ژوره‌کان
  بۆچى سەردار قادر دەستی لەكاركێشایەوە؟
سەردار قادر دواى هەشت مانگ کارکردنى لەبرى پارێزگارى سلێمانى دەستى لەو پۆستە کێشایەوە، ئەو باس لە ئاستەنگەکانى بەردەم خزمەتکردنى خەڵکى شارەکە و تەواوى پارێزگاى سلێمانى دەکات و دەڵێت:"خەم و داواکارى هاوڵاتییانم بەلاوە گرنگترە".

سەردار قادر، هەشت مانگ لەمەوبەر و بەپێى رێککەوتنى نێوان بزوتنەوەى گۆڕان و یەکێتى نیشتمانى کوردستان لەبرى پارێزگارى سلێمانى دەستبەکاربو، وەک خۆى باسى دەکات لەو ماوەیەدا  هەمو هەوڵێکى خستوەتەگەڕ بۆ خزمەتکردنى هاوڵاتییان و چارەسەرکردنى کێشەى ئاوى خواردنەوە و کارەبا و رێکخستنەوەى سماى شار، بەڵام "دنیایەك بەربەست‌ و كێشەی ئیداری هەبون".

سەردار قادر دواى کۆبونەوەی لەگەڵ ئەندامانى ئەنجومەن و قائیمقامى سلێمانى، ئەمڕۆ سێشەممە لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا دەستلەکارکێشانەوەى خۆى راگەیاند و لە نامەیەکیشدا کە بۆ راى گشتى بڵاو کردەوە ئەوەى خستەڕو؛ بڕیاری دەست لەکارکێشانەوەکەى بڕیاری کۆتاییەتى و ئێستا تەنها هەڵسوڕاوێکی بزوتنەوەی گۆڕانە.

ئەو دواى پێشکەشکردنى نامەکەى بە راشكاوانە بە (تۆڕى میدیاى گۆڕان)ى وت:"چەندین جار داوامانكردوە داهاتی ناوخۆمان بۆئاشكرا بكەن یاخود بیخنە بەردەستمان بۆ چارەسەری ئەو كێشانەی هەبون، ئەوە جگە لەو هەمو كێشە ئیداریانەی لە سنوری پارێزگای سلێمانیدا دروستبون". 

هەروەک باس لەوە دەکات لەماوەى رابردودا چەندین جار بەنوسراو و لە رێگەی كۆبونەوە و چەندین دەستپێشخەری دیکەوە داوای چارەسەرى كێشە كەڵەكەبوە ئیدارییەکانى پارێزگاکەى كردوە، بەڵام وەڵام نەدراوەتەوە و لایەنە پەیوەندیدارەکان بەدەمەوە نەخاتون.

ئەو بەشێک لە ئاستەنگەکانى خستەڕو کە لەپاەى هەوڵەکانى هاتونەتە رێگەى بۆ چارەسەرکردنى کێشەى ئاوى خواردنەوە و چارەسەرى قەیرانى کارەبا و هاوکاریکردنى فەرمانبەران و هاوڵاتییان و دواترینیان بەدەمەوچونى کێشەى خوێندکارانى بەشە ناوخۆییەکان، بۆیەدەڵێت:"خەمی هاوڵاتییان و داواكاری ئەوانم بەگرنگتر لەهەمو مافێكی تر زانی، بۆیە دەستەلەكاركێشانەوەم هەڵبژارد و هەمو ئیمتیازاتێکیش رەتدەکەمەوە".
03/05/2017
زیاتر...
په‌ڕه‌یله‌ 47
ژماره‌ی بابه‌ت