ژوره‌کان
  په‌یامی‌ میدیای‌ گۆڕان لە ساڵیادی رۆژنامه‌گه‌ریی كوردیدا‌
تۆڕی میدیای گۆڕان، لە ساڵیادی رۆژنامەگەریی کوردیدا رایدەگەیەنێت: هه‌ڕه‌شه‌كانی سه‌ر ئازادی ‌و به‌تایه‌ت ئازادی رۆژنامه‌گه‌ری‌ له‌كوردستاندا نه‌ك هه‌ر كه‌م نه‌بونه‌ته‌وه‌، به‌ڵكو رۆژ به‌ رۆژ‌ و له‌ ناوه‌ند ‌و شوێنی جیاوازی هه‌رێمه‌كه‌مان له‌ زیاد بوندان. 

لەو پەیامەیدا کە ئەمڕۆ بڵاوی کردوەتەوە، میدیای گۆڕان ئاماژە بەوەدەکات؛ سه‌ره‌ڕای تێپه‌ڕاندنی یاسای مافی به‌ده‌ستهێنانی زانیاری ‌ساڵی (2013) کە له‌ په‌رله‌مانی كوردستان پەسەندکراوە، به‌ڵام حكومه‌تی هه‌رێم كاری نه‌كردوه‌ بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌و یاسایه‌، ئه‌وه‌ش جیاكاریی و هه‌ڵاوێردی‌ له‌نێوان میدیاكانی‌ ده‌سه‌ڵات و سێبه‌ره‌كانیان و میدیای‌ ئازاد و ره‌خنه‌گر به‌دوای خۆیدا هێناوه‌.

په‌یامی‌ میدیای‌ گۆڕان به‌بۆنه‌ی‌ رۆژی‌ رۆژنامه‌گه‌ریی كوردییه‌وه‌

به‌بۆنه‌ی‌ یادی‌ (119) ساڵه‌ی‌ رۆژنامه‌گه‌ری‌ كوردیه‌وه‌، به‌ناوی‌ میدیای‌ گۆڕانه‌وه‌ پیرۆزبایی‌ له‌ته‌واوی‌ رۆژنامه‌نوسانی‌ كوردستان ده‌كه‌ین و سڵاو بۆ رۆحی‌ (میقداد مه‌دحه‌ت به‌درخان) دەنێرین كه‌ له‌ (22)ی‌ نیسانی‌ (1898) یه‌كه‌مین رۆژنامه‌ی‌ كوردی‌ له‌سه‌ر ده‌ستی‌ له‌دایك بو. 

ئه‌مڕۆ كه‌ یادی‌ رۆژی‌ رۆژنامه‌گه‌ری‌ كوردی‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌، سه‌رباری‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ ره‌وتی‌ رۆژنامه‌گه‌ری‌ له‌ كوردستان هه‌نگاوی‌ باش به‌ره‌و پێش چوه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ هه‌ڕه‌شه‌كانی سه‌ر ئازادی ‌و به‌تایه‌ت ئازادی رۆژنامه‌گه‌ری‌ له‌كوردستاندا نه‌ك هه‌ر كه‌م نه‌بونه‌ته‌وه‌، به‌ڵكو رۆژ به‌ رۆژ‌ و له‌ ناوه‌ند ‌و شوێنی جیاوازی هه‌رێمه‌كه‌مان له‌ زیاد بوندان. خوڵقاندنی‌ ئه‌م هه‌لومه‌رجه‌ش وێنای‌ هه‌رێمه‌كه‌مانی‌ نه‌ك له‌ ناوخۆی‌ كوردستان، به‌ڵكو له‌سه‌ر ئاستی‌ نێوده‌وڵه‌تی ناشیرین كردوه‌. كه‌ بەپێی‌ دوا راپۆرتی‌ رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و وه‌زاره‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئه‌مەریكا، هه‌رێمه‌كه‌مان له‌ پۆلێن به‌ندی‌ ئه‌و جێگایانه‌ن كه‌ ئاستی‌ پێشێلكاری‌ رۆژنامه‌وانی‌ تیایدا مه‌ترسیدار و سه‌ركوتكراوه‌. كه‌ناڵه‌كه‌ی‌ ئێمه‌ش تائێستا له‌سنوری‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی‌  (پ د ك)دا فشاری‌ ته‌نگه‌تاوكردن و راوه‌دونان و داخستنی‌ له‌سه‌ره‌.

له‌م یاده‌دا پێویسته‌ دیسانه‌وه‌ ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ بكه‌ین، كه‌ سه‌ره‌ڕای تێپه‌ڕاندنی یاسای مافی به‌ده‌ستهێنانی زانیاری ‌ساڵی (2013) کە له‌ په‌رله‌مانی كوردستان پەسەندکراوە، به‌ڵام حكومه‌تی هه‌رێم كاری نه‌كردوه‌ بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌و یاسایه‌، ئه‌وه‌ش جیاكاریی و هه‌ڵاوێردی‌ له‌نێوان میدیاكانی‌ ده‌سه‌ڵات و سێبه‌ره‌كانیان و میدیای‌ ئازاد و ره‌خنه‌گر به‌دوای خۆیدا هێناوه‌.

هه‌روه‌ها یاسای‌ كاری‌ رۆژنامه‌گەریی‌ ساڵی‌ (2007) به‌ته‌واوه‌تی‌ جێبه‌جێناكرێ‌ و ده‌سەڵاتداران له‌هه‌ره‌می‌ سه‌ره‌وه‌ی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیرانه‌وه‌ له‌كاتی‌ روماڵی‌ كاره‌ رۆژنامه‌وانیه‌كانی‌ میدیاكاران و لایه‌نی‌ ئه‌منی‌ و دادگاكانیش له‌كاتی‌ دۆسیه‌كانی‌ سکاڵای‌ رۆژنامه‌نوسان كه‌مته‌رخه‌می‌ ئه‌نوێنن.

ئه‌مه‌ سه‌رباری‌ ئه‌وه‌ی‌ هێشتا مه‌ترسی‌ تیرۆری‌ رۆژنامه‌نوسان وه‌ك مه‌ترسیه‌كی‌ گه‌وره‌ بۆ سه‌ر گیانی‌ رۆژنامه‌نوسانی‌ هه‌رێم یه‌خه‌ی‌ رۆژنامه‌نوسانی‌ به‌رنه‌داوه‌ و چاره‌نوسی‌ دۆسیه‌ی‌ رۆژنامه‌نوسانی‌ تیرۆركراو بكوژه‌كانیان هێشتا به‌نادیاری‌ ماوه‌ته‌وه.

له‌كۆتایدا خوازیاری‌ هه‌لومه‌رجێكی‌ ته‌ندروستین بۆ رۆژنامه‌نوسان و كایه‌ی‌ رۆژنامه‌گه‌ری‌ كوردی‌ و هیوادارین ساڵی‌ داهاتو له‌ دۆخێكی‌ باشتردا ساڵیادی‌ رۆژنامه‌گه‌ری‌ كوردی‌ بكه‌ینه‌وه‌.

میدیای‌ گۆڕان
22/4/2017
24/04/2017
زیاتر...
په‌ڕه‌یله‌ 48
ژماره‌ی بابه‌ت