ڕاگه‌یه‌ندراوی فه‌رمی
  راگەیەندراوێك لە بزوتنەوەی گۆڕانەوە
بزوتنەوەی گۆڕان لەبارەی مەسیرەكەی شاری هەولێرەوە لەدژی پەرلەمانتار (سروە عەبدولواحید) راگەیەندراوێكی بۆ رایگشتی بڵاوكردەوە، ئەمە دەقی راگەیەندراوەكەیە.

راگەیەندراوێك لە بزوتنەوەی گۆڕانەوە

ماوەی چەند رۆژێكە، پارتی دیموكراتی كوردستان هەڵایەكی دروستكراوی ناوەتەوە، بە قۆستنەوەو شێواندنی دیدارێكی  تەلەفزیۆنی پەرلەمانتاری بزوتنەوەی گۆران لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق (خاتو سروە عەبدولواحید). لە كاتێكدا هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان زۆر باش دەزانن مەبەستی سەرەكیی ئەم هەڵمەتە، شێواندنی راستیەكانە سەبارەت بە هەوڵی فراكسیۆنە كوردستانیەكان لە ئەنجومەنی نوێنەران بۆ چەسپاندنی مافەكانی موچەخۆران‌و هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە بودجەی عێراق‌و، شاردنەوەی ئەو نارەزایەتیە جەماوەرییەیە كە هەموو توێژو چینەكانی هەرێمی گرتۆتەوە لەبەرانبەر نەبونی موچەو قەیرانی دارایی‌و ئەو بێدەرەتانیەی بەگشتی بەسەر هاونیشتیمانیاندا هاتووەو هاوڵاتیانیش لێی هاتونەتە دەنگ.

كۆكردنەوەی هێزی چەكدار بەوشێوە چڕە لە پایتەختی هەرێمی كوردستاندا لە ١٣/ ١٢/ ٢٠١٦و مەسیرە پێكردنیان، زەنگێكی مەترسییە كە دەبێت هاوڵاتیان‌و هێزە سیاسیەكان‌و كۆمەڵگای مەدەنی‌و تەنانەت كۆمەڵگای نێودەوڵەتیش لێی بەئاگابن. هەروەها ئەمە دژە لەگەڵ ئەو هەوڵانەی لەئارادان بۆ دەستپێكردنەوەی گفتوگۆ لەنێوان لایەنە سیاسیەكانی هەرێمدا. لەم روانگەیەوە پێمان باشە ئەم راستیانە بخەینەڕوو:

1- گۆڕان رێز لەقوربانیدانی هێزی قارەمانی پێشمەرگەو بنەماڵەی شەهیدان‌و كەمئەندامانی سەنگەر دەگرێت‌و، هەمیشە بەشكۆی نەتەوەیی‌و نیشتیمانیی گەلەكەمانیان دەزانێت. هەروەك ئەو شانازیەی پێدەبڕێت كە یەكەم پۆلە شەهیدی شەڕی داعش دەنگدەرو لایەنگری ئەم بزوتنەوەیە بون‌و، لەناو هێزی پێشمەرگەی كوردستان‌و بنەماڵەی شەهیدان، هەزاران لایەنگرو دەنگدەری هەیە. سەرباری ئەوەی بە سەدان لە دامەزرێنەرو كادیرانی بزوتنەوەكە، لە دامەزرێنەرو تێكۆشەرانی هێزی پێشمەرگە بون.

2- گۆران لە سەرەتای دروستبونیەوە بەدامەزراوەیی‌و بەپیشەیی كردنی هێزی پێشمەرگەی كردۆتە یەكێك لە ئامانجە سەرەكیەكانی‌و، لەم نێوەندەشدا دابینكردنی ژیانێكی شایستە بۆ یەك بە یەكی پێشمەرگە قارەمانەكان‌و خێزان‌و بنەماڵەی شەهیدان‌و كەمئەندامانی سەنگەرو پێشمەرگە دێرینەكان، بە ئەركێكی نیشتیمانی زانیوەو، بۆی تێكۆشاوە. لەكاتێكدا ئەمڕۆ لەلایەن دەسەڵاتدارانی هەرێمەوە بەهۆی شاردنەوەو دیارنەمان‌و گەندەڵی كردن لە داهاتی هەرێمی كوردستاندا بێبەش كراون لە موچەو قوتی رۆژانەی ژیانیان.

3- بەزۆر كۆكردنەوەو مەسیرەپێكردنی هێزی پێشمەرگە لەلایەن كوڕی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لەم هەلومەرجەداو بۆ مەبەستی حیزبی‌و شەخسی لەبەردەم دادگای هەولێر، دژ بە پەرلەمانتارێك، هەوڵدانە بۆ بەكارهێنانی هێزی پێشمەرگەی قارەمان لەلایەن حیزب‌و كەسانێكەوە بۆ فشار خستنەسەر دامودەزگا دادوەری‌و تەشریعیەكان، كە ئەمەش مایەی نیگەرانیەو ئاماژەیەكی ترسناكیشە. چونكە بەكارهێنانی هێزی پێشمەرگە بۆ ململانێی سیاسی‌و بۆ مەرامی حیزبی‌و شەخسی، مەترسی لەسەر ژیان‌و شكۆی پێشمەرگەو ئاسایشی هەرێم دروست دەكات‌و، ئەگەری گەڕانەوە بۆ ئەو ساڵانە لای هاوڵاتیان دروست دەكات كە هەمو كوردێكی دڵسۆز نەفرەتی لێكردوە. هەر ئەمەش هۆكاری نەهاتنەكایەی ئاڵوگۆری ئاشتیانەی دەسەڵات‌و پەكخستنی پەرلەمانی كوردستان‌و ئەنجامنەدانی چاكسازیەكی بنەڕەتی‌و راستەقینەیە.

4- بزوتنەوەی گۆران پێی وایە، سەرەڕای زۆر دواكەوتنی ئەم پرۆسەیە، پێوستە دوای كۆتاییهاتن بە شەری تیرۆریستان كاربكرێت بۆ بەدامەزراوەیی‌و بە پیشەیی كردنی زیاتری هێزە چەكدارەكانی هەرێم‌و دورخستنەوەیان لەهەر هەژمونێكی حیزبی‌و تاكە كەسی لەسەریان. هەروەها وێڕای سوپاس‌و پێزانینمان بۆ هاوكاریی هاوپەیمانان بۆ هێزی پێشمەرگەی كوردستان، داواكارین بەردەوام بن لە هاریكاریكردنی ئەم هێزە گیانفیداو قارەمانە، بەتایبەت لە بواری بە پیشەیی كردنیاندا.

بزوتنەوەی گۆڕان
١٤/ ١٢/ ٢٠١٦
15/12/2016
زیاتر...
په‌ڕه‌یله‌ 8
ژماره‌ی بابه‌ت