ژوره‌کان
  بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان چۆن سامانی‌ سروشتی‌ ده‌كاته‌ سامانی‌ خه‌ڵك؟
به‌رنامه‌ی‌ لیستی‌ گۆڕان بۆ سامانه‌ سروشتیه‌كان‌
هه‌رێم؛ سه‌ر زه‌مینێكی‌ ده‌وڵه‌مه‌ند به‌ سامانی‌ سروشتی‌
نه‌وت‌و غاز نه‌بو‌ونه‌ته‌ هۆی‌ خۆشگوزه‌رانی‌ خه‌ڵك
بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان: هه‌رێم‌و پارێزگاكان به‌شداربن له‌ داڕشتنی سیاسه‌تی نه‌وتی
بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان: گرێبه‌سته‌كانی نه‌وت‌و غاز  بخرێنه‌ ژێر چاودێریی په‌رله‌مانه‌وه‌ 
بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان: به‌رهه‌مهێنان له‌ غاز بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی كاره‌با‌و پڕۆژه‌ی پترۆكیمیایی 
بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان: رێكخستنی سه‌رچاوه‌كانی ئاوو دابه‌شكردنی به‌شێوه‌یه‌كی دادپه‌روه‌رانه‌


یه‌كێك له‌و پرسانه‌ی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان گرنگی‌ پێده‌دات‌و به‌ ئه‌وله‌ویه‌تی‌ كاره‌كانی‌ داهاتووی‌ ده‌زانێت، نه‌وت‌و غاز‌و سامانی‌ ئاوه‌، كه‌ تا ئێستا به‌هۆی‌ سیاسه‌تی‌ شكستخواردوی‌ حكومڕانانی‌ هه‌رێمه‌وه‌، له‌ جیاتی‌ خۆشگوزه‌رانی‌، نه‌هامه‌تی‌‌و ده‌ردی‌ سه‌ریان بۆ خه‌ڵك هێناوه‌.

كوردستان وڵاتێكی‌ ده‌وڵه‌مه‌ند به‌ سامانی‌ سروشتی‌، به‌ڵام نه‌بو‌ونی‌ به‌رنامه‌‌و پلان وایكردو‌وه‌ ئه‌م به‌رهه‌می‌ سامانه‌ بۆ هه‌مو‌وان نه‌بێت، چینێكی‌ ده‌سته‌بژێر بو‌ونه‌ته‌ ملیاردێر‌و زۆرینه‌ی‌ خه‌ڵكه‌كه‌ش له‌ نه‌بو‌ونیدا ژیان ده‌گوزه‌رێنن.

نه‌وت سه‌رچاوه‌ی‌ یه‌كه‌می‌ هه‌رێمی‌ كوردستانه‌، به‌ شێوه‌یه‌كی‌ ناشه‌فانه‌ به‌رهه‌مهێنانی‌ تێدا ده‌كرێت، له‌ ساڵی‌ 2015ه‌وه‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم به‌شێوه‌ی‌ سه‌ربه‌خۆیی‌ هه‌نارده‌ی‌ ده‌كات، به‌ڵام كه‌س ئاگاداری‌ بڕی‌ هه‌نارده‌‌و داهاته‌كه‌ی‌ نییه‌، قازانجه‌كه‌شی‌ بۆ یه‌كێتی‌‌و پارتی‌‌و له‌و دوو حیزبه‌شه‌وه‌ بۆ بنه‌ماڵه‌ی‌ تاڵه‌بانی‌‌و بارزانی‌ ده‌بێت.
نه‌وتی‌ هه‌رێم:
* هه‌رێمی كوردستان له‌ یه‌ده‌گی‌ نه‌وتدا له‌ پله‌ی‌ ده‌یه‌می‌ وڵاتاندایه‌.
* یه‌ده‌گی نه‌وتی هه‌رێم به‌ كه‌ركوك‌‌و ناوچه‌ دابڕێنراوه‌كانه‌وه‌ (4.5%) یه‌ده‌گی هه‌موو جیهان.
* یه‌ده‌گی نه‌وتی كوردستان دوو ئه‌وه‌نده‌ی یه‌ده‌گی نه‌وتی ئه‌مه‌ریكایه‌ كه‌ (22 ملیار) به‌رمیل نه‌وته‌.

ئێستا حكومه‌تی‌ هه‌رێم رۆژانه‌ زیاتر له‌ 300 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت هه‌نارده‌ ده‌كات.
نرخی‌ به‌رمیلێك نه‌وت نزیكه‌ی‌ 70 دۆلاره‌.
داهاتی‌ مانگانه‌ی‌ نه‌وت زیاتر له‌ 550 ملیار دیناره‌.

سه‌رباری‌ ئه‌وه‌ی‌ ژێر زه‌وی‌ ئه‌م وڵاته‌ پڕه‌ له‌ نه‌وت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی‌ ناشه‌فافی‌‌و گه‌نده‌ڵی‌‌و ئیداره‌دانی‌ شكستخواردوه‌‌و ئه‌م سه‌رچاوه‌یه‌ نه‌هامه‌تی‌ به‌دوای‌ خۆیدا هێناوه‌، بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان بۆ كه‌رتی‌ نه‌وت به‌رنامه‌یه‌كی‌ تێرو ته‌سه‌لی‌ داناوه‌.

به‌رنامه‌ی‌ گۆڕان بۆ كه‌رتی‌ نه‌وت:
* دروستكردنی دامه‌زراوه‌ی گشتی چاودێری داهاتی فیدراڵ‌و ده‌سته‌ی راژه‌ی فیدراڵ.
* چاره‌سه‌ركردنی‌ كێشه‌ په‌یوه‌ندییداره‌كان به‌نه‌وت‌و غازو سامانه‌ سروشتییه‌كانی‌ تر، له‌ رێگه‌ی‌ دانانی‌ یاسایه‌كه‌وه‌
* سووربوون له‌سه‌ر به‌شداربوونی هه‌رێم‌و پارێزگا به‌رهه‌مهێنه‌كان له‌ داڕشتنی سیاسه‌تی نه‌وتی. 

گرێبه‌سته‌كانی‌ نه‌وت له‌ هه‌رێم دوور له‌چاودێری‌ په‌رله‌مان‌و ته‌نانه‌ت وه‌زیره‌كانی‌ حكومه‌تیش ئه‌نجامدراون، ئاشتی‌ هه‌ورامی‌‌و نێچیرڤان بارزانی‌ ئه‌و دوو كه‌سه‌ن كه‌ ئاگاداری‌ ورد‌و درشتی‌ گرێبه‌سته‌كانن گومان ده‌كرێت له‌ ژێره‌وه‌ به‌رپرسانی‌ یه‌كێتی‌‌و پارتی‌ له‌ پشكیان له‌ گرێبه‌سته‌كاندا هه‌بێت.

به‌رنامه‌ی‌ گۆڕان بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی‌ شه‌فافیه‌ت له‌ نه‌وتدا:
* سووربوون له‌سه‌ر به‌شداربوونی هه‌رێم‌و پارێزگا به‌رهه‌مهێنه‌كان له‌ داڕشتنی سیاسه‌تی نه‌وتی.
* گرێبه‌سته‌كانی نه‌وت‌و غاز بخرێنه‌ ژێر چاودێری په‌رله‌مانه‌وه‌.
* چه‌سپاندنی شایسته‌ی پترۆدۆلار، بۆ ئه‌و پارێزگایانه‌ی نه‌وت‌و غازو پاڵاوگه‌یان هه‌یه‌.
*دانانی نوێنه‌ری هه‌میشه‌یی هه‌رێمی كوردستان له‌ كۆمپانیای فرۆشتنی نه‌وتی عێراق (سۆمۆ).
*دابینكردنی موچه‌و پێداویستییه‌ داراییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان‌و پێداویستی كۆمپانیاكانی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت.

یه‌كێكی‌ دیكه‌ له‌ سامانه‌ سروشتیه‌كانی‌ هه‌رێم، غازی‌ سروشتیه‌، به‌پێی‌ ئاماره‌كانی وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كان، هه‌رێمی كوردستان خاوه‌نی بڕی 200 تریلیۆن پێ سێجا (5.7 ترلیۆن مه‌تر سێجا) یه‌ده‌گی غازی سروشتی هه‌یه‌، كه‌ بریتیه‌ له‌ 3% ی تێكڕای یه‌ده‌گی جیهان.

به‌هه‌مان شێوه‌ی‌ نه‌وت، وه‌به‌رهێنان له‌م كه‌رته‌دا به‌شێوه‌ی‌ ناشه‌فافی‌ به‌ڕێوه‌ ده‌چێت، بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان به‌رنامه‌ی‌ بۆ په‌ره‌پێدان به‌م كه‌رته‌ هه‌یه‌‌و ده‌یه‌وێت به‌رهه‌مهێنان له‌ غازی سروشتیدا، بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی كاره‌باو پڕۆژه‌ی پترۆكیمیایی به‌كاربهێنرێت.

نه‌وت یه‌كێكه‌ له‌كێشه‌ هه‌ڵپه‌سێدراوه‌كانی‌ نێوان هه‌رێم‌و به‌غدا، سه‌رچاوه‌ی‌ زۆربه‌ی‌ ناكۆكیه‌كانی‌ حكومه‌تی‌ ناوه‌ندی‌‌و به‌غدا بووه‌، زۆرجاریش ئه‌م پرسه‌ تێكه‌ڵی‌ ململانێ‌ سیاسیه‌كان كراوه‌.

به‌رنامه‌ی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان بۆ چاره‌سه‌ری‌ كێشه‌كان: 
* په‌یڕه‌وكردنی پره‌نسیپی شه‌فافییه‌ت له‌ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ داهات‌و بودجه‌ی گشتی فیدراڵی‌و حكومه‌تی هه‌رێم.
* نه‌به‌ستنه‌وه‌ی بودجه‌ی عێراق به‌ كێشه‌ سیاسییه‌كانه‌وه‌، له‌كاتی بوونی ناكۆكی په‌نا ببرێته‌ به‌ر دادگا.
* زامنكردنی پشكی هه‌رێم‌و پارێزگاكان، له‌ په‌ره‌پێدان به‌سه‌رجه‌م كه‌رته‌كاندا.
* زامنكردنی پشكی هه‌رێم‌و پارێزگاكان، له‌ پڕۆژه‌ ستراتیژییه‌ فیدراڵییه‌كانی كه‌رتی گواستنه‌وه‌و گه‌یاندن.

وڵاتێك كه‌ هێنده‌ ده‌وڵه‌مه‌ند بێت به‌ سامانی‌ سروشتی‌، سته‌مه‌ خه‌ڵكه‌كه‌ی‌ ده‌ستی‌ به‌ برسیه‌تی‌ بژی‌‌و ده‌ست نه‌خاته‌ سه‌ر سكی‌ تێر، ئه‌گه‌ر زۆرترین نوێنه‌ری‌ گۆڕان بگه‌نه‌ په‌رله‌مان، ئه‌م پرسانه‌ له‌ ئه‌وله‌ویه‌تی‌ كاره‌كانی‌ بزوتنه‌وه‌كه‌ ده‌بن، بۆ ئه‌وه‌ی‌ نه‌وت‌و غاز‌و ئاو كه‌ ده‌وترێت موڵكی‌ خه‌ڵكن داهاته‌كه‌شیان بۆ خه‌ڵك بێت نه‌ك بۆ حیزب‌و بنه‌ماڵه‌.



.
17/04/2018
زیاتر...
په‌ڕه‌یله‌ 50
ژماره‌ی بابه‌ت