عومەر سەید عەلی، رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان لە میانی سەردانێکیدا بۆ بادینان و کۆبونەوەی لەگەڵ هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی گۆڕان لەو سنورە رایگەیاند؛ هەردو حیزبی دەسەڵاتدار ماوەی چارەکە سەدەیەکە حوکمی هەرێم دەکەن و ئەو دو دەسەڵاتە سەرچاوەی هەمو گەندەڵی و نادادییەکانی هەرێمن.
وتیشی: لە سیاسەتدا یان ئەوەتا دەبێت بۆ بەرژەوەندی کار بکەی یان بۆ بنەما و بیروباوەڕ، بزوتنەوەی گۆڕانیش بۆیە بەشداری حکومەتی کرد بۆ ئەوەی بیر و باوەڕەکانی جێبەجێ بکات و دید و بۆچونەکانی لە حکومەتدا جێگیر بکات، وە داوای کرد ئەم سیستمە حکومڕانییە کۆتایی بێت و بکرێت بە سیستمی پەرلەمانی، بۆیە بزوتنەوەی گۆڕان لەپێناو بیروباوەڕەکانیدا توشی سزا بو و بەو هۆیەشەوە سەرۆکی پەرلەمان و وەزیرەکانی دەرکران.
ئاماژەی بەوەکرد، دەسەڵاتداران زۆریان هەوڵدا گۆڕان بهێننەوە حکومەت و ئێمەش جەختمان کردەوە کە دەبێت دۆخەکە ئاسایی بکرێتەوە، دواتر وتیان بزوتنەوەی گۆڕان عینادە و نایەتە ژێر باری داواکارییەکانیانەوە، چونکە بزوتنەوەی گۆڕان ئامادە نەبو مل بۆ فشارەکان بدات و بچێتە ژێر داواکارییەکانی ئەوانەوەو جەختیکردەوە لەوەی گۆڕان ئامادە نییە سەری خۆی بۆ پلە و پۆست نەوی بکات.
رونیکردەوە، بەشێك لەلایەنەکان لە پرسی سەرۆکایەتی هەرێم تاوەکو نیوەی رێگەکە لەگەڵمان هاتن.
باسی لەوەشکرد، ریفراندۆم و سەربەخۆیی لای بزوتنەوەی گۆڕان بەشێکە لە خواست و بەرنامەی سیاسی بزوتنەوەکە.
رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان داوای لە لایەنگران و هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی گۆڕان کرد کە بەشداری کارا لە هەڵبژاردنەکاندا بکەن و کار بکەن بە سەرخستنی بزوتنەوەکە.