ژوره‌کان
  شەش لایەنەکە: کۆی پرۆسەی هەڵبژاردن و ئەنجامەکانی رەتدەکەیەنەوە

شەش لایەنە سیاسییەکە کۆی پرۆسەی هەڵبژاردن و دەرەنجامەکانی رەتدەکەنەوە و داوا دەکەن سەر لەنوێ هەڵبژاردن لە هەرێم و ناوچە دابڕێندراوەکان ئەنجام بدرێتەوە.

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا سەڵاحەدین بەهادین، ئەمینداری گشتی یەکگرتوی ئیسلامی دوای تەواوبونی کۆبونەوەی شەش لایەنەکە رایگەیاند؛ هەر شەش لایەنەکە دەرەنجام و پرۆسەی هەڵبژاردن رەتدەکەنەوە، چونکە تەزویرێکی زۆر کراوە و دەنگی دەنگدەرەکانیان دزراوە.

وتیشی: داوا دەکەین دوبارە هەڵبژاردن لە هەرێم  و ناوچە دابڕێندراوەکان ئەنجام بدرێتەوە بە سەرپەرشتی چاودێرانی نێودەوڵەتی.

ئەمینداری گشتی رونیکردەوە، شەش لایەنەکە سورن لەسەر پاراستنی دەنگی دەنگدەرانیان و مافە زەوتکراوەکانیان، هەروەها هەمو رێگایەکی سیاسی و یاسایی مەدەنی دەگرنە بەر بۆ گێڕانەوەی دەنگی دەنگدەراکانیان و بۆ ئەو مەبەستەش لیژنەیەکی هەماهەنگی لەنێوان شەش لایەنەکە دروستککراوە و پێشوازیش لە هاتنە ناوەوەی لایەنە ناڕازییەکانی دیکە دەکەن.

هەروەها شەش لایەنەکە داواشیان لە کۆمسیۆن کردوە بە پەلە بە دەم داواکارییە ئەو شەش لایەنە بێن.

دەقی راگەیەندراوەکە:
به‌ناوی خوای به‌خشنده‌ و میهره‌بان
راگه‌یانراوی كۆبوونه‌وه‌ی هاوبه‌شی 6 لایه‌نی سیاسی كوردستان
ئه‌مرۆ دووشه‌ممه‌ 14/5/2018 (6) لایه‌نی سیاسی كوردستانی له‌سه‌ر ئاستی كه‌سی یه‌كه‌م له‌ باره‌گای یه‌كگرتوی ئیسلامی كوردستان له‌ شاری هه‌ولێر كۆبونه‌وه‌یه‌كی هاوبه‌شیان ئه‌نجام دا به‌مه‌به‌ستی هه‌ڵسه‌نگاندن و هه‌ڵوێست وه‌رگرتن له‌ باره‌ی ئه‌نجامه‌ به‌راییه‌كانی هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق كه‌ له‌ ( 12/5 ) دا ئه‌نجام درا.

به‌ داخه‌وه‌ پرۆسه‌ی ده‌نگدانی ئه‌لیكترۆنیه‌كه‌ روبه‌روی ده‌ستێوه‌ردان و ساخته‌كاریه‌كی به‌رنامه‌ بۆ دارێژراوی پێش وه‌خته‌ بۆته‌وه‌، دوای تاوتوێكردنی پرۆسه‌كه‌ كۆبونه‌وه‌ گه‌یشته‌ ئه‌م چه‌ند بڕیاره‌ی خواره‌وه‌:

1. ره‌تكردنه‌وه‌ی ئه‌نجامه‌ به‌راییه‌كان و كۆی پرۆسه‌كه‌ به‌ هۆی زه‌وتكردنی ئیراده‌ی جه‌ماوه‌ری كوردستان و دزینی ده‌نگه‌كانیان .

2. داوای دووباره‌كردنه‌وه‌ی ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان و پارێزگای كه‌ركوك و ناوچه‌ دابڕێنراوه‌كان له‌ ژێر چاودێری نێوده‌وڵه‌تی به‌زوترین كات .

3. ئامانجی راسته‌قینه‌ی لایه‌نه‌كانی به‌شدار له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌ بریتی یه‌ له‌ به‌رگریكردن و گه‌ڕانه‌وه‌ی ئیستیحقاقی راسته‌قینه‌ی ده‌نگده‌رانی گه‌له‌كه‌مان .

4. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ی سه‌ره‌وه‌ هه‌مو رێكاره‌ سیاسی و یاسایی و مه‌ده‌نیه‌كان ده‌گرینه‌ به‌ر دور له‌ هه‌موو جۆره‌ توند و تیژیه‌ك .

5. پێكهێنانی لێژنه‌یه‌كی هاوبه‌ش له‌ هه‌ماهه‌نگی نێوان ئه‌م (6) لایه‌نه‌ بۆ به‌دواداچوون و گێرانه‌وه‌ی ده‌نگه‌ دزراوه‌كانی جه‌ماوه‌ر و ده‌رگاش كراوه‌یه‌ له‌به‌رده‌م هه‌ر لایه‌نێكی تری سیاسی كه‌ ئاماده‌بێت به‌رگری له‌ مافی ده‌نگده‌رانی گه‌له‌كه‌مان بكات .

6. داوا له‌ كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق ده‌كه‌ین به‌ خێرایی به‌ده‌م داوا كاریه‌كانمانه‌وه‌ بێت.

بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان
یه‌كگرتوی ئیسلامی كوردستان
هاوپه‌یمانی دیموكراسی و دادپه‌روه‌ری
كۆمه‌ڵی ئیسلامی كوردستان
بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی كوردستان
حزبی شیوعی كوردستان
15/05/2018
زیاتر...
په‌ڕه‌یله‌ 50
ژماره‌ی بابه‌ت