جڤاتی نیشتیمانی گۆڕان كۆدەبێتەوە
سەرەتای هەفتەی داهاتو، جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان، كۆدەبێتەوە.

بڕیارە سەرەتایی هەفتەی داهاتو جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان وەک بەرزترین دەسەڵاتی بزوتنەوەکە، لە هۆڵی كۆبونەوەكانی جڤات لە شاری سلێمانی كۆبونەوەی ئاسایی خۆی بكات.

جەمال حاجی محەمەد سكرتێری جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان بە (تۆڕی میدیای گۆڕان)ی راگەیاند: كۆبونەوەكە كۆبونەوەیەكی ئاساییە و بەپێی دەستوری بزوتنەوەی گۆڕان رێكخراوە.

وتی :"لە كۆبونەوەكەدا، گفتوگۆ دەكرێت لەبارەی بارودۆخی سیاسی هەرێمی كوردستان‌و هەلومەرجی ناوخۆیی بزوتنەوەكە و چەند پرسێكی گرنگی تایبەت بە پەیوەندییە سیاسییەكان‌و رێكەوتنەكان‌ و هاوبەشی لە پرۆسەی سیاسی‌ و حكومڕانی لە هەرێمی كوردستاندا، بەپێی پێویستی قۆناغەكە بڕیاری پێویست وەردەگیرێت".

جڤاتی نیشتیمانی لە پەیڕەوی ناوخۆی بزوتنەوەی گۆڕاندا: 

مادەی یەكەم: پێناسەی جڤاتی نیشتیمانی

یەكەم: جڤاتی نیشتیمانی دامەزراوەی سەركردایەتی بوارەكانی كاری سیاسی، رێكخراوەیی، كارگێڕی، دارایی‌و میدیایی بزوتنەوەی گۆڕانە.
دوەم: جڤاتی نیشتیمانی بەرزترین دەسەڵاتە لەنێوان دو هەڵبژاردندا.

مادەی دوەم: ئەركەكانی جڤاتی نیشتیمانی

یەكەم: سەرپەرشتیكردنی هەمو دەزگاو دامەزراوەكانی گۆڕان، چاودێری‌و هەڵسەنگاندنی ئەدای هەمو ئاستەكانی پەیكەرەی رێكخراوەیی بزوتنەوەكە.
دوەم: دانانی نەخشەڕێگا بۆ جێبەجێكردنی بەرنامەو سیاسەتی بزوتنەوەی گۆڕان.
سێیەم: رێكخستنی پەیوەندییەكانی بزوتنەوەی گۆڕان لەسەر ئاستی كوردستانی، عێراقی، ناوچەیی، نێودەوڵەتی لەگەڵ حیزب‌ و رێكخراوە سیاسییەكان.
چوارەم: چاودێری‌و هەڵسەنگاندنی ئەدائی فراكسیۆنەكانی گۆڕان‌و ئەدائی ئەندامەكانی.
پێنجەم: ئامادەكاری بۆ هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی پارێزگا، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، پەرلەمانی كوردستان‌و هەر هەڵبژاردنێكی تر.
شەشەم: ئامادەكاری بۆ بەستنی كۆنفرانسی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان.

مادەی سێیەم: پێكهاتەی جڤاتی نیشتیمانی

- باژێڕوان‌ و ئەندامانی تەواوكار
- سەرۆكی فراكسیۆنەكانی گۆڕان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، پەرلەمانی كوردستان‌و ئەنجومەنی پارێزگاكان.
- رێكخەری ژورەكان.
- نوێنەری ئەنجومەنەكانی رەوەندی كوردی لە هەندەران.
- نوێنەری كاروباری رێكخراوەیی ئافرەتان.

مادەی چوارەم: كۆبونەوەكانی جڤاتی نیشتیمانی

یەكەم: جڤاتی نیشتیمانی لە هەلومەرجی ئاساییدا دو مانگ جارێك كۆ دەبێتەوە.
دوەم: لەكاتی پێویستدا، لەسەر داوای رێكخەری گشتی یان سێیەكی ئەندامەكانی كۆدەبێتەوە.
10/11/2016
زیاتر...
هیچ بابەتێک به‌رده‌ست نیه‌ .