شەش لایەنی سیاسی: پڕۆسەکە درێژکراوەی ساختەکارییەکانە
شەش لایەنی سیاسی بایکۆتی پڕۆسەی ئەژماری دەستیی دەنگەکان لە سلێمانی دەکەن و جەخت دەکەنەوە لەوەی، پڕۆسەکەی ئەمڕۆ زۆر ناشەفافە و درێژکراوەی ساختەکارییەکانە.

بەڵێن ئیسماعیل، ئەندامی ژوری هەڵبژاردنی بزوتنەوەی گۆڕان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند؛ بەهۆی ناشەفافی پڕۆسەکەوە و پێشێلکردنی یاساکانەوە، وەکو شەش لایەنی سیاسی بایکۆتی پڕۆسەی چاودێری ئەژماری دەستیی دەنگەکانیان کردوە.

وتیشی: بەبێ دانانی هیچ پێوەرێک ئەمڕۆ (188) سندوق دەستنیشانکراون بۆ جیاکردنەوەی دەستیی دەنگەکان تێیدا، لەکاتێکدا ئەوە ناکەتە (5٪)ی سندوقەکانی سلێمانی و جگە لەوەش تانە لە (415) سندوق دراوە، بەڵام کۆمسیۆن بەبێ دیاریکردنی هیچ رێکارێک، جیاکردنەوەی دەستیی بۆ (188) سندوق دەکات.

 بەڵێن ئیسماعیل ئاماژەی بەوەکرد، بەهۆی ناشەفافی پڕۆسەکەوە، بەرچاوی لایەنە سیاسییەکان رون نیە و ئەوان دوبارە سکاڵایان لەسەر زیاتر لە دو هەزار سندوق تۆماکردوە.

رونیشیکردەوە، لایەنە سیاسییەکان بۆیان هەیە لەرێگەی بریکارەکانەوە چاودێری پڕۆسەکە بکەن و بەراوردکاری بکەن بۆ بارکۆرد و ژمارەی کارتەکان، بەڵام رێگە بەچاودێرەکان نادرێت و جگە لەوەش نزیکترین شوێن لە چاودێرەکانەوە، (15) مەترە.

هەروەها ئەو ئەندامەی ژوری هەڵبژاردنی گۆڕان جەختی کردەوە، کە تەواوی پڕۆسەکە بەناشەفافی بەڕێوەدەچێت و ئەوەی رودەدات درێژکراوەی ساختەکارییەکانە.
09/07/2018