فراکسیۆنه‌کان
  رونکردنەوەیەک لە ئارام شێخ محەمەد-ەوە

ئارام شێخ محەمەد، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران و هەڵسوڕاوی بزوتنەوەی گۆڕان لە رونکردنەوەیەکدا رایدەگەیەنێت: دوای چوارساڵ لە ئەرکی نوێنەرایەتی، بەنیاز نییە بۆ هەڵبژاردنی ئەمساڵی پەرلەمانی عێراق جارێکی دیکە خۆی کاندید بکاتەوە.

 

رونکردنەوەیەک بۆ رای گشتی

بەپێویستی ئەزانم لەڕێگەی ئەم رونکردنەوەیەوە خەڵکی کوردستان بە گشتی و ئەندامان و لايەنگرانی بزوتنەوەی گۆڕان بە تایبەتی ئاگادار بکەمەوە سەبارەت بە پرسی خۆکاندیدکردنەوەم بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ ساڵی (2018).

لێرەو لەوێ ناوی بەندە لەنێو ئەو ناوانەدا باس ئەکرێ بۆ دوبارە خۆکاندیدکردنەوەمان، ئەمەوێ ئەوە رابگەیەنم لەماوەی چوار ساڵی رابردودا بەوپەڕی لەخۆبردویی و دڵسۆزییەوە دوای وەرگرتنی متمانەی مامۆستای گەورەمان رەوانشاد کاک نەوشیروان بۆ سەرۆکایەتی لیستی پارێزگای سلێمانی و وەرگرتنی پۆستی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، سەرکەوتنێکی گەورەمان لەگەڵ هاوڕێکانم لە هەڵبژاردنەکان و پوستەكەشدا بەدەستهێنا، کە بە ئیعترافی دۆست و دوژمن توانیمان سەرەڕای ئەرکی قورس و دۆخی نالەباری سیاسی و ئابوری کوردستان و ئاڵۆزبونی کێشە سیاسیەکانی نێوان هەرێم و بەغدا، جوانترین نمونەی کاری پەرلەمانی و هاوڕێیانە و دۆستانەمان چ لەناوخۆمان و ئەوەشی پێمان کرابێت لەگەڵ لیستە کوردستانیەکانی تر و پێکهاتەکانی تری ناو پەرلەمان ئەنجاممان داو بۆ یەک چرکەش درێغیمان نەکردوە لە داکۆکی و شەڕکردن لەسەر مافە رەواکانی خەڵکی کوردستان و مافە دیموکراتیەکانی گەلانی عێراق.

لە سۆنگەی هەستکردن بە بەرپرسیارێتی و خوڵقاندنی دەرفەت بۆ هاوڕێیانی ترمان لەناو بزوتنەوەی گۆڕان، کە دڵنیام پڕیەتی لە کادری بەتوانا و چالاک و لێهاتو، وەک کاک نەوشیراون وەسفی کردوە پڕیەتی لە شێرە ژن و پیاوی جوامێر، کە ئەتوانن هەمو ئەرکێک بەڕێوە ببەن، ئەوەتان پێ رائەگەیەنم کە بەندە لە رۆژی چوارشەممەی رابردو رێکەوتی (7)ی شوباتی (2018)ەوە بە فەرمی هاوڕێیانم لە لیژنەی باڵای هەڵبژاردن ئاگادارکردوەتەوە کە وێڕای دەستخۆشی و هیوای سەرکەوتنم بۆیان لەم ئەرکە قورسە، بەندە بەنیاز نیم خۆم کاندید بکەمەوەو دەرفەت ئەدەم بە هاوڕێیانی تر ئەسپی خۆیان لەم گۆڕەپانەدا تاو بدەن.

لە کۆتاییدا وێڕای سوپاسی بێ پایانم بۆ خەڵکی کوردستان و هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی گۆڕان، کە لەرابردودا متمانەیان بەمن بەخشی، ئەمەوێ ئەوەش دوپات بکەمەوە کە ئامادەم بزوتنەوەکەم هەر ئەرکێکی ترم پێ بسپێرێت بەوپەڕی دڵسۆزییەوە بەجێی بگەیەنم و به شانازيه وه هەروەك خويندكاری رێبازی ماموستاو رێبەری گه ورەمان ئەمينينەوە.

 

ئارام شێخ محەمەد

12/2/2018

13/02/2018
زیاتر...
په‌ڕه‌یله‌ 30
ژماره‌ی بابه‌ت