هه‌واڵ و چالاكی‌
  دەقى نامەکەى نەوشیروان مستەفا
دەقى ئەو نامەیەى نەوشیروان مستەفا بڵاو دەکاتەوە کە ئاراستەى ئەندامانی جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان و ئەندامانی جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەکەى کردوە لەبارەى هەڵبژاردنى رێکخەرى گشتى و خانەى راپەڕاندنەوە.


دەقى نامەکە:
هاوڕێیانی بەڕێز ئەندامانی جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان 
ئەندامانی جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان 
رێز و سڵاو..
نزیکەی دو ساڵ لەمەوبەر لە سێ بۆنەی جیاوازدا بە راشکاوی رامگەیاند کە ئەم بەندەیە ئەرکی ئەخلاقی، ئەرکی دینی، ئەرکی نیشتیمانی، ئەرکی نەتەوەیی خۆمم بە جێهێناوە و بزوتنەوەی گۆڕانیش کەوتوەتە سەرقاچی خۆی، بۆیە ئیتر رەنگە پێویستییەکی ئەوتۆی بە من نەمابێت و منیش توانای کارکردنی جارانم نەمابێت و کاتی ئەوە هاتبێت گۆڕان رێکخەرێکی دیکە بۆ خۆی هەڵبژێرێت، بەڵام ئەوەی دوایخستم لە جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە روداوە نەخوازراوەکانی کوردستان و بەدوای ئەویشدا هێرشی ناڕەوای پارتی بو بۆ سەر بزوتنەوەکە و بۆسەر شەخسی خۆم.

ئاڵوگۆڕ لە هەیکەلی سەرکردایەتی بزوتنەوەی گۆڕاندا لە چاو حزب و رێکخراوەکانی تردا ئاسانە، ئەوەشمان لە ئەنجامی شیکردنەوەی تەجروبەی هەمو حزبەکانی تر دەرهێنا، بۆ ئەوەی سەرکردایەتی نەبێتە مۆتەکەی سەر لەشی حزب، بۆ هەڵبژاردنی سەرکردایەتی پێویسمان بە بەستنی کۆنگرە نییە وەکو حزبەکانی تر، جڤاتی نیشتیمانی بە شێوەکی ئاسۆیی لە هەمو باژێڕەکانی کوردستان و لەناو رێکخراوکانی تاراوگە هەڵدەبژێرێت، بەبێ ئەوەی پێویسیان بە کۆنگرە بێت رێکخەری گشتی و ئەندامانی خانەی راپەڕاندن هەڵدەبژێرن.

ئێستاش جڤاتی نیشتیمانی بە هاوکاری و هەماهەنگی ژورەکان و جڤاتی گشتی کەسێک لە خۆیان یان کادر و هەڵسوڕاوانی دەرەوە هەڵبژێرن بە رێکخەری گشتی و ئەندامانی خانەی راپەڕاندنیش هەڵبژێرن، بە پێچەوانەی هەمو حزبەکان بێ ئەوەی پێویستیان بە کۆنگرە بێت.

بە واتایەکی تر گۆڕین لە هەیکەلی سەرکردایەتی گۆڕاندا هەمیشە ئاسانە بکرێت و نابێتە کۆسپ.

من ئێستا پێموایە ئیتر کاتێکی گونجاوە، بۆ ئەوەی بەپێی دەستوری ناوخۆی گۆڕان کەسێکی دیکە لە جێگەی من هەڵبژێرن بۆ رێکخەری بزوتنەوە و ئەندامانی خانەی راپەڕاندن هەڵبژێرن، بەڵێنتان پێدەدەم وەک رێکخەری گشتی بە هەمو توانامەوە هاوکاری دەکەم بۆ ئەوەی سەرکەوتو بێت لە ئەرکەکەیدا. 
قسەیەک کە لێرەدا بەباشی دەزانم بیکەم سەبارەت بە خانەی راپەڕاندن و هەمو ئۆرگانە سەرکردایەتییەکانی بزوتنەوەکە، تێکەڵاوکردنی ئەزمونە تێکۆشەرەکانی ناو بزوتنەوەکەیە لەگەڵ گەنجە تازە پێگەیشتوەکانی.

بزوتنەوەی گۆڕان بۆ ئاڵوگۆڕ لە هەیکەلی سەرکردایەتییەکەدا پێویستی بە بەستنی کۆنگرە نییە، تەنیا بۆ هەمواکردنەوەی دەستورەکەی و پەسەندکردنی بەرنامەی هەڵبژاردنی گشتی و پەرلەمانی کوردستان و ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و پارێزگاکان پێویستی بە کۆنگرەیە.

لەگەڵ خۆشەویستی زۆری نەوشیروان مستەفا
22/07/2017
زیاتر...
په‌ڕه‌یله‌ 28
ژماره‌ی بابه‌ت