فراکسیۆنه‌کان
  چوار فراکسیۆنی پەرلەمان: پێویستە سنورێک بۆ پارتی دابنرێت
چوار فراکسیۆنی پەرلەمانی کوردستان بەیاننامەیەک لەسەر داخستنی دەزگای ستاندەر بڵاودەکەنەوە و رایدەگەیەنن، ئەوەی پارتی دەیکات رێگریه‌ له‌ ده‌نگی ئازادو بیروڕای جیاواز كه‌ ره‌وشی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی كوردستانی به‌ته‌واوی ئاڵۆز كردوە، داواش دەکەن سنورێک بۆ ئەو حیزبە دابنرێت.

لە بەیاننامەیەکدا هەریەکە لە فراکسیۆنەکانی (گۆڕان و یەکگرتو و کۆمەڵ و بزوتنەوەی ئیسلامی) لە پەرلەمانی کوردستان ئاماژە بەوە دەکەن، ئه‌وه‌ی ئه‌نجام دراوه‌ به‌رامبه‌ر به‌ ده‌زگای ستانده‌رو چالاكوانان و ده‌نگی ئازاد و بیروڕای جیاواز، ده‌چێته‌ خانه‌ی ئه‌و هه‌وڵانه‌ی كه‌ بۆ سه‌پاندنی ده‌سه‌ڵاتی تاك لایه‌نه‌ی حیزبی له‌ئارادایه‌ و شێوازێكی مه‌ترسیداری پاوانكاری ئازادی و پێشێلی به‌رده‌وامی مافه‌كانی مرۆڤه‌.

ئەو چوار فراکسیۆنە داوش لە رێکخراوی نه‌ته‌وه ‌یه‌كگرتوه‌كان و نوێنه‌رایه‌تی وڵاتان له‌ هه‌رێم دەکات کە چیتر بێده‌نگ نه‌بن لەو پێشێلكاریانه‌ی مافه‌كانی مرۆڤ و بانگێشتیان ده‌كه‌ن بۆ پشتیوانیكردنی ئازادی و دیموكراسی و پارێزگاری له‌مافه‌كانی مرۆڤ تاكو سنورێك بۆ ده‌سه‌ڵاتی پارتی دیموكرات دابنرێ.


دەقی بەیاننامەکە
 داخستنی دەزگای ستاندەر، رێگرییە لە ئازادی
بەیاننامەی چوار فراكسیۆنی پەرلەمانی كوردستان

ئه‌مڕۆ (15/3/2017) له‌ شاری هه‌ولێر له‌كاتێكدا ده‌زگای ستانده‌ر سیمینارێكی رێكخستبو بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌ی نێوان پارتی دیموكرات و په‌كه‌كه‌، هێزێكی زۆری نه‌ناسراو كه‌ دواتر هێزه‌كان هه‌ریه‌كه‌و به‌جیا خۆی ده‌ناسێنێ بەناوی ئاسایش و پۆلیس و دژەتیرۆرو پێشمەرگەو ده‌ڵێن به‌فه‌رمانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم هاتوین و رێگری له‌ئه‌نجامدانی سیمیناره‌كه‌ ده‌كه‌ن و ده‌ست به‌سه‌ر بیناو كه‌لوپه‌لی ده‌زگای ستانده‌ردا ده‌گرن و هه‌مو میوانه‌كان و ستافی ده‌زگاكه‌ش ده‌رده‌كه‌ن.

ئه‌مه‌ی له‌شاری هه‌ولێر له‌لایه‌ن پارتی دیموكراته‌وه‌ ئه‌نجام ده‌درێت له‌ ته‌قه‌كردن له‌ خۆپیشانده‌رو ڕشتنی خوێنیان و گرتن و رفاندنی چالاكوانان و داخستنی ده‌زگای ستانده‌ر ڕێگریه‌ له‌ ده‌نگی ئازادو بیروڕای جیاواز كه‌ ره‌وشی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی كوردستانی به‌ته‌واوی ئاڵۆز كردوه‌و ئاسۆی كاری مه‌ده‌نی و دیموكراتی به‌رته‌سك كردۆته‌وه‌ به‌جۆرێك هه‌ركه‌س و لایه‌ك به‌دڵی ئه‌وان نه‌بێ یان ده‌ریده‌كه‌ن یان رێگری لێ ده‌كه‌ن.

ئه‌وه‌ی ئه‌نجام دراوه‌ به‌رامبه‌ر به‌ ده‌زگای ستانده‌رو چالاكوانان و ده‌نگی ئازادو بیروڕای جیاواز ده‌چێته‌ خانه‌ی ئه‌و هه‌وڵانه‌ی كه‌ بۆ سه‌پاندنی ده‌سه‌ڵاتی تاك لایه‌نه‌ی حزبی له‌ئارادایه‌ و شێوازێكی مه‌ترسیداری پاوانكاری ئازادی و پێشێلی به‌رده‌وامی مافه‌كانی مرۆڤه‌.

 
داواكارین نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان و نوێنه‌رایه‌تی وڵاتان له‌ هه‌رێم چیدی بێده‌نگ نه‌بن له‌م پێشێلكاریانه‌ی مافه‌كانی مرۆڤ و بانگێشتیان ده‌كه‌ین بۆ پشتیوانی كردنی ئازادی و دیموكراسی و پارێزگاری له‌مافه‌كانی مرۆڤ تاكو سنورێك بۆ ده‌سه‌ڵاتی پارتی دیموكرات دابنرێ.

فراكسیۆنی گۆڕان 
فراكسیۆنی یه‌كگرتوی ئیسلامی 
فراكسیۆنی كۆمه‌ڵی ئیسلامی
فراكسیۆنی بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی
١٥/٣/٢٠١٧
16/03/2017
زیاتر...
په‌ڕه‌یله‌ 24
ژماره‌ی بابه‌ت