ژوره‌کان
  کێ دەبێتە سەرۆک کۆماری ئێران؟
بڕیارە رۆژی هەینی (19)ی ئایار ئێرانییەکان رو لە سندوقەکانی هەڵبژاردن بکەن، بۆ بەشداری و دەنگدان لە هەڵبژادنەکانی سەرۆکایەتی کۆمار و ئەنجومەنی شارەکانی ئەو وڵاتە.

دەرەنجامی ئەم هەڵبژاردنانە تاقیکردنەوەیەکن بۆ دەرکەوتنی رای گشتی، سەبارەت بە جێبەجێکردنی رێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ئێران و ئەمەریکا و وڵاتانی ئەوروپا و دەرەنجامەکانی، ئاماژەش دەبێت بۆ رێژەی پاڵپشتی سیاسەتەکانی سەرۆکی کۆمار "حەسەن روحانی"، دادگایەکییش دەبێت بۆ دەستکەوتەکان بەتایبەت لەسەر ئاستی ئابوری.

بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆماری ئیسلامی ئێران، داواکاری و خۆپاڵاوتن بە چەند قۆناغێکدا تێدەپەڕێت، لە قۆناغی یەکەمدا پێشکەش بە وەزارەتی ناوخۆ دەکرێت، دواتر ناوەکان دەگوازرێتەوە بۆ ئەنجومەنی داڕشتنی دەستور، کە خاوەنی بڕیارە لە جیاکردنەوەی دۆسییەکان و رەتکردنەوە و پەسەندکردنی پاڵێوراوان، زۆرجار شیاوی پاڵێوراوان پەسەند ناکرێت، تەنانەت رویداوە شیاوی بەرپرسانی پێشوش رەتبکرێتەوە لەوانەش هاشمی رەفسنجانی، سەرەڕای ئەوەی کە چەندین پۆستی باڵای هەبو، بەڵام ئەنجومەنی داڕشتنی دەستور شیاوی پێ نەبەخشی.

رێگە نادرێت بە پاڵێوراوان و پارتە بەشداربوەکان دەست بە بانگەشەی هەڵبژاردن بکەن پێش کاتی دیاریکراو، کە ئەویش ئەنجومەنی داڕشتنی دەستور بڕیاری لە بارەوە دەدات؛ پێشبینی دەکرێت بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ ماوەی بیست رۆژ بەردەوام بێت و تا رۆژێک پێش پرۆسەی دەنگدان (55) ملیۆن هاوڵاتی ئێرانی کە تەمەنی (18) ساڵیان تەواو کردبێت مافی دەنگدانیان هەیە. 

بەپێی ڕاپرسییەکی وەزارەتی ناوخۆ کەلە ئێراندا ئەنجامی داوە رێژەی بەشداری لە هەڵبژاردنەدا (60%) تێپەڕ دەکات.
لە ئێستادا وەزارەتی ناوخۆی ئێران شیاوی شەش پاڵێوراوی راگەیاندوە بۆ هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی ئەو وڵاتە کە بریتین لە؛ حەسەن روحانی، ئیبراهیم رەئیسی، محەمەد باقر قاليباف، ئیسحاق جهانگيری، مستەفا تەبا و مستەفا ميرسەليم.

هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ساڵی 2013

لەو هەڵبژاردنەدا حەسەن روحانی سەرکەوتنی بەدەستهێنا، ئەو پەیامەی پێی بو نزیک بو لە پەیامەکەی رەفسنجانی، تەوژمی ئسوڵی لەم هەڵبژاردنەدا شکستی هێنا، "نا"ی خەڵک بە گەرمی، بۆچونی زۆرێک بو بۆ رەتکردنەوەی تەوژمی ئسوڵییەکان لەم هەڵبژاردنەدا کە نەیانتوانی پاڵپشتییەکی گەورە کۆبکەنەوە، خەڵک پێشبینیان دەکرد "ئەحمەدی نەژادی نوێ"یان لێ ببینن، ئێران لەم کاتەدا پێویستی بە گۆڕانکاری و دەرچون بو لەو قەیرانەی تێی کەوتبو، ئسولییەکان نەیانتوانی لەسەر پاڵێوراوێک کۆدەنگ بن.

روحانی لە رێککەوتنی ئەتۆمی سەرکەوتنی بەدەستهێنا، بارگرژییەکانی لەگەڵ رۆژئاوا دامرکاندەوە، بەڵام دەستکەوتە ئابورییەکانی بەو جۆرە نەبو سەرەڕای ئەوەی سەرکەوتو بو لە کەمکردنەوەی هەڵئاوسانی ئابوری. 

لەسەر ئاستی سیاسەتی دەرەوە، هێشتا لەگەڵ زۆرێک لە وڵاتانی عەرەبی لە قەیراندایە، لەپێش هەمویانەوە سعودییە بەتایبەت لە بارەی پرسی سوریا و یەمەنەوە کەوا لێکدەدرێتەوە روحانی سەرکەوتو نەبوە لە بەڕێوەبردنی ئەم دۆسییەدا.  

بۆ وەرگرتنی زانیاری زیاتر لەسەر پرسی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئێران و میکانیزمەکانی و کاندیدەکان کلیک لەو لینکەی خوارەوە بکە بۆ بینینی راپۆرتێکی تایبەتی ژوری تویژینەوەی سیاسی بزوتنەوەی گۆڕان بەناونیشانی:

مێژوی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆماری ئیسلامی ئێران (1980-2013)

11/05/2017
زیاتر...
په‌ڕه‌یله‌ 48
ژماره‌ی بابه‌ت