فراکسیۆنه‌کان
  وردەکارى چۆنیەتى دیاریکردنى کەمترین بڕى موچەى خانەنشینى لە هەرێم
هەرچەندە چاوەڕوان دەکرا لە دانیشتنی‌ دوێنێی پەرلەماندا پێشنیازی‌ فراکسیۆنی‌ گۆڕان لە دیاریکردنی‌ (400) هەزار دینار وەک کەمترین موچەی‌ خانەنشینی‌ لە هەرێمی‌ کوردستان، پەسەند بکرێت کە لە بەرژەوەندی‌ زۆرێک لە خەڵک و ئەو کەسانەیە ساڵانێکی‌ زۆر خزمەت دەکەن، بەڵام ئەو بڕە پەسەند نەکرا.

عەلی‌ حەمەساڵح پەرلەمانتاری‌ فراکسیۆنی‌ گۆڕان و جێگری‌ سەرۆکی‌ لیژنەی‌ دارایی‌ پەرلەمان بە (سبەی‌) رایگەیاند؛ دوێنێ لە کاتی‌ گفتوگۆکردن و دەنگدان لەسەر مادەیەکی‌ تایبەت بە خانەنشینی‌ لە پڕۆژه‌ یاسای چاکسازی له‌ خانه‌نشینی و موچه ‌و ده‌رماڵه ‌و به‌خشین و ئیمتیازاته‌کان لە پەرلەمانی‌ کوردستان، پێشنیارمان کرد که‌مترین موچه‌ی خانه‌نشینی (400)هه‌زار دینار بێت، بەڵام ئه‌م پێشنیاره‌ ته‌نیا (37) ده‌نگی هێنا و تەنها پەرلەمانتارانی‌ فراکسیۆنی‌ گۆڕان و کۆمەڵی‌ ئیسلامی‌ و یەکگرتوی‌ ئیسلامی‌ دەنگیان پێدا و دیاریکردنی‌ کەمترین موچەی‌ خانەنشینی‌ بە (300) هەزار دینار بە دەنگی‌ (52) پەرلەمانتار جێگیرکرا”.

وتیشی‌:”ئه‌گه‌ر که‌مترین موچه‌ی خانه‌نشینی (400) هه‌زار دینار بێت کە نزیکه‌ی (78) هه‌زار که‌س سودمه‌ند ده‌بون، پێویستی ته‌نیا به‌ (12) ملیۆن دۆلار هه‌بو، ئەوەش رەتکرایەوە لەکاتێکدا ئێمە جەختمان کردەوە لەوەی‌ کە ته‌نها له‌ ئاڵوگۆڕی دۆلار بۆ دینار بانکێک مانگانه‌ (25) ملیۆن دۆلار وه‌رده‌گرێت و به‌نیوه‌ی ئه‌م پاره‌یە گرفتی هه‌مو خانه‌نشین چاره‌سه‌ر ده‌بێت، بەڵام پەسەند نەکرا”.

هەروەک جەختیکردەوە؛ بەپێی‌ ئەو زانیاریانەی‌ خستویانەتەڕو، هیچ پاساوێکی‌ موقنیع نەبوە بۆئەوەی‌ دیاریکردنی‌ (400) هەزار دینار وەک کەمترین بڕی‌ خانەنشینی‌ رەتبکرێتەوە، بەڵام بە زۆرینەی‌ دەنگی‌ پەرلەمانتارانی‌ دیکە ئەو بڕە پەسەند نەکرا.
27/02/2018
زیاتر...
په‌ڕه‌یله‌ 30
ژماره‌ی بابه‌ت