هه‌واڵ و چالاكی‌
  سەرۆک کۆمار: سود لە بۆچونەکانی بزوتنەوەى گۆڕان وەردەگرین

سەرۆک کۆمارى عێراق رایدەگەیەنێت؛ بزوتنەوەى گۆڕان هێزێکى سیاسیە کە سەنگى خۆى هەیە لە ناوچەکە و سەردانەکەى منیش بۆ سود وەرگرتنەوە لە بۆچونەکانیان بۆ چارەسەرى کێشەکان، ئەوەشى خستەڕو کە پرۆژەى گۆڕانى بۆ چارەسەرى کێشەکان وەرگرتوە.

فوئاد مەعسوم، سەرۆک کۆمارى عێراق دواى کۆبونەوەى لەگەڵ عومەر سەید عەلى رێکخەرى گشتى و ژمارەیەک لە ئەندامانى خانەى راپەڕاندنى بزوتنەوەى گۆڕان، لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا لە مەکۆى سەرەکى بزوتنەوەى گۆڕان رایگەیاند؛ گۆڕان هێزێکى سیاسیە و سەنگى خۆى هەیە لەناوچەکە و تاڕدەیەکى زۆر پەیوەندى لەگەڵ هەمو لایەنەکان باشە و سەردانى منیش بۆئەوە بوە سود لە بۆچونەکانیان وەربگرین بۆ چارەسەرى کێشەکانى ئەمڕۆ چ ئەوەى پەیوەندى بە کەرکوکەوە هەیە چ ئەوەى پەیوەندى بە نێوانى هەرێم و حکومەتى فیدراڵەوە هەیە.

ئەوەشى خستەڕو لەم سەردانەیدا ئەو پڕۆژەیەى بزوتنەوەى گۆڕانى وەرگرتوە کە بۆ چارەسەرى کێشەکان پێشتر پێشەکەشى لایەنەکانى هەرێمى کردوە و وتی:”سوپاسیان دەکەیەن کە ئەو پرۆژانەیان بۆ چارەسەرى کێشەکان پێشکەشکردوە و ئامادەشن بۆ هەمو هاوکاریەک لەپێناو چارەسەرى کێشەکان”.

هەروەک لە وەڵامى رۆژنامەنوساندا وتى:”سەردانم بۆ شارى سلێمانى ئەرکى خۆمە بۆ زانینى بۆچونەکان لەپێناو چارەسەرى دۆخى ناوچەکە، ئەوە ئەرکى خۆمە و پەیوەندى بە هیچ لایەنێکى دیکەوە نییە”، ئەوەشى ئاشکرا کرد کە سبەینێ سێشەممە دەچێتە شارى کەرکوک.

27/11/2017
زیاتر...
په‌ڕه‌یله‌ 28
ژماره‌ی بابه‌ت