گۆڕان: بە یەکگرتویی و بەورەیەکی پۆڵاینەوە بەرەو هەڵبژاردن هەنگاو دەنێین
بزوتنەوەەی گۆڕان رایدەگەیەنێت؛ بە یەکگرتویی و بەورەیەکی پۆڵاینەوە بەرەو هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان هەنگاودەنێت و کاردەکات بۆ دروستکردنى هاوپەیمانێتیەکى بەهێز لە نێوان لایەنەکان تا لە رێگەیەوە قۆناغێكی نوێی كاری سیاسی دەست پێبکات.

لە ساڵیادی یەکەم بەشداریی کردنی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بزوتنەوەی گۆڕان ئاماژەی بەوەکردوە؛ گۆڕان وەك بزوتنەوەیەكی سیاسی و كۆمەڵایەتی و خاوەن بەرنامەیەكی نیشتیمانی و نەتەوەیی، یەكەم بەشداری لە پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا كردو لەو هەلومەرجە دژوارو ئاڵۆزەدا توانی ببێتە هێزێكی كاریگەر لە خەباتی مەدەنی و گۆڕەپانی سیاسی لەكوردستان ‌و عێراق و ناوچەكەدا.

بزوتنەوەی گۆڕان، رۆژی (25/7) بە رۆژی دروستبونی یەكەمین ئۆپۆزسیۆنی سیاسی فەرمی پەرلەمانی لە هەرێمی كوردستانی عێراق ناودەبات، كە بزوتنەوەی گۆڕان داینەمۆ و داهێنەرەی بو.

دەقی راگەیەندراوی بزوتنەوەی گۆڕان

هاونیشتیمانیانی كوردستان
گۆڕانخوازانی سەر بەرز

نۆ ساڵ لەمەوبەرو لە (25/7/2009)دا بزوتنەوەی گۆڕان وەك بزوتنەوەیەكی سیاسی  و كۆمەڵایەتی و خاوەن بەرنامەیەكی نیشتیمانی و نەتەوەیی، یەكەم بەشداری لە پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا كردو لەو هەلومەرجە دژوارو ئاڵۆزەدا توانی ببێتە هێزێكی كاریگەر لە خەباتی مەدەنی و گۆڕەپانی سیاسی لەكوردستان ‌و عێراق و ناوچەكەدا.

هەر ئەم رۆژەش (25/7) هاوكاتە لەگەڵ دروستبونی یەكەمین ئۆپۆزسیۆنی سیاسی فەرمی پەرلەمانی لە هەرێمی كوردستانی عێراق دا، كە بزوتنەوەی گۆڕان داینەمۆ و داهێنەرەی بو.

گۆڕان وەک هێزێکى سیاسى کۆمەڵایەتى و خاوەن بەرنامەیەکى نیشتیمانى و نەتەوەیى سیاسى، خۆى راگەیاند، گۆڕان خەبات دەکات بۆ بەدیهێنانى ئامانجە نیشتیمانییەکان و گەىیشتن بە مافى چارەى خۆنوسی میللەتەکەمان، لە روى سیاسیشەوە خەبات دەکات بۆ نەهێشتنى گەندەڵى سیاسى و ئابورى و دارایى و کارگێڕى و یاسایى لە دامودەزگاکانى هەرێم، بەڕێگاى ئاشتى و مەدەنیانە، لەو پێناوەشدا سەرەڕای رێگری و ئاستەنگ و فشارەکان، باجی زۆری داوە.

ئەمڕۆ، هەرێمی کوردستان بە قۆناغێكی هەستیاردا تێدەپەڕێ، بەهۆی شكستی دەسەڵات و پەکخستنی پەرلەمان و حکومەت و پرۆسەی سیاسی و هەڵەی نەگونجاوی كاتی ریفراندۆم و لەدەستدانی لە (51٪)ی خاکی هەرێم و قەیرانی بێموچەیی و نەبونی عەدالەتی كۆمەڵایەتی و ئەنجامدانی تەزویر و ساختەکاری، ژیانی هاوڵاتیان‌و ئاشتی كۆمەڵایەتی لەهەرێم و لەناوچەدابڕاوەكان خستۆتە بەردەم مەترسییەكی گەورەوە.

 دەسەڵاتە شكستخواردوەكەی هەرێم، لە بری چارەسەركردنی كێشە و قەیرانەكان‌ و دەستەبەركردنی یەكڕیزی نیشتیمانی‌، تەزویرێكی گەورەی بەهاوكاری دەوڵەتان لە هەڵبژاردنی (12)ی ئایاری رابردو ئەنجامدا، کە دەلالەتی ترس بو لەسەرکەوتنی گۆڕان لەو هەڵبژاردنەدا، كە هاوشێوەی هەڵبژاردنەكانی پێشو هەمان خۆنەویستی و ئازایەتی بۆ پشتیوانیكردنی گۆڕان درێژەی هەبو. لەپاڵ هەڵسوڕاوەكانمان، كە بەگیانی یەك تیم كاریان ئەكرد، سەدان هەڵسوڕاوی گەڕۆك و خۆبەخش، ئازایانە، پشتیوانی بزوتنەوەی گۆڕان بون.

خەڵكی كوردستان‌ دڵنیا دەكەینەوە كە لەسەر بەرنامەی سیاسی‌ و بەڵێنەكانمان و بیر و دنیابینی نەوشیروان مستەفا بەردەوام دەبین‌و پشت ئەستورین بە پشتیوانی خەڵک و دۆست و هاوپەیمانەکانمان.

لە كۆتاییدا، رایدەگەیەنین بزوتنەوەى گۆڕان بە یەکگرتویی و بەورەیەکی پۆڵاینەوە بەرەو هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان هەنگاودەنێت و کاردەکات بۆ دروستکردنى هاوپەیمانێتیەکى بەهێز لە نێوان لایەنەکان تا لەڕێگەیەوە قۆناغێكی نوێی كاری سیاسی دەست پێ بکات.

بزوتنەوەی گۆڕان
25/7/2018

26/07/2018