هه‌واڵ و چالاكی‌
  عومەر سەید عەلى: ئاساییکردنەوەى رەوشى کەرکوک و خورماتو پێشمەرجى ئەنجامدانى هەڵبژاردنێکى ئاساییە

رێکخەرى گشتى بزوتنەوەى گۆڕان ئاساییکردنەوەى رەوشى کەرکوک و خورماتو و ناوچە دابڕێنراوەکان بە پێشمەرجى ئەنجامدانى هەڵبژاردنێکى ئاسایی لە ئەو ناوچانە لەقەڵەم دەدات و دەڵێت:”گرنگە بە زوترین کات کورد پێگەى خۆى وەربگرێتەوە لە ئەو ناوچانە”، هەروەک بەرپرسیارێتى ئەو دۆخەى بەسەر گەلى کورد هاتوە لەگەڵ ئەو قەیرانانەى بەرۆکى خەڵکى هەرێمى کوردستانى گرتوە دەخاتە ئەستۆى پارتى و یەکێتى.

دواى نیوەڕۆى ئەمڕۆ یەکشەممە، عومەر سەید عەلى رێکخەرى گشتى بزوتنەوەى گۆڕان بە ئامادەبونى محەمەد تۆفیق رەحیم سکرتێرى ژورەکان لە خانەى راپەڕاندن و هۆشیار عومەر عەلى رێکخەرى ژورى پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان لەگەڵ یان کۆبیچ نێردەى تایبەتى سکرتێرى گشتى نەتەوەیەکگرتوەکان لە عێراق و ئالیس وۆڵپوڵ جێگرى نێردەى تایبەتى نەتەوەیەکگرتوەکان و ریکاردۆ رۆدریگێز بەرپرسى نوسینگەى نەتەوەیەکگرتوەکان لە هەولێر کۆبوەوە و تاوتوێى دۆخى کەرکوک و ناوچە دابڕێنراوەکان و  هەرێمى کوردستان و عێراق و هەڵبژاردنەکان و چەند تەوەرێکى دیکەیان کرد.

رێکخەرى گشتى بزوتنەوەى گۆڕان لە کۆبونەوەکەدا رایگەیاند؛ ئاساییکردنەوەى رەوشى کەرکوک و خورماتو و ناوچە جێناکۆکەکانى دیکە بە گەڕاندنەوەى ئاوارەکان و قەرەبوکردنەوەیان و نەمانى دۆخى سەربازى پێشمەرجى ئەنجامدانى هەڵبژاردنێکى ئاساییە لەو ناوچانە و وتیشى: “گرنگە بە زوترین کات کورد پێگەى خۆى وەربگرێتەوە لە بەڕێوەبردنى کەرکوک و ناوچەکانى دیکە”.

هەروەک ئاماژەى بەوەکرد؛ بزوتنەوەى گۆڕان دەستپێشخەرى و هەوڵى هەبوە بۆ ئەوەى بەزوترین کات ئەو دۆخە چارەسەر بکرێت، بەڵام یەکێتى و پارتى لەکەرکوک دژایەتى یەک دەکەن لەکاتێکدا کە لە هەرێمى کوردستان هاوبەشن لە حکومەتدا ئەوەش کاریگەرى و زیانى خراپى هەبوە بۆسەر ژیانى هاوڵاتیان لە کەرکوک و ناوچەکانى دیکە.

سەبارەت بە دۆخى هەرێمى کوردستان، عومەر سەید عەلى جەختیکردەوە؛ بزوتنەوەى گۆڕان پێشتر و ئێستاش بەرنامەیەکى رونى هەبوە بۆ چاکسازى ریشەیى لە هەرێمى کوردستان و لە ئەنجامى پێداگرى لەسەر پرەنسیپەکانى باجى گەورەى داوە.

وتیشى: “ئەم حکومەتەى ئێستاى هەرێمى کوردستان بەرپرسیارە لە کارەساتى سیاسى و دارایى کە هەمو هاوڵاتیانى کوردستانى توشى نەهەماتى کردوە و گرنگە نەتەوە یەکگرتوەکان و دەوڵەتانى دیکە فشار بکەن بۆ ئەنجامدانى چاکسازى سیاسى و ئابورى لە هەرێمى کوردستان”، ئەوەشى رونکردەوە کە ئەم حکومەتەى ئێستا پشتیوانى ئەمەریکا و ئەوروپاى بۆ خەڵکى هەرێمى کوردستان قۆستوەتەوە بۆ ئەنجامنەدانى چاکسازى.

05/02/2018
زیاتر...
په‌ڕه‌یله‌ 32
ژماره‌ی بابه‌ت