هه‌واڵ و چالاكی‌
  عومەر سەید عەلی، سەردانی خێوەتی مانگرتوان و خۆپیشاندەران دەکات
عومەر سەید عەلی رێکخەری گشتی و ژمارەیەک هەڵسوڕاوی بزوتنەوەی گۆڕان سەردانی خێوەتی مانگرتن و ناڕەزایەتی فەرمانبەران و مامۆستایانیان کرد و پشتیوانی خۆیان بۆ خۆپیشاندەران و مانگرتوان دوپات کردەوە.

بۆ پشتگیریی کردن لە خەباتی مەدەنی و خۆپیشاندان و مانگرتنی مامۆستایان و کارمەندانی تەندروستی و فەرمانبەران و موچەخۆران دژی بەردەوامیی سیستمی پاشەکەوتی موچە، شەوی یەکشەممە، عومەر سەید عەلی رێکخەری گشی بزوتنەوەی گۆڕان و ژمارەیەک لە هەڵسوڕاوان و پەرلەمانتارانی فراکسیۆنی گۆڕان لە کوردستان و بەغدا، سەردانی خێوەتی مانگرتوانیان کرد لەبەردەوام دادگای سلێمانی و جەختیان لەسەر بەردەوامی دان بە خەباتی مەدەنی و هێمنانە کردوە.

بەهۆی پشتگیری کردنی لەداواکاریی خۆپیشاندەران، گۆڕان باجی سیاسی داوە

رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان رایگەیاند: بزوتنەوەی گۆڕان هەمیشە پاڵپشتی داواکارییەکانی خەڵکی کوردستان بوە بەهەمو چین و توێژەکانەوە و بۆ ئەوەش گۆڕان باجی سیاسی داوە.

وتیشی :"ماوەی سێ ساڵە فەرمانبەران و مامۆستایان و کارمەندانی تەندروستی و موچە خۆران، روبعە موچەیان پێدەدرێت لەکاتێکدا، بەبەردەوامی حکومەت نەوت دەفرۆشێت و داهاتەکەی دیارنییە، لەگەڵئەوەشدا دەڵێن (20) ملیار دۆلار قەرزارین".

ئاماژەی بەوەکرد؛ حکومەتی هەرێم و حکومەتی بەغدا ژمارەیەک کۆبونەوەیەان کردوە لەسەر بودجە و موچەی فەرمانبەران، پێویستە ئەو رێککەوتن و لێکتێگەیشتنانە بۆ خەڵکی کوردستان و پەرلەمان وەک بەرزترین دەسەڵاتی یاسادانان و چاودێریی رون بکرێتەوە.

پێویستە کۆتایی بەو شانۆگەرییە بهێنرێت و چی هەیە بۆ خەڵکی کوردستان و پەرلەمانی رون بکەنەوە

رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان وتیشی :"پێویستە ئەو شانۆگەرییە کۆتایی پێبهێنرێت و چی هەیە بۆ خەڵکی کوردستان و پەرلەمانی رون بکەنەوە".

عومەر سەید عەلی، جارێکی دیکە پشتیوانی بزوتنەوەی گۆڕانی بۆ داواکاریی و داخوازی فەرمانبەران و موچەخۆران و خەڵکی کوردستان دوپات کردەوە و رایگەیاند: وەک بزوتنەوەی گۆڕان ئەو سزا سیاسییانەی دراوین نیشانەی هەڵوێستی راستەقینەی ئێمەیە بۆ پشتگیریی خەڵک و هیچ کاتێک بێدەنگ نەبوین.

بزوتنەوەی گۆڕان هەمیشە پاڵپشتی کاری مەدەنی و هێمنانە دەکات

رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان لەکاتی بەسەرکردنەوەی خێوەتی مانگرتنی مامۆستایان و فەرمانبەران، داوایکرد ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکانیان بە هێمنی و ئارامی بەڕێوەبەرن بۆ ئەوەی فشار بخەنە سەر حکومەت بۆ جێبەجێ کردنی داواکارییەکانیان و دابینکردنی موچەی سەرجەم موچەخۆران و لەپێشیانەوە مامۆستایان و تەندرستی، کە داواکارییەکی رەوایە.

ئاماژەی بەوەکرد؛ بزوتنەوەی گۆڕان هەمیشە پاڵپشتی کاری مەدەنی و هێمنانە دەکات و پشتگیریی داخوازییەکانی فەرمانبەران و مامۆستایانی کردوە و لەبەرامبەردا توشی سزای سیاسی بوە.

حکومەتی هەرێم شکستی هێناوە و شکاوە 

رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان رایگەیاند: حکومەتی هەرێم شکستی هێناوە و شکاوە و پێویستە بۆ کۆمەڵانی خەڵکی رونبکاتەوە، کە رێککەوتن و لێکگەیشتنەکانی لەگەڵ حکومەتی ئیتیحادی چییە لەبارەی موچە و بودجە و لایەنی سیاسییەوە و بۆ خەڵکی رون بکەنەوە کە پەیوەندییەکانی هەرێم و حکومەتی ئیتیحادی لەکوێدا وەستاوە ئەو رێککەوتنە ئاشکرا بکەن و دان بە شکست و شکانی خۆیاندا بنێت.

عومەر سەید عەلی، هەڵوێست و بۆچونەکانی بزوتنەوەی گۆڕانی بیری خۆپیشاندەران هێنایەوە کە پێشتریش بە دەسەڵاتدارانیان وتوە کە شکاون و شکستتان هێناوە بەتایبەتی دوای ریفراندۆم و روداوەکانی (16)ی ئۆکتیبەر کە زەمینەی ئەنجامدانی نەبوە.

پێویستە موچەخۆرانی هەولێر و دهۆکیش برژێنە سەر شەقام، وەکئەوەی ئەمڕۆ دەستپێشخەرییان کرد

رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان بەپێویستیزانی حکومەت ژیان و گوزەرانی خەڵک باش بکات و وتی :" من وەک مامۆستایەک و وەک بزوتنەوەی گۆڕانیش پشتیوانی داواکارییەکانی ئێوە و خۆپیشاندەرانی هەولێر و دهۆک دەکەم و پێوستە ئەوانیش بڕژێنە سەر شەقامەکان  وەکئەوەی ئەمڕۆ دەستپێشخەرییان کردوە، بۆ ئەوەی داواکارییەکانیان جێبەجێ بکرێت.




.

26/03/2018
زیاتر...
په‌ڕه‌یله‌ 30
ژماره‌ی بابه‌ت