هه‌واڵ و چالاكی‌
  ناوەڕۆکی کۆبونەوەی مەکگۆرک و سەرکردەی چوار لایەنە سیاسییەکە
رێکخەری ژوری پەیوەندی دیپلۆماسی بزوتنەوەی گۆڕان، ناوەڕۆکی کۆبونەوەی سەرکردەی چوار لایەنەکە و برێت مەکگۆرک ئاشکرا دەکات و جەخت دەکاتەوە ئەو لایەنانە سورن لەسەر رەتکردنەوەی پرۆسەی هەڵبژاردنەکە و سازش لەسەر دەنگی خەڵک ناکەن.

د.هۆشیار عومەر عەلی، رێکخەری ژوری پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی بزوتنەوەی گۆڕان و بەشداری کۆبونەوەکە، دوابەدوای کۆبونەوەی برێت مەکگۆرک و سەرکردەی چوار لایەنە سیاسییەکە لە گردی زەرگەتە، بە رۆژنامەنوسان راگەیاند: سەردانەکەی برێت مەکگۆرک نوێنەری تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش و باڵیۆز و کونسوڵی ئەمەریکا لە بەغدا و هەولێر، بۆ بزوتنەوەی گۆڕان و هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری و کۆمەلی ئیسلامی و یەکگرتوی ئیسلامی، گرنگە و مامەڵەکردنە لەگەڵ ئەو هەڵویستەی ئێمە لە ئاستێکی نێودەوڵەتیدا، ئێمە بە گرنگییەوە لێی دەڕوانین بەتایبەتی هاتنیان بۆ سلێمانی و کۆبونەوەیان لەگەڵ سەرۆک و سەرکردەی ئەو کیانە سیاسییانە.

وتیشی :" ئەوەی بۆ ئێمە گرنگ بو ئەوەبو کە چوار لایەنەکە یەکڕیزین لە هەڵوێستەکانماندا ئەو ئەنجام و پرۆسەیە رەتدەکەینەوە، ئەم ئەنجامە تەنها تەزویر نییە، بەڵکو گۆڕینی تەواوی ئەنجام و پرۆسەکەیە، ئەم تەزویر کردنە بەم ئاستە باڵایەو و بەوشێوەیە کە رونە لای هاوڵاتیانی کوردستان و دەوڵەتانی دنیاش، دەبێتە هۆی ناسەقامگیری و تێکچونی ئاسایش لەهەرێمی کوردستان و ئەو لایەنانەی ئەم هەنگاوانەیان ناوە بەرپرسیارن و ئێمە ئێستاش سورین لەسەر ئەوەی ئەم ئەنجامە هەڵبوەشێتەوە و سکاڵاشمان کردوە، کە جارێکی دیکە هەڵبژاردن ئەنجامبدرێتەوە".

د.هۆشیار عومەر، سەبارەت بە هەڵویستی وەفدی باڵای ئەمەریکا، رایگەیاند: ئەوەی بەلای ئەوانەوە گرنگ بو، زۆر بەجدی ئەم هەڵوێستەی ئێمەیان وەرگرتوە، لەگەڵ یۆنامی و یان کۆبیچ نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان لەعێراق، لەسەر خەتن بۆ ئەوەی بەوردی بەدواداچون بکرێت سکاڵاکان.

ئاماژەی بەوەکرد؛ پرسی بەشداریی کردنی ئەم لایەنە سیاسییانە لەحکومەتی عێراقی، ئەو بڕیارە پەیوەستە بە لایەنەکانەوە و بۆ خۆمان بەجێهێڵدراوە.

وتیشی :"وەفدی باڵای ئەمەریکا جەختیان لەوەکردەوە کە کۆتایی بێت بە تەزویر و ساختەکاریی و هەڵبژاردنێکی پاک و رێکوپێک بکرێت بەتایبەتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، کە بڕیارە لە (30/9) بکرێت، وەفدەکە هەمو پشتیوانییەکی خۆیان دوپاتکردەوە بۆ ئەوەی ئەو هەڵبژاردنە بە سەرکەوتویی ئەنجامبدرێت".

رێکخەری ژوری پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی بزوتنەوەی گۆڕان رایگەیاند: پێویستە هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان بزانن کە ئێمە سورین لەسەر هەڵوێستەکانمان و بەهیچ شێوەیەک سازش لەسەر دەنگی هاوڵاتیانی کوردستان ناکەین.

 

دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ، برێت مەکگۆرک نوێنەری تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش، بەیاوەریی باڵیۆزی ئەمەریکا لە بەغدا و کونسوڵی گشتی ئەمەریکا لەهەولێر، سەردانی مەکۆی سەرەکی بزوتنەوەی گۆڕانی کرد لەشاری سلێمانی و لەگەڵ هەریەک لە عومەر سەید عەلی رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان و عەلی باپیر ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان و بەرهەم ساڵح سەرۆکی هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری و سەڵاحەدین بەهادین ئەمینداری گشتی یەکگرتوی ئیسلامی کوردستان کۆبوەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ناڕەزایەتی ئەو لایەنە سیاسیانە لە دەرەنجامی هەڵبژاردنەکان و ئەو تەزویرو ساختەکارییەی کە یەکێتی و پارتی لە هەڵبژاردنەکاندا ئەنجامیانداوە.



.

22/05/2018
زیاتر...
په‌ڕه‌یله‌ 31
ژماره‌ی بابه‌ت