فراکسیۆنه‌کان
   ئارام شێخ مەحەمەد: ئیدانەی ئەو دەستدرێژیی و تاوانکارییانەی تورکیا دەکەین
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئیدانەی دەستدرێژی دەسەڵاتدارانی تورکیا دەکات بۆسەر خاکی هەرێم کە بوە هۆی شەهید بونی چوار گەنج و داواش لە حکومەتی عێراق دەکات رێکاری پێویست دژ بەم دەستدرێژییە بەردەوامانەی تورکیا بگرنەبەر.

ئارام شێخ محەمەد، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەکردوە "بەداخ و پەژارەیەکی زۆرەوە هەواڵی شەهیدبونی چوار هاوڵاتی سڤیلمان لەناوچەی دۆڵی باڵەیان پێگەیشت لەئاکامی بۆردومانی فرۆکە جەنگییەکانی تورکیا".

هەروەها دەڵێت: ئێمە لەکاتێکدا ئەم دەستدرێژیی و تاوانکارییە رون و ناڕەوایەی دەسەڵاتدارانی تورکیا ئیدانە دەکەین، ئەوەیان بەبیر دەهێنینەوە کە دەستدرێژیکرنە سەر ژیانی هاوڵاتیانی وڵاتێکی هاوسێ وێڕای ئەوەی پێشێلکردنی سەروەری خاک و عورف و یاسا نێودەوڵەتیەکان و رێزنەگرتنە لەبنەمای پاراستنی دراوسێتی باش، هیچ گومانێکیشمان نیە کە دەستەبەرکردنی ئاسایش و ئۆقرەیی بەخوێنڕشتن و خولقاندنی جەنگ و پشێوی فەراهەمنابێت، بگرە ئاڵۆزی و ناسەقامگیری لەناوچەکە بەگشتی قوڵتر دەکاتەوە.

جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق داواش لەحکومەتی فیدڕاڵی و وەزارەتی دەرەوەی عێراق و لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمانی عێراق دەکات وەک بەرپرسیارو لایەنی پەیوەیست بەپاراستنی سەروەری وڵات، رێکاری پێویست دژ بەو دەستدرێژییە بەردەوامانەی تورکیا بگرنەبەر کە تائێستا بەهۆیانەوە دەیان هاوڵاتی شەهید و برینداربون و زیانێکی مادی گەورەش بەر هاوڵاتیانی ناوچە سنورییەکان کەوتوە.

لەکۆتایشدا پرسەو سەرخۆشی خۆی ئاڕاستەی کەسوکاری شەهیدەکان کرد و هیوایخواست دوا کۆست و ناخۆشییان بێت.

24/03/2018
زیاتر...
په‌ڕه‌یله‌ 30
ژماره‌ی بابه‌ت