فراکسیۆنه‌کان
  نوێنەرانی کورد: چاوەڕێین دوای هەڵبژاردنەکان گۆڕانکاری سیاسی بێتە ئاراوە

نوێنەرانی کورد لە لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنن؛ ئەو پشکەی حکومەتی ناوەند بۆ موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی دیاریکراوە، بەشی موچە ناکات و دەڵێن: چاوەرێی دەکەن دوای هەڵبژاردنەکان گۆڕانکاری سیاسی بێتە ئاراوە.

عەبدولقادر محەمەد، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا هاوبەشدا رایگەیاند؛ لە کۆبونەوەی ئەمڕۆی نێوان نوێنەرانی کورد لە لیژنەی دارایی و فراکسیۆن و سەرۆکایەتی پەرلەمان و نوێنەرانی حکومەت، تاوتوێی ئەو هەنگاوانەمان کرد کە لەداهاتودا دەگیرێنە بەر.

وتیشی: بودجەی ئەمساڵ بەبێ بەشداری کورد تێپەڕی، چونکە تێبینییەکانی کورد بەهەند وەرنەگیرا.

رونیکردەوە، وەکو نوێنەرانی کورد وەکو یەک تیم کاردەکەن و هەنگاوەکان بەرەو پێشەوە دەنێن.

هاوکات مەسعود حەیدەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا رایگەیاند؛ لەکۆبونەوەی ئەمڕۆدا باس لەوەکرا کە عێراق هەوڵ دەدات فەرزی ئیرادە بەسەر هەرێمی کوردستان بکات و جگە لەوەش چەندین زیادەڕەوی دەستوری و یاسایی کردوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، دوای ئەوەی لە چەند رۆژی رابردودا ترلیۆنێک دینار بۆ پشکی هەرێم زیادکرا، بەڵام ئەو پارەیەی بۆ موچەی فەرمانبەران و خانەنشینان تەرخانکراوە، (419) ملیار دینارە، بەڵام هەرێم بە سیستمی پاشەکەوتیشەوە پێویستی بە (580) ملیار دینار هەیە، واتە کورتهێنانی زۆر هەیە بودجەکەدا.

ئاماژەی بەوەشکرد، چاوەرێی دەکەن دوای هەڵبژاردنەکان گۆڕانکاری سیاسی بێتە ئاراوە و گۆڕانکاری بەسەر پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا بێت و کێشەکان چارەسەری سیاسی بۆ بدۆزێتەوە.

07/03/2018
زیاتر...
په‌ڕه‌یله‌ 30
ژماره‌ی بابه‌ت