فراکسیۆنه‌کان
  ناوەڕۆکى کۆنگرەى رۆژنامەوانى سەرۆکى پەرلەمان

سەرۆکى پەرلەمانى کوردستان وتەى دەستلەکارکێشانەوەى ئاڕاستەى راى گشتى ناوخۆ و جیهان دەکات و رایدەگەیەنێت؛ئامانجى ئێمە لە رۆژى دەستبەکاربونمانەوە ئەوەبوە کە چۆن دەسەڵات لە خەڵکەوە بۆ خەڵک بێت.

پێش نیوەڕۆى ئەمڕۆ سێشەممە د. یوسف محەمەد سادق، سەرۆکى پەرلەمانى کوردستان بە ئامادەبونى میدیا جیهانى و عەرەبى و ناوخۆییەکان لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا دەستلەکارکێشانەوەى راگەیاند و لە وتەیەکدا پوختەیەکى لەبارەى کارەکانى لە ماوەى رابردودا خستەڕو، هەروەک ئاماژەى بە روداوەکانى چەند ساڵى رابردو کرد لە کارى پەرلەمانى و کودەتا بەسەر پەرلەمان و گەیاندنى هەرێمى کوردستان بەم دۆخەى ئەمڕۆ لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە.

سەرۆکى پەرلەمان، رایگەیاند؛ ئامانجى ئێمە لە رۆژى دەستبەکاربونمانەوە ئەوەبوە کە چۆن دەسەڵات لە خەڵکەوە بۆ خەڵک بێت، پەیمانیش دەدەین لە داهاتودا لەسەر هەمان ئەرک و ئامانج بڕۆین.

هەروەک کارى پەرلەمانى لەم خولەدا بەسەر دو قۆناغدا دابەشکرد کە ئەوانیش “قۆناغى پێش کودەتا و دواى کودەتا”ن و وتیشى: “هەر دەسەڵاتێکى تەندروست لە دنیادا دەبێت ملکەچ و بەرپرسیاربێت بەرامبەر گەلەکەى، بەڵام دەسەڵاتى کوردى پێچەوانەیە ملکەچ بۆ ئەوانى دیکە و سەرسەخت و توندوتیژ بۆ خەڵکى ناوخۆ و کوردستان”.

جەختیشیکردەوە ئێستا قۆرخاکارى سیاسى و ئابورى و هەمو بوارەکانمان هەیە لە کوردستان، جەختى لەوەشکردەوە کە کاریان کردوە بۆئەوەى پەرلەمان مەرجەع بێت و وتیشى درێژە بە خەباتى مەدەنى و پەرلەمانى دەدەین.

 

دەقى وتارەکە:

“کۆتایی قۆناغێک”

وتاری دەست لە کارکێشانەوەی سەرۆکی پەرلەمان.

هاونیشتیمانیانی ئازیز
لای هەموتان ئاشکرایە کە ئێستا کوردستان لە دۆخێکی ئێجگار سەختدایدایە. خەڵکی ژیانێکی سەخت و پڕ لە ناخۆشی دەژین.. ئەرکی دەسەڵاتی سیاسیە کە ژیانێکی باش دابینبکات، نەک خۆی ببێتە سەرچاوەی سەختکردنی ژیانی خەڵک. تەنانەت ئەمڕۆ دەسەڵاتی سیاسیی کوردستان بە ئاراستەی دژایەتیی خەڵكدا دەڕوات. ئەم ئاراستەیە دەبێت رێگری لێبکرێت نەک پشتیوانی.
ئامانجی ئێمە لەیەکەم ڕۆژی وەرگرتنی شەرەفی سەرۆکایەتیی پەرلەمانەوە هەتا ئەمڕۆ ئەوە بووە کە چۆن وابکەین دەسەڵات لە خەڵکەوە بێت و بۆ خەڵک بێت. ئەمڕۆ کەبڕیاری دەست لەکارکێشانەوەمان دەدەین لە پێناوی هەمان ئامانجدایەو پەیمانیش دەدەین کە لە داهاتووشدا لەسەر هەمان ئامانج و رێگا بەردەوام دەبین .
شاراوە نیە کە ماوەی ئەم خولەی پەرلەمان رێک دابەشبوو بەسەر دوو قۆناغدا، قۆناغێکیان دەکرێت بوترێت ئاسایی، بەڵام قۆناغی کۆتایی نائاسایی لەهەموو ڕویەکەوە. دەتوانین هەروەها بە قۆناغی پێش کودەتا و پاش کودەتا ناویبنیین. کودەتا بە مانای بەکارهێنانی هیزە بۆ گەیشتن بە ئامانجی سیاسیی ناشەرعی، ئەمڕۆ هەمان بەکارهێنانی هێز دەبینین بۆ هەمان ئامانجی ناشەرعی. بەداخەوە وەها دەردەکەوێت دەسەڵاتدارانی ئەمڕۆی کوردستان بەهیچ شێویەک سڵناکەنەوە لە پەنابردن بۆ چەک و تۆقاندن و توندوتیژی بۆ مانەوەی خۆیان.

هەر دەسەڵاتێکی سیاسی تەندروست لە دونیادا، دەبێت ملکەچ بێت لەئاست خواستەکانی خەڵكدا و مکوڕ بێت لەسەر خواستەکانی لە بەرامبەر نەیارەکانی گەلەکەی. بەڵام وادیارە دەسەڵاتی کوردی بە تەواوی بە پێچەوانەوەیە: ملکەچ بۆ ئەوانی ترو سەرسەخت و توندوتیژ بەرامبەر خەڵكی سیڤیلی کوردستان، ڕێک وەک پەندە کوردیەکە: (شێری ماڵەوە و ڕێویی دەرەوە).
کودەتا بەسەر پەرلەماندا سەرەتای دیاردەی گوێ پێنەدان و بێباکی بوو بۆ هەر بەهایەکی سەردەم و خواستی خەڵكی ویاسا و شەرعیەت. پاشان سەرکێشیی ریفراندۆمیشی بەدوادا هات، کە درێژەپێدانی هەمان ڕەفتار و ئەخلاق و ئاگایی بوو. ئەمڕۆش، سوربوون لەسەر درێژەدان بە حکومڕانییەکی شکستخواردوی دژەخەڵک قۆناغی سێیەمی ئەم رەفتارە سیاسییەیە.

خەڵك، کوردستانیان خۆشدەوێت، لەپێناویدا دەمرن، برسێتی و ئازار دەچێژن، دان بەخۆیاندا دەگرن. بەڵام دەسەڵاتداران ئەوە بەخەڵكی کوردستان ڕەوانابینن کە بەشێک بن لەخاوەندارێتیی کوردستان. ئەمە تەنها لەرێگای سیستەمێکی سیاسیەوە دێتە دی کە دابەشکردنێکی دادپەروەرانە بۆ دەرفەت و سامان و کارو پلەو پایە دێنێتە ئاراوە. ئەمڕۆ لە بری دابەشکردنێکی دادپەروەرانە ئێمە قۆرخکاریی سیاسی وئابوری و خاک وسامان و هەموو بوارەکانمان هەیە.

بەڕێزان،
هەرێمی کوردستان پێکهاتوە لە هێز و پارتی سیاسی و دیدی جیاواز، هەموو ئەم دید و پێکهاتە سیاسییە جیاوازانەش بەشێکی سروشتی و گرنگن لە پێکهاتەی کۆمەڵگەی کوردستانی. تەنها چوارچیوەیەکیش کە بتوانرێ لە ناویدا ئەم جیاوازیانە بپارێزرێت پەرلەمانە، کە تیایدا ئەم جیاوازیانە ببن بە سەرچاوەی هێز بۆ کۆمەڵگەی کوردستان.

بە درێژایی ئەو کاتەی کە تیایدا ئێمە ئەرکی سەرۆکایەتی پەرلەمانمان کەوتبووە سەر شان،کڕۆکی ئامانجی ئێمە سیستمی پەرلەمانیی تەندروست و پەرلەمانێکی چالاک بوو وە هەر چیێکیشمان پێکرابێ بەبێ درێغی ئەنجامماندا لە پێناو گەیشتن بەم ئامانجە. بە پێچەوانەشەوە، پەرلەمانێکی لاواز و پاشکۆ و ناکاریگەر، دیاردەیەکی ترسناکە بۆ ژیانی سیاسیی ئێمە و نوێنەرایەتی کردنی خەڵك و پێگەی خەڵك لەناو کایەی سیاسیدا. هەر لەبەر ئەوەش پەرلەمانێکی پاشکۆ و بێ کاریگەری هیچ کاتێک بژاردەی ئێمە نەبووە و، وەکو کاری پەرلەمانیش بۆ ئێمە قەبوڵکراو نەبووە.

باوەڕ و پەیامی نەگۆڕی ئێمە بەردەوام ئەوە بووە کە پەرلەمان ئەو سیستم و جێگایەیە کە هەمووان بە هەموو جیاوازیەکانیانەوە دەتوانن تیایدا ئامادەبن و لەگەڵ یەکتردا لە پێناو گەیشتن بە بەرژەوەندیی هاوبەش گفتوگۆ بکەن، گوێ لە

یەکتر بگرن و رێز لە بۆچوونی یەکتری بگرن. بۆیە بۆ کۆمەڵگەیەکی وەک کۆمەڵگەی ئێمە، کە هێشتا لە سەرەتاکانی بونیادنانی سیستەمدایە، پەرلەمان گرنگترین دەزگایە.

هەر لەسەر ئەم باوەڕەش، پەرلەمان بەدیلی حوکمی شەخسە، بەدیلی حوکمی دەستەبژێرێکی بەرتەسکە وە هەروەها پەرلەمان مۆدێلی حوکمی یاسا و سەروەریی یاسایە.

کوردستانیانی ئازیز،
ئێمە لە دوو ساڵی یەکەمی خولی چوارەم، بەم دیدەوە کارمان کرد. بە هاوکاریی پەرلەمانتاران هەوڵماندا پەرلەمان بگەڕێنینەوە شوێن و رێچکە ڕاستەقینەکەی خۆی، کە پێگەی نوێنەرایەتی کردنی خەڵک و، بەرگری کردنە لە ماف و بەرژەوەندیەکانیان لە بەرامبەر دەسەڵاتی ئەمری واقیع لە کوردستان. پێکەوە لە دەستەی سەرۆکایەتی بەتایبەت لەگەڵ بەڕێز فەخرەدین قادر سکرتێری پێشوی پەرلەمان و هاوئاهەنگ لەگەڵ بەشێکی زۆری فراکسیۆن و پەرلەمانتاران، کارمان کرد بۆ سەروەریی یاسا و وەستانەوە دژ بە گەندەڵی و، راشکاوانەش خستنە ژێر پرسیاری دەسەڵاتی جێبەجێکار لە کوردستان. لەو ماوەیەدا سەرەڕای کەمیی ئەو یاسایانەی دەرچوێندراون، بەڵام ئەمانە یاساگەلێکی چۆنایەتی و گرنگ بوون. هەوڵماندا لە ویژدانی نەتەوەیی گەلەکەمان و ئازار

و کێشە و خۆشیەکانی نزیک بین. شەنگال و کۆبانێ گەواهی ئەم ڕاستیەن. دەرگای پەرلەمانمان کردەوە بە ڕوی کوردانی هەر چوار پارچە و ڕەوەندی کوردستانی و ئەو هێزە سیاسیانەی نوێنەرایەتییان دەکەن. لەو ماوەیەدا پەرلەمان دەستیبرد بۆ کۆمەڵێک مەسەلەی گرنگ و هەستیار کە پیشتر دەستبردن بۆیان ئەستەم بوو، بەڵکو تەنانەت مومکینیش نەبوو. نەچوینە ژێر باری هیچ فشار و ئیرادەیەکی نایاسایی بۆ بەلاڕێدابردنی کاری پەرلەمانی. هەر بۆیەش پەرلەمان پەکخرا. لەم بارەیەوە قسە زۆرە بۆ کردن، کە دەکرێ لە دەرفەتی تردا بکرێن.

بەڕێزان،
پاش کودەتاش بەسەر پەرلەماندا لە ١٢ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٥، هەوڵی سەرەکیمان دیسان بۆ ئەوەبوو کە چۆن پەرلەمان، وەک دەزگایەک و وەک قەزیەیەکی هەرە گرنگ لە سیستمی دیموکراتیدا، پەراوێزنەخرێت و بێ بەهاو بێ نرخ نەکرێت. لەم پێناوەشدا بەردەوام بووین لە کاری پەیوەندی دروستکردن، لە کاری دیپلۆماسی و لە خەباتی دروستکردنی دۆست و تۆڕی بەرفراوان لە پێناو ناساندنی پرسی پەرلەمان و پرسی سیستمی دیمۆکراتی راستەقینە.

لە دوو ساڵی ڕابردودا بەبێ حەسانەوە خەمی پەرلەمان و خەمەکانی تری گەلەکەمان وەک جێنۆسایدی خوشک و برایانی ئێزیدیمان لە گەڵ خۆماندا هەڵگرت بۆ زۆر شوێنی دونیا، بە تایبەتی وڵاتانی ئەوروپای رۆژئاوا. زۆر خەڵكی دیموکراتخواز و مافدۆست لە دونیادا هاوڕا و هاوخەممان بوون لە مەسەلەی پەکخستنی پەرلەمانی کوردستان. بێگومان گەیاندنی ئەم خەم و پەیامەش بە جیهانی دەرەوە، لە سۆنگەی بڕوای قوڵمانەوە بوو کە پەرلەمان ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە بەرەوپێشبردنی دۆخی سیاسیی کۆمەڵگەی کوردی و جێگیرکردنی سیستمی دامەزراو لەسەر بنەمای رەوایەتیی دیمۆکراسی. لێرەدا بە پێویستی دەزانم کە زۆر سوپاسی ڕەوەندی کوردستانی لە ئەوروپا بکەم کە زۆر هاوکارمان بون لەم هەڵمەتە دیبلۆماسیە چڕەدا.

ئێمە شانازی دەکەین کە پەرلەمانمان کردە چەقی بڕیاری سیاسی لە هەرێمی کوردستان، بەڵام کە پەکیشخرا ئەو کاتە ئەم پەکخستنەمان کردە پرسێکی هەرێمی و ناوچەیی و نێودەوڵەتی. بە تایبەتی شانازی بەوەشەوە دەکەین کە هەموو هەوڵێکمان دا تا پەرلەمان بکەینە دەزگایەک کە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بوون و ئامادەیی هەبێت، بەشێکیش لەم هەوڵە لە دیپلۆماسیی پەرلەمانی و دیپلۆماسیی خەلک دا خۆی دەبینییەوە. دەنگدانەوەی داخستنی پەرلەمانیش لە ئاستی نێودەوڵەتیدا، بەڵگەی راستی کارکردنی ئێمە بووە.

ئەوە شاردراوە نیە کە پەرلەمان و سیستمی سیاسی لە هەندێک لە وڵاتانی جیهان بە قەیراندا گوزەریان کردووە، زۆر جار لە لایەن ئەوانەی کە لە دەسەڵات و نوێنەرایەتی و دەنگی خەڵک دەترسن رێگرییان لێکراوە، بەڵام سەرئەنجام، سەرباری قەیران و کێشە، سەرکەوتن هەر بۆ ئیرادەی خەڵك بوە. ئێمە ئەمرۆ کە بڕیاری دەست لە کارکێشانەوەمان دەدەین، بەڵێن دەدەین لەگەڵ هاوڕێکانمان بە بەردەوامیدان بە خەباتی پەرلەمانی لە رێگای بوون بە ئوپۆزسیون. هەر وەک چۆن پێشتریش بڕوامان وابوو کە ئۆپۆزسیون بڕبڕەی پشتی هەموو پەرلەمانێکی شەرعیی سەرکەوتوو و سیستمی دیمۆکراتیی راستەقینەیە، ئێستاش ئەم باوەڕەمان نەگۆڕە.

پەرلەمان ئەمڕۆ بە قۆناغێکی زۆر مەترسیداردا دەڕوات، چونکە پەرلەمان گەڕێنراوەتەوە بۆ ڕۆژگارێک کە هیچ پێگە و ڕۆڵ و کاریگەرییەکی نەبوو و پاشکۆی تاقم و کەس و دەستەبژێر بوو. بەکارخستەوەی پەرلەمان بەم جۆرە، نیشانەیەکی زەقی خواستە بۆ دەستەمۆکردنی پەرلەمان، بۆ کردنی پەرلەمان بە دەزگایەک کە وەک دەزگاکانی سیستەمی دیکتاتۆری کار و چالاکییەکانی بەڕێوە ببات!

لە ڕاستیدا کاراکردنەوەی پەرلەمان بەو شێوەیەی کە کرا، بوە هۆی ئەوەی ئەم دامەزراوەیە بەکارببرێت بۆ تێپەڕاندنی خواستی تاکەکەسی و حیزبیی ریفراندۆم، رێفراندۆمێک کە بە هەرەسێکی بێ وێنە تەواو بوو. لەگەڵ ئەوەش کە لە دوا ساتەکان، بەر لە ئەنجامدانی ریفراندۆم، دەرفەتێکی زێڕین و مێژوویی درا بە کورد لە رێگای ڕەشنوسی نامەکەی وەزیری دەرەوەی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، کە بە بڕوای ئێمە دەکرێ بڵێین ئەم نامەیە بەڵگەنامەی سەدە بوو، بەڵام دیسان ئەم دەرفەتە مێژووییەیەش لەدەست درا.

ئێستا دوای هەرەس و کاریسەی ١٦ی ئۆکتۆبەر و لەدەستدانی، نێوەی خاکی کوردستان و قوڵبوونەوەی قەیران و کێشە ئابووری و سیاسییەکانی هەرێم، هیچ بژاردەیەک لەبەردەم حکومەتی شکستخواردووی هەرێمدا نەماوە جگە لە هەر چی زووترە راگەیاندنی شکستی خۆی و وازهێنان. وەک ئاشکراشە ئەمە ئەمڕۆ بووە بە داخوازیی بەرفراوانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان. ئەم پەیامەی خەڵک بە روونی لە رۆژانی دواییدا گەیشت لە رێگای خۆپیشاندانە جەماوەرییەکان لە شار و شارۆچکەکانی کوردستان. ئێمەش لە لای خۆمانەوە وەک سەرۆکی پەرلەمان بە ئەرکی خۆمان زانی کە پشتگیری لەم خۆپیشاندانانە و داوا ڕەواکانیان بکەین، وەک مافێکی رەوای خەڵکی کوردستان. هەر لێرەشەوە جارێکی تر سەرەخۆشیی خۆم بۆ کەسوکاری قوربانیانی خۆپیشاندانەکان دەردەبڕم و، بە پێویستی دەزانین سەرجەم دەستگیرکراوانیش ئازاد بکرێن.

ئێستا دوای ئەم هەموو داڕمان و قەیرانە قوڵ و فراوانانە، بە ئەرکی خۆمی دەزانم کە بڵێم هەرێمی کوردستان هەڕەشە و مەترسییەکانی جێنەهێشتوون، بەڵکو بەردەوامیدان بەم دەسەڵاتە شکستخواردووە مەترسیی گەورەتریشمان دێنێتەپێش. کەواتە هەر چرکە ساتێک دواکەوتنی هەڵوەشانەوەی حکومەتی هەرێم دەکرێ ببێتە هۆی ئەوەی کە ئەوەی لەدەستیشدا ماوە لەدەست بچێت. رێگری لەم هەڵدێرە هەر ئێستا و بێ دواکەوتن بەرپرسیاریی هەموو هێزە دڵسۆز و هاونیشتمانییە خەمخۆرەکانی هەرێمەکەمانە بە دروست کردنی بەرەیەکی بەرفراوانی ڕزگاریی نیشتیمانی. ئەمڕۆ کاتی هیممەتە، بەڵام دەکرێ سبەینێ زۆر درەنگ بکەوین. بە سەربازگە کردنی شار و شارۆچکەکانی هەرێم و سەپاندنی حوکمی عورفیی حیزبی، نەک تەنها کارێکی نا دەستوری و نایاساییە، بەڵکو چارەسەری گرفتەکانیش ناکات و، هێندەی تر خەڵک توڕە و نائومێد دەکات.
بەڕێزان،
لەوپەڕی حەز و باوەڕمانەوە خوازیار بووین کە بگەڕێینەوە بۆ پەرلەمان و لەگەڵ پەرلەمانتاران بەردەوام بین لەسەر ئەو ڕێچکەیەی بەر لە نزیکەی چوار ساڵ دەستمان پێکرد. بەڵام ئەو دانیشتنانەی لە دوای ١٥/٩/٢٠١٧ەوە ئەنجام دران، دەرخەری ئەوەن کە بە مەرجی تەسلیم بون بە دەسەڵاتی ئەمری واقیع لە کوردستان و بە دەستەمۆیی، دەرگاکانی پەرلەمان کراونەتەوە. پەرلەمانێکی ئاواش دڵخوازی ئێمە نیە و باوەڕیشمان بە پەرلەمانێکی لەو جۆرە نییە.

بەڵام داوا لە پەرلەمانتارانی ئازیزی هاوڕێم دەکەم، بەبێ ڕەچاو کردنی ئەو ئیرادەیەی سەپێنراوە بەسەر پەرلەماندا، هەروەک ڕابردو بەردەوام بن لە پێداگرییان لەسەر نوێنەرایەتی کردنی بەرژەوەندیە گشتیەکان و تەسلیم نەبون بە ئیرادەی خاوەن بەرژەوەندیە تایبەتەکان. دواجار، داوای لێبوردن لەهەر کەموکورتی و کارێکی نەگونجاو دەکەم کە بەرامبەر بە ئێوەی بەڕێز بەبێ مەبەست ئەنجاممان دابێت.
هەر لێرەدا بە پێویستی دەزانم کە سوپاسی بێ پایانی خۆم ئاڕاستەی میدیای ئازا و ئازاد و، میدیاکاران بکەم، کە پشتیوان و ڕێنیشاندەر و هاوکارمان بون.

ئێستا ئیتر لە دوای ئەم ماوەیەی بەرپرسیارێتیم وەک سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، بە ویژدانێکی ئارام و ئاسودەوە، خۆم بەسەربەرز دەزانم، لەئاست خوای گەورە و هاوڵاتیانی کوردستان و دەنگدەران و بزوتنەوەکەم و بەتایبەتیش بەرامبەر بە ڕۆحی پاکی ڕەوانشاد نەوشیروان مستەفا کە متمانەی پێکردین، خیانەتم لە متمانە و دەنگەکانیان نەکرد و تا دوا ئاست شەڕی دادپەروەریی و سەروەریی یاسام کرد. دیاریشە ئەم خەون و خولیا و ئامانجەی ئێمە، لەمپەر بوو بۆ کاری زۆر کەس و لایەنی سیاسی کە کاریان دەکرد بۆ جێگیرکردنی فەرمانڕەوایی تاکەکەس و دەستەبژێرێکی تایبەت.

لەبەر کۆی ئەو هۆکارانەی کە پێشتر ئاماژەم پێدا و، پاش ڕەزامەندیی جڤاتی نیشتیمانیی بزوتنەوەی گۆڕان، وازهێنانی خۆم لە سەرۆکایەتی و ئەندامێتیی پەرلەمانی کوردستان ڕادەگەیەنم.!
خوای گەورە کوردستان و گەلە سەربەرزەکەی بپارێزێت.

 

د. یوسف محەمەد صادق

٢٦/١٢/٢٠١٧

26/12/2017
زیاتر...
په‌ڕه‌یله‌ 27
ژماره‌ی بابه‌ت