ژوره‌کان
  گۆران بەرامبەر بە هیچ هێزێكی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی سازش ناكات
گۆڕان تا لە حكومەتدابوو، سازشی لەسەر موچەی هاوڵاتیان نەكرد
پارتی و یەكێتی پێیانوابوو دوای نەوشیروان مستەفا گۆڕان دەبێتە هێزێكی سازشكەر


لە ساڵی ٢٠٠٩وە تا ئێستا بزوتنەوەی گۆڕان بە چەندین قۆناغ و وێستگەی جیاوازدا تێپەڕیوە، بەڵام تا ئێستاشی لەگەڵدابێت سازشی بۆ هیچ هێزێكی ناوخۆ و بیانی نەكردووە، لە ئێستاشدا و لە دوای ساختەكاری سیستماتیك لە ئەنجامی هەڵبژاردنەكاندا بزوتنەوەی گۆڕان دەنگدەرانی دڵنیا دەكاتەوە سازش لەسەر یەك دەنگی هاوڵاتیان ناكات.

یار و نەیار، دۆست و دوژمن شایەتی بۆ دەدەن كە گۆڕان هێزێكە سازش لە سەر مافەكانی خەڵك و باوەڕ و پرەنسیپەكانی خۆی ناكات، لە ساڵی ٢٠٠٩وە تا ئێستاشی لەگەڵدابێت نە بەرامبەر هیچ هێزێكی ناوخۆیی و نە بەرامبەر هیچ هێزێكی هەرێمی و نێودەوڵەتی سازشی نەكردووە، هەر ئەم تایبەتمەندییەشە وایكردووە كە لەسەر ئاستی هەرێم و عێراقیشدا بزوتنەوەی گۆڕان وەك هێزێكی جیاواز لە هەموو هێز و لایەنەكانی دیكە بناسرێت.

لە دوای دامەزرانی گۆڕانەوە هێزە هەرێمایەتییەكان هەوڵیاندا گۆڕان وەك ‌هێزەكانی دیكە دەستەمۆ بكەن، بەڵام گۆڕان تەسلیمی ئیرادەی هیچ هێزێكی هەرێمایەتیی نەبوو و زۆرجاریش باجەكەی داوە.

لە ساڵی ٢٠١٥دا كاتێك كێشەی سەرۆكایەتی هەرێم سەریهەڵدا، پارتی ئامادەبوو لە پشكی خۆی چەندین پۆستی وەزاری و حكومی بداتە گۆڕان تەنیا بەو مەرجەی گۆڕان رازی بێت دوو ساڵی دیكە لە پەرلەمانەوە ماوەی سەرۆكایەتی بارزانی درێژ بكرێتەوە، بەڵام گۆڕان سازشی نەكرد و وەڵامەكەی بۆ پارتی ئەوە بوو كە سازش لەسەر سەروەریی یاسا ناكات.

هەر سەبارەت بە كێشەی سەرۆكایەتی هەرێم ساڵی ٢٠١٥ تەنانەت، ئەمریكا و لایەنە نێودەوڵەتییەكانیش هاتنەسەر خەت بۆ ئەوەی لە دەرەوەی یاسا، ئەم كێشەیە لەنێوان گۆڕان و پارتیدا یەكلایی بكرێتەوە، بەڵام گۆڕان دوبارە هەر سازشی نەكرد.

بۆ وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری سلێمانیش، گۆڕان بۆ ماوەی ساڵ و نیوێك وەرگرتنی پۆستەكەی دواخست تەنیا لەبەر ئەوەی سازشی لە سەر سەروەریی یاسا نەكرد، بەوپێیەی بۆ وەرگرتنی پۆستەكە پێویستی بە ئیمزای سەرۆكایەتی هەرێم هەبوو، بەڵام گۆڕان تا ئەو كاتەی بارزانی لە كۆتایی ساڵی ٢٠١٧ بارزانی كورسییەكەی چۆڵكرد ئامادەنەبوو ئەو پۆستە وەربگرێتەوە.

گۆڕان تا ئەو كاتەی لە حكومەتدابوو، سازشی لەسەر موچەی هاوڵاتیان نەكرد و ڕێگەی نەدا لەو كاتەدا سیستمی نایاسایی پاشەكەوتی موچە جێبەجێ بكرێت، جگە لەوەش ڕێگەی نەئەدا موچەی فەرمانبەران دوابخرێت، بە جۆرێك كاتێك گۆڕان لە ساڵی ٢٠١٤دا چووە ناو حكومەتەوە، دوو موچە دواكەوتبوو، كاتێكیش لە حكومەتدا نەما هەر دوو موچە دواكەوتبوو.

لە دوای كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا، پارتی و یەكێتی دڵیانخۆش كردبوو كە گۆڕانی دوای نەوشیروان مستەفا دەبێتە گۆڕانێكی سازشكەر، بەڵام نەیاندەزانی گۆڕانێك كە لەسەر دەستی نەوشیروان مستەفا دامەزرابێت، درێژەدەری ڕێبازەكەشی دەبێت، هەر بۆیە تەنیا یەك مانگ دوای كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا دڵخۆشییەكەی پارتی و یەكێتی كۆتایی هات، كاتێك گۆڕان لەسەر پرسی ریفراندۆم سازشی نەكرد و نەچووە ناو ئەو ئەنجومەنەوە كە ناوی لێنرابوو ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم، لە كاتی كاراكردنەوەی پەرلەمانیشدا لە هاوینی ٢٠١٧دا گۆڕان سازشی نەكردو بەشداری لەم كاراكردنەوەیەدا نەكرد.

بەپێی ئەم مێژووە دوور و درێژە، لە ئێستادا و لە دوای كودەتای هەڵبژاردنیش، با هەم لایەنگر و دەنگدەرانی گۆڕان و هەم نەیارانی گۆڕان دڵنیابن ئەمجارەشیان گۆڕان سازش لەسەر یەك دەنگی هاوڵاتیان ناكات.


15/05/2018
زیاتر...
په‌ڕه‌یله‌ 50
ژماره‌ی بابه‌ت