هه‌واڵ و چالاكی‌
  عومه‌ر سه‌ید عه‌لی‌: گۆڕان به‌هۆی‌ هه‌ڵوێسته‌كانیه‌وه‌ باجی‌ سیاسیی‌ داوه‌
عومه‌ر سه‌ید عه‌لی‌، رێكخه‌ری‌ گشتیی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان رایگه‌یاند، مامۆستایان رۆڵی‌ گرنگیان له‌ناو بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕاندا هه‌بوه‌ و له‌م هه‌ڵبژاردنه‌شدا ده‌توانن به‌ ده‌نگه‌كانیان ئه‌و كه‌لێنه‌ پڕ بكه‌نه‌وه‌ كه‌ به‌هۆی‌ كۆچی‌ دوایی‌ نه‌وشیروان مسته‌فاوه‌ دروست بوه‌ له‌سه‌ر ئاستی‌ هه‌رێم.

له‌میانی‌ كۆبونه‌وه‌یه‌كیدا له‌گه‌ڵ مامۆستایانی‌ گۆڕان كه‌ سه‌عات (4:00)ی‌ دوانیوه‌ڕی‌ ئه‌مڕۆ له‌ هۆڵی كۆبونه‌وه‌كانی‌ گۆڕان له‌ مه‌كۆی‌ سه‌ره‌كی‌ له‌ سلێمانی‌ به‌ڕێوه‌چو، عومه‌ر سه‌ید عه‌لی‌ رایگه‌یاند، به‌درێژایی‌ مێژوی‌ شۆڕشه‌ كوردییه‌كان، مامۆستایان رۆڵی‌ گرنگیان بینیوه‌ چ له‌سه‌ر ئاستی‌ پیشه‌كه‌ی‌ خۆیان چ له‌ناو خه‌ڵكدا، ئه‌مڕۆ له‌ناو ریزه‌كانی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕاندا به‌هه‌مان شێوه‌ رۆڵی‌ كاریگه‌ریان هه‌یه‌.

وتیشی‌: له‌دوای‌ ریفراندۆمه‌كه‌ی‌ ساڵی‌ رابردو و هه‌روه‌ها له‌دوای‌ (16)ی‌ ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌به‌رده‌م قۆناغێكی‌ سه‌ختدایه‌، جگه‌ له‌وه‌ش كۆچی‌ دوایی‌ ره‌وانشاد نه‌وشیروان مسته‌فا خه‌ساره‌تێكی‌ گه‌وره‌ بو بۆ گه‌لی‌ كورد به‌گشتی‌ كه‌ به‌درێژایی‌ 50 ساڵی‌ رابردو جێده‌ستی‌ ئه‌و له‌ سیاسه‌تدا دیاربوه‌، بۆ ئه‌و كه‌لێنه‌ گه‌وره‌یه‌ به‌ هه‌وڵ و هیمه‌تی‌ كۆمه‌ڵانی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان به‌گشتی‌ و مامۆستایان به‌ تایبه‌تی‌ پڕده‌كرێته‌وه‌.

رێكخه‌ری‌ گشتیی‌ گۆڕان ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شكرد كه‌ له‌ئێستادا میلله‌تی‌ كورد له‌به‌رده‌م دو حكومه‌تی‌ شكستخواردوی‌ به‌غدا و هه‌رێمدایه‌ و هه‌ردولا پێشێلی‌ ده‌ستوریان كردوه‌ له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵه‌كه‌سانێكه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌برێن كه‌ به‌دوای‌ به‌رژه‌وه‌ندیی‌ كه‌سی‌ و حیزبییه‌وه‌ن، بۆیه‌ پێویسته‌ گه‌لی‌ كورد به‌ ده‌نگدان سزای‌ ئه‌و هێزانه‌ بده‌ن له‌پێناو گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ مافی‌ ره‌وای‌ مافخواراواندا.
 
ته‌ئكیدیشیكرده‌وه‌ كه‌ ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ گرنگی‌ زۆری‌ هه‌یه‌ بۆ گۆڕان چونكه‌ كاریگه‌ریی‌ ده‌بێ بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ تری‌ ناوخۆی‌ هه‌رێم له‌ داهاتودا، بۆیه‌ گرنگه‌ كار بۆ سه‌رخستنی‌ په‌یام و كارنامه‌ی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان بكرێت به‌تایبه‌ت له‌ كاتێكدا كه‌ گۆڕان به‌دوای‌ به‌رژه‌وه‌ندیی‌ تایبه‌تی‌ تاكه‌كانی‌ یان به‌رژه‌وه‌ندی‌ حیزبه‌وه‌ نه‌بوه‌، بۆیه‌ باجی‌ داوه‌ و سزای‌ سیاسی‌ خواردوه‌ و هه‌یشه‌ به‌دوای‌ هه‌ڵوێسته‌كانیه‌وه‌ بوه‌.

27/04/2018
زیاتر...
په‌ڕه‌یله‌ 32
ژماره‌ی بابه‌ت