فراکسیۆنه‌کان
  یوسف محه‌مه‌د… سه‌رۆكێك كه‌ په‌رله‌مانی‌ كرد به‌ دامه‌زراوه‌یه‌كی‌ گرنگ

ته‌نیا ساڵێك و حه‌وت مانگ سه‌رۆكایه‌تی‌ په‌رله‌مانی‌ كرد، ده‌ستبردنی‌ بۆ یاسای‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، نه‌یاره‌ سیاسییه‌كانی‌ ناچاركرد ده‌رگای‌ په‌رله‌مانی‌ له‌سه‌ر دابخه‌ن، ئه‌و ماوه‌یه‌كی‌ كه‌متر به‌راورد به‌ هاوتاكانی‌ سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مان بو، به‌ڵام له‌دوای‌ خۆی‌ ژماره‌یه‌ك یاسای‌ جێهێشتوه‌ كه‌ ده‌كرێت رۆڵی‌ گه‌وره‌یان هه‌بێت له‌ ژیانی‌ سیاسی‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندا، ئه‌مه‌ چیرۆكی‌ یوسف محه‌مه‌د سه‌رۆكی‌ خولی‌ چواره‌می‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستانه‌.

ده‌ستپێكردنی‌ قۆناغێكی‌ نوێی‌ كاری‌ په‌رله‌مانی‌ له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، قۆناغێك پڕ له‌ جموجوڵ و كێشمه‌كێش له‌نێوان دو ئاڕاسته‌ی‌ جیاوازدا، ئاڕاسته‌یه‌ك كه‌ ده‌یه‌وێت په‌رله‌مان ئه‌و رۆڵه‌ی‌ خۆی‌ ببینێت كه‌ له‌ بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ بۆی‌ دامه‌زراوه‌، ئاڕاسته‌یه‌كی‌ تر كه‌ ده‌یه‌وێت درێژه‌ به‌ دۆخی‌ خوله‌كانی‌ پێشتر بدات.

ئه‌م قۆناغه‌ نوێیه‌ نزیكه‌ی‌ ساڵێك و حه‌وت مانگی‌ خایاند، پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان جارێكی‌ تر پرسیارێكی‌ گه‌وره‌ی‌ له‌سه‌ر مێژوی‌ خۆی‌ دروستكرده‌وه‌ و شه‌رعیترین دامه‌زراوه‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانی‌ په‌كخست.

ئه‌مه‌ به‌ره‌نجامی‌ ده‌ستبردن بو بۆ یاسای‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم، یاسایه‌ك كه‌ له‌ بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ هه‌ر ده‌بو په‌رله‌مان بڕیاری‌ كۆتایی له‌باره‌وه‌ بدات، ئه‌و له‌ تاقیكردنه‌وه‌كه‌دا سه‌ركه‌وتو بو، جگه‌ له‌ داخستنی‌ ده‌رگای‌ په‌رله‌مان هیچ رێگایه‌تی‌ تری‌ له‌به‌رده‌م نه‌یاره‌ سیاسییه‌كانیدا نه‌هێشته‌وه‌.

له‌ماوه‌ی‌ ساڵێك و نزیكه‌ی‌ حه‌وت مانگدا كه‌ ئه‌م پیاوه‌ سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان ده‌كرد، په‌رله‌مان ژماره‌یه‌ك یاسای‌ گرنگی‌ ده‌ركرد كه‌ دواتر رۆڵی‌ گرنگیان ده‌بێت له‌ گۆڕینی‌ ژیانی‌ سیاسی‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندا، گرنگترین ئه‌و یاسایانه‌ی‌ كه‌ ته‌نیا له‌ ساڵی‌ یه‌كه‌م ده‌ستبه‌كاربونی‌ ئه‌م سه‌رۆكه‌دا په‌سه‌ندكراون بریتین له‌م یاسایانه‌:

یاسای‌ كۆمسیۆنی‌ باڵای‌ سه‌ربه‌خۆی‌ هه‌ڵبژاردن و راپرسی‌
ئه‌م یاسایه‌ هه‌رێمی‌ كوردستانی‌ كرد به‌ خاوه‌نی‌ كۆمسیۆنێكی‌ خۆی‌ و وایكرد چیتر هه‌رێم پێویستی‌ به‌ كۆمسیۆنه‌كه‌ی‌ به‌غدا نه‌بێت

یاسای‌ پێدانی‌ بودجه‌ی‌ حیزبه‌كان
له‌رێگه‌ی‌ ئه‌م یاسایه‌وه‌ به‌پێی‌ رێژه‌ی‌ كورسی‌ و ده‌نگی‌ حیزبه‌ سیاسییه‌كان بودجه‌یه‌كی‌ دیاریكراو بۆ هه‌ر پارتێك دیاریكرا.

یاسای‌ خۆپیشاندان
له‌ماوه‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ یوسف محه‌مه‌ددا په‌رله‌مانی‌ كوردستان یاسایه‌كی‌ بۆ زامنكردنی‌ مافی‌ خۆپیشاندان په‌سه‌ند كرد، ئه‌م یاسایه‌ دڵخوازی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان نه‌بو، بۆیه‌ مه‌سعود بارزانی‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌وكاتی‌ هه‌رێم ڤیتۆی‌ كرد و رێگه‌ی‌ نه‌دا یاساكه‌ بخرێته‌ بواری‌ جێبه‌جێكردنه‌وه‌.

له‌ماوه‌ی‌ حه‌وت مانگی‌ ساڵی‌ (2015)دا واته‌ به‌ر له‌ په‌كخستنی‌ په‌رله‌مان له‌لایه‌ن پارتییه‌وه‌، په‌رله‌مانی‌ كوردستان چه‌ند یاسایه‌كی‌ گرنگی‌ په‌سه‌ند كرد، له‌وانه‌:

یاسای‌ سندوقی‌ كوردستان بۆ داهاته‌ نه‌وتی‌ و گازییه‌كان
ئه‌م یاسایه‌كی‌ گرنگ بۆ بو پاراستنی‌ داهاتی‌ گشتی‌ له‌ دزی و گه‌نده‌ڵی‌ و شه‌فافیكردنی‌ له‌به‌رده‌م دامه‌زراوه‌ی‌ چاودێریكردندا كه‌ په‌رله‌مانه‌.

یاسای‌ پاراستنی‌ مافی‌ پێكهاته‌كان له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان
ئه‌مه‌ش یه‌كێكی‌ تر بو له‌و یاسایانه‌ی‌ كه‌ له‌ هه‌مان ساڵدا په‌رله‌مانی‌ كوردستان په‌سه‌ندی‌ كرد، یه‌كه‌مجار بو له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان به‌ یاسایه‌ك زامنی‌ مافی‌ پێكهاته‌كان بكات له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان.

جگه‌ له‌ یاساكان، له‌ماوه‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ یوسف محه‌مه‌ددا، په‌رله‌مانی‌ كوردستان ژماره‌یه‌ك بڕیاری‌ مێژویی ده‌ركرد كه‌ گرنگترینیان بریتین له‌:

بڕیاری‌ ناونانی‌ پارێزگای‌ هه‌ڵه‌بجه‌ وه‌كو پایته‌ختی‌ ئاشتی‌
بڕیاری‌ پاڵپشتیكردنی‌ گه‌لی‌ رۆژئاوای‌ كوردستان
ره‌زامه‌ندی‌ له‌سه‌ر بڕیاری‌ ناردنی‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ كوردستان بۆ به‌رگریكردن له‌ كۆبانێ

له‌ماوه‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌ودا، هه‌رێمی‌ كوردستان دوچاری‌ كێشمه‌كێش هات، به‌ڵام كێشمه‌كێشێكی‌ دیموكراتیانه‌، شه‌ڕی‌ چاودێركردنی‌ چۆنیه‌تی‌ خه‌رجكردنی‌ داهاتی‌ خه‌ڵك، ته‌نیا له‌ماوه‌ی‌ ساڵێك و حه‌وت مانگدا كه‌ ئه‌م پیاوه‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ په‌رله‌مانی‌ كردوه‌، به‌ به‌راورد به‌ چوار ساڵی‌ خولی‌ پێشوی‌ په‌رله‌مان، په‌رله‌مانتاران دوهێنده‌ پرسیاریان ئاڕاسته‌ی‌ حكومه‌ت و وه‌زاره‌ته‌كان كردوه‌.

یه‌كێك له‌و بابه‌تانه‌ی‌ كه‌ خۆی‌ و بزوتنه‌وه‌كه‌ی‌ شانازی‌ پێوه‌ده‌كه‌ن له‌و ماوه‌یه‌ی‌ له‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ په‌رله‌ماندا بون، ده‌ستبردنه‌ بۆ گۆڕینی‌ سیستمی‌ حوكمڕانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌ سه‌رۆكایه‌تییه‌وه‌ بۆ په‌رله‌مانی‌.
21/12/2017
زیاتر...
په‌ڕه‌یله‌ 27
ژماره‌ی بابه‌ت