارەی دروستكردنی دەوڵەتەوە باسیلەوەكرد" دەكرێت هەوڵ بدەین دەوڵەت دروست بكەین بەبێ‌ ئەوەی بكرێت بە بابەتی موزایەدەی سیاسی‌و ئیستفزازی كەسانی تر بكەین. بەڵام كارێكیان كرد لەجیانی هەنگاو بۆ دروستكردنی دەوڵەتی سەربەخۆ بنێن، هێزە ئیقلیمییەكان كۆدەبنەوەو خەریكی گەلەكۆمەكێن لەسەر میلەتەكەمان.

سەبارەت بە هەوڵی وەزیرەكانی بزوتنەوەی گۆڕان لە كابینەی هەشتی حكومەتی هەرێم، نەوشیروان مستەفا رایگەیاند: هەمو هەوڵەكانی وەزیرەكانی بزوتنەوەی گۆڕانیان بۆ رێكخستنی داهاتی گومرگ‌و بە ئەلكترۆنیكردن‌و سیستمی موچەو كۆكردنەوەی داهات‌و پرۆژەی وەزارەتی پێشمەرگە بۆ دروستكردنی هێزی نیزامی بە پێودانگی زانستی‌و ستانداردی جیهانی پەكخست.

لەبارەی بارودۆخی ئێستای هەرێم زیاتر قسەی كرد‌و وتی: تەنها سەرۆكایەتی كە لەدەستی پارتیدا نەبێت پەرلەمانە، ئەیانەوێت ئەوەشمان لێبسەننەوە.. بزوتنەوەی گۆڕان بەهەمو لایەكی راگەیاندوە، ئاساییكردنەوەی بارودۆخەكەو هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكەی پارتی سەرەتایە بۆ هەر گفتۆكردنێك، ناكرێت ئەوان بەزۆر بڕیارێك بسەپێنن‌و ئێمە بەخۆشی خۆمان قبوڵی بكەین.

تەوەری كۆتایی قسەكانی رێكخەری گشتی تایبەت بو بە رێككەوتنی سیاسی نێوان بزوتنەوەی گۆڕان‌و یەكێـی نیشتیمانی كوردستان، لەوبارەیەوە هەوڵی سەركردەكانی هەردولای بەرز نرخاند‌و ئاماژەی بەوەكرد، بزوتنەوەی گوڕان گەیشتوەتە قوناغی كامڵبون‌و ئەم رێككەتنە سەرەتای قۆناغێكی نوێی دروستكردوە.

لە كۆتای ئەو گفتوگۆیەدا، رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گوڕان وەڵامی پرسیاری هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی گوڕانی ئەنجومەنی بەریتانیای دایەوە.
10/09/2016
زیاتر...
په‌ڕه‌یله‌ 26
ژماره‌ی بابه‌ت