چوار لایه‌نی‌ سیاسی‌ نایانه‌وێت له‌گه‌ڵ پارتی‌ ‌و یه‌كێتی‌ بچنه‌ به‌غدا
چوار لایه‌نه‌ ناڕازییه‌كه‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان كه‌ به‌هۆی‌ ساخته‌كاری به‌رفراوانه‌كه‌ی‌(12)ی‌ ئایاره‌وه‌ به‌ته‌واوه‌تی‌ دڵیان له‌ یه‌كێتی‌ ‌و پارتی‌ ره‌نجاوه‌، نایانه‌وێت جارێكی‌ دیكه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و دو لایه‌نه‌ پێكبێنه‌وه ‌‌و پێكه‌وه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ به‌غدا.

 ئێستا كه‌ پارتی‌ و یه‌كێتی‌ ژێر به‌ژێر خه‌ریكی‌ دانوستان ‌و رێككه‌وتنن بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌نێوان خۆیاندا ئه‌و پۆستانه‌ دابه‌ش بكه‌ن كه‌ پشكی‌ كوردن له‌ به‌غدا، چوار لایه‌نی‌ ناڕازیش له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، كه‌ له‌ هه‌ریه‌كه‌ له‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان ‌و كۆمه‌ڵ ‌و یه‌كگرتوی‌ ئیسلامی‌ ‌و هاوپه‌یمانی‌ بۆ دیموكراسی‌ ‌و دادپه‌روه‌ری‌ پێكدێن، له‌به‌ره‌یه‌كدا كۆبونه‌ته‌وه‌‌ و نایانه‌وێت شوێن سیاسه‌ته‌كانی‌ ئه‌و دو حیزبه‌ بكه‌ون ‌و خۆیان پرۆژه‌ی‌ هاوبه‌شیان بۆ به‌غدا ده‌بێت.

بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان كه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی ‌(12)ی‌ ئایاردا زۆرترین ساخته‌كاری‌ به‌رامبه‌ر كراوه‌ پرۆژه‌كانی‌ پارتی‌ و یه‌كێتی‌ به‌ پرۆژه‌ی پۆست ‌و ئیمتیازات ده‌زانێت ‌و هاوپه‌یمانی‌ بۆ دیموكراسی‌ ‌و دادپه‌روه‌ریش پێیباشه‌ چونه‌وه‌ به‌غدا بۆ مافی‌ خه‌ڵك بێت نه‌ پشك پشكێنه‌ی‌ حیزبی‌.

دو لایه‌نه‌ ئیسلامیه‌كه‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانیش كه‌ به‌شێكی‌ ساخته‌كارییه‌كه‌ی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ په‌رله‌مانی‌ عێراقیان به‌ركه‌وت، هاوڕان ‌و له‌گه‌ڵ گۆڕان ‌و هاوپه‌یمانی‌ ‌و ته‌ئكید له‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ پرۆژه‌كانی‌ یه‌كێتی‌ ‌و پارتی‌ پرۆژه‌ی‌ نیشتمانی‌ نین، پێیانباشه دوای‌ راگه‌یاندنی‌ ئه‌نجامی‌ فه‌رمی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان چوار لایه‌نه‌كه‌ قسه‌ی‌ كۆتایی‌ خۆیان بۆ چون ‌و نه‌چونه‌وه‌ بۆ به‌غدا بكه‌ن.

سوربونی‌ چوار لایه‌نه‌كه‌ له‌سه‌ر هه‌ڵوێسته‌كانیان، له‌كاتێكدایه‌ پێشتر چه‌ند جارێك به‌رپرسانی‌ یه‌كێـتی‌ ‌و پارتی‌ داوایان كردوه‌ پێكه‌وه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ به‌غدا‌ و گفتوگۆی‌ پێكهێنانی‌ حكومه‌تی‌ داهاتو له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ عێراقیه‌كان بكه‌ن، پێداگری‌ ئه‌م چوار لایه‌نه‌ له‌وه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی‌ گرتوه‌، كه‌ دو حیزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كه‌ له‌ناوخۆدا بنه‌ماكانی‌ یه‌كڕیزییان هه‌ڵته‌كاندوه ‌‌و له‌سه‌ر پۆسته‌كانیش له‌ناوخۆیاندا گفتوگۆیان كردوه‌ ئینجا داوای‌ یه‌كڕیزی‌ ‌و یه‌ك هه‌ڵوێستی‌ ده‌كه‌ن.
25/07/2018