ژوره‌کان
  پارێزگاری سلێمانی سوێندی یاسایی خوارد
دوای دەستبەکاربونی، رۆژی سێشەممە د.هەڤاڵ ئەبوبەکر وەک پارێزگاری سلێمانی، لە دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی سوێندی یاسایی خوارد.

بەپێی راگەیەندراوێکی حکومەتی هەرێم، ئەمڕۆ بەئامادە بونی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و کەریم سنجاری وەزیری ناوخۆ، لە ئەنجومەنی وەزیران، د.هەڤاڵ ئەبووبەکر وەک پارێزگاری نوێی سلێمانی سوێندی یاسایی خوارد.

دوای مەراسیمی سوێند خواردنەکە، نێچیرڤان بارزانی راگەیاند: حکومەتی هەرێمی کوردستان هەماهەنگ وهاوکاری پارێزگار دەبێت لەپێناو راپەڕاندنی ئەرکەکانی بۆ خزمەتکردنی هاوڵاتیانی شاری سلێمانی و وتیشی :”پێکەوە، ئێمە لە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران، ئێوەش لە دیوانی پارێزگای سلێمانی، وەک تیمێک دەتوانین ئەرکەکانمان بە باشترین شێوە جێبەجێ بکەین و خزمەت باشتر بە هاوڵاتیان بکەین”.

لەبەرامبەردا د.هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی سوپاسی ئەو متمانەیەی کرد کە پێی بەخشرا و جەختی کردەوە کە هەمو تواناکانی خۆی دەخاتەگەڕ بۆ خزمەتکردنی هاوڵاتیانی سلێمانی وهاوکار دەبێت لەگەڵ حکومەتی هەرێم بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە ئەرکەکانی راپەڕێنێت.

رۆژی (4/12/2017) دوای تەوابونی رێکارە ئیداری و یاساییەکان، د.هەڤاڵ ئەبوبەکر وەک پارێزگاری نوێ لە دیوانی پارێزگای سلێمانی دەستی بەکارەکانی کرد.

هەڤاڵ ئەبوبەکر، سەرۆکی لیستی گۆڕان بۆ هەڵبژاردنی پارێزگای سلێمانی، لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان زیاتر لە (241) هەزار دەنگی بەدەستهێنا و کاندیدی بزوتنەوەی گۆڕان بو بۆ پارێزگاری سلێمانی، بەپێی رێککەوتنی بزوتنەوەی گۆڕان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان  دەبو رۆژی (21/8/2016) پۆستی پارێزگاری سلێمانی وەربگرێت، بەڵام بەهۆی دروست بونی بۆشایی یاسایی لە پۆستی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، د.هەڤاڵ ئامادەنەبو بە نایاسایی مەرسومی سەرۆکایەتی بۆ دەربکرێت، تا ئەوکاتەی رۆژی (29/10/2017) پەرلەمانی کوردستان دەسەڵاتەکانی سەرۆکی هەرێمی بە سەر سەرۆکایەتی حکومەت و پەرلەمان و ئەنجومەنی دادوەری دابەش کرد و دواتر، کاندیدی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بۆ پۆستی پارێزگار دەستی بە رێکارە یاساییەکانی کرد بۆ دەستبەکاربونی وەک پارێزگاری سلێمانی.
06/12/2017
زیاتر...
په‌ڕه‌یله‌ 50
ژماره‌ی بابه‌ت