ڕاگه‌یه‌ندراوی فه‌رمی
  گۆڕان: ناچارین له‌ گه‌ڵ يه‌كێتیيه‌ راسته‌قينه‌كاندا مامەڵە بكه‌ين
زوتنەوەی گۆڕان هەڵوێستی خۆی لەگەڵ دۆخی سیاسی هەرێمی کوردستان و قەیرانەکان و پەیوەندییەکانی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان و رێککەوتننامەی سیاسی گۆڕان و یەکێتی و چارەسەری قەیرانەکان و پرسی پەرلەمان و حکومەت و سەرۆکایەتی هەرێم رادەگەیەنێت.

له‌ شاری‌ هه‌ولێری‌ پایته‌خت، وه‌فدێكی‌ باڵای‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان به‌ سه‌رپه‌رشتی‌ عومه‌ر سه‌ید عه‌لی‌ كۆبونه‌وه‌یه‌كی‌ فراوانی‌ له‌گه‌ڵ هه‌ڵسوڕاوانی‌ بزوتنه‌وه‌كه‌ سازكرد و هه‌ڵسوڕاوانی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ مه‌كۆ و رایه‌ڵه‌ و بازنه‌كانی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان له‌ هه‌ولێرو بنه‌سڵاوه‌ به‌شداری‌ كۆبونه‌وه‌كه‌یان كرد و تێیدا هه‌ڵوێستی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان له‌باره‌ی‌ بارودۆخی‌ سیاسی‌ و ئابوری‌ ئێستای‌ هه‌رێمی‌ كوردستان به‌ تایبه‌تی‌ په‌كخستنی‌ حكومه‌ت و په‌رله‌مان رونكرایه‌وه‌، هه‌روه‌ها باسی‌ رێككه‌وتنی‌ سیاسی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان و یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كرا.


ئه‌م كۆبونه‌وه‌یه‌ له‌چوارچێوه‌ی‌ بڕیارێكی‌ جڤاتی‌ نیشتیمانی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕاندا بوو، كه‌ له‌ دواین كۆبونه‌وه‌ی‌ خۆیدا بڕیاریدا زنجیره‌یه‌ك كۆبوونه‌وه‌ له‌ هه‌موو شارو شارۆچكه‌كانی‌ كوردستان بكرێت به‌مه‌به‌ستی‌ رونكردنه‌وه‌ی‌ هه‌ڵوێستی‌ بزوتنه‌وه‌كه‌ له‌باره‌ی‌ بارودۆخی‌ ئێستای‌ هه‌رێم و پێشهاته‌كانی‌ داهاتوه‌وه‌.

لە کۆبونەوەکەدا وتاری بزوتنەوەی گۆڕان لەلایەن جەمال محەمەد، سکرتێری جڤاتی نیشتمانییەوە خوێندرایەوە و رایگەیاند: هه‌وڵ دراوه له‌ رێگه‌ى هێزه‌وه‌‌ شاری هەولێر بێ ده‌نگ بكرێت،‌‌ ئه‌م شاره‌و هه‌ر شتێك كه‌ له‌م شاره‌دايه‌ وه‌ك موڵكى تايبه‌تى لايه‌نێك پيشان بدرێت و، ئه‌و هه‌سته‌ لاى هه‌موان دروست بكه‌ن كه‌ خاوه‌ندارێتيان بۆ لايه‌نێك ده‌گڕێته‌وه.

جەختی کردەوە؛ هه‌وڵى سه‌پاندنى يه‌ك ده‌نگ و يه‌ك ره‌نگ، چاوسوركردنه‌وه‌، بڵاوكردنه‌وه‌ى ترس و دڵه‌‌ڕاوكێ، به‌ حیزبى كردنى هه‌مو شتێك، قورخكردنى ده‌سه‌ڵات، په‌رله‌مان و حكومه‌ت، سه‌رۆكايه‌تى هه‌رێم، ده‌زگا ئه‌منيه‌كان، بانك، په‌يوه‌نديه‌كان، بازاڕ و زانكۆكان، ئه‌مانه‌ خه‌سڵه‌تى رژێمه‌ شموليه‌كانن، زيانى گه‌وره‌يان به‌ ئه‌زمونى هه‌رێمى كوردستان و وێنه‌ جوانه‌كه‌ى ئه‌م شاره‌ گه‌ياندوه‌.

وتیشی :"هه‌ولێر لاى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان بايه‌خێكى گه‌وه‌ره‌ى هه‌يه‌،‌ به‌ كردار ده‌بێت‌ پایته‌ختی هه‌مو هاوڵاتیانی کوردستان بێت، بێ جیاوازی. وه‌ک سه‌نته‌رێکی سیاسی که‌ ده‌بێت ده‌زگاكانى په‌رله‌مان و ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم، وه‌ك دامه‌زراوه‌ى‌ نیشتمانی له‌ باوه‌ش بگرێت‌".

سکرتێری جڤاتی نیشتمانی راشیگەیاند: ده‌مانه‌وێ له‌ به‌رده‌م‌ گۆڕانخوازان و ئه‌و خوشك و برايانه‌ى ناو يه‌كێتى كه‌ له‌ خه‌مى جێبه‌جێكردنى رێكه‌وتنه‌كه‌دان و ئه‌م په‌يامه‌ ده‌بيستن، راست و راشكاو بين، رێگرى ته‌واو له‌ جێبه‌جيكردنى رێكه‌وتنه‌كه‌ له‌ ناو يه‌كێتيه‌وه‌يه‌، ئه‌وه‌ سه‌ركردايه‌تى بڕياربه‌ده‌ستى يه‌كێتیيه‌ نايه‌ته‌ پێش بۆ جێبه‌جێكردنى، ئه‌وانن‌ به‌ پێچه‌وانه‌ى ناوه‌ڕۆكى ‌رێكه‌تنه‌كه‌وه‌ هه‌ڵسوكه‌وت ده‌كه‌ن، بێگومان هێشتا له‌ ناو يه‌كێتيدا خه‌ڵكانێك هه‌ن هه‌وڵى جێبه‌جێكردنى ده‌ده‌ن.

جەختی کردەوە؛ له‌ رابردوا به‌ يه‌ك مه‌سافه‌ له‌ گه‌ڵ يه‌كێتيه‌كاندا ته‌عامولمان كردوه‌‌، به‌ڵام مه‌رج نيه‌ له‌ داهاتودا وابين، كاتێك هه‌ست بكه‌ين ئيدى هيچ ئومێدێك بۆ ئه‌وه‌ نيه‌ به‌ يه‌ك ده‌نگى ئيلتيزام‌ بكرێت، كاتێك هه‌ست بكه‌ين‌ خه‌ريكه له‌ رێگه‌ى هه‌ندێك كه‌س و گروپى به‌رژه‌وه‌ندى خوازه‌و‌ه‌‌ نه‌ريتى حكومڕانى پارتى بۆ شوێنه‌كانى تريش نه‌قڵ ده‌كرێت، ئيدى ناچارين له‌ گه‌ڵ يه‌كێتيه‌ راسته‌قينه‌كاندا ته‌عامول بكه‌ين و ده‌يكه‌ين.

له‌ كۆتايدا وتیشی :"گۆڕان خوازياره‌ هه‌رچى زوه‌ كێشه‌كانى هه‌رێم له‌ ريشه‌وه‌ چاره‌سه‌ر بكرێن، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ پێشوازى له‌ هه‌ر هه‌وڵ و پرۆژه‌يه‌كى جدى ده‌كه‌ين، كه‌ هاوسه‌نگى و به‌رژه‌وه‌ندى گشتى له به‌رچاو گرتبێت".

دەقی وتاری بزوتنەوەی گۆڕان

سڵاو به‌ڕێزان..

خۆشحاڵين ئه‌م ئێواره‌يه‌ له‌ هه‌ولێرى پايته‌خت پێكه‌وه‌ كۆبوينه‌ته‌وه‌. پێمان خۆشه‌ له‌وه‌ ئاگاداربن، جڤاتى نيشتيمانى، له‌ دواهه‌مين كۆبونه‌وه‌يدا بڕيارى دا، له‌ چوارچێوه‌ى پلانێكدا هه‌مو مه‌كۆكان به‌ سه‌ر بكه‌ينه‌وه‌و، كۆبونه‌وه‌ى فراوان و گشتى له‌ گه‌ڵ هه‌ڵسوڕان ئه‌نجام بده‌ين.

ئامانجى سه‌ره‌كى كۆبونه‌وه‌كان ره‌خساندنى ده‌ر‌فه‌تى گونجاوه‌ بۆ ئه‌وه‌ى له‌ نێوان جڤات ‌و هه‌ڵسوڕاوانى شارو شارۆچكه‌كان گفتوگۆ و راگۆڕينه‌وه‌ له‌ سه‌ر پرسه‌ هه‌نوكه‌يه‌كان به‌ڕێوه‌بچێت و، له‌ نزيكه‌وه‌  به‌رچاو رۆشنى زياتر له‌ سه‌ر چالاكى و سياسته‌كانى گۆڕان به‌ هه‌ڵسوڕاوان بدرێت.

به‌ڕێزان، هه‌ولێر لاى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان بايه‌خێكى گه‌وه‌ره‌ى هه‌يه‌،‌ به‌ كردار ده‌بێت‌ پایته‌ختی هه‌مو هاوڵاتیانی کوردستان بێت، بێ جیاوازی. وه‌ک سه‌نته‌رێکی سیاسی که‌ ده‌بێت ده‌زگاكانى په‌رله‌مان و ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم، وه‌ك دامه‌زراوه‌ى‌ نیشتمانی له‌ باوه‌ش بگرێت‌. وه‌ک سه‌نته‌رێکی په‌یوه‌ندیی نێوده‌وڵه‌تی که‌ باره‌گای رێکخراوه‌کان و ‌کونسوڵگه‌ریی زۆربه‌ی وڵاته‌ گرنگه‌کانی جیهانى لێیه‌. وه‌ک یه‌کێک له‌ شاره‌ هه‌ره‌ دێرینه‌کانی مێژوی مرۆڤایه‌تی. له‌ پاڵ ئه‌وانه‌شدا وه‌ك دانيشتوانێك، ئه‌گه‌ر زه‌مينه‌يان بۆ بڕه‌خسێت و ئازادى تێدا فه‌راهه‌م بكرێت، هه‌رده‌م چاويان‌ له‌ گۆڕانكارى و پێشكه‌وتنه‌. 

هه‌وڵ دراوه له‌ رێگه‌ى هێزه‌وه‌‌ ئه‌م شاره‌ بێ ده‌نگ بكرێت،‌‌ ئه‌م شاره‌و هه‌ر شتێك كه‌ له‌م شاره‌دايه‌ وه‌ك موڵكى تايبه‌تى لايه‌نێك پيشان بدرێت و، ئه‌و هه‌سته‌ لاى هه‌موان دروست بكه‌ن كه‌ خاوه‌ندارێتيان بۆ لايه‌نێك ده‌گڕێته‌وه.

هه‌وڵى سه‌پاندنى يه‌ك ده‌نگ و يه‌ك ره‌نگ، چاوسوركردنه‌وه‌، بڵاوكردنه‌وه‌ى ترس و دڵه‌‌ڕاوكێ، به‌ حیزبى كردنى هه‌مو شتێك، قورخكردنى ده‌سه‌ڵات، په‌رله‌مان و حكومه‌ت، سه‌رۆكايه‌تى هه‌رێم، ده‌زگا ئه‌منيه‌كان، بانك، په‌يوه‌نديه‌كان، بازاڕ و زانكۆكان، ئه‌مانه‌ خه‌سڵه‌تى رژێمه‌ شموليه‌كانن، زيانى گه‌وره‌يان به‌ ئه‌زمونى هه‌رێمى كوردستان و وێنه‌ جوانه‌كه‌ى ئه‌م شاره‌ گه‌ياندوه‌.

لايه‌نى ده‌سه‌ڵاتدار له‌م شاره‌دا ده‌يه‌وێت بڵێت: راستى ره‌هاو دڵسۆزى لاى منه‌. من له‌ برى هه‌موان بير ده‌كه‌مه‌وه‌و بڕيار ده‌ده‌م و كار ده‌كه‌م. هه‌موان ده‌بێت ئه‌م نوێنه‌رايه‌تيه‌م لێ قبوڵ بكه‌ن و مافى قسه‌و ره‌خنه‌و به‌شدارى فعليان نييه‌. بێگومان ئه‌مه‌ قبوڵ ناكرێت.

ديدى گۆڕان بۆ نوێنه‌رايه‌تى و پرۆسه‌ى بڕيارو به‌ڕێوه‌بردن له‌ خواستى هاوڵاتيانه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ى گرتوه‌، هاوڵاتيانى هه‌رێمى كوردستان باوه‌ڕيان به‌ تاك حیزبى نيه‌، چ له‌ رابردودا و چ له‌ ئێستادا سيستمى فره‌ حیزبيان ئه‌زمون كردوه‌، فره‌ حیزبى به‌ ماناى جياوازى، ئه‌گه‌ر هاوڵاتيان تاك حیزبیان قبوڵ بكردايه‌ ئه‌وا هه‌موان ده‌نگيان به‌ يه‌ك حيزب ده‌داو ئه‌وانى تر نه‌ده‌بون، له‌ په‌رله‌مان و ئه‌نجومه‌نه‌كانى تردا نوێنه‌ريان نه‌ده‌بو، له‌ شارى هه‌ولێردا، رێژەیەك ده‌نگيان به‌ پارتى داوه‌، به‌شه‌كه‌ى ترى، كه‌ زۆرێنه‌ى ده‌نگه‌كانه‌ بۆ گۆڕان و يه‌كێتى و يه‌كگرتو و كۆمه‌ڵ و لايه‌نه‌كانى تر رۆشتوه‌‌. 

له‌ دۆخێكدا كه‌ جياوازى و فره‌ڕەنگى دڵخوازى هاوڵاتيانه‌‌، ته‌نها دامه‌زراوه‌يه‌ك كه‌ ده‌توانێت له چوارچێوه‌يه‌كى شه‌رعيدا‌ مەرجەعی هەموان بێت په‌رله‌مانه‌‌. ئه‌وه‌ په‌رله‌مانه‌ له‌ يه‌ك كاتدا ده‌توانێ نوێنه‌رايه‌تى ئێمه‌يه‌كى نيلى و ئه‌وانى سه‌وز و ئه‌وێكى سپى و زه‌ردو ره‌نگه‌كانى تر بكات. هيچ دامه‌زراوه‌و حيزب و سه‌ركرده‌يه‌ك ناتوانێ له‌م روه‌وه‌ نوێنه‌رايه‌تى خواست و جياوازيه‌كانى كۆمه‌ڵگه‌ بكات.

گۆڕان له چوار ساڵى سه‌ره‌تاى دروستبونيدا ئۆپۆزسيۆن بونى وه‌ك يه‌كێك له‌ بنه‌ما گرنگه‌كانى سيستمى حكومڕانى ديموكراسى له‌ هه‌رێمى كوردستاندا داهێنا، ئه‌و قۆناغه‌مان به‌ سه‌ركه‌وتويى تێپه‌ڕاند، توانيمان چاوێكى تيژ بين له‌ سه‌ر گه‌نده‌ڵيه‌كانى حكومه‌ت و ده‌سه‌ڵات، ده‌نگێكى دلێربين بۆ به‌رگرى كردن له‌ مافى خه‌ڵك.  

له‌ دواهه‌مين هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستاندا‌ دروشمى به‌ره‌و ده‌سه‌ڵات و چوار ساڵ ئارميمان به‌رز كرده‌وه‌، بۆ‌ دروستكردنى متمانه‌ له‌ نێوان لايه‌نه‌ سياسيه‌كان، به‌ ئامانجى چاره‌سه‌رى كێشه‌ سياسى و ياساى و ئيدارى و ئابوريه‌كانى هه‌رێم‌. 

ره‌نگه هه‌ندێك لايه‌ن لێكدانه‌وه‌ى هه‌ڵه‌يان بۆ دروشمه‌كانى گۆڕان كردبێت، ره‌نگه‌ لاى هه‌ندێك چوار ساڵ ئارامى به‌ ماناى بێ ده‌نگى له‌ ئاست كێشه‌كان هاتبێ، به‌ ماناى دواخستنى چاره‌سه‌رى كێشه‌كان و بێ ده‌نگى گۆڕان هاتبێ.

گۆڕان چوار ساڵى ئارامى بۆ ئه‌وه‌ بو كوردستان بكه‌ين به‌ خاوه‌ن ده‌ستورێكى ديموكراسى مۆدێرن،‌ تێيدا ماف و ئه‌رك و ئازاديه‌كانى هاوڵاتيان بێ جياوازى فه‌راهه‌م كرابێت، ماف و ئازادى ته‌واوى پێكهاته‌كانى هه‌رێمى كوردستان، كورد، توركمان، عه‌ره‌ب، كلدو ئاشورى، هه‌مو ئاين و مه‌زهه‌به‌كان ده‌سته‌به‌ركرابێت. په‌رله‌مان به‌ هێز بكه‌ين، دۆسيه‌ى نه‌وت شه‌فاف بكه‌ين، لانى كه‌مى دادى كۆمه‌ڵايه‌تى له‌ سيستمى موچه‌و خانه‌نشينيدا ده‌سته‌به‌ر بكه‌ين، خێرو بێرى ئه‌م وڵاته‌ بخه‌ينه‌ خزمه‌ت هاوڵاتيان.

بۆ ئه‌وه‌ بو رێگربين له‌ به‌رده‌م دروستبونى قه‌يرانى دارايى و بێ كارى و هه‌ژارى و برسى كردنى خه‌ڵك. كه‌رته‌كانى كشتوكاڵ و گه‌شتيارى و پيشه‌سازى ببوژێنينه‌وه‌، چيتر پشت به‌ داهاتى نه‌وت نه‌به‌ستين، ده‌رفه‌تى كار بۆ هاوڵاتيان بدۆزينه‌وه‌، نه‌هێڵين پرۆژه‌كانى ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ بوه‌ستن. 

گۆڕان بۆ به‌ديهێنانى ئه‌و ئامانجانه ‌و ده‌يان ئامانجى تر، رۆشته‌ حكومه‌ت. بۆ ئه‌مه‌ش پرۆژه‌ى پێشكه‌ش كرد، هه‌وڵى خۆى دا‌، به‌ڵام ئه‌و هێزانه‌ى كه‌ باوه‌ڕيان به‌ چاكسازى و‌ سه‌روه‌رى ياسا نه‌بو، نه‌يانتوانى به‌رگه‌ى هه‌وڵه‌كانى گۆڕان بگرن. 

كاتێك پارتى ديموكراتى كوردستان هه‌ستى كرد فه‌لسه‌فەی خراپی حكومڕانیان لە بەردەم گۆڕیندایە و به‌رژه‌وه‌نديه‌ تايبه‌تيه‌كانيان له‌ به‌رده‌م مه‌ترسيدايه،‌ له هه‌نگاوێكى ته‌واو نا ئسوڵى و ناياسايدا، ملهوڕانه‌ ده‌ستيان بۆ داخستنى په‌رله‌مان و ئيفليح كردنى حكومه‌ت برد.

ئێمه‌ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ ده‌مانزانى خراپى دۆخى حكومڕانى و حيزبايه‌تى لايه‌نى ده‌سه‌ڵات له‌ چ ئاستێكدايه‌، ده‌مانزانى كارو به‌شداريمان له‌ سه‌رۆكايه‌تى په‌رله‌مان و حكومه‌تدا ئاسان نابێت و روبه‌ڕوى كۆسپى گه‌و‌ره‌ ده‌بينه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌ركى حیزبى سياسى ئه‌وه‌ نيه‌ له‌ دوره‌‌وه‌ ته‌ماشاى روداوه‌كان بكات، به‌ڵكو ده‌بێت چاوى له‌وه‌ بێت رۆڵى له‌ پێگه‌ى بڕياردا به‌ هێزتر بكات، بۆ ئه‌وه‌ى باشتر به‌رنامه‌ سياسيه‌كه‌ى بباته‌ پێش، زياتر خزمه‌تى خه‌ڵك بكات. جارى واش هه‌يه‌ پێشهات و روداوه‌‌كان پێچه‌وانه‌ى خواست و چاوه‌ڕوانيه‌كان ده‌بن.

له‌ دواى په‌كخستنى په‌رله‌مان و حكومه‌ت ئه‌و پرسياره‌ هاته‌ گۆڕێ بۆ بە فه‌رمى ناكشێينه‌وه‌؟

به‌رێزان، بۆ پرسى كشانه‌وه‌ بڕيارمان هه‌يه‌،‌ شكستى ئه‌م حكومه‌ته‌ سه‌لمێنراوه،‌ كشانه‌وه‌مان ته‌نها دواخستوه‌.‌ نه‌ك له‌ به‌ر ئه‌وه‌ى‌ چاومان له‌وه‌ بێت جارێكى تر به‌م فۆرم و عه‌قڵيه‌ته‌ى ئێستاوه‌ بگه‌ڕێينه‌وه‌ ناو حكومه‌تێكى فاشل، به‌ڵكو بۆ ئه‌وه‌ى به‌ ده‌ستى خۆمان، زه‌مينه‌سازى بۆ سه‌رخستنى كوده‌تاكه‌ى پارتى نه‌كه‌ين. به‌ خۆڕاگريه‌مان توانيومان‌‌ لانى كه‌م دو شتى گرنگ و پێويست بۆ ئه‌م قۆناغه‌‌ بكه‌ين:

يه‌كه‌م: گۆڕان سه‌لماندى ئه‌و هێزه‌ نيه‌ شتى به‌ سه‌ردا بسه‌پێنرێت و په‌راوێز بخرێت. دواى ئه‌وه‌ى پارتى سه‌رۆكى په‌رله‌مان و وه‌زيره‌كانى گۆڕانى ئيزندا،‌ راسته‌وخۆ رايانگه‌ياند له‌ زوترين كاتدا له‌ چوارچێوه‌ى رێكه‌وتنێكى نوێدا به‌ بێ گۆڕان پێداچونه‌وه‌ به‌ سه‌رۆكايه‌تى په‌رله‌مان و حكومه‌تدا ده‌كه‌نه‌وه‌، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ هه‌وڵى زۆريان دا، سيناريۆى زۆريان رێكخست، به‌ڵام له‌ هه‌مويدا شكستيان هێنا.

پارتى واى دانابو هه‌رزو گۆڕان ته‌سليم ببێت و، داخستنى په‌رله‌مان و حكومه‌ت وه‌ك روداوێكى تێپه‌ڕ له‌ بير بچێته‌وه‌، به‌ڵام به‌ خۆڕاگريمان توانيمان ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ نا ديموكراسيه‌ى پارتى بكه‌ينه‌ عه‌ڵقه‌يه‌كى ئاگرين و بيكه‌ينه‌وه‌ ملى خۆيان، به‌ جۆرێك دواى زياتر له‌ ساڵيك نه‌يانتوانى به‌ قانونى جێگه‌ى يه‌ك وه‌زيرى گۆڕان پڕ بكه‌نه‌وه‌، نه‌يتوانى سه‌رۆكى په‌رله‌مان بگۆڕن، نه‌يتوانى لايه‌نه‌كانى تر به‌ كوده‌تاكه‌يان رازى بكه‌ن، بێگومان له‌ حاڵه‌تى كشانه‌وه‌ماندا راسته‌خۆ كارئاسانيمان ده‌كرد بۆ ئه‌وه‌ى پارتى ته‌واوى پلانه‌كه‌ى جێبه‌جێ بكات و، ئه‌و شعوره‌ لاى هاوڵاتيان و هه‌مو هێزه‌ سياسییه‌كان دروست بكات، ئه‌وه‌ پارتيه‌ بڕيار ده‌دات كام لايه‌ن له‌ ده‌سه‌ڵات بێت و كام لايه‌نيش له‌ دەره‌‌وه‌ى ده‌سه‌ڵات. به‌ڵام له‌ روى سياسيه‌وه‌ شكستيان هێنا.

ئێستاش ده‌بينن رۆژ له‌ دواى رۆژ له‌ نێوه‌نده‌ ناوخۆى و نێوده‌وڵه‌تيه‌كاندا داخستنى په‌رله‌مان و حكومه‌ت وه‌ك نمونه‌ى هه‌ڵوێستى ناديموكراسى باس ده‌كرێت و وه‌ك نه‌نگيه‌كى گه‌وه‌ره‌ به‌رۆكى پارتى گرتوه‌. 

دوه‌م: پارتى و هه‌ندێك كه‌س و گروپى ناو هه‌ندێكى حيزبى تر  دواى ئيزندانى وه‌زيره‌كانى گۆڕان و سه‌رۆكى په‌رله‌مان خه‌ونيان به‌وه‌وه‌ ده‌بينى وه‌ك سه‌رده‌مه‌كانى دواى شه‌ڕى ناوخۆ‌ حكومه‌تى ‌50 به‌ 50 دروست بكه‌نه‌وه‌و جارێكى تر دور له‌ چاوى په‌رله‌مانێكى كارا، موقه‌ده‌راتى خه‌ڵكى كوردستان له‌ نێوان خۆياندا دا‌به‌ش بكه‌نه‌وه‌...گۆڕان ئه‌م خه‌ونه‌شى هه‌ر له‌ چوارچێوەى‌ خه‌وندا هێشته‌وه‌.

ده‌توانين بڕيارى گۆڕينى سه‌رۆكى په‌رله‌مان بده‌ين يان پۆستى سه‌رۆكى په‌رله‌مان وه‌رنه‌گرينه‌وه‌، به‌ڵام‌ ئه‌مه‌ له‌ پێناو چى، ئايا به‌ گۆڕينى سه‌رۆكى په‌رله‌مان ئه‌و پارانه‌ى‌ كه‌ به‌ نا شه‌رعى بۆ بانه‌كانى ده‌ره‌وه براون،‌ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌و‌ كێشه‌ى موچه‌ و سته‌مى پاشكه‌وت كۆتايى دێت، ئه‌گه‌ر بۆ ئه‌مه‌يه‌ هه‌ر ئێستا بڕيارى گۆڕينى ده‌ده‌ين. ئه‌گه‌ر به‌شێك بێت له‌ هه‌نگاوه‌كانى گۆڕينى سيستمى حكومڕانى به‌ دڵنيايه‌وه‌ بڕيارى گۆڕينى ده‌ده‌ين، خۆ ئه‌گه‌ر بۆ رازى كردنى دڵى لايه‌نێك بێت و قسه‌ى لايه‌نێك‌ بچێته‌ سه‌ر، له‌ به‌رامبه‌ردا چاوپۆشى له‌ ئه‌سڵى كێشه‌كه‌ بكه‌ين، كه‌ كێشه‌ى سه‌رۆكايه‌تى هه‌رێمه‌، بێگومان ئه‌وه‌ رو نادات. 

ئێمه‌ له‌ سيراعێكى گه‌وره‌داين، بۆ كۆتايى هێنان به‌ خه‌ون و بير و به‌رنامه‌ى خۆسه‌پاندن و تاكڕه‌وى، ئه‌مه‌ پێويستى به‌ نه‌فه‌س درێژيه‌. ئه‌و تێگه‌يشتنه‌ هه‌ڵه‌يه‌ به‌ ته‌واوى ره‌د ده‌كه‌ينه‌وه‌ كه‌ پێى وايه‌ حه‌ق هه‌مان ئه‌و شته‌يه‌ كه‌ پارتى پێى خۆشه‌، كه‌ بۆ پارتى باشه، كه‌ پارتى بڕيارى لێده‌دا‌. لاى ئێمه‌ حه‌ق هه‌مان ئه‌و شته‌يه‌ كه‌ خزمه‌ت به‌ پێكه‌وه‌ ژيان و ئازادى و خۆشگوزه‌رانى هاوڵاتيان ده‌كات، له‌و پێناوه‌شدا له‌ ململانێ به‌رده‌وام ده‌بين. 

گۆڕان له‌ سه‌ره‌‌تاى دروستبونيه‌وه‌، له‌ گه‌ڵ زۆربه‌ى لايه‌نه‌كان كارى هاوبه‌شى هه‌بوه‌، هه‌ميشه‌ چاره‌سه‌ر‌كردنى كێشه‌كان و خزمه‌تكردن به‌ هاوڵاتيان بنه‌ماى سه‌ره‌‌تاو كۆتاى هه‌ڵوێست و هه‌نگاوه‌كانى بوه‌.

له‌ سه‌ر‌ده‌مى ئۆپۆزسيۆن له‌ گه‌ڵ براده‌رانى يه‌كگرتو و كۆمه‌ڵ پاكێجى هاوبه‌شمان هه‌بو، نه‌خشه‌رێگاى چاره‌سه‌رى ته‌واوى كێشه‌كانمان ديارى كردبو. خزمه‌تكردن به‌ هاوڵاتيان بنه‌ماى رێكه‌وتنمان بو له‌ گه‌ڵ پارتى. لە گەڵ یەکێتی و یەکگرتو و کۆمەڵ پڕۆژەی هاوبەشمان بۆ هەمواری یاسای سەرۆکایەتی هەرێم پێشکەش کرد. 

له‌ چوارچێوه‌ى گۆڕينى سيستمى حكومڕانى و باشكردنى ئه‌داى دا‌مه‌زراوه‌كانى حكومڕانيدا بو، به‌ڕێز رێكخه‌رى گشتى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان له‌ گه‌ڵ به‌ڕێز مام جه‌لال رێكه‌وتنى ده‌باشانى كرد، پاشان له‌ سه‌ر پێكهێنانى حكومه‌تى خۆجێيى رێكه‌وتنمان له‌ گه‌ڵ يه‌كێتى كرد، دواتر‌ له‌ به‌روارى (17/5/2016) کە ئەمڕۆ دەکاتە ساڵێکی تەواو، رێكه‌وتنێكى سياسيمان له‌ گه‌ڵ يه‌كێتى كرد، سه‌رله‌به‌رى ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ى له‌ قازانجى پرۆسه‌ى حكومڕانيه‌. ئه‌و كات ده‌قى رێكه‌تنه‌كه‌ خرايه‌ به‌رده‌م راى گشتى، زۆرينه‌ى سه‌ر‌كردايه‌تى و ئه‌ندامان و لايه‌نگرانى گۆڕان و يه‌كێتي پێشوازيان لێ كرد، زۆرينه‌ى لايه‌نه‌ سياسيه‌كان و نوێنه‌رايه‌تى لايه‌نه‌ عێراقيه‌كان و وڵاتانى جيهان پێشوازيان لێ كرد.

پارتى ديموكراتى كوردستان هه‌ر له‌ سه‌ره‌‌تاوه‌ به‌م رێكه‌وتنه‌ قه‌ڵس بو، چ بۆ خۆيان چ له‌ رێگه‌ى ئه‌و خه‌ڵكانه‌وه‌ كه‌ له‌ ناو يه‌كێتيدا مه‌يالى پارتين هه‌وڵى شكستپێهێنانى دا.

ئێمه‌ خوازياربوين ئه‌م رێكه‌وتنه له‌ كورترين ماوه‌دا‌ وه‌ك خۆى جێبه‌جێ بكرێت، فراونتر بكرێت و لايه‌نه‌كانى تريش ببنه‌ به‌شێك له‌ رێكه‌وتنه‌كه‌، به‌ڵام ده‌شمانزانى كۆسپى ديته‌ رێ،‌ باشترين ده‌ليل بۆ ئه‌مه‌ وته‌كه‌ى به‌ڕێز رێكخه‌رى گشتى بێت كاتێك وتى (عيبره‌ت له‌ نوسين نيه،‌ به‌ڵكو له‌ جێبه‌جێكردنه‌)، پاش يه‌ك ساڵ‌ ته‌نها يه‌ك خاڵى به‌ نيوه‌ و ناچڵى جێبه‌جێكراوه‌، كه‌ پێكهێنانى سه‌ر‌كردايه‌تى هاوبه‌شه‌، باقى خاڵه‌كانى ترى جێبه‌جێنه‌كراون.

لێره‌دا ده‌مانه‌وێ له‌ به‌رده‌م‌ گۆڕانخوازان و، ئه‌و خوشك و برايانه‌ى ناو يه‌كێتى كه‌ له‌ خه‌مى جێبه‌جێكردنى رێكه‌وتنه‌كه‌دان و ئه‌م په‌يامه‌ ده‌بيستن، راست و راشكاو بين، رێگرى ته‌واو له‌ جێبه‌جيكردنى رێكه‌وتنه‌كه‌ له‌ ناو يه‌كێتيه‌وه‌يه‌، ئه‌وه‌ سه‌ركردايه‌تى بڕياربه‌ده‌ستى يه‌كێتيه‌ نايه‌ته‌ پێش بۆ جێبه‌جێكردنى، ئه‌وانن‌ به‌ پێچه‌وانه‌ى ناوه‌ڕۆكى ‌رێكه‌تنه‌كه‌وه‌ هه‌ڵسوكه‌وت ده‌كه‌ن، بێگومان هێشتا له‌ ناو يه‌كێتيدا خه‌ڵكانێك هه‌ن هه‌وڵى جێبه‌جێكردنى ده‌ده‌ن.

له‌ رابردوا به‌ يه‌ك مه‌سافه‌ له‌ گه‌ڵ يه‌كێتيه‌كاندا ته‌عامولمان كردوه‌‌، به‌ڵام مه‌رج نيه‌ له‌ داهاتودا وابين، كاتێك هه‌ست بكه‌ين ئيدى هيچ ئومێدێك بۆ ئه‌وه‌ نيه‌ به‌ يه‌ك ده‌نگى ئيلتيزام‌ بكرێت، كاتێك هه‌ست بكه‌ين‌ خه‌ريكه له‌ رێگه‌ى هه‌ندێك كه‌س و گروپى به‌رژه‌وه‌ندى خوازه‌و‌ه‌‌ نه‌ريتى حكومڕانى پارتى بۆ شوێنه‌كانى تريش نه‌قڵ ده‌كرێت، ئيدى ناچارين له‌ گه‌ڵ يه‌كێتيه‌ راسته‌قينه‌كاندا ته‌عامول بكه‌ين و ده‌يكه‌ين.

خۆ ده‌كرێت هه‌ر ئه‌مڕۆ رێكه‌وتنه‌كه‌ هه‌ڵوه‌شێنينه‌وه‌، به‌ڵام با ئه‌وانه‌ى به‌ پشتيوانى ئه‌م لايه‌ن و ئه‌و لايه‌ن دژى چاكه‌ى گشتى و ته‌بايى نێوان گۆڕان و يه‌كێتين ده‌ستپێشخه‌رى‌ بكه‌ن. ئێمه‌ داهاتومان لا رۆشنه‌، هه‌نگاوى داهاتوى خۆمان به‌ ميزاج و به‌رژه‌وه‌ندى كه‌س و گروپى ناو هيچ حيزبێكه‌وه‌ گرێ ناده‌ين،‌ هه‌نگاو و‌ هه‌ڵوێسته‌كانى خۆمان له‌ سه‌ر هيچ كه‌س و گروپێك رانا‌گرين.

به‌ڕێزان، له‌م سه‌روه‌ختە‌دا به‌ هۆى كۆمه‌ڵێك پێشهاتى نوێ و لێكه‌وته‌كانى شه‌ڕى داعش و، له‌‌ سايه‌ى به‌رگرى قاره‌مانانه‌ى پێشمه‌رگه‌و خوێنى شه‌هيدان، توانراوه‌ كه‌ركوك و‌ زۆربه‌ى ناوچه‌ دابڕێنراوه‌كان ناڕاسته‌وخۆ بخرێنه‌وه‌ سه‌ر هه‌رێمى كوردستان‌. ئه‌م قۆناغه‌ نوێيه‌ ده‌رفه‌تى ئه‌وه‌ى بۆ ره‌خساندوين كارى جدى بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ى‌ ته‌واوى مافه‌‌ زه‌وتكراوه‌كانمان بكه‌ين. بێگومان بژارده‌ى دروستكردنى ده‌وڵه‌تى سه‌ربه‌خۆ مافى ره‌واى هاوڵاتيانى كوردستانه.‌ 

گۆڕان له‌ به‌رنامه‌ى سياسى خۆيدا پرسى دروستكردنى ده‌وڵه‌تى چه‌سپاندوه‌. ئێمه‌ ده‌وڵه‌تێكى ديموكراسيمان ده‌وێت، كه‌ تێدا ئازادى و كه‌رامه‌تى ئينسان پارێزراوبێت، به‌ يه‌ك چاو ته‌ماشاى پێكهاته‌ ره‌سه‌نه‌كانى نيشتيمانى كوردستان بكات، له‌م ده‌وڵه‌ته‌دا ئابورى سه‌ربه‌خۆمان هه‌بێت نه‌ك ئابورى حيزب، دامه‌زراوه‌ى نيشتيمانيمان هه‌بێت نه‌ك هى حیزب، رۆڵى گه‌وره به‌‌ ميدياى ئازاد و‌ رێكخراوه‌كانى كۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نى بدرێت، بنه‌ماى په‌يوه‌نديه‌كانمان له‌ گه‌ڵ ده‌ره‌وه‌‌ هاوسه‌‌نگى و به‌رژه‌وه‌دى هاوبه‌ش بێت. 

بينيمان له پاريسى پايته‌ختى‌ فه‌ره‌نسا چه‌ند مه‌سئولانه‌ هولاند رۆشت و ماكرۆن هات، ئه‌مه‌يه‌ ديموكراسى و‌ رێزگرتن له‌ ده‌نگ و ئيرده‌ى خه‌ڵك و سه‌روه‌رى ياسا. له‌ ئاينده‌يه‌كى نزيكدا له‌ به‌ريتانيا هه‌ڵبژادن به‌ڕێوه‌ ده‌چێت، له‌ زوترين كاتدا ده‌رئه‌نجامى ده‌نگدان يه‌كلايى ده‌كرێنه‌وه‌ و‌ حكومه‌تى نوێ پێكدێت، هيچ هێزێكى حيزبى نيه‌‌ رێگه‌ له‌ سه‌رۆكى نوێى په‌رله‌مان و‌ سه‌رۆكى نوێى ئه‌نجومه‌نى وه‌زيران بگرێت. ئێمه‌ ده‌وڵه‌تێكى له‌م جۆره‌مان ده‌وێت.

‌ده‌وڵه‌تيكمان ناوێت هاوشێوه‌ى سعوديه خێزانێك و گروپێكى بچوك، ده‌ست به‌ سه‌ر موقه‌ده‌راتى ميلله‌تدا بگرن، نامانه‌وێت تا هه‌تايه‌ تاكه‌ كه‌سێك حه‌ق به‌ خۆى بدات له‌ سه‌ر كورسى ده‌سه‌ڵات بمێنێته‌وه ‌و له‌ سه‌روى لێپرسينه‌وه‌و‌ ياساوه‌ بێت. رێگه‌ ناده‌ين ئه‌زمونى باشورى سودان دوباره‌ بێته‌وه،‌ رێگه‌ ناده‌ين بكرێين به‌ قوبرسێكى تر.

زه‌مانه‌تى سه‌ركه‌وتنى هه‌نگاوه‌كانى داهاتومان به‌ ئاڕاسته‌ى ده‌وڵه‌ت و سه‌ربه‌خۆيى، به‌ پله‌ى يه‌كه‌م به‌نده به‌ ئاشتكردنه‌وه‌ى هاوڵاتيان و يه‌كڕيزى نێوان لايه‌نه‌كان و به‌ هێزكردنى دامه‌زراوه‌كانى حكومڕانى‌. 

به‌ پێى ياساى ژماره‌ (1) ساڵى (1992)ى هه‌مواركراو و، بڕيارى ژماره‌ (1) ساڵى (2005)ى په‌رله‌مانى كوردستان، په‌رله‌مان‌ تاكه مه‌رجه‌عى سياسى و ياساييه‌ بۆ‌ بڕياردان له‌ سه‌ر چاره‌نوسى هه‌رێمى كوردستان و ناوچه‌ دابڕێنراوه‌كان. 

پێويسته‌ په‌رله‌مان شوێنى بڕياردان بێت له‌ سه‌ر راپرسى، ناكرێ‌ له‌ به‌ر ئه‌وه‌ى لايه‌نێكى دياريكراو له‌ په‌رله‌مان چوه‌ به‌ قيندا ئيدى په‌نا بۆ‌ ليجنه‌ى حيزبى ببه‌ين‌، مايه‌ى سه‌رسوڕمانه‌ لايه‌ن هه‌بێت به‌ ده‌نگى پاك و بێگه‌ردى ده‌نگده‌ره‌كانى نوێنه‌رى رۆشتبێته‌ په‌رله‌مان‌، كه‌چى پشت له‌ ده‌نگ و ئيراده‌ى لايه‌نگر و ده‌نگده‌ره‌كانى بكات و ته‌سليمى ئه‌جێنداى خراپ و ئيراده‌ى تاكڕه‌وانه‌ى حیزبێكى تر ببێت!

گۆڕان پێداگرى له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كات شانبه‌شانى پارێزگاكانى هه‌رێم، ده‌بێت کەرکوک و خانەقین و شەنگارو دوز و ناوچە دابڕێنراوه‌کانی تر له پرۆسه‌ى راپرسيدا به‌شدارى بكه‌ن. هه‌ر هه‌نگاوێك به‌ ئاڕاسته‌ى سه‌ربه‌خۆيدا به‌بێ ناوچه‌ دابڕێنراوه‌كان له‌ گه‌ڵ ئه‌جێنداى گه‌لى كوردستان و ئامانجه‌ نيشتيمانيه‌كانماندا يه‌ك ناگرێته‌وه‌ و گۆڕان لێى بێ ده‌نگ نابێت‌.

تاكه‌ لايه‌ن كه سه‌نگى مه‌حه‌كه‌ و‌ مافى بڕياردانى له‌ سه‌ر چاره‌نوسى گه‌ل و نيشتيمانى كوردستان هه‌يه،‌  كوردستانيانن نه‌ك وڵاتان، بۆيه‌ پێويسته‌ زه‌مانه‌تى ئه‌وه‌ بكه‌ين راسته‌خۆ دواى بڕيارى هاوڵاتيان و ئاشكراكردنى ده‌ره‌ئه‌نجامه‌كانى راپرسى، به‌و جۆره‌ى كه‌ له‌ ياساى كۆمسيۆنى سه‌ربه‌خۆى هه‌رێمدا هاتوه،‌ كار به‌ ده‌رئه‌نجامى راپرسيه‌كه‌‌ بكرێت. 

رەنگه‌ هه‌ندێك خوازياربن گۆڕان نه‌خێر بۆ ريفراندۆم بكات‌، به‌ پاساوى ئه‌وه‌ى ئه‌مه‌ پرۆژه‌ى لايه‌نێكى ديارى كراوه‌‌. به‌ ديدى ئێمه‌، ئه‌وه‌‌ تێگه‌يشتنێكى‌ هه‌ڵه‌يه‌، ئه‌و تێگه‌يشتنه‌ خزمه‌ت به ئه‌جێنداى هه‌مان ئه‌و لايه‌نه‌ ده‌كات كه‌ به‌ ده‌نگه‌ ده‌نگى ئيعلامى و چه‌واشه‌كارى ئيديعاى ده‌وڵه‌ت ده‌كات.

راسته‌ گۆڕان له‌ ئيعلامدا بانگه‌شه‌ى بێ بنەمای بۆ دروستكردنى ده‌وڵه‌ت نه‌كردوه‌ و نایکات، به‌ڵام ئه‌و گۆڕانه‌‌ له‌ ئه‌ر‌زى واقيعدا زۆرترين هه‌وڵى داوه بۆ ئه‌وه‌ى‌ هه‌مو پێداويستيه‌كانى ده‌وڵه‌تێكى به‌هێزى ديموكراتى له‌ هه‌رێمى كوردستاندا بچه‌سپێنين. 

ده‌وڵه‌ت به‌ پەیوه‌ندى نيشتمانى و سوپاى نيشتيمانى دروست ده‌كرێت، ئه‌وه‌ ئێمه‌ بوين هه‌ر له‌ سه‌رەتاوه‌ داواى يه‌كخستنى هێزى پێشمه‌رگه ‌و ئاسايش و پۆليس و هێزه‌ ئه‌منيه‌كانى ترمان ده‌كرد. داواى ئاشكراكردنى داهاتى نه‌وت و ته‌واوى داهاته‌كانى ترمان ده‌كرد، داواى داخستنى نوسينگه‌ى نوێنه‌رايه‌تيه‌كانى حيزبه‌كانمان له‌ وڵاتان ده‌كرد. ئه‌وه‌ گۆڕان بو داواى سه‌ربەخۆى دادگا و ياساى ديموكراتی بۆ خۆپيشاندان و، پێدانی زانیاری بە میدیاکان ده‌كرد.

داواى ئاوادانكردنه‌وه‌ى گونده‌كان و دروستكردنى رێگاو بان و به‌نداو و به‌هێزكردنى ژێرخان و سه‌رخانى ئه‌م وڵاته‌ى ده‌كرد، داواى بازاڕى ئازاد و بڕینی ده‌ستێوەردانی ناشەرعی حيبزبمان له‌ هه‌مو كايه‌كانى ژيان ده‌كرد، داواى لامه‌كه‌زيه‌تى ئيدارى و دارایيمان بۆ هه‌مو پارێزگاكان ده‌كرد، داواى كارەباى به‌ردەوام و ئاوى پاكمان بۆ هه‌موان ده‌كرد. ئه‌مه‌يه‌ كارى راسته‌قينه‌ بۆ ده‌وڵه‌ت، نه‌ك بانگه‌شه‌ى بێ بنه‌ما، نه‌ك ئاشكراكردنى پلان و ئامانجه‌ نيشتيمانيه‌كان بۆ دوژمنان. 

ئێستا له‌ دواى ئه‌و هه‌مو هه‌وڵە به‌ چ حه‌قێك لێگه‌ڕين ئامانجى دروستكردنى ده‌وڵه‌تێكى ديموكراسى بكرێته‌ يارى منداڵانه‌ به‌ده‌ستى هه‌ندێك حيزب و كه‌س و گروپی خاوه‌ن مه‌ساڵحه‌وه‌. به‌ چ حه‌قێك لێگه‌ڕێن پرسي ريفراندۆم و ده‌وڵه‌ت بكرێته‌ كاڵا بۆ به‌ ده‌ستهينانى ده‌ستكه‌وتى حیزبى، نه‌خێر‌ ئه‌مه‌ ناكه‌ين، به‌ڵكو به‌ کردار و له‌ چوارچێوه‌ى به‌رنامه‌ى سياسى خۆماندا درێژه‌ به‌ كاره‌كانى رابردومان ده‌ده‌ين و له‌ ئه‌رزى واقيعدا كار بۆ ده‌وڵه‌ت ده‌كه‌ين.

له‌ كۆتايدا ده‌مانه‌وێ ئه‌وه‌تان پێ رابگه‌يه‌نين گۆڕان خوازياره‌ هه‌رچى زوه‌ كێشه‌كانى هه‌رێم له‌ ريشه‌وه‌ چاره‌سه‌ر بكرێن، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ پێشوازى له‌ هه‌ر هه‌وڵ و پرۆژه‌يه‌كى جدى ده‌كه‌ين، كه‌ هاوسه‌نگى و به‌رژه‌وه‌ندى گشتى له به‌رچاو گرتبێت.

له‌ باره‌ى هه‌ڵبژادنه‌كانى داهاتوشه‌وه‌ گۆڕان خۆى ئاماده‌ كردوه‌و، بۆ هه‌مو هه‌ڵبژاردنه‌كان كانديدى ده‌بێت و، داواكارين له‌ كاتى خۆيدا بكرێت. بێگومان به‌ شێوه‌يه‌كى ستراتيجى، له‌ هه‌مو رويه‌كه‌وه ئاماده‌ييه‌كى ته‌واومان له‌ ناو هه‌ولێردا ده‌بێت
18/05/2017
زیاتر...
په‌ڕه‌یله‌ 7
ژماره‌ی بابه‌ت