ڕاگه‌یه‌ندراوی فه‌رمی
  راگەیەندراوی کۆبونەوەی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان

کۆبونەوەی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان کۆتایی هات و د.شۆڕش حاجی، وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان بەلاغی کۆتایی کۆبونەوەکەی خوێندەوە کە ئەمە دەقەکەیەتی:

راگەیەندراوی کۆبونەوەی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان 

ئەمڕۆ (10/6/2017) جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان کۆبونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا، ئەمە یەکەم کۆبونەوەی جڤاتی نیشتمانییە لەدوای کۆچی دوایی بیرمەند‌و سەرکردەی نەتەوەیی ‌و نیشتمانی‌و داهێنەری خەباتی مەدەنی لە کوردستان،‌‌ نەوشیروان مستەفا. 

وێڕای ناردنی رێزو سڵاو بۆ گیانی پاکی، ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی بە یەک دەنگ جەختیان لەسەر ئەم خاڵانەی خوارەوە کردەوە: 

یەکەم: جڤاتی نیشتمانی پێداگری لەسەر پرەنسیپە بنچینەییەکانی بزوتنەوەی گۆڕان دەکاتەوە.  سەروەری یاسا، خەباتی مەدەنی ‌و دەستاودەسکردنی ئاشتیانەی دەسەڵات‌، ئازادی بیروڕا، سەربەخۆیی دادگاکان‌‌، بێلایەنی هێزی پێشمەرگە و هێزەکانی ناوخۆ لە ململانێ سیاسییەکان‌، مافی چارەنوس ‌و پێکەوەژیانی نەتەوەو پێکهاتەکان بەشێکی ئەو پرنسیپانەن. ئەمانەش ماکی کارکردنمانە بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانمان لە گۆڕینی سیستمی سیاسی لە هەرێمی کوردستان‌، ریشەکێشکردنی گەندەڵی‌‌، چاکسازی لە سیستمی کارگێڕی‌، بەدیهێنانی دادی کۆمەڵایەتی‌‌، ئازادییە فەردی ‌و گشتییەکان ‌و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان‌. 

دوەم: بزوتنەوەی گۆڕان درێژە بە هەوڵەکانی کاک نەوشیروان دەدا کە لە تافی لاوێتییەوە تا دوا ساتەکانی ژیانی تێکۆشانی بۆ کردوە. لەوانە، دەستەبەرکردنی بناغەو پایەکانی دامەزراندن‌ و راگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان، کە یاسا تێیدا سەروەر بێ ‌و کەرامەتی هاونیشتمانیان پارێزراو بێ‌‌، ناوماڵی کورد رێکبخرێ‌و ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی‌ و بەیەکەوە کارکردنی هەمو هێزو لایەنە سیاسییەکان لەسەر بنەمای هاوسەنگی دەستەبەر بکرێ‌، کۆتایی بە قۆرخکاری لە هەمو بوارەکانی حکومڕانی‌ بهێنرێ‌و رێگە نەدرێ ئیرادەی تاکە کەس‌ یان تاکە حیزب‌ یاخود تاکە خێزان بەسەر هەمو خەڵکی کوردستاندا بسەپێنرێ‌، چاکسازی ریشەیی لە بواری دارایی ‌و کارگێڕیدا بکرێ‌‌و باشکردنی ژیان‌و گوزەرانی هاوڵاتیان ئەولەوییەتی کارەکانمان بێ. 

بزوتنەوەی گۆڕان درێژە بە کاروباری رێکخراوەیی خۆی دەدا و بەپێی دەستور و بەرنامەکەی جەخت لەسەر کاری دامەزراوەیی ‌و پابەندبون بە توندوتۆڵ کردنی ئۆرگانەکانی‌ و پەیوەندی پتەوی لەگەڵ چین‌و توێژەکانی کوردستاندەکاتەوە.

هاونیشتمانیانی کوردستان 
لەم هەلومەرجە هەستیارەی کە گەلەکەمان پێیدا تێدەپەڕێ نابێ پرسی راپرسی ‌و راگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆ، کە مافێکی سروشتی خەڵکی کوردستانە، بۆ بەرژەوەندی شەخسی‌ و حیزبی‌ و بۆ خۆدزینەوە لە چارەسەرکردنی کێشەکان بەکاربهێنرێ. نابێ ئەم پرسە بۆ تێپەڕاندنی ناشەفافانەی داهاتی نەوت‌ و ئەو گرێبەستە گوماناویانە بەکار بهێنرێ، کە گرێبەستەکەی روسنەفتی روسی دواهەمینیان بو،هەرێمەکەمانی خستۆتە ژێر قەرزێکی گەورەوە و ژیان‌ و بژێوی خەڵکی کوردستان‌و نەوەکانی داهاتوشی گەیاندۆتە ئاستێکی مەترسیدار. دەبێ پرسی راپرسی‌ دوا قۆناغ بێ لە نەخشەیەکی هەمەلایەنە پێش راگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان، بەڵام ئەو پرۆسەیەی پارتی دیموکراتی کوردستان‌و هاوئاوازەکانی دەستیان پێکردوە پرۆسەیەکی حیزبی ‌و نایاساییە. نابێ ئەم پرسە یان هیچ هۆکارێکی تر بکرێن بە پاساو بۆ دواخستن یان ئەنجامنەدانی هەڵبژاردنی گشتی لە کاتی خۆیدا. 

لە کۆتاییدا بەڵێن بە گیانی پاکی کاک نەوشیروان‌ دەدەین‌‌ کە لەسەر رێگاکەی بەردەوام دەبین ‌و هیچ هێز و لەمپەرێک نامانوەستێنێ. ئێستا پەیامەکانی بون بە داواکاری خەڵکی کوردستان‌ و نەخشەرێگاکەی بۆ سەربەخۆیی ‌و بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی ئاسودە، بون بە جێگای ئومێدی هاونیشتمانیانی کوردستان. هەر بۆیە بە ئیرادەیەکی زۆر لە جاران بەهێزترو بە گیانی لەخۆبوردویی ‌و تەباییەوە بەردەوام دەبین‌ و دڵنیاین بە پشتیوانی خوا و خەڵکی کوردستان هەر بە ئامانجەکانمان دەگەین‌. 

جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان
 10/6/2017

11/06/2017
زیاتر...
په‌ڕه‌یله‌ 8
ژماره‌ی بابه‌ت