ڕاگه‌یه‌ندراوی فه‌رمی
  وتەبێژى گۆڕان: ورەمان بەرزە، بەرچاومان رونە و بڕیارى خۆمان هەیە
وتەبێژى بزوتنەوەى گۆڕان رایدەگەیەنێت؛ ورەمان بەرزە، بەرچاومان رونە و بڕیارى خۆمان هەیە و دەزانین لە ئایندە چى دەکەین و ئایندە بەرەو کوێ دەڕوات. 

نیوەڕۆى ئەمڕۆ چوارشەممە، شۆرش حاجى وەتەبێژى بزوتنەوەى گۆڕان لە لێدوانێکى رۆژنامەوانیدا رایگەیاند؛ لەدەستدانى کاک نەوشیروان وەک سەرکردەیەکى نەتەوەیى و نیشتمانى، کۆستێکى گەورەیە بۆ ئێمە کە رێکخەرى گشتى بزوتنەوەى گۆڕان بوە، ئەو پەرۆشیەى خەڵکى کوردستانیش لە هەر چوار پارچە و رەوەندى کوردى گەواهى راستى پەیام و پەیڕە و رێبازى کاک نەوشیروان مستەفایە.

ئاماژەى بەوەشکرد؛ لەکاتێکدا کە هەلومەرجى سیاسى کوردستان لەم بارە دژوارەدایە و پرۆسەى سیاسى چەقى بەستوە و پەرلەمان ئیفلیجکراوە، بەڵام بزوتنەوەى گۆڕان ئومێدى زۆرە و بەرچاو رونە، "لەبەرئەوەى جڤاتى نیشتمانیمان هەیە کە بڕیارى لێوەردەگرین و بەرنامەى سیاسى بزوتنەوەى گۆڕانمان هەیە کە رێ نیشاندەرمانە و هزر و بیر و فکرى کاک نەوشیروانیشمان هەیە کە وەک مۆمەکەى گۆڕان لەبەرچاومانە و رێگاکەمان رۆشن دەکاتەوە".

وتیشى: "لەم هەلومەرجە دژوارەدا لێرە و لەوێ قسەى زۆر دەکرێت هەم لەلایەن هەڵسوڕاو و خەڵکە دڵسۆز و پەرۆشەکانى خۆمان، هەم لە لایەنە سیاسیەکانى دیکەش"، بۆیە رایدەگەیەنین؛ ورەمان بەرزە، بەرچاومان رونە و بڕیارى خۆمان هەیە و دەزانین لە ئایندە چى دەکەین و ئایندە بەرەو کوێ دەڕوات.

جەختیشى کردەوە؛ تەنها لێدوانى وتەبێژ لەبرى جڤاتى نیشتمانى گوزارشت لە را و بڕیار و بۆچونى بزوتنەوەى گۆڕان دەکات.
24/05/2017
زیاتر...
په‌ڕه‌یله‌ 8
ژماره‌ی بابه‌ت