ژوره‌کان
  قادر حاجی عەلی: پڕۆژەی (سەرۆکی ھەتا مردن) لەسەر دەستی بزوتنەوەی گۆڕان شکستی ھێنا
قادر حاجی عەلی داوا لە هاوڵاتیان دەكات لەكاتی چونەسەر سندوقەكانی دەنگدان لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەو راستیانە لەبیر نەكەن كە حكومەت هەرێم بە كردەوە لەوە كەوتوە كە حكومەت بێت و ئەركە سەرەتاییەكانی حكومڕانی پیادە بكات.


قادر حاجی عەلی سەرۆكی لیژنەی باڵای هەڵبژاردنی بزوتنەوەی گۆڕان لە کەرنەڤاڵى دەستپێكی بانگەشەی بزوتنەوەی گۆڕان كە لە شاری هەولێر بەڕێوەچو، رایگەیاند؛ حوکمڕانان ساڵانێکە سزای دەستەجەمعی خەڵکی کوردستان دەدەن، بەھەمانشێوە پێویستە دەنگدەرانی ناڕازیش لەسەر سندوقەکانی دەنگدان بۆ چوار ساڵی ئایندە سزای ئەم حوکمڕانە بێدەربەست و نابەرپرسیار و گەندەڵانە بدەن.

وتیشی: "لە چەندساڵی رابردودا بزوتنەوەی گۆڕان ئیرادەیەکی بەردەوام و بەھێزی بە خەڵکی کوردستان نیشاندا و بۆ ھەموانیشی سەلماند کە تەسلیمی ئیرادەی خۆسەپێنی ھیچ ھێزێکی سیاسیی نابێت و تەنانەت پڕۆژەی ''سەرۆکی ھەتا مردن" لەسەر دەستی بزوتنەوەی گۆڕان شکستی ھێنا. 


دەقی وتاری قادر حاجی عەلی:
خۆشک و برایانی ئازیز
گۆڕانخوازانی خۆشەویست
ئەمڕۆ هەڵمەتی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەست پێدەکات. بزوتنەوەی گۆڕانیش خۆی بۆ دەورەیەکی تر لە خەباتی مەدەنیی و بۆ بەستنی پەیمانێکی تازە لەگەڵ دەنگدەرەکانی و بۆ بەوەفابوونێکی تر بەرامبەر مێژووی گەلەکەمان، ئامادەدەکات.  ئەم هەڵبژاردنە لەکاتێکدا ئەنجامدەدرێت کە ھەرێمی کوردستان لە دۆخێکی سیاسیی و سەربازیی و ئابووریی و مێژوویی پڕ کارەساتدا دەژیی. ھەژارییەکی گەورە ڕووی لە وڵاتەکەمان کردوە و نابەرپرسیارێتیی سیاسییش ھەموو سنوورە ئەخلاقیی و عەقڵانییەکانی سیاسەتکردنی لە ھەرێمدا تێپەڕاندوە. حوکمڕانە بێباکەکانی ھەرێم پاش شکستە مێژووییەکەی ریفراندوم و دوای شەرمەزارییە نیشتیمانییەکەی شانزەی ئۆکتۆبەر، تەنھا كەركوك نیوەی خاکی ھەرێمی کوردستانیان لەدەست نەدا، کە بە خوێنی سەدەھا پێشمەگە ئازادکرابوون، بەڵکو پێگە و شوێنی ھەرێمیشیان لەناو ھاوکێشە ناوچەیی و نێونەتەوەییەکانیشدا بەتەواوی لاواز و پەراوێزخستوە. لەمڕۆشدا بە کردەوە حکومەتی ھەرێم لە ناوخۆدا ھەڵوەشاوەتەوە و  جگە لە پارتی و یەکێتی، ھەموو حیزبە گەورەکانی تر لە کابینەکەی نێچیروانو قوباد کشاونەتەوە.
لەکاتێکدا حکومەت وای نیشاندەدات توانای پێدانی موچەی مانگانەی فەرمانبەرانی نییە و سەدان ھەزار خێزان لە دۆخێکی تەواو ناھەمواردا ژیان بەسەردەبەن، کەچی ژیانی نوخبە سیاسییە دەسەڵاتدارەکەو منداڵ و خانەوادەکانیان لەوپەڕی خۆشیو ڕەفاهیەتدایەو قەیرانی ئابوریی ھیچ گۆڕانێکی بەسەر ژیانی شاھانەی ئەواندا نەھێناوە.

ھاونیشتمانی ئازیز...گۆڕانخوازانی دڵسۆز
ئەمڕۆ  دانیشتوانی هەرێم بەھۆی قەیرانی قووڵی دارایی و بەبۆنەی نەبوونی سیاسەتێکی ئابووری شەفاف و بەھۆی پاشەکەوتی نایاسایی موچەوە، لەژێر سیستەمی سزادانێکی دەستەجەمعییدا دەناڵێنن. سزادانێک کە سەرەتاکەی بۆ ھەمووان ئاشکرایە و خەڵک لەناو دەرھاویشتە خراپەکانیدا دەژین، بەڵام کۆتاییە ڕاستەقینەکەی کەس نازانێت کەی دەبێت. لە ڕووی واقیعیشەوە حکومەتی هەرێم لەمڕۆدا لەوە کەوتوە حکومەت بێت، لەوە کەوتوە ئەرکە ھەرە سەرەتاییەکانی حومکڕانیی پیادەبکات و لەوەش کەوتوە سادەترین بەرپرسیارێتیی سیاسیی و ئەخلاقیی بەرامبەر ئەم وێرانبوونە ھەمەلایەنە بگرێتە ئەستۆ.
حوکمڕانانی ئەمڕۆکەی ھەرێم جگە لە کۆکردنەوەی ھێز بۆ سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران و جگە لە بڵاوکردنەوەی بەڵتەجییەکانیان بە شەقامەکاندا تا نەھێڵن خەڵکی ئێمە داوای مافە مەدەنییە ڕەواکانی خۆیان بکەن، کارێکی تری ماناداریان پێناکرێت. لەم سۆنگەیەوە بزوتنەوەی گۆڕان داوا لەو ھاوڵاتییانە دەکات کە دەچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان، ئەم ڕاستییە سادە و گومان ھەلنەگر و ئاشکرایانەیان لەبیربێت. وەکچۆن حوکمڕانان ساڵانێکە سزای دەستەجەمعی خەڵکی کوردستان دەدەن، بەھەمانشێوە دەنگدەرانی ناڕازیی لەسەر سندوقەکانی دەنگدان بۆچوارساڵی ئایندە سزای ئەم حوکمڕانە بێدەربەست و نابەرسیار و گەندەڵانە بدەن. ئەم حکومەتە دووخێزانییە تەنھا دۆخی ناوەکیی ھەرێمیان وێران نەکردوە و بەشێکی گەورەی کۆمەڵگای ئێمەیان نەکردۆتە نەیار و دوژمنی حوکمڕانییەکەی خۆیان، بەڵکو پەیوەندییەکانی ھەرێمیشیان لەگەڵ بەغدا و لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و لەگەڵ کۆمەڵگای نێودەوڵەتییدا بۆ نزمترین ئاستی سیاسیی و دیپلۆماسیی دابەزاندوە. دەوڵەتانی دراوسێ بەئاشکرا سنورەکانمان دەبەزێنن، گوند و ناوچە جیاوازەکانی کوردستان بۆمباران دەکەنو بەسەربازگەی دەکەن، خەڵکی مەدەنیی بێتاوان شەھیددەکەن و ماڵ و ژینگەکانیان وێراندەکەن، کەچی ئەم حکومەتە بێباكە وەک سیاسیەکی دۆڕاو، خۆی متو بێدەنگ کردوە.

بەڕێزان
شتێک لە سیاسەتی دەسەڵاتدارانی ھەرێمدا نەماوە ناوی پاراستنی سەرەوریی نیشتیمانیی بێت، بەھۆی سیاسەتە ھەڵەکانی ئەوانیشەوە ھیچ کەس و ھێزێک لە عێراق و جیهاندا ناڕەزایی بەرامبەر بەو ھەموو پێشێلکارییانە دەرنابڕێت. لەمانەش مەترسیدارتر ئەوەیە کە جەمسەربەندییەکی ئیقلیمی لەئارادایە کە ململانێ و ملشکاندنی جەمسەرەکان بۆ یەکتری لۆژیکی کارکردن و گەشەکردنیەتی.

ھاوڵاتیانی ئازیز
ئێمە وەکو بزوتنەوەی گۆڕان دەمانەوێت سیاسەتی کوردی لەوە ڕزگاربکەین کە ببێت بە بەشێک لەم جەمسەربەندییە ئیقلیمییە و دەمانەوێت سیاسەتی ھەرێم نەچێتە ناو ھیچ پڕۆژەیەکی ئەتنیی و دینیی و تائیفییەوە کە دەوڵەتە ئیقلیمییەکان بۆ بەرفروانکردنی ھەیمەنەی خۆیان و بۆ تەحجیمکردنی دەسەڵاتی یەکتر بەکاریبھێنن. بە ھەڵەیەکی گەورەی دەزانین میللەتی ئێمە ببرێتە ناو ھەندێک ھاوکێشەی سیاسیی و سەربازیی گەورەوە کە لە وزەی ناوەکیی ئەم میللەتە گەورەتربن و دەرەنجامەکانیشیان جگە لە ماڵوێرانی شتێکی دیکە نەبێت.  ئێمە وایدەبینین کە گۆڕینی نوێنەرایەتیکردنی ھەرێم لە بەغدا و لێسەندنەوەی ئەم نوێنەرایەتییە بۆ چوارساڵی ئایندە لە پارتیی و یەکێتیی، تەنھا سزادانی ئەم دوو حیزبە نییە لە لایەن دەنگدەرانی ھەرێمی کوردستان و عێراقەوە، بەڵکو متمانە بەخشینیشە بە بزوتنەوەی گۆڕان بۆ سەرلەنوێ داڕشتنەوەی پەیوەندییەکانی ھەرێم بە بەغداوە و بۆ پاراستنی مافە دەستوورییەکانمان و بەرگرییکردنێکی راستەقینەیە لە بەرژەوەندییە نیشتیمانییەکانمان.

ھاونیشتیمانیانی ئازیز
سیاسەتی پارتی و یەکێتی ھەموو ئەو سەرمایە ئەخلاقیی و رەمزییانەی گەلی ئێمە لەخەباتی درێژخایەنی خۆیدا  دروستیکردبوو، بەتەواوی وێران کرد. ئەزمونی ھەرێم بە کردەوە بووە بە یەکێک لە ئەزموونە ھەرە گەندەڵەکانی دونیا و خانەوادە دەسەڵاتدارەکانی ئەم ھەرێمەش وەک خانەودا ھەرە گەندەڵەکانی دونیا دەبینرێن و مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێ. ئەم دەسەڵاتدارانە کوردیان لە گەلێکەوە کە لە دونیای دوای ڕاپەڕیندا زۆرترین دۆستی ھەبوو کرد بە میللەتێک کە لەمڕۆدا زۆرترین نەیاری ھەیە. بەرنامەی ئێمە، بەرنامەی تەنھا گەڕاندنەوەی ڕێز و ماف و شکۆ نییە بۆ ئینسانی ئەم ھەرێمە، بەڵکو گەڕاندنەوەی قورساییشە بۆ ئەزموونە سیاسییەکەی ھەرێم و سەرلەنوێ نیشاندانەوەیەتی بەدونیا لە بەرگی ئەزمونێکدا خاڵی لە دزیی و جەردەیی و گەندەڵیی. ئەزمونێک پاککراوە لە حەماسەتی گەمژانە و لە عەقڵیەتی فسفسپاڵەوانانە کە کارەسات بەدوای کارەسات بۆ وڵات و میللەتی ئێمە دروستدەکات. ئابووری چەتەگەریی نەوت و گۆڕینی سیاسەت بۆ بزنسی چەند خێزان و بنەماڵەیەک و بازرگانیکردن بە سیاسەتەوە، ھەموو قورساییەکی ئەخلاقیی و عەقڵانیی لە مەسەلە ڕەواکەی کوردستان سەندۆتەوە. یەکێک لە ئەرکە سەرەکیی و سەختەکانی بزوتنەوەی گۆڕان بریتییە لە گەڕاندنەوەی ئەم ڕەھەندە ئەخلاقیی و عەقڵانییە بۆ سیاسەتی ھەرێمی کوردستان لە ناو عێراق و لە ناوچەکە و جیھاندا. ئەوەشی دەتوانێت ئەم ھەلە بە بزوتنەوەی گۆڕان ببەخشێت دەنگی دەنگدەرە وشیار و خەڵکە دڵسۆزەکەی ھەرێمە. دەنگدانتان بە گۆڕان ئەگەری بەرپاکردنی گۆڕانکاریی یاسایی و دەزگایی عەقڵانیی تەواو گەورەدەکات و دەتوانێت ڕۆڵ و شوێنگەیەکی نوێ بە ھەرێمی کوردستان لە نەخشەی سیاسیی عێراق و ناوچەکە و جیھاندا، ببەخشێت.

ھاوڕێیان و دۆستانی ئازیز، گۆڕانخوازان لە دەرەوە و ناوەوەی وڵات
لە چەندساڵی ڕابردوودا بزوتنەوەی گۆڕان ئیرادەیەکی بەردەوام و بەھێزی بە خەڵکی کوردستان نیشاندا و بۆ ھەمووانیشی سەلماند کە تەسلیمی ئیرادەی خۆسەپێنی ھیچ ھێزێکی سیاسیی نابێت، لەبەردەم ھیچ ھێز و بنەماڵەیەکدا نوچ نادات. ھاوکات بە دۆست و دوژمنانیشی نیشاندا کە ستراتیژیەتی ئەم ھێزە بۆ گەیشتن بەدەسەڵات دەنگی خەڵک و خەباتی مەدەنییە. ئەگەر بزوتنەوەی گۆڕان بەھەمان لۆژیکی گروپە خۆسەپێنەرەکانی ھەرێم سیاسەتی بکردایە و پەنای بۆ ھێز ببردایە بۆ ڕێگرتن لەو ناھەقیییە گەورانەی بەرامبەری کرا، ئەوا ھەمووان دەچوینە دۆخی جەنگ و پێکدادانی چەکدارانەی گەورەوە. بزوتنەوەی گۆڕان لەڕێگای ھێنانەپێشەوەی دەیان کادری گەنج و ئازا و ھۆشیارەوە لە ناوەوەی ھەرێم و دەرەوەی ھەرێمدا، ھێز و توانا و خوێنێکی نوێی بە خەباتی سیاسیی و مەدەنیی بەخشیی و پیرۆزیشی لە بتە سیاسییەکان و لە بنەماڵە بەپیرۆزکراوەکان سەندەوە.


هاوڵاتیانی بەڕێز
بزوتنەوەی گۆڕان پڕۆژەو چارەسەری واقیعیی و عەقلانیشی خستە بەردەست، بەڵام دەسەڵاتدارانی پارتیو یەکێتی ئەو پرۆژەو بەرنامەیانەیان پشتگوێخستو، لێکەوتە خراپەکانی دیارو ئاشکران. بۆ نمونە: ئەنجامدانی فرۆشتنی نەوت بە تاڵانی، چونە ناو فەزای سیاسەتە ئیقلیمیەکان، ئەنجامدانی ڕیفراندۆمێکی بێبنەما، ئیفلیجکردنی پەرلەمان بۆ نەهێشتنی چاودێری کارە چەوتەکانی حکومەتو دەیان هەڵەی ستراتیژی تر. ئێمە بێگومانین مێژووی پاش ڕاپەڕین ئەو راستییە بۆ ئێمەی گۆڕانخوازان دەنووسێتەوە کە پڕۆژەی ''سەرۆکی ھەتا مردن“ لەسەر دەستی بزوتنەوەی گۆڕان شکستی ھێنا. بزوتنەوەی گۆڕان توانیویەتی لەم چەندساڵەی دروستبوونیدا ببێت بەو چەترەی کە نەک تەنھا بەرگریی لە خەباتی مەدەنیی و فرەیی سیاسیی دەکات، بەڵکو بەردەوام لە کۆشیشی ئەوەشدا بووە و دەشبێت کە ھەموو ھێزە ریفۆرمخوازەکان بەیەکەوە کۆبکاتەوە، بۆئەوەی کۆتایی بەم ئەزموونە خراپ و ئیدارە فاشیل و مۆدێلە گەندەڵە بھێنێت.  لە ئاستی عێراقیشدا ئێمە بڕوامان بە شەراکەتی سیاسیی ھەیە لەناو سیستەمێکی فیدراڵیدا، بەڵام شەراکەتی سیاسیی مانای تەوافوق نییە لەنێوان چەند ھێزێکدا کە تاکڕەوانەو بەحوکمی زۆرینە ھەموو ماناکانی شەراکەت لەناو عێراقدا لەتوپەتبکەن. ئێمە دەچینە بەغدا بۆ چارەسەركردنی كێشە بنەڕەتییەكانی كوردستان لەسەرو هەمویانەوە كێشەی خاك، كێشەی نەوت، كێشەی پێشمەرگە و هەمو كێشەكانی تریش.

بەڕێزان دەمانەوێ زۆر بەڕاشكاوانە پێتان بڵێین:
ئێمە وەک بزوتنەوەی گۆڕان نە سەرکەشین و نە ملکەچین. نە قومار بە خەونە نەتەوەییەکانمانەوە دەکەین و نە خواستە نیشتیمانەکانیشمان دەشارینەوە. نە حەماسەتی درۆزنانە دەوروژێنین نە دەشھێڵین نائومێدیی ببێت بە نۆرم و خەونی پیادەکردنی گۆڕانکاریی بکوژێتەوە. ئێمە ھەڵگری سیاسەتێکی ڕەخنەیی واقیعبینانەی عەقڵانین کە خەمی سیاسیی گەورەمان چارەسەرکردنی کێشە گەورەکانی ھەرێمە.  ئێمە پەیڕەوی لە سیاسەتێک دەکەین کە خشت بەخشت تەلاری ئەو نیشتیمانەمان بۆ ھەڵبچنێت کە ھاونیشتیمانیبوون و ھاومافی و ئازادیی و رێزگرتن لە دەستووری پێکەوەژیاندا، پایە سەرەکییەکانی پێکدەھێنن.
کوردستان نیشتیمانی ئێمەیە، تا ئێمەش مابین رێگەنادەین ببێت بە سەرزەمینی شکاندنی کەرامەتی ھاونیشتیمانانی ئێمە و بێڕێزیکردن بەرامبەر بە مێژووە بریندارەکەی. بۆئەوەی ئەم کارەشمان پێبکرێت پێویستمان بە ھاریکاریی ھاوڵاتیانی خۆمانە. ھیوادارین لەم ھەڵبژاردنەوە ئەو متمانەیەمان پێببەخشن و ھاریکارمان بن بۆ تێپەڕاندن و چاککردنی ئەم دۆخە سەخت و نالەبارە.
لێرەدا دەمانەوێت سوپاسی ھەموو ھاونیشتیمانیانی وڵاتەکەم و ھەموو ئەو گۆڕانخوازانە بکەم کە سەرەڕای سەختیی و دژواریی ھەلومەرجەکان، بێوچان و خۆبەخشانە دژ بە نادادیی و نایەکسانیی درێژەیان بە خەباتی سیاسیی و مەدەنیی خۆیان و بزوتنەوەی گۆڕان داوە. ھەروەھا سوپاسی ھەموو ھاوکارانم دەکەم کە بێوچان کاریان لەسەر ئامادەکردنی ئەم پرۆگرامە نوێیەمان کرد. داوا لە ھەموو ھاونیشتیمانیان لە ناوەوە و دەرەوەی ھەرێمیش دەکەم بە گوڕو تینی خۆبەخشانەی گۆڕانەوە بڕۆن بۆ دەنگدان و کار بۆ سەرخستنی لیستەکەمان بکەن لەژێر دروشمی (گۆڕان ئیرادەیەکی بەردەوامە). سوپاسی ھەموو ئەوانەش دەکەین کە بێھیوا و بێئومێدنەبون و ئاگری دەسکاریکردن و گۆڕینی ئەو دۆخەیان لەناو خۆیاندا نەکوژاندۆتەوە.
گۆڕان ئیرادەیەکی بەرەدوامە، خەونێکی واقیعییە، ئومێدێکە ناشکێت.
ھەر شاد و سەرکەوتووبن.

15/04/2018
زیاتر...
په‌ڕه‌یله‌ 50
ژماره‌ی بابه‌ت