ڕاگه‌یه‌ندراوی فه‌رمی
  راگەیەنراوێک لە بزوتنەوەى گۆڕانەوە
بزوتنەوەى گۆڕان رایدەگەیەنێت؛ دەستگرتن بە پۆستی سەرۆکایەتی هەرێم بە پێشیلکردنی یاسا یەکڕیزی نیشتیمانی لە کوردستان تێکدا و هەمو دنیا-ش شاهیدن کە چۆن هێزێکی چەکداری حیزبی رێی لە سەرۆکی پەرلەمان گرت‌ و "کودەتای بەسەر باڵاترین دەسەڵاتی یاسادانان‌ و چاودێری لەم هەرێمەدا کرد".

لەو رونکردنەوەیەى بزوتنەوەى گۆڕاندا کە ئاراستەى راى گشتى کراوە، ئەوە خراوەتەڕو؛ سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە وتارێکی نابەرپرسانەدا کۆمەڵێک دەستەواژەی بەرامبەر خەڵک‌ و بەشێک لە هێزە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بەکارهێنا و تێیدا هاتوە؛ ئێمە سەرلەبەری ئەو قسانە رەتدەکەینەوە، ئەوانەی ئەو لە دژی وەستاوەتەوە بریتین لە داوای خەڵک بۆ قوتی منداڵەکانیان‌ و ژیانێکی پڕ لە کەرامەت لەم هەرێمەدا.

لە رونکردنەوەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە؛ یەکڕیزی نیشتیمانی‌ و پاراستنی دەسکەوتەکانی خەڵکی خۆڕاگری کوردستان بەشێک بون لە ئامانجە سەرەکییەکانی بزوتنەوەی گۆڕان لە رۆژی دروستبونییەوە تاکو ئێستا، ئەم یەکڕیزییەش بە سەروەربونی یاساو بەنیشتیمانیکردنی دامەزراوەکانی هەرێمی کورستان‌ و بەلاوەنانی بەرژەوەندی حیزبی‌ و تاکە کەسی دێتە کایەوە، "دەستگرتن بە پۆستی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بە پێشیلکردنی یاساو بەدەر لە کۆدەنگی لایەنە سیاسییەکان یەکڕیزی نیشتیمانی لە کوردستان تێکدا".

هەروەک تێیدا رون کراوەتەوە کە؛ تێکدانی یەکڕیزی نیشتیمانی‌ و کودەتا بەسەر شەرعییەتدا بە هێزی چەکدار دەکرێ‌ و "هەمو دنیاش شاهیدی ئەوەن چۆن هێزێکی چەکداری حیزبی رێی لە سەرۆکی پەرلەمان گرت‌ و کودەتای بەسەر باڵاترین دەسەڵاتی یاسادانان‌ و چاودێری لەم هەرێمەدا کرد".

بزوتنەوەى گۆڕان دوپاتى کردوەتەوە کە زادەی خەمو ئازارەکانی خەڵکى کوردستانە، بۆیە ناتوانێ لەگەڵ داخوازییەکانیان نەبێت‌ و وەکو دەسەڵاتدارە بێباکەکان لە کۆشک‌ و تەلارەکانەوە تەماشاکەر بێت‌، ئەوەشى تێدا هاتوە؛ ئەوان پەرلەمانی کوردستان‌ و دامەزراوەکانی تر ئیفلیج دەکەن‌ و بە داهاتی ئەم هەرێمە خۆیان تێر‌و ئێوە برسی دەکەن‌و شەڕ لەسەر پارەو پۆستەکانیان لە بەغدا دەکەن‌، "بەڵام کاتێک نوێنەرەکانتان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بەدەنگ داواکارییەکانی ئێوەوە دێن‌ و هەوڵی دابینکردنی بژێویتان بۆ دەدەن، ئەوان ئەم کارە بە خیانەت ناودەبەن".

هەر لە رون کردنەوەکەدا ئەوە دوپاتکراوەتەوە کە بزوتنەوەى گۆڕان پشتیوانی داواکارییەکانی مامۆستا و موچەخۆرانە و ئەو شێوازە مەدەنییانەی دەربڕینی ناڕەزایەتییەکانیان بەرز دەنرخێنێت، "نەک وەک ئەوان بە سوکایەتییەوە بە (هەڵپەرکێ) وەسفی بکەین".

ئەوەش خراوەتەڕو؛ سەربەخۆیی‌ و مافی چارەی خۆنوسین لای بزوتنەوەی گۆڕان مافێکی سەرەتایی خەڵکی کوردستانە، "بەڵام جیاوازی ئێمە لەگەڵ ئەوانەی ئەم پرسە بۆ موزایەدە و لەبیربردنەوەی کێشەکانی خەڵک بەکاردێنن ئەوەیە کە ئێمە وتومانە ‌و دەیڵێینەوە؛ دەبێ بە کردەوە کاری بۆ بکەین نەک تەنها دروشم بێت‌‌ و پێداویستییەکانی ئەم پرسە گرنگە زیندەبەچاڵ بکەین.

لە کۆتایی رونکردنەوەکەشدا هاتوە؛ ئەوە ئێمە نەبوین بە بڕیاری حیزبی لە شەنگال‌‌ و ناوچە کوردستانییەکانی تر هەڵاتبێتین‌ و سەدان کوردی ئێزدییمان بە شەهیدکردن دابێت‌ و هۆکاری بەدەستەوەدانی هەزاران ژن‌ومنداڵیش بوبین، بەڵکو لە شەڕی روبەڕوبونەوەی داعشدا دەیان‌ و سەدان پێشمەرگە و خۆبەخش شەهید و برینداربون کە هەڵسوڕاو و پشتیوانی بزوتنەوەی گۆڕان بون.
18/11/2016
زیاتر...
په‌ڕه‌یله‌ 8
ژماره‌ی بابه‌ت