ژوره‌کان
  هەڕەشە سەربازییەكانی ئەنجامدانی ریفراندۆم لەسەر ناوچە دابڕێنراوەکان
ئەنجامدانی ریفراندۆم لەڕێکەوتی ٢٥/٩/٢٠١٧ی هەرێمی کوردستان، لە کاتێکدایە هیچ زەمینەسازیەکی ئەوتۆی لە بوارە جیاوازەکانی سیاسی و ئابوری، سەربازی بۆ نەکراوە، ئەمەش وا دەکات کێشەو تەنگژەی سەخت و جدی روبەڕوی هەرێم و دانیشتوانەکەی ببێتەوە، ئەگەر زەمینەسازی سیاسی و ئابوری لێکەوتەی مرۆیی لێ بکەوێتەوە ئەوا نەبونی زەمینەسازی سەربازی ئەگەرچی کاریگەری لەسەر لێکەوتەی سیاسی و ئابوریش دەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا لێکەوتەی گەورەی سەختی مرۆیی و لە دەستدانی جوگرافی (زەمین) لێدەکەوێتەوە.

لەم راپۆرتەدا کە لەلایەن ئاریان رەئوف، لە ژوری توێژینەوەی سیاسی بزوتنەوەی گۆڕانەوە ئامادەکراوە، لە دو روانگەوە لێکەوتەی سەربازی ریفراندۆم خراوەتەڕو ئەوانیش؛ لەروی ئامادەیی پێشمەرگە لە سەر جوگرافیای کوردستان و لە روی ئامادەباشی و توانای سەربازی .

بەپێی دەرئەنجامەکانی راپۆرتەکە، بە ئەنجامدانی ریفراندۆم لە ٢٥ ئەیلولی ٢٠١٧ کوردستان بەشێکی زۆری خاکەکەی لە دەست دەدات بە هۆی نەبونی هێزی پێشمەرگە لە بەشێکی شار و شارۆچکە کوردستانیە کێشە لە سەرەکان، سەرئەنجام هاونیشتمانی کوردی ئەو ناوچانە توشی هەڕەشەڵێکردن و ئاوارەبون دەبنەوە.

دەقی راپۆرتەکە
هەڕەشە سەربازییەكانی ئەنجامدانی ریفراندۆم لەسەر ناوچە دابڕێندراوەکان
ئاریان رەوف
ژوری توێژینەوەی سیاسی بزوتنەوەی گۆڕان

پێڕست
رێخۆشکردن    
لێکەوتە سەربازییەکانی ریفراندۆم    
یەکەم/ لەروی ئامادەیی پێشمەرگە لەسەر جوگرافیای کوردستان    
دوەم / لە روی ئامادەباشی وتوانای سەربازی    
دەرئەنجام    
سەرچاوەکان    

رێخۆشکردن
ئەنجامدانی ریفراندۆم لەڕێکەوتی ٢٥/٩/٢٠١٧ی هەرێمی کوردستان، لە کاتێکدایە هیچ زەمینە سازیەکی ئەوتۆی لە بوارە جیاوازەکانی سیاسی و ئابوری، سەربازی بۆ نەکراوە، ئەمەش وا دەکات کێشەو تەنگژەی سەخت و جدی روبەڕوی هەرێم و دانیشتوانەکەی ببێەتەوە، ئەگەر زەمینەسازی سیاسی و ئابوری لێکەوتەی مرۆی لێ بکەوێتەوە ئەوا نەبونی زەمینەسازی سەربازی ئەگەرچی کاریگەری لەسەر لێکەوتەی سیاسی و ئابوریش دەبێت لەگەڵ ئەوەشدا لێکەوتەی گەورەی سەختی مرۆیی و لە دەستدانی جوگرافی (زەمین) لێدەکەوێتەوە.
ئەم راپۆرتە هەوڵ ئەدات لە دو روانگەوە لێکەوتەی سەربازی ریفراندۆم بخاتە رو ئەوانیش؛ لەروی ئامادەیی پێشمەرگە لە سەر جوگرافیای کوردستان و لە روی ئامادەباشی وتوانای سەربازی .

لێکەوتە سەربازییەکانی ریفراندۆم
یەکەم/ لەروی ئامادەیی پێشمەرگە لە سەر جوگرافیای کوردستان
داگیرکردنی بەشێک شارەکانی عێراق لە لایەن داعشەوە لە حوزەیرانی ٢٠١٤، و شکستهێنانی سوپای عێراق و هەڵهاتنی لە ناوچە کوردستانیە کێشە لەسەرەکان، رێگەی بۆ هێزەکانی پێشمەرگە خۆشکرد کە بتوانێت بەشێکی زۆر لەو ناوچانە کۆنترۆڵ بکات و بیانخاتە ژێر رکێفی خۆی، بەڵام  بەشێکی ئەم ناوچە کۆنتۆڵکراوانە دوای بە دەست هێنانی هەرێمی کوردستان رێگەی دا بە هێزەکانی حەشدی شەعبی بارەگا سەربازیەکانیان دابمەزرێنن، لە ئێستاشدا بونەتە مایەی نائارامی ناسەقامگیری لەو شارانە. لەهەمانکاتدا روبەرێکی زۆری ناوچە کوردستانیە کێشە لە سەرەکان نەتوانرا لە لایەن هێزەکانی پێمەرگە دەستی بەسەردا بگیرێت، بەهۆی نەبونی بەرنامەی کۆنترۆڵکردنی ئەو ناوچانە لە لایەن کاربەدەستانی پێشمەرگە. لەم بەشەدا هەوڵ دەدەین باس لەم دو جۆرە ناوچەیە بکەین:

• ناوچە کۆنترۆڵ کراوەکان
کەرکوک
"کەرکوک جگە لەوەی پێگەیەکی گرنگی سیاسی و ئابوری گەورەی هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا لە زهنیەتی تاکی کورد بوتە بەشێک لە شکۆمەدنی"
هەمیشە کەرکوک خاڵی ناکۆک و ململانێى نێوان کورد و رژێمە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق بوە بە ئێشتاشەوە. لە دوای ‌‌هێرشەکانی داعش بۆ سەر شارەکانی عێراق لە حوزەیرانی ٢٠١٤ پێشمەرگە توانی بە تەواوەتی کەرکوک بخاتە ژێر کۆنترۆڵی خۆی و لە هەڕەشەی داعش بیپاریزێت، بەم هەنگاوەش خەونی کۆنترۆڵکردنی کەرکوک بو بە واقع.
ئەگەر چی عەرەب و تورکمانەکان هەر ئەوکات نارەزای خۆیانیان لەسەر کۆنترۆڵکردنی کەرکوک لەلایەن پێشمەرگەوە دەربری، بەڵام بە هۆی سەرقاڵبونیان بە شەری داعش نەیانتوانی هیچ هەنگاوێک بنێن دژ بە پێشمەرگە، هەر بۆیە چاوەروان دەکرا دوای کۆتایهێنان بە شەری داعش، ناوکۆکی لە نێوان کوردو عەرەب لە سەر کەرکوک سەرهەڵبدات.

بەرپرسانی کورد بە دواخستنی رزگارکردنی حەویجە گەورەترین هەڵەی ستراتیژیان ئەنجامدا، بۆیە لە ئێستادا کەرکوکیان خستوەتە بەردەم گەورەترین هەرەشەی هێزەکانی حەشدی شەعبی، بەهۆی ئەوەی وادەی کۆنترۆڵکردنی حەویجەو ئەنجامدانی ریفراندۆم لە مانگی ئەیلولی ٢٠١٧ دەبێت، ئەمش هەرەشەکە لە سەر کەرکوک زیاتر دەکات.  رەنگە بە سیناریۆیی جیاواز لە لایەن هێزە ئیقلیمیەکان، یاخود لەلایەن ناوخۆی عێراقەوە دۆخێک بێتە ئاراوە کە سەر ئەنجام  کەرکوک تەنها لە ژێر کۆنتۆڵی  هێزی پێشمەرگەدا نەمێنێت.

لە بارەی ئەگەری سەرهەڵدانی ئەم شەرەوە، ئەمریکا ئاگادارکردنەوەی بە بارزانی وعەبادی داوە، لەو بارەوە (برێت ماکگۆرک) لە گفتۆگۆیەکی رۆژنامەوانی کە سایتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ئابی ٢٠١٧ بڵاوی کردوتەوە بە ئاشکرا ئاماژەی کردوە، بۆ ئازادکردنی حەویجە پێویستیان بە هەماهەنگی باش و تەواو لە نێوان پیشمەرگە و هێزە ئەمنیەکانی عێراق هەیە دژ بە داعش، بەبێ ئەمەش ئەگەری لێکەوتەی خراپ و کارەساتباری لێ دەکەویتەوە، هەروەها ئاماژەی بەوە کردوە کە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە سەرەتای مانگی ئابدا ئاگادارکردنەوەی بە بارزانی وعەبادی داوە.

سیناریۆکانی سەرهەڵدانی جەنگێکی نوێ لە حەویجەوە:
1. دزەکردنی داعش بۆ ناو شاری کەرکوک لە چەند قۆڵێکەوە بە پاڵپشتی هێزێکی ئیقلیمی، ئەگەر هەیە کۆنترۆڵی دۆخی ئەمنی شارەکەی لەدەست دەربچێت و لە دەرئەنجامی ئەوەش بە پاساوی پاراستنی کەرکوک هێزی حەشدی شەعبی بێتە ناو کەرکوک و ئەمەش سەربکێشێت بۆ هەڵگیرسانی شەر لە نێوان پیشمەرگە و حەشد، دواتر شەرەکە فراوانتر ببێتەوە، بۆ پاراستنی تورکمانەکان هێزەکانی تورکیا لە سەر داوای تورکمانەکان داخلی کەرکوک ببن، سەرئەنجام ئێرانیش بەێتە جەنگەکەوە، هەمو ئەمانەش وا بکات کەرکوک لە ژێر هەژمونی پێشمەرگە دەربهێنرێت.
2. بەهۆی پێداگری لە سەر بەشداریکردنی کەرکوک لە ریفراندۆم لە ٢٥ی ئەیلول، تورکمان و عەرەبەکانی ( شیعە و سونە) دانیشتوی کەرکوک خۆپیشاندان ئەنجام بدەن و پشێوی لە شاری کەرکوک بنێنەوە، ئەم چالاکیانەش هاوکات بێت لەگەڵ دەستپیکردنی پرۆسەی رزگارکردنی حەویجە، بەوەش هێزە ئەمنیەکان توانای کۆنترۆڵکردنی دۆخەکەیان نەمێنێت و پشێویەکان لە سەر بنەمانی نەتەوەی و تایفی دژ بە کورد ئەنجام بدرێن، هەربۆیە هیزەکانی حەشدی شەعبی و هێزە ئیقلیمەکانیش دەستێوەردان لە کەرکوک بکەن، حەشدی شەعبی لە چەند ناوچەیەک هێرشەکانی دەست پی بکات و کەرکوک و دوز  بە تەواوەتی لە ژێر کۆنترۆلی کورد نەمێنێت.
3. بە پاساوی دژایەتیکردنی ئەنجامدانی ریفراندۆم و دەرئەنجامەکەی لەلایەن هێزە عێراقییە سونی و شیعە و تورکمانەکان، لە کاتی ئەنجامدانی لە رێگەی حەویجەوە بەو هێزە زۆرەی بە پاساوی شەری رزگارکردنی حەویجە لە ئێستادا هێنراون بۆ نزیکی کەرکوک هێرش بکەنە سەر کەرکوک، لێرەوە جەنگ لە نێوان پێشمەرگەو هێزە عێراقییەکان بە حەشدی شەعبیشەوە روبدات و سەر بکێشێی بۆ ناوچەکانی تر.

شایەنی ئاماژە بۆ کردنە هەر ناکۆکیەک لە حەویجەوە سەرهەڵبدات کاریگەری گەورەی لەسەر دۆخی ئەمنی ناوچە کوردستانیە کیشە لەسەرەکانی باشوری کەرکوک تا خانەقین دروست دەکات. لە لایەکی ترەوە داعش لە دوای لاوازبونی لە موسڵ ولایەتی جەبەلی راگەیاندوەو لە ماوەی رابردودا چەند کردەوەی تیرۆریستیان لە ناوچەکانی زنجیرە چیاکانی حەمرین ئەنجامداوە، ئەمەش وەک خۆ سازدانێکە بۆ تێکچونی پەیوەندیەکانی هەرێم و بەغدا لە روی سەربازییەوە، هەربۆیە لە ئێستادا گرنگترین کارێک کە دەبێت بکریت لە لایەن هێزی پێشمەرگەوە پاراستنی کەرکوک و ناوچەکانی ترە نەک رزگارکردنی حەویجە.

دوز و داقوق وسلێمان بەگ
ناوچەی دوز و داقوق ئەگەرچی لە کاتی شکستی سوپای عێراق لە حوزەیرانی ٢٠١٤  هێزەکانی پێشمەرگە کۆنترۆڵیان کردو بە تەواوەتی کەوتنە ژێر دەسەڵاتی پێشمەرگە، بەڵام بەهۆی شەڕی ئامرلی هێزەکانی حەشدی شەعبی بە رەزامەندی دەسەڵاتدارانی هەرێم هێنرایە ئەم شارە، لەماوەی رابردودا بەشێکی فراوان لەو دو شارە کەوتوەتە ژێر کۆنترۆڵیان، بە ئەنجامدانی ریفراندۆم دۆخی ئەمنی ئەم شارە خراپتر دەبێت، ئەگەری روبەروبونەوەی نێوان پێشمەرگەو حەشدی شەعبی لێدەکرێت، ئەمەش وادەکات ئەستەم بێت ئەم سێ شارە بیتەوە سەرهەرێمی کوردستان. کە روبەریان بریتیە لە ( دوز ١٢٥٣، داقوق ١١٧٢، سلیمان بەگ ٢٨٩).

گرنگی ئەم ناوچەیە
بازرگانی: لە ئێستادا ناوچەیەکی بازرگانی گرنگە بۆ دانیشتوانەکەى بەهۆی ئەوەى رێگەى سەرەکی هاتوچۆی هەرێمی کوردستان و شارى بەغدادى پێدا تێپەر دەبێت، کە توانای بەکارخستنی دانشتوانەکەى هەیە.
کشتوکاڵ و سامانی ئاژەڵ: ناوچەیەکی بەرفراوانی گرنگ کشتوکاڵی لە خۆ دەگرێت، بەهۆی بونی پرۆژەیەکی ئاودێرى گرنگ، دەکرێت زەویە کشتوکاڵیەکانی بە باشی سودی ئابوریان هەبێت، بەڵام لەئێستادا ئەو گوندانەى دانشتوانەکەى کوردن تەنها خۆیان بە ئاژەڵدارییەوە سەرقاڵ کردوە.

سامانی سروشتی: یەکێکیە لە ناوچە گرنگەکان کە نەوتی تێدایە.
• ناوچە کۆنترۆڵ نەکراوەکان؛
نەوتخانە
ناوچەیەکی هەرە گرنگی خاکی کوردستانەو رێژەیەکی زۆر نەوتی تێدایە، لە رابردودا بەهۆی بونی کۆمپانیای نەوت لەو ناوچەیە ئاوادان بوە، بەڵام بەهۆی شەری ئێران- عێراقەوە چۆڵکرا لە دانیشتوانەکەى، بەهۆی هاوسنورى لەگەڵ وڵاتی ئێران، لە ئێستادا ناوەندی نەوتخانە هیچ ئاوەدانیەکی تێدا نیە، تەنها هەندێک لە گوندەکانی ئاوەدانکراوەتەوە.
لە ئێستادا لە ژێر کۆنترۆڵی هێزی پێشمەرگەدا نیە، بەڵام هێزەکانی حەشدی شەعبی لەو ناوچەیەدا نین، ریفراندۆم دەبێتە هۆی ئەوەی کە ببێتە مایەی ململانێ و ئاڵۆزی لە نێوان پێشمەرگەو حەشدی شەعبی، بەهۆی نزیکی لە ئێرانیشەوە هێزەکانی حەشدی شەعبی کۆنتۆڵی بکەن.

گرنگی
پێگەی جیۆسیاسی: لە روی جیۆسیاسیەوە ناوچەیەکی گرنگە بۆ هەرێمی کوردستان، چونکە  هاوسنورى وڵاتی ئێرانە. لەروەیەکی تریشەوە هاوسنورى ناوچە عەرەب نشینەکانە.
بازرگانی: بەهۆی نەبونی هیچ پرۆژەیەکی بازرگانی  تاکو ئێستا نەتوانراوە سودی بازرگانی هەبێت، لە کاتێکدا پێگەیەکی گرنگی هەیە لەم روەوە.
کشتوکاڵ و سامانی ئاژەڵ: لە روی کشتوکاڵیەوە ناوچەیەکی بەرفراوانی گرنگ لە خۆ دەگرێت، بەڵام لە ئێستادا بەهۆی نەبونی پرۆژەى ئاودێرى سودێکی کەمی لێ دەبینرێت. گوندەکانی ئەم ناحیەیە زیاتر لەسەر سامانی ئاژەڵدارى گوزەران دەکەن.
سامانی سروشتی: لەروی سامانی سروشتیەوە ناوچەیەکی هەرە گرنگەو دەوڵەمەندە بە سامانی نەوت و گازی سروشتی .

ناحیەی قزلرەبات
ناوچەی قزلرەبات کە روبەرەکەی ٦١٠ کم٢، ناوچەیەکی کوردستانیە، هێزەکانی پێشمەرگە نەیانتوانی کۆنتۆڵی بکەن لە دوای شکستەکانی سوپای عێراق پێشرەوییەکانی داعش ئەم ناحیەیە کەوتە دەست داعش، لە ئێستاشدا لە ژێر دەسەڵاتی حەشدی شەعبیە، هەربۆیە ناتوانرێت ریفراندۆمی تێدا ئەنجام بدرێت بەمەش ناکەوێتە چوارچێوەی کوردستان، بە ئەنجامدانی ریفراندۆم ئەم ناوچە گرنگە لە دەست دەدرێت کە بەربەستی حەمرینیشی لەگەڵدا دەبێت.
قزڵرەبات ناوچەیەکی کشتوکاڵێ فراوانە بەهۆی نزیکی لە بەربەستی حەمرین و لە هەمان کات پێگەیەگی گرنگی هەیە بەهۆی ئەو رێرەوەی پێدا تێدەپەرێت بۆ شاری بەغدا. ئەمە جگە لەوەی رەنگە خاوەنی کانزای جۆر بەجۆربێت.

ناوچەکانی کوردانی فەیلی
ناوچەکانی کوردانی فەیلی ناوچەیەکی فراوانی کوردستان پێکدەهێنیت کە شارەکانی (مەندەلی ١١٩٢کم، بەدرە١٧٩٤ کم،  جەسان  ١٨٥٦ کم، زرباتیە ١٧٠ کم، قازانیە ٣٢٤٨) لەخۆ دەگرێت، ئەم ناوچەیە بەهۆی ئەوەی کوردن و لە هەمان کاتدا شیعە مەزهەبن، لە لایەن رژێمی بەعسەوە توشی وێرانکاری تەواو بویەوە، بەشێک لە دانیشتوانەکەی گواستراونەتەوە بۆ وڵاتی ئێران، ئەوانی تریشی رەوانەی شارەکانی تری عێراق کران.
بەهۆی ئەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان کۆنترۆڵی ئەم ناوچە فراوانەی نەکردوە، لە ئێستا لە ژێرکۆنترۆڵی هێزەکانی حەشدی شەعبی وسوپای عێراقدایە، بە ئەنجامدانی ریفراندۆم ئەم ناوچەیە بەبێ هیچ بەربەستێک دەبێتە بەشێک لە دەسەڵاتی عەرەب لە عێراق، بە تەواوەتی دانیشتوانە کوردەکەی ناچاری چۆڵکردنی شارەکانیان دەکرێن و دەیاننێرن بۆ هەرێم، بەمەش سەرەرای ئەوەی خاکەکەیان لە دەست دەدەن کارو گوزەرانیشیان لە دەست دەدەن، لە کاتێکدا کوردانی فەیلی لە شارەکانی عێراق خاوەنی بەرژەوەندی بازرگانی گەورەن.

گرنگی ئەم ناوچەيه
لە روی بازرگانی: بە هۆی هاوسنوریان لەگەڵ وڵاتی ئێران لە ئێستادا یەکێکە لە رێرەوە بازرگانیە گرنگەکانی عێراق لە شارۆچکەی زرباتیە، کە ساڵانە ژمارەیەکی زۆر لە پەیرەوکەرانی شیعە مەزهەب لەم رێرەوەوە سەردانی شارە پیرۆزەکانی عێراق دەکەن.
کشتوکاڵ: جگە لەوەی ناوچەیەکی فراوانی کشتوکاڵی بەهۆی بەنداوی مەندەلی لە ئێستادا دەتوانرێت سودی زۆری بۆ کشتوکاڵ و ئاژەڵداریە لیوەربگیرێت، هەروەها خاوەنی ژمارەیەکی زۆر باخی دارخورمان کە بەرهەمی باشیان هەیە.

دوەم/ لە روی ئامادەباشی وتوانای سەربازی
هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەهۆی رۆڵی لە شەری دژ بە داعش، شکۆمەندی گەورەی بۆ خۆی لە ئاستی نێوخۆی و نێودەوڵەتی تۆمارکرد. بەڵام نابێت ئەو مەترسیانە بە هەند وەرنەگیرێت کە پیشمەرگە لە ماوەی رابردودا روبەروی بوەتەوە، کە کاریگەریان لە سەر رۆڵی دەبێت لە ئەگەری سەرهەڵدانی پێکادانی سەربازی لەگەڵ هێزەکانی حەشدی شەعبی وسوپایی عێراق ، لەخوارەوە بە کورتی ئامژە بۆ هەندێک لە ئەو مەترسی و لەمپەرانە دەکەین:
1. نانیشتیمانی هێزی پێشمەرگە
 دەرئەنجامی کۆنترۆڵکردنی ‌سەرکردایەتی هێزەکانی پێشمەرگە لە لایەن حیزبە سیاسیەکان، مۆرکی نانیشتمانی داوە بەم هێزانە، کە تەنانەت لە شەری دژ بە داعشدا ئەم مۆرکە بە دەرکەوتوە، لەم بارەیەوە ناوەندە گەورەکانی لێکۆڵینەوە لە ئاستی جیهان لەوانەش (سەنتەری کارنیگی و کرایسس گروپ) ئاماژەیان بەمۆرکی نانیشتمانی هێزەکانی پێشمەرگە داوە بە مەترسی هۆکاری و لاوازکردنی رۆڵی پێشمەرگە داوە لە ئایندەدا،  هەروەها ئاماژەیان داوە بەوەی کە تا چەند کاریگەری دەبێت لە ئاستی توانای بەرگری هێزەکانی پیشمەرگە، چونکە ئەم هێزانە دابەش بون بە سەر گروپی سیاسی جیاواز کە بەرژەوەندیەکانیان بە وڵاتە ئیقلیمیەکانەوە بەستراوەتەوە.

2. پێداویستی سەربازی
ئەگەر چی لە ماوەی شەری داعش هێزەکانی پیشمەرگە ژمارەیەکی باش لە چەکی نوێیان لە وڵاتانی رۆژئاوا بەدەست هێنا، بەڵام بەراورد بە هێزەکانی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق جیاوازیەکان زۆرن، لەگەڵ ئەوەشدا هێزەکانی سوپای عێراق خاوەنی فرۆکەی جەنگین، بەڵام هێزەکانی پێشمەرگە فرۆکەی شەرکەری نیە. ئەمەش نابەرابەری نێوان هیزەکانی پێشمەرگەوە حەشدی شەعبی و سوپای عێراق دەرئەخات  لە روی پێداویستی سەربازی.

3. پاڵپشتی دەرەکی
هێزەکانی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق خاوەن پاڵپشتی هێزێکی ئیقلیمی خاوەن بریارن لە ناوچەکە، کە بە هەمو شێوازێک پاڵپشتیان دەکات، بە پێچەوانەوە هێزەکانی پێشمەرگە هیچ پاڵپشتیەکی دەرەکی ئەوتۆی نیە لە ئێستادا، ئەگەر چی هەمیشە وڵاتانی رۆژئاوا لەکاتی تەنگەژە و هەرەشەی سەربازی دژ بە کوردستان هاوکاری هەرێمی کوردستانیان کردوە، پاراستویانە لە ئەگەری هەرەشەی سەربازی گەورە، بەڵام لە ئەگەری روبەروبونەوەی سەربازی لە نێوان پێشمەرگەو هێزەکانی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی ئەگەری ئەوە هەیە ئەمجارە ئەم وڵاتانە نەبنە پارێزەری هەرێم، چونکە وڵاتانی رۆژئاوا داوایان لە هەرێم کردوە ریفراندۆم دوابخات چونکە زەمینە سازی نیە بۆ ئەنجامدانی لەم بارەشەوە هۆشیاریان بە بارزانی داوە، بەڵام بارزانی بە پێچەوانەوە خواستی  رۆژئاوا بریاریداوە کە ریفراندۆم لە ٢٥ن ئەیلولی ٢٠١٧ ئەنجام ئەدات.

دەرئەنجام
1. بەهۆی بێباکی دەسەڵاتدارانی هەرێم بەشێک لەو شارانەی کە پێشمەرگە لە دوای شکستی سوپای عێراق لە حوزەیرانی ٢٠١٤  کۆنترۆڵی کردبون، هێزەکانی حەشدی شەعبی بون بە هاوبەشی پیشمەرگە لە دەسەڵاتداریان بەسەر ئەو شارانە.
2. ئەنجامدانی ریفراندۆم لە ٢٥/٩/٢٠١٧ لە ناوچە کوردستانیە کێشە لە سەرە کۆنترۆڵکراوەکان لە لایەن هێزەکانی پێشمەرگە، وادەکات کە پشێوی سیاسی ئەمنی لە ناو ئەو شارانەدا سەر هەڵبدات کە هێزەکانی حەشدی شەعبی و پێشمەرگەی تێدایە.
3. بەهۆی نەبونی رێکەوتنی پێشوەختەی نێوان هەرێم بەغدا بۆ کۆنترۆڵکرندنەوەی حەویجە، ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی حەویجە لە مانگی ئەیلول، دەبێتە مایەی هەرەشە لە سەر شاری کەرکوک، ئەگەری  سەرهەڵدانی شەر لە نێوان پێشمەرگەو حەشدی شەعبی بەهێز دەکات، سەرئەنجام کۆنترۆڵکردنی کەرکوک تەنها لە دەسەڵاتی پێشمەرگە نەمێنیتەوە.
4. بە ئەنجامدانی ریفراندۆم لە ٢٥ ئەیلولی ٢٠١٧ کوردستان بەشێکی زۆری خاکەکەی لە دەست دەدات بە هۆی نەبونی هێزی پێشمەرگە لە بەشێکی شار و شارۆچکە کوردستانیە کێشە لە سەرەکان، سەرئەنجام هاونیشتمانی کوردی ئەو ناوچانە توشی هەڕەشەڵێکردن و ئاوارەبون دەبنەوە.
5. بە هۆی نەبونی سوپایەکی نیشتمانی و کۆنترۆڵکردنی جوڵەی هێزەکانی پێسمەرگە لە لایەن  حیزبی سیاسی  وکاریگەری هێزە ئیقلیمیەکان بەسەر حیزبە سیاسیەکان، کاریگەری لەسەر رۆڵ پێگەی هێزی پێشمەرگە دروست دەکەن لە ئەگەری روبەروبونەوەی لە گەڵ سوپای عێراق وحەشدی شەعبی.
6. نا بەرابەری پێداویستیە سەربازی و بەرگریەکانی هێزی پێشمەرگە بەراورد بە سوپای عێراق وحەشدی شەعبی، کاریگەریان لە سەر توانای  سەربازی و بەرگری هێزەکانی پێشمەرگە دروست دەکات لە بەرگریکردن لە ناوچە کوردستانیە کیشە لەسەرە کۆنترۆڵکراوەکان.
7. پشتگوێ خستنی هۆشیاریدانەکانی ولاتانی رۆژئاوا، لە نە بونی زەمینەیەکی گونجاو  بۆئەنجام نەدانی ریفراندۆم لە ٢٥ ئەیلول، گریمانەی بەهێز ئەوەیە هەرێمی کوردستان پاڵپشتی و پارێزگاری ئەو وڵاتانە لە دەست ئەدات لەئەگەری سەرهەڵدانی شەڕ و هەرەشە و روبەروبونەوەی سەربازی لە نێوان حەشدی شەعبی و پێشمەرگە.

سەرچاوەکان
1- کاوە حسن، کۆمەڵگەی بەسیاسیکراوی هەرێمی کوردستان، لەبەرەنگاربونەوەی سیستەمی سوڵتانیدا، وەرگیرانی هەڵمەت محەمەد، لە بڵاوکراوەکانی توێژینەوەی ژوری توێژینەوەی سیاسی بزوتنەوەی گۆران، تشرینی یەکەمی ٢٠١٥.
2- ئاریان رەئوف، کلیپتۆکراسی ( فەرمانرەوایی چەتەکان) هەرێمی کوردستان بە نمونە، توێژینەوەی  ژوری توێژینەوەی سیاسی بزوتنەوەی گۆران، شوباتی ٢٠١٧.
3- بالأرقام.. أعداد الطائرات العراقية , سكتي بريس:
 http://www.skypressiq.net/2015/12/12
4-    الوحدات الإدارية ومساحتها، الجهاز المركزي للإحصاء
http://cosit.gov.iq/AAS/AAS2012/section_10/1.htm
5-    Brett McGurk Update: Global Coalition to Defeat ISIS,
https://www.state.gov/r/pa/prs/ps/2017/08/273198.htm
6-    Joost hilterman Iraq: The Battle to Come,
https://www.crisisgroup.org/middle-east-north-africa/gulf-and-arabian-peninsula/iraq/iraq-battle-come
7-    Arming Iraq’s Kurds: Fighting IS, Inviting Conflict, criss group, report N 158 / MIDDLE EAST & NORTH AFRICA 12 MAY 2015,
https://d2071andvip0wj.cloudfront.net/158-arming-iraq-s-kurds-fighting-is-inviting-conflict.pdf
8-    Michael Young, An Unpopular Referendum,
 http://carnegie-mec.org/diwan/72876


 
20/09/2017
زیاتر...
په‌ڕه‌یله‌ 50
ژماره‌ی بابه‌ت