فراکسیۆنه‌کان
  عەبادی لە تەعریب کردنەوەی سەرگەڕان ئاگادار دەکاتەوە
ئارام شێخ محەمەد، حەیدەر عەبادی عێراق لەهەوڵی راگواستنی کوردانی گوندەکانی سەر بەناحیەی سەرگەڕانی قەزای دوبز ئاگاداردەکاتەوەو بەڵێنی گرتنبەری رێکاری پێویستی پێ دەدرێت.

ئێوارەی رۆژی چوارشەممە، ئارام شێخ محەمەد جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەنامەیەکدا کە ئاراستەی حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراقی کرد، ئاگاداری کردەوە لەوەی کە بەپێی ئەو زانیارییانەی لەكوردانی دانیشتوی ناوچەی سەرگەڕانی شاری کەرکوک پێیاندراوە، ژمارەیەک خێزانی عەرەب بەیاوەری هێزێکی پۆلیسی فیدراڵی و بەئاگاداری پارێزگاری کەرکوک بەوەکالەت چونەتە سەر کوردانی دانیشتوی گوندی پەڵکانە و چەند گوندێکی دیکە و مۆڵەتی (72) سەعاتیان بۆ داناون بۆ چۆڵکردنی ناوچەکەیان.

ئارام شێخ محەمەد هۆشداری داوەتە سەرۆک وەزیرانی عێراق کە لەکاتێکدا سەرقاڵی هێورکردنەوەی دۆخەکە و گەڕانەوەی کوردانی دوزخورماتو و سڕینەوەی شوێنەوارەکانی ناکۆکی و توندوتیژییەکانی رابردون، ئەو پێشهاتە مەترسیدارە هیچ خزمەتێک بەگەڕانەوەی سەقامگیری و پێکەوە ژیان ناکات لەناوچە جێناکۆکەکان و هێندەی تر ناکۆکییەکان قوڵتر دەکاتەوە.

بەپێی راگەیاندراوەکەی نوسینگەی رۆژنامەوانی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، ئارام شێخ محەمەد رایگەیاندوە: کورد بیرەوەرییەکی تاڵی هەیە لەگەڵ راگواستن و هەڵکەندنی لەسەر زێدی باو باپیری و ناکرێت بەهیچ شێوەیەک لە عێراقێکی دیموکراسی و دەوڵەتێک کە بڕیارە پارێزەری ماف و هەمو جیاوازییەکان بێت جێگەی ئەم جۆرە رەفتارانەی تیادابێتەوە.

لەبەرامبەردا حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بەڵێنیدا کە بەزوترین کات بەدواداچون بۆ ئەو پرسە دەکات و رێوشوێنی پێویست دەگرێتەبەر .
28/12/2017
زیاتر...
په‌ڕه‌یله‌ 29
ژماره‌ی بابه‌ت