فراکسیۆنه‌کان
  لە نەورۆزدا داواى یەکڕیزى و چاکسازى دەکرێت
بە بۆنەی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی كوردییەوە حیزب و لایەن سیاسییەكانی كوردستان و بەرپرسانی حكومیی لە هەرێم و بەغدا پیرۆزبایی جەژن لە گەلی كوردستان دەكەن و داواى خۆڕگرى و یەکڕیزى و چارەسەرى کێشەکان دەکەن.

د. یوسف محەمەد سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، لەگەڵ پیرۆزبایی لە هاوڵاتیانی كورد و خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان، سوپاسی فەرمانبەرانی هەرێم دەکات کە لە دو ساڵی رابردودا بەهۆی شەڕی تیرۆر و شكستی حوكمڕانی هەرێم سەرەڕای نیوەموچە و نەبونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكانی ژیان خۆڕاگربون و دانیان بەخۆیاندا گرتوە.

هاوكات ئارام شێخ محەمەد جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، هیواخوازە جەژنی نەورۆز كۆتایی بهێنێت بە كێشە و قەیرانەكانی هەرێمی كوردستان و داواش لە سەركردە سیاسییە بڕیار بەدەستەكان دەكات بەجدی هەوڵی چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان بەغدا هەولێر بدەن.

لای خۆیەوە فوئاد مەعسوم سەرۆك كۆماری عێراق، هیواخوازە نەورۆز ببێتە بەهێزكردنی گیانی هاوكاریی و خۆشەویستی و برایەتی نێوان گەلانی عێراق.

هاوكات مەسعود بارزانی، لە پەیامێكیدا بە بۆنەی نەورۆزەوە هیوای ساڵێكی خۆش و پڕ لە بەرەكەت و بەختەوەری بۆ گەلی كوردستان خواستوە و داوایكردوە؛ لە بەرامبەر هەر هەوڵ و دەنگێكدا، خۆڕاگربن كە بیەوێ بڕوابەخۆ بونیان لێ بسەنێتەوە و پاشكۆیی بچەسپێنێت.

هاوكات نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم لە پەیامێكدا، پیرۆزبایی نەورۆزی لە خەڵكی كوردستان كردوە و داوا دەكات لایەنەكان یەك دەنگ بن بۆ چارەسەركردنی كێشەكان. 

هەروەک بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان، سەربارى پیرۆزبایی‌ له‌ گه‌لی‌ كورد، سڵاو بۆ گیانی‌ شه‌هیدان دەنێرێت و ئومێد دەکات؛ ئاهه‌نگه‌كانی‌ به‌هاری‌ ئه‌مساڵ هانده‌رێكی‌ به‌هێز بن بۆ چاره‌سه‌ركردنی‌ قه‌یران و كێشه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان.

مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستانیش وێڕای پیرۆزبایی جەژنی نەورۆز لە گەلی كوردستان هیوادارە نەورۆز و بەهار ببنە هەوێنی چارەسەركردنی كێشەكان.

كۆنگرەی نەتەوەیی كوردیش لە پەیامی پیرۆزباییدا داوادەكات نەورۆزی ئەمساڵ ببێتە سەنگەری تەبایی و هەماهەنگی ناوخۆیی و سەركەوتنی زیاتر.
22/03/2017
زیاتر...
په‌ڕه‌یله‌ 24
ژماره‌ی بابه‌ت