ئاوات شێخ جەناب: سەرچاوەی بنەڕەتی داهاتی گۆڕان کۆمەکی خەڵکە

رێکخەری ژوری کارگێڕی و دارایی بزوتنەوەی گۆڕان سەرچاوەی داهاتی گۆڕان ئاشکرا دەکات و باس لەدیاریکردنی کاندیدەکان و یەکلایی کردنەوەی سەرۆکی لیستی گۆڕان دەکات بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.

 

ئاوات شێخ جەناب، رێکخەری ژوری کارگێڕی و دارایی بزوتنەوەی گۆڕان لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی کەی ئێن ئێن رایگەیاند، کاندیدەکانی گۆڕان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەهەمان پێوەری هەڵبژاردنەکانی پێشو دیاریکراون و سەرۆکی لیستیش کە دو کاندیدی شایستە هەبون، بە شێوەیەکی دیموکراسی و لە رێگەی دەنگدانەوە یەکلایی کراوەتەوە.

 

سەبارەت بە داهاتی گۆڕانیش جەخت دەکاتەوە کە سەرچاوەی بنەڕەتی داهاتی بزوتنەوەکە کۆمەکی خەڵکەو دەڵێت: داهاتی گۆڕان سەرچاوەیەکی جێگیری نییە، چونکە لە بنەڕەتدا لەسەر کۆمەک و هاوکاری هەڵسوڕاوان و دۆستەکانی خۆی دەژی.

 

ئاماژە بەوەش دەکات، یەکێتی و پارتی سەر زەوی و ژێر زەوی وڵاتیان برد و ئێستا کار گەیشتوەتە ئەوەی دەست بۆ گیرفانی خەڵک بەرن، دەشڵێت: باشترین شێوە بۆ گۆڕینی ئەم سیستمە سیاسییەی کە هەیە، دەنگدانەو خەڵک نابێت واز لەم مافە بهێنێت و لە پای بێ ئومێدی، تەمەنی ئەم سیستمە سیاسییە خراپە درێژ بکاتەوە.

دەقی چاوپێکەوتنەکە:

* گۆڕان لیستێکی ئامادە کردوە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، ئەم لیستە بە چ میکانیزمێک دیاریکراو دانانی کاندیدەکان چۆن بو، ئەم لیژنەیە کە کاندیدەکانی داناوە لەسەر چ بنەمایەک دەستیکردوە بە ئیشوکارەکان؟

 
ئاوات شێخ جەناب: وەکو هەمو هەڵبژاردنەکانی پێشو هەمان ئەو پێوەرانەی کە دانراوە لە ناو گۆڕاندا دیارەو بڵاوکراوەتەوە، لە کاتی دیاریکراودا دەرگای پاڵاوتن کراوەتەوە لەهەمو شاروشارۆچکەکان و باژێرەکان، ئەوانەی کە مەرجەکانیان تێدا بوە خۆیان کاندیدکردوە، لە هەمو شوێنێک لەو ژمارەیەی کە پێویست بوە زیاتر خەڵک خۆی کاندید کردوە، ئێمە (100) کەسمان پێویست بو، زیاتر لە (300) کەس خۆی کاندید کردوە، لەسەر بنەمای ناوچەو توێژە کۆمەڵایەتییەکان و لەسەر بنەمای پێویستی لیژنەکانی پەرلەمان و لەبەرچاوگرتنی بڕوانامەو پسپۆڕییە پێویستەکان، ئەم ژمارەیە کەمبکەیتەوە بۆ (100) کەس. ئەمە کارێکی سەخت و دژوارە، سەرباری ئەوەی ئاسان نیە لەناو (300) کەسی شایستەدا ژمارەیەک هەڵبژێریت، هەروەها بابەتێکی تر هەیە کە تۆ پابەندی بە یاسایەکەوە کە لە کوردستان پەیڕەو دەکرێت کە لە بەرامبەر دانانی دو پیاو دەبێت ژنێک دابنێیت، ئەمەش ئاڵۆزییەکەی زیاتر کردوە کە وەکو پێویست ژمارەی ژن لە هەندێ لە شارو شارۆچکەکان حازر نابێت، ئەوکاتە گرفتەکە بەشێوەیەکی تر قورستر دەبێت، سەرباری ئەوەش کە دابەشکاری دەکەیت بەپێی ئەو رێژە دەنگە هاتوانەی کە لەو سنورەدا هەیە لەرێگەی یاسای سانتلیگۆوە جارێکی تر دەبێت ئەمانە دابەش بکەیتەوە، جارێکی دیکەش بۆ ئەو شوێنانەی کە ژمارەی کاندیدەکانیان دوای کەمکردنەوە بۆ نمونە، ئەگەر لە یەکێک لەو شارو شارۆچکانە لە یەک کەس زیاتری بەرکەوت، ئەوکات ناچاری لە رێگەی تیروپشکەوە جێبەجێی بکەیت، ئەمە کە پەیڕەو کراوە بۆ ئەو کاندیدانەی کە دەچنە پەرلەمان.

* سەرۆکی لیست کە ئێستا قسەوباسێکی زۆری لەسەر دروست بوە، باسی ئەوە دەکرێت کە بۆچی عەلی حەمەساڵح بوە یان عەبدوڵای مەلا نوری نەبوە؟ یاخود هەندێ کەسیش ئێستا بڵاوی دەکەنەوە کە ئەمە لە ژێر کاریگەری پارتیدا بوە؟

 
ئاوات شێخ جەناب: دوای هەمو دەستنیشان کردنێکی ئەندامانی پەرلەمان، قسەو قسەڵۆک دروست دەبێت لە ئاراستەی جیاجیاوە، راستیەکەی ئەوەیە کە تەنها دو کاندید هەبوە کە بەنوسراو خۆیان داوایان کردوە بۆ خۆ کاندید کردن، نە رێکخەری گشتی، نە لە باژێڕوانەکان و سکرتێری باژێڕوانەکان، نە جڤاتی گشتی و نە لە هیچ دەزگایەکی دیکەی گۆڕانەوە هیچ کاندیدێک بە دیاریکراوی نەهاتوە باسبکرێت لەگەڵ لیژنەکەی ئێمە، تا ئەو کاتەی کە چوین دەنگمان داوە، مستەفا سەید قادر لە پەیوەندی بەردەوامدا بوە لەگەڵ برادەرانی جڤاتی گشتی و برادەرانی تر، بەهەمان شێوە دڵخوازخان، هیچ تەحەفوزێک لەسەر چۆنیەتی میکانیزمی دەستنیشانکردنەکە نەبوە، لە پرۆسەیەکی دیموکراتیدا کاک عەلی هەڵبژێردرا، خۆزگە ئێمە بمانتوانیایە دو سەرۆک لیست هەڵبژێرین، چونکە هەردوکیان دو پیاوی شایستەن، خۆزگە بمانتوانیایە زیاتر لە دو کەسمان دابنایە، چونکە ژمارەی ئەو کەسانەی لە ناو گۆڕان شایستەییان تێدایە زۆرن، لەم لیستەشماندا ژمارەیەکی زۆر خەڵکی شایستەی تێدایە. لەسەر ئەوەی بۆچی ئەمیان یان ئەویان، لەمەدا نە پارتی وجودی هەیە نە گۆڕانیش هی ئەوە بکەوێتە ژێر کاریگەری هیچ حیزبێکەوە، بەتایبەتی ئێمە ئێستا لە روی سیاسییەوە لە پچڕانداین لەگەڵ پارتیدا، هیچ پەیوەندییەکی راستەوخۆمان نەماوە وەکو دو حیزب پەیوەندییەکانمان خراپە، ئەگەر سەیری هەڵوێستیش بکەیت، هەردوکیان هەڵوێستیان بەرامبەر پارتی توند بوەو هەمان هەڵوێستیان هەبوە، هەردوکیان دو کەسی بەتواناو لێهاتون، هەردو خولی پەرلەمانەکەشیان سەرکەوتو بوە، هەم خۆیان دو کەسایەتی سەرکەوتو بون لەگەڵ کۆمەڵێک ئەندام پەرلەمانی تری سەرکەوتودا کاریان کردوە، وەکو گروپیش دو گروپی سەرکەوتو بون، ئەمە وایکردوە لەنێوان دو کەسدا بە رێگایەکی دیموکراسی بتوانی یەکێکیان هەڵبژێری، ئەگینا لە روی شایستەییەوە ئەتوانم بڵێم کاک عەبدوڵا هیچی لەو کەمتر نیە.

* رەنگە کەسێک پرسیار بکات لەو خولەی کە ئێستا هەیە خەڵکی تیایە کاندید کراوەتەوە لەسەر چ بنەمایەکە، یاخود لە خولەکانی پێشوتردا ناوی دوبارە هەیە لە لیستەکەدا؟ میکانیزمی دانانی ئەمانە چۆنە؟

 
ئاوات شێخ جەناب: بە سەرۆکی لیستیشەوە لە کۆنەکان رێژەکەی لە (3%) کەس دانراوە، ئەمە مانای ئەوە نیە لە دو خولەکەی تر تەنها ئەم سێ کەسە هەیە، بەڵام بەشێک لەوانە هەر خۆیان ئامادەییان تێدا نەبو خۆیان هەڵبژێرن، هەندێکیان وا رێکەوتوە هەروەکو چۆن دەتوانیت بۆ سەرۆکی لیست یەکێک دابنێیت، بڕیارەکە وا بوە کەمترین ژمارە دابنرێتەوە، لەناو ئەو دو گروپە سەرکەوتوەی پەرلەماندا تیایاندایە رێژەیەک پابەندتر بوبێت لە دەوامی لیژنەکاندا، ئیلتیزامە مادیەکانی بەرامبەر بزوتنەوەکە بە باشی جێبەجێ کردبێت، رەنگە تیایاندا بێت کەمتر بێت، رەنگە تیایاندا بێت زۆر پابەند نەبوبێت بە هێڵی سیاسی بزوتنەوەکەوە زۆرجار بە تەنیا لە ئاوازێک خوێندویەتی، ئەمانە جیاوازییەکی دروست کردوە بەڵام دیسان دێمەوە سەر ئەوەی ئێمە بە شانازییەوە دو گروپمان هەبوە لەو دو خولەی پەرلەمان، دو خولی سەرکەوتو بون و هیچیشیان نەکەوتونەتە ژێر شەرم و ترسی پارتی و یەکێتییەوە.

* بەرەو هەڵبژاردن دەڕۆین باس لەوە دەکرێت کە کۆنفرانسە ناوخۆییەکان ئەوەی کە لە دەستوری گۆڕاندا ئاماژەی بۆ کراوە دەبێت پێش هەڵبژاردن بکرێت، ئەم کۆنفرانسانە دەکرێت یاخود ناکرێت، فریا دەکەون یاخود نا؟

 
ئاوات شێخ جەناب: پێموایە دەکرێت بەتایبەتی ئەگەر زروفی مادی و سیاسی لەبار بێت و بە بۆچونی خۆم پێویستە ئەو کۆنفرانسانە بکرێت.

* لەئێستادا خەڵک لە هەرێمی کوردستان جۆرێک نیگەرانی هەیە، جۆرێک ساردبونەوەو بێئومێدی هەیە، بزوتنەوەی گۆڕان چی کردوە بۆ ئەوەی ئیرادەو ئومێد بۆ خەڵک بگەڕێنێتەوە و هانیان بدات بۆ ئەوەی بڕۆنەوە بۆ سەر سندوقەکانی دەنگدان؟

 
ئاوات شێخ جەناب: کاتێک ورد دەبیتەوە لەو سیستمە سیاسی و لەو دو حیزبەی کە هەیە، بە سادەیی پێتبڵێم هەرشتێک لەسەر زەوی بو مەبەستم مادییە بردیان، گەیشتە ژێر زەویش ئەویشیان تەواو کرد، ئێستا کار گەیشتوەتە ئەوەی دەستبەرن بۆ گیرفانی خەڵکیش، لەم حاڵەتەدا ئەگەر خەڵک رازی بێت بەم دۆخەی کە هەیەتی ئەوە حاڵەتێکی زۆر نەرێنییە، هیچ میلەتێکی دنیا رازی نەبوە بەوەی سیستمە سیاسییەکەی ئەمەی پێ بکات، ئێمە بڕوامان دیموکراسی و خەباتی مەدەنی هەیە، باشترین شێوە بۆ گۆڕینی ئەم سیستمە سیاسییەی کە هەیە دەنگدانەو خەڵک نابێت واز لەم مافە بهێنێت، نابێت لە پای بێئومێدیت، تەمەنی ئەم سیستمە سیاسییە خراپە درێژ بکاتەوە، کە ناچێت بۆ دەنگدان واتە هەڵوێستێکی نەرێنی وەرگرتوە، لە خزمەتی درێژبونەوەی تەمەنی ئەم دو حیزبەو ئەم سیستمە سیاسییە کە سیستمێکی شایستە نیە بۆ بەڕێوەبردنی وڵات.

* بەوپێیەی کە بەڕێزت رێکخەری ژوری کارگێڕی و دارایی بزوتنەوەی گۆڕانی، لە ماوەکانی رابردودا پرسیارێکی زۆر لەسەر سەرچاوەکانی داهاتی بزوتنەوەی گۆڕان دروست بوە، داهاتی گۆڕان لە کوێوە دێت و چەندەو چۆن خەرج دەکرێت؟

 
ئاوات شێخ جەناب: داهاتی گۆڕان سەرچاوەیەکی جێگیری نیە، چونکە لە بنەڕەتدا لەسەر کۆمەک و هاوکاری هەڵسوڕاوان و دۆستەکانی خۆی دەژی، لە سەرەتای گۆڕاندا لەبەرئەوەی باری دارایی خەڵک باشبو، باشتربو، ئێستا تا رادەیەک کەمتر بوە، هۆکارەکەی ئەوەیە بارودۆخی دارایی گۆڕان بەشێوەیەکی گشتی خراپ بوە و لەگەڵیشیدا بەشێک لەو دەوڵەمەندانەی کە زۆر دۆستی گۆڕان بون توشی کێشەی دارایی بون، مانگی وا هەیە داهاتێک دێت کە پێویستییەکان دادەپۆشێت، مانگی واش هەیە ئەو هاوکاریانەی دێت پێویستییەکان داناپۆشێت، پێویستییەکانی گۆڕانیش وەکو حیزبەکانی تر نین، ئێمە کەمترین پێویستیمان هەیە، هەندێک کارمەندمان هەیە ئەوانەی لێ دەرچێت لەگەڵ کارمەندەکانی کەی ئێن ئێن، باقی کادرو سەرکردایەتی بزوتنەوەکە لە رێکخەرەوە بۆ خانەی راپەڕاندن و جڤاتی نیشتیمانی ئەو خەرجیانەی حیزبەکانی تر هەیانە ئێمە نیمانە، رێکخەری گشتی گەشت دەکات لەسەر ئیمکانیاتی خۆی گەشتەکە دەکات، بەهەمان شێوە خانەی راپەڕاندن. هەروەها لەلای خۆمان مەسرەفی دەعوەت و میوانی لەسەر گۆڕان نیە، مەسەلەی هاتوچۆ و گواستنەوەو نەخۆشی و ئەوانە لەسەر گۆڕان نیە، ئێمە لەوبارەیەوە مەساریفمان کەمە، بەو ئیمکانیەتە دەتوانین پێویستییەکان دابین بکەین، تا رادەیەکی زۆریش توانیومانە خەرجییەکان کەمبکەینەوەو هەڵسوڕاوەکانیشمان قایلن، ئێمە نزیکەی دو ساڵە نەسریەی مەکۆکانمان خەرج نەکردوە، بەڵام لەلای باژێڕوانەکانمان نەبوە بە گرفتێکی وا کە ژیان بوەستێنێت.

سەبارەت بە خەرجی گۆڕان، کەی ئێن ئێن حساب بکەیت ئێستا رەنگە مانگی لە نێوان (150 بۆ 200) هەزار دۆلار بێت و ئێستا کۆمپانیای وشە دابینی دەکات، بۆ خەرجی گۆڕان خۆی بە خەرجی کرێ و کارەباو خەرجییەکانی تر رەنگە مانگانە (200 بۆ 250) ملیۆن دینار بێت شتێک زیاتر یان کەمتر کە ئێستا ژمارەکەم بە دیاریکراوی لە خەیاڵ نیە، بەڵام هەر کەسێک نەک هەر کادرەکانمان بێت دەتوانێت سەیری حساباتی ئێمە بکات، حساباتی ئێمە ئاسان و شەفافە، ئاڵۆزی تێدا نیە، چەند مەکۆ کرێی هەیە دیارە، چەند ئۆتۆمبێلت هەیەو چەندی بەنزین پێویستە تا رادەی لیتر دیاریکراوەو موچەکانیش سنوردارە، لەلای ئێمە شەفافیەت بابەتێکە لێی بڕاوینەتەوە، وەکو باسمکرد ئێمە لەسەر مادیات ناکۆکیمان نیە.

* دێمە سەر باسی ناکۆکییەکان، بەڵام لەم ماوەیەی دواییدا باسی ناشەفاف بونی داهاتی گۆڕان و هەندێ بابەتی تر دەکرا؟

 
ئاوات شێخ جەناب: لەسەر ناشەفافی داهاتی گۆڕان هەندێ کەس بە قەست ئەم بابەتە دەوروژێنێ، ئەزانن داهاتی گۆڕان سەرچاوە بنەڕەتییەکەی کۆمەکی خەڵکە، هەڵسوڕاوەکانی خۆیەتی، بۆ هەڵسوڕاوەکانی خۆمان ئێمە لە لیستی داهاتەکاندا ناوەکانیان ئاشکرایەو نوسیومانە، بەڵام هەندێ دۆستی تر هەیە لە دەوڵەمەندەکان ئامادە نیە ناوەکانیان بدەین بە کەس بۆ ئەوەی دو رۆژی دیکە هەراسان بکرێن و سەرانەیان لێ بسەنرێت لەلای پارتی و یەکێتییەوە یان زەرەریان لێ بدەن، ئامادە نین ئەوە بکەین. ئەگینا باقی شتەکانی تر و چۆنێتی خەرجی، ئێمە لاریمان نیە هەتا خەرجییەکانمان لەبەردەم مزگەوتی گەورە هەڵبواسین.

* هەر سەبارەت بە داهاتی گۆڕان، ئەو داهاتە چۆن دێتە خەزێنەی گۆڕانەوە؟

 
ئاوات شێخ جەناب: بۆ نمونە ئێمە داهاتمان بۆ هەڵبژاردنی پێشو کۆکردوەتەوە، لیستمان هەیە، لەم لیستەدا کە ناوەکەی هەمو نوسراوە بەرزترین پارە چەندە بەپێی ریزبەندی کاتەکەی نوسیومانە هەتا کەمترینی چەندە، بەرزترینی بە ملیۆنێک دۆلار پەیدا کراوە ،لەلایەن کاک عومەر و مامۆستا جەلال و ژمارەیەکی تر، ژوری ئێمە لەگەڵ چیاو نما هێناومانە کە نزیکەی (700) هەزار دۆلارە کەمتر یان زیاترە، بۆیە بە دیاریکراوی پێت ناڵێم بەپێی کاتەکە فەرقی کردوە، بۆ نمونە کاک قادری حاجی عەلی، دکتۆر یوسف، عەلی حەمەساڵح، ئاوات، کاک عەبدولکەریم، کاک دابانمان هەیە، کاک کاوە، کاک بێستون ئەحمەد، کاک بێستون عەزیزمان هەیە، بەم رێگەیە هەمو ئەمانە ناوەکانیان نوسراوە کە کۆمەکیان کۆکردوەتەوە بەپێی کات و بەپێی ژمارەکەی هەیە، ئەوەی کە گرنگ بێت، بۆ نمونە کاک عومەر، کاک قادر، مامۆستا جەلال یان کاک عەلی حەمەساڵح کە پارەیەکی هێناوە ئێمە لێرە نوسیومانە، بەڵام نانوسین کێیە، کە بنوسین کێیە خۆت دەزانی میدیای ئەم زەمانەو سۆشیال میدیا کە بەداخەوە خراپ بەکاردێت و پارتی و یەکێتی خراپ سودی لێ وەردەگرن و هەراسانیان دەکەن. ئەمانەش کە دێت ئێمە لیژنەیەکمان هەیە کە ناوی لیژنەی گرێبەستە، لە ماوەی هەڵبژاردندا هەمو گرێبەستەکانیان کردوە کە ژوری یاسایی، ژوری پەیجوری، ژوری هەڵبژاردن و ئیدارەی ئێمەی تێدایە ئەمانە گرێبەست دەکەن، وەرگرتنەکەی لیژنەیەکی ترە. ئێمە وا رێکمانخستوە کە بە دانپێدانانی هەمو باژێڕوانەکان لە روی لۆجستیەوە بە سەرکەوتویی هەمو جارێک هەڵبژاردنەکان بەڕێوەچوە. ئەو نمونەیەی لە سەرەتاوە باسمکرد ئەوە ژمارە گەورەکەیەو نزیکەی دو ملیۆن بەرەو ژور پارەمان کۆکردوەتەوە، بەڵام مانگانە بە تایبەتی کە بۆ گۆڕان پێویستمانە رەنگە یەک لەسەر دەی ئەوەش نەبێت، مەبەستم کەی ئێن ئێن نیە، ئەو ژمارەیەی کە ئێمە پێویستمانە زۆر لەوە کەمترە. پێویستی گۆڕان زۆر لەوە زیاترە کە خەڵک دەیزانێ، بەڵام لەخۆبوردویی هەڵسوڕاوەکانی و خۆنەویستی و مشورخواردنی هەڵسوڕاوەکانی وایکردوە کەمترین نەبونی پێوە دیار بێت، وەکو بۆم باسکردی ئەو هاوڕێیانەی ئێمە هیچ مەسرەفێکیان لەسەر گۆڕان نیە، بەپێچەوانە لە پارتی و یەکێتی قاچی لە دەرگا هێنایە دەرەوە مەسرەفەکەی لەسەر پارتی و یەکێتییە تا دەچێتەوە ماڵەوە.

* له‌ئێستادا ململانێ له‌نێوان چه‌ند سەرکردەیەک یاخود سه‌ركردایه‌تی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕندا چوه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌، باس له‌وه‌ ده‌كرێت كه‌ ململانێ هه‌یه‌ له‌نێوان ئه‌و براده‌رانه‌دا و ته‌نانه‌ت وا بڵاوكرایه‌وه‌ كه‌ هه‌ندێكیان وازیان له‌ به‌رپرسیارێتی‌ هێناوه‌ به‌ڵام پاڵپشتن بۆ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان؟

 
ئاوات شێخ جه‌ناب: له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ كێشه‌كانی‌ ئێمه‌ كێشه‌ی‌ ماددی‌ نین و له‌سه‌ر گرێبه‌ستی‌ نه‌وت و مقاوه‌لات و قۆنته‌رات و ئه‌و شتانه‌ نییە، له‌نێوان ئێمه‌دا ناكۆكیی‌ سیاسی‌ یاخود ململانێی‌ سیاسی‌ ئه‌بێت، به‌تایبه‌تی‌ ململانێكه‌ له‌نێوان ئه‌و براده‌رانه‌ له‌سه‌ر چۆنێتی‌ به‌ڕێوه‌بردنی‌ گۆڕانه‌ به‌ باشترین شێوه‌، ره‌نگه‌ له‌سه‌ر ئه‌مه‌ له‌ جێبه‌جێكرندا ناكۆكی‌ دروست بوبێت، ئه‌م ناكۆكییانه‌ش وه‌كو باسم كرد له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ سروشتی‌ رێكخستنی‌ ئێمه‌ دوره‌ له‌ عه‌قڵیه‌تی‌ ته‌كه‌تول و عه‌شیره‌تبازی‌، هه‌ندێ جار هه‌ندێ له‌و براده‌رانه‌ ره‌نگه‌ كه‌ به‌بۆچونی‌ خۆی‌ بگاته‌ بنبه‌ست، ئاساییه‌ بتوانێت هه‌ڵوێستێك وه‌ربگرێت و دور بكه‌وێته‌وه‌ و له‌دوره‌وه‌ پشتیوانی‌ بكات، هه‌ندێك له‌و هاوڕێیانه‌مان هه‌بوه‌ كه‌ له‌ڕوی‌ ئابورییه‌وه‌ سه‌خت بوه‌ ژیان بۆی‌ و كێشه‌ی‌ بۆ دروست بوه‌، ئه‌مه‌ش بابه‌تێكه‌ كه‌ گه‌وره‌ ده‌كرێ كه‌ هه‌ندێكی‌ له‌دڵسۆزییه‌وه‌یه‌ و هه‌ندێكی‌ له‌و كه‌سانه‌یه‌ كه‌ كه‌وتونه‌ته‌ ژێر كاریگه‌ریی‌ سۆشیال میدیا كه‌ عاده‌ته‌ن وتنه‌وه‌ی‌ ده‌سته‌واژه‌ی‌ ناقۆڵایه‌ بۆ گه‌وره‌كردنی‌ بابه‌ته‌كه‌، كه‌ بێگومان ده‌ستی‌ خه‌ڵكیشی‌ تیایه‌ وه‌ك راگه‌یاندنی‌ چه‌واشه‌كارانه‌ به‌تایبه‌ت كه‌ له‌م ماوه‌یه‌دا به‌ره‌و هه‌ڵبژاردن ده‌ڕۆین و هه‌ركه‌س بۆ له‌یلای‌ خۆی‌ ده‌گری‌ و هه‌ركه‌س هه‌وڵ ده‌دات له‌سه‌ر حسابی‌ لایه‌نه‌كانی‌ دیكه‌ ئه‌گه‌ر ناڕه‌واش بێت و دیموكراتیش نه‌بێ ناچاره‌ بیكات.

* ئه‌و براده‌رانه‌ هه‌ندێكیان ئاماژه‌یان به‌وه‌ كردوه‌ كه‌ پاڵپشتی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان و سه‌رخستنی‌ لیستی‌ گۆڕان ده‌كه‌ن، ئه‌م پاڵپشتییه‌ له‌چیدا ره‌نگ ده‌داته‌وه‌ له‌كاتی‌ كه‌مپه‌ینی‌ بانگه‌شه‌ی‌ هه‌ڵبژاردن؟ ئایا دوای‌ هه‌ڵبژاردن واته‌ ئه‌و كاته‌ی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان به‌ په‌یكه‌ری‌ رێكخراوه‌ییدا ئه‌چێته‌وه‌ ئه‌مان به‌شداری‌ ده‌كه‌ن؟

 
ئاوات شێخ جه‌ناب: جڤاتی‌ نیشتمانی‌ بڕیاریداوه‌ له‌كاتی‌ پێویستدا ده‌ست بكاته‌وه‌ به‌ كۆنفرانسه‌كان و كۆنگره‌ ببه‌ستێت، ته‌نانه‌ت مه‌جالی‌ ئه‌وه‌ش ده‌بێت كه‌ هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ ده‌ستوری‌ ئێمه‌ش بكرێت، ئه‌مه‌ش شتێكی‌ ئاساییه‌، گۆڕان خۆی‌ ئه‌مه‌ی‌ چه‌سپاندوه‌ و جڤاتی‌ نیشتمانی‌ ئه‌مه‌ی‌ چه‌سپاندوه‌ كه‌ ئاڵوگۆڕ یاخود ده‌ستكاریی‌ سه‌رتاپای‌ په‌یكه‌ری‌ حیزبه‌كه‌ بكات یاخود وه‌ك باسم کرد له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ ئێمه‌ لەروی‌ ماددی‌ یان به‌رژه‌وه‌ندییه‌وه‌ زۆر نه‌به‌ستراوین به‌ حیزبه‌كه‌وه‌ یان ژیانمان له‌سه‌ر حیزبه‌كه‌ نیه‌ و ژیانی‌ حیزبی‌ بۆ ئێمه‌ نه‌بوه‌ به‌ وه‌زیفه‌، بۆ ئێمه‌ هه‌ڵوێستوه‌رگرتن به‌ هه‌ركامێكیان هه‌بێ شتێكی‌ ئاساییه‌.

* ئێوه‌ په‌یوه‌ندیتان له‌گه‌ڵ هێز و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی‌ تردا چۆنه‌ به‌تایبه‌تی‌ له‌م قۆناغه‌دا له‌گه‌ڵ یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان؟

 
ئاوات شێخ جه‌ناب: هه‌وڵێكی‌ زۆر هه‌بو بۆ ئه‌وه‌ی‌ ئێمه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كێتی‌ نزیك بینه‌وه‌، پرۆژه‌ی‌ هاوبه‌شیشمان هه‌بو له‌سه‌ر یاسای‌ سه‌رۆكایه‌تیی‌ هه‌رێم. ئه‌و هه‌وڵه‌ زۆره‌ وایكرد ئێمه‌ رێكه‌وتن له‌گه‌ڵ یه‌كێتی‌ بكه‌ین، به‌ڵام هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ كاك نه‌وشیروان كه‌ ئاستی‌ هۆشیاری‌ ئه‌و، زۆر له‌پێش خه‌ڵكی‌ تره‌وه‌ بو، ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌ كرد كه‌ ئه‌م رێكه‌وتنه‌ حیكمه‌ت له‌ جێبه‌جێكردنه‌كه‌یدایه‌، هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ به‌شێك له‌ناو سه‌ركردایه‌تیی‌ یه‌كێتی‌ دژی‌ ئه‌و رێككه‌وتنه‌ بون كه‌ به‌داخه‌وه‌ له‌ كۆتاییدا توانییان سه‌ركه‌وتو بن و ئێمه‌ بگه‌یه‌ننه‌ ئه‌و راده‌یه‌ی‌ كه‌ رێكه‌وتنه‌كه‌مان هه‌ڵپه‌سێرین هه‌رچه‌نده‌ به‌ڕه‌سمی‌ هێشتا رێكه‌وتنه‌كه‌مان ماوه‌، به‌ڵام ئه‌وان بون به‌ مایه‌ی‌ ساردبونه‌وه‌ی‌ په‌یوه‌ندیی‌ ئێمه‌ و كار گه‌یشته‌ سه‌ر هه‌ڕه‌شه‌ و ته‌قه‌كردن، كه‌ ئێستا وای‌ دابنێ په‌یوه‌ندیی‌ نێوانمان پچڕاوه‌ و ساردو سڕه‌.

* سه‌باره‌ت به‌ پارتی‌ دموكراتی‌ كوردستان، ئێوه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانتان له‌گه‌ڵ ئه‌و حیزبه‌ چۆنه‌ به‌تایبه‌تی‌ له‌كاتێكدا كه‌ ئێوه‌ تۆمه‌تبار ده‌كرێن به‌وه‌ی‌ كه‌ رێكه‌وتنێكتان هه‌یه‌ بۆ هه‌ڵپه‌ساردنی‌ یاسای‌ سه‌رۆكایه‌تیی‌ هه‌رێم و هه‌ندێ میدیای‌ تریش له‌م چه‌ند رۆژه‌دا باسی‌ ئه‌وه‌یان كرد كه‌ له‌ژێر كاریگه‌ریی‌ پارتیدا ئێوه‌ سه‌رۆكی‌ لیسته‌كه‌تان داناوه‌؟

 
ئاوات شێخ جه‌ناب: هه‌ندێ له‌و ده‌زگا راگه‌یاندنانه‌ی‌ كه‌ هه‌یه‌، وه‌ك ئه‌و به‌ندبێژانه‌ وان كه‌ له‌ كۆتایی‌ به‌نده‌كه‌دا چی‌ وت به‌و حه‌رفه‌ ده‌ست پێده‌كاته‌وه‌ و شتێكی‌ تر ده‌ڵێت، ئه‌مانه‌ وان و تۆ چیت بڵێت ئه‌و به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ شتێكی‌ كه‌ باس ئه‌كات، ئێمه‌ به‌ هه‌وڵه‌كانمان و به‌ سوربونی‌ ئێمه‌ له‌دژایه‌تیكردنی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم و ئاماده‌نه‌بون بۆ درێژكردنه‌وه‌ی‌ ویلایه‌ته‌كه‌ی‌ و تێكۆشانێكی‌ زۆر بۆ ئه‌وه‌ی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم كه‌م بكه‌ینه‌وه‌ كه‌ بڕوامان به‌ سیسته‌می‌ په‌رله‌مانی‌ هه‌یه‌ و بڕوامان به‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم ده‌بێ له‌ په‌رله‌ماندا هه‌ڵبژێردرێت، دوای‌ دژایه‌تییه‌كی‌ زۆر و باجێكی‌ زۆر و ناردنه‌وه‌ی‌ د.یوسف و ناردنه‌وه‌ی‌ وه‌زیره‌كان، ئێمه‌ سه‌رۆكایه‌تیی‌ هه‌رێممان هه‌ڵپه‌ساردوه‌، ئێمه‌ كردومانه‌ و لایه‌نه‌كانی‌ تر كه‌ ئێستا پێچه‌وانه‌كه‌ی‌ ده‌ڵێن نه‌یانكردوه‌، ئێمه‌ كه‌ كردومانه‌ هاتوین ئه‌مه‌مان كردوه‌ به‌ یاسا، واته‌ به‌ یاسا مه‌جالی‌ ئیبتیزازی‌ پارتی‌ و یه‌كێتیمان بۆ لایه‌نه‌كانی‌ تر نه‌هێشتوه‌، یاخود مه‌جالمان بۆ مساوه‌مه‌كردن نه‌هێشتوه‌ له‌نێوان خۆیاندا چونكه‌ مه‌سه‌له‌كه‌ بوه‌ به‌ یاسا، ئه‌م یاسایه‌ ئه‌چێته‌وه‌ په‌رله‌مان و ئه‌بێ جارێكی‌ تر داڕشتن بۆ یاسای‌ سه‌رۆكایه‌تیی‌ هه‌رێم بكرێت، ئێمه‌ پێش ده‌نگدان و دوای‌ ده‌نگدانه‌كه‌ش رامانگه‌یاندوه‌ كه‌ بڕوامان به‌ سیسته‌می‌ په‌رله‌مانی‌ هه‌یه‌، ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ كه‌ زۆر بانگه‌شه‌ی‌ بڕوابون به‌ سیسته‌می‌ په‌رله‌مانی‌ ده‌كه‌ن، با له‌ سه‌ره‌تاوه‌ بۆیان درێژ نه‌كردایه‌ته‌وه‌ چه‌ندجارێك، ئه‌مه‌ خاڵه‌ یه‌كه‌م، خاڵی‌ دوه‌م، له‌م دواییه‌دا هه‌ندێ له‌ لایه‌نه‌ تازه‌كان به‌یعه‌تیان نه‌دا به‌ یاساكه‌ كه‌ هێشتا ده‌رنه‌چوه‌ و به‌یعه‌تی‌ داوه‌ كه‌ به‌ڵێی‌ بۆ ئه‌كا. هێشتا نه‌چوه‌ته‌ په‌رله‌مان، زه‌مانه‌تی‌ داوه‌ به‌ پارتی‌ كه‌ ئه‌م به‌یعه‌تی‌ بۆ ده‌داتێ‌ بۆ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم به‌پێچه‌وانه‌ی‌ ئێمه‌وه‌ كه‌ ئه‌م دۆخه‌ی‌ كه‌ هه‌یه‌ كه‌ بوه‌ به‌ فاكت، سه‌رۆكایه‌تیی‌ هه‌رێم ده‌سه‌ڵاته‌كانی‌ دابه‌ش كراوه‌ و ئێستا وه‌كو دامه‌زراوه‌ كار ناكات، ئێمه‌ ئه‌م له‌كاركه‌وتوییه‌مان كردوه‌ به‌ یاسایه‌ك تا هه‌مواری‌ یاساكه‌ ده‌كرێت به‌ شێوازێك كه‌ خزمه‌تی‌ ئامانجه‌ سیاسییه‌كانی‌ ئێمه‌ ده‌كات.

* واتا له‌ قۆناغی‌ یه‌كه‌مدا ئه‌م هه‌ڵپه‌ساردنه‌ هه‌نگاوێكی‌ باشه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ سیسته‌مه‌كه‌ بكرێت به‌ په‌رله‌مانی‌ له‌ خولی‌ داهاتوی‌ په‌رله‌ماندا؟

 
ئاوات شێخ جه‌ناب: سیسته‌می‌ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ له‌ ئێستادا هه‌ڵپه‌سێردراوه‌ له‌ واقیعدا، كه‌ ئه‌مه‌ ئێستا كراوه‌ به‌ یاسا، كه‌ كراویشه‌ به‌ یاسا به‌ندێك هه‌یه‌ كه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ ئه‌بێ یاساكه‌ له‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستاندا هه‌موار بكرێت، واته‌ وا دانه‌نراوه‌ كه‌ هه‌تا سه‌ر ئه‌مه‌ بمێنێته‌وه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ هه‌یه‌ به‌پێچه‌وانه‌ی‌ به‌ندبێژه‌كه‌وه‌ مادام ئێمه‌ ئه‌مه‌مان په‌سه‌ند كردوه‌ ئه‌و پێچه‌وانه‌كه‌ی‌ ده‌ڵێت واته‌ یه‌كێك به‌یعه‌تی‌ ده‌داتێ‌ یه‌كێك ده‌یبات بۆ سیسته‌می‌ په‌رله‌مانی‌.

* ئێوه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانتان له‌گه‌ڵ هێزه‌ ئیسلامییه‌كاندا چۆنه‌ به‌گشتی‌ وه‌ك یه‌كگرتوی‌ ئیسلامی‌ و كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌ و بزوتنه‌وه‌ی‌ ئیسلامی‌؟

 
ئاوات شێخ جه‌ناب: له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتو و له‌م دواییانه‌شدا له‌گه‌ڵ بزوتنه‌وه‌ی‌ ئیسلامیش په‌یوه‌ندییه‌كی‌ باشمان هه‌یه‌، ته‌نانه‌ت له‌گه‌ڵ حیزبی‌ شیوعیش به‌هه‌مان شێوه‌ كاری‌ باشمان هه‌یه‌ به‌هاوبه‌شی‌ له‌سه‌ر ئاستی‌ كوردستان و عێراق بۆ ئه‌وه‌ی‌ شتی‌ باش دروست بكه‌ین و پێم وایه‌ ناكۆكی و جیاوازیی‌ ئه‌وتۆمان نه‌ماوه‌.

* واتا جیاوازییه‌كی‌ ئه‌وتۆ نه‌ماوه‌؟

 
ئاوات شێخ جه‌ناب: نه‌ماوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ وه‌كو به‌ره‌یه‌كی‌ هاوبه‌ش و شتێكی‌ له‌و بابه‌ته‌ دروست بكه‌ین.

* زۆر كه‌س ئومێدی‌ هه‌بو ئه‌م به‌ره‌ هاوبه‌شه‌ی‌ كه‌ دروست ده‌كرێت پێش هه‌ڵبژاردن بێت، جیاوازییه‌كی‌ ئه‌وتۆی‌ نیه‌ ئه‌گه‌ر دوای‌ هه‌ڵبژاردنیش بێت؟

 
ئاوات شێخ جه‌ناب: رێككه‌وتنی‌ سیاسی‌ له‌ڕێی‌ دیالۆگ و مشتومڕی‌ زۆر و گفتوگۆی‌ زۆری‌ ده‌وێت، به‌بڕیارێك نابێت، واته‌ زه‌مینه‌سازی‌ و ئاماده‌كاری و پرۆژه‌ی‌ ده‌وێت، پێم وایه‌ له‌ كۆتاییدایه‌تی‌ و جیاوازییه‌كی‌ ئه‌وتۆمان نه‌ماوه‌.

* چۆن له‌ هێزه‌ نوێیه‌كانی‌ تر ده‌ڕوانن؟

 
ئاوات شێخ جه‌ناب: ئێمه‌ ده‌ركه‌وتنی‌ هێزی‌ نوێ به‌ دیارده‌یه‌كی‌ ته‌ندروست ده‌زانین، به‌تایبه‌تی‌ له‌ كوردستاندا له‌م هه‌مو قه‌یرانه‌ی‌ كه‌ هه‌یه‌ بۆیه‌ ده‌ركه‌وتنی‌ هێزی‌ نوێ به‌ دیارده‌یه‌كی‌ ته‌ندروست ده‌زانین، به‌ڵام به‌شێك له‌م هێزه‌ نوێیانه‌ كه‌ ده‌ستیان پێكردوه‌، به‌دوژمنایه‌تی‌ ئێمه‌ ده‌ستیان پێكردوه‌، دوژمنایه‌تی‌ ئێمه‌ش له‌گه‌ڵ وتنه‌وه‌ی‌ دروشم و له‌گه‌ڵ وتنه‌وه‌ی‌ رێبازه‌كه‌ی‌ ئێمه‌دا ناگونجێ، ده‌بو هاوسۆزی‌ و هاوخه‌باتیی‌ له‌گه‌ڵ ئێمه‌ هه‌ڵبژاردایه‌ به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ به‌دژایه‌تیی‌ ئێمه‌ ده‌ستی‌ پێكردوه‌، خاوه‌نی‌ ئه‌و هێزه‌ نوێیانه‌ له‌وانه‌ بون كه‌ دۆستی‌ ئێمه‌ بوه‌ و كه‌ پارێزگاریمان لێ كردوه‌ كاتی‌ خۆی‌ و چاوه‌ڕوانی‌ ئه‌وه‌مان لێ ده‌كرد هه‌ڵوێسته‌كه‌ی‌ پێچه‌وانه‌ی‌ هه‌ڵوێستی‌ ئێستای‌ بێت. ده‌بێ هه‌وڵه‌كانی‌ هه‌مومان به‌ ئاراسته‌ی‌ گۆڕینی‌ سیسته‌می‌ سیاسی‌ بێت له‌م وڵاته‌دا و به‌ره‌و ئاراسته‌ی‌ گۆڕینی‌ دۆخی‌ خه‌ڵك بێ، هه‌قه‌ ئه‌و لایه‌نانه‌ش ئێمه‌ به‌ شتی‌ لاوه‌كییه‌وه‌ مه‌شغوڵ نه‌كه‌ن. به‌ڕاستی‌ ئێمه‌ كێشه‌مان له‌گه‌ڵیاندا نیه‌، كێشه‌ی‌ سه‌ره‌كیی‌ ئێمه‌ له‌گه‌ڵ پارتی‌ و یه‌كێتییه‌.

02/08/2018