Print WWW.GORRAN.NET
 شۆڕش حاجی: پەرلەمان تاکە شوێنی بڕیاردانە
8/13/2017 1:56:07 AM
شۆڕش حاجی، ئەندامی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان، رایدەگەیەنێت: ئەولەویەت بەلای بزوتنەوەی گۆڕانەوە باشکردنی بژێوی خەڵکی هەرێمی کوردستانە، سورن لەسەر گەڕانەوەی شەرعیەت بۆ دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان و جەجت لەسەر ئەو پرەنسیپ و بەرنامانەی بزوتنەوەی گۆڕانی لەسەر دامەرزاوە.

لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی (KNN)، شۆڕش حاجی سکرتێری کاروباری خەڵک لە خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان، دیدی بزوتنەوەکە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێمی کوردستان دەخاتەڕو و ئەولەویەتەکانی گۆڕان لەم قۆناغەدا دەخاتەڕو.

- پارتی دیموکراتی کوردستان چاوەڕوانی وەڵامی بزوتنەوەی گۆڕانە بۆ کۆبونەوە، کەی وەڵامیان دەدەنەوە؟
شۆڕش حاجی: ئێمە پێشتریش رامانگەیاندوە، لە کۆبونەوەی رۆژی (12)ی ئابی جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان ئەم داوایەی پارتی بۆ گفتوگۆ و تاوتوێکردنی ئەم پرسانەی لە ئارادان تاتوێ دەکرێن و جڤاتی نیشتیمانی بڕیاری لەسەر دەدات. واتە جڤاتی نیشتیمانی بڕیار دەدات لەسەر ئەوەی گفتوگۆ لەگەڵ پارتی بکەین یاخود نا، ئەگەریش کرا میکانیزمەکان و پاکێجەکان و داوکارییەکانمان چی دەبێت ئەوە جڤات بڕیاری لەسەر دەدات.

- بڕیارەکە ئەوەیە کۆبونەوە بکەن یاخود نەیکەن، واتە نایبەستنەوە بە مەرج و بابەتی دیکەوە؟
شۆڕش حاجی: ئێمە پێشتر بڕیارێکی دیکەی جڤاتی نیشتیمانیمان هەیە چونکە ئەوکاتە پارتی پێشمەرج و پاشمەرجی هەبو بۆ ئاسایی کردنەوەی پەرلەمان، بۆیە جڤاتی نیشتیمانی دانیشتن و گفتوگۆی لەگەڵ پارتی بە مەرجی پارتییەوە رەتکردەوە، ئێستا کە گوێمان لێ دەبێت لە بەرپرسانی پارتی دیموکراتی کوردستان کە دەڵێن هیچ مەرجێکمان نەماوە بۆ ئاسایی کردنەوەی پەرلەمان، ئەوە هەلومەرجێکی تازەیە و دەبێت جڤاتی نیشتیمانی جارێکی دیکە تاوتوێی ئەوە بکات و بڕیارێکی نوێ بدات لەسەر ئەوە.

-  یەکێتی و پارتی بڕیاریان داوە پەرلەمان کارا بکەنەوە، ئەمە داوایەکی پێشتری ئێوەیە، بۆچی بەپیر ئەو هەنگاوەوە ناچن؟
شۆڕش حاجی: ئێمە نەمانوتوە بە پیر ئەو هەنگاوەوە ناچین، ئێمە وتومانە پێشتر جڤاتی نیشتیمانی گفتوگۆی مەرجداری رەتکردبوەوە ئاسایی کردنەوەی مەرجداری پەرلەمانی رەتکردبوەوە، هەلومەرجەکە گۆڕاوە لە کۆبونەوەی جڤای نیشتیمانی بڕیاری لەسەر دەدەین و رەنگە بەپیر ئەو داواکارییەوە بچین.

- لە گریمانەی ئەوەی ئەگەر بە پیر ئەو هەنگاوەوە نەچن، یەکێتی و پارتی پەرلەمان کارا دەکەنەوە، هەڵوێستی ئێوە چی دەبێت؟
شۆڕش حاجی: ئەو بڕیارەی ئەوانیش هیچ شتێکی وا نیە، هەندێک خەڵک ئەوەندە قسە دەکات لە هەمو کۆبونەوەیەک ئەوەندە لێدوان دەدات سەریان لە خۆیان و لە ئێمەش شێواندوە نازاین ئایا ئەمە بڕیاری حیزبە، بڕیاری مەکتەبی سیاسییە، یاخود سەرکردایەتیە، مەکتەبی سیاسی قسە دەکات برادەرێکی سەرکردایەتی دەڵێت ئەوە تەمسیلی رای ئێمە نیە. لە پارتی دیموکراتی کوردستانیش بە فەرمی گوێمان لێ نەبوە بڵێن ئێمە لەگەڵ یەکێتی پەرلەمان کارا دەکەینەوە. هەمویان چاوەڕێی هەڵوێستی بزوتنەوەی گۆڕانن.

- پێتانوایە بۆچی پارتی دیموکراتی کوردستان مەرجی نەماوە؟
شۆڕش حاجی: ئەوە لە خۆیان بپرسە، بەڵام ئێمە وتومانە بە مەرج و پێشمەرج و پاشمەرج نامانەوێ پەرلەمان ئاسایی بکرێتەوە، ئاسایی کردنەوەی پەرلەمان لای ئێمە ئەوەیە ئەو دەستەی سەرۆکایەتییەی پەرلەمان وەک دو ساڵی رابردو بچنەوە پەرلەمان و بەرنامەی کاری خۆیان دابنێن و پرسە هەنوکەییەکان بهێننە پێشەوە ئەولەویەت بۆ بڕیارو یاساکانی خۆیان دابنێنن چاودێری وردی دەسەڵاتی جێبەجێکار بکەن.

- بەڵام ئەویە باس دەکرێت دەوترێت ئەگەر گۆڕان نەگەڕێتەوە، یەکێتی و پارتی خۆیان پەرلەمان کارا دەکەنەوە و رەنگە دەستەیەکی نوێی سەرۆکایەتی هەڵبژێرن، ئێوە ئەمەتان لای خۆتان تاتوێ کردوە لەڕوی یاساییەوە ئەوان ئەتوانن یاخود ناتوانن؟
شۆڕش حاجی: بزوتنەوەی گۆڕان حیزبێکی دامەزراوەییە، لە رۆژی راگەیاندنی بزوتنەوەی گۆڕانەوە تائێستا فشاری زۆر زۆر قورسمان لەسەر بوە، روبەڕوی دو هێزی گەورەی سیاسی و سەربازی و خاوەن دارایی گەورە بوینەتەوە لە کوردستان کە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستانە، بەڵام ئێمە بەرنامەیەکی سیاسییمان هەبوە چەند پرەنسیپێکمان هەبوە کە بڕوامان پێی بوە لەسەر ئەو پرەنسیپ و بەرنامە سیاسیەی خۆمان رۆیشتوین سەرباری ئەو هەمو فشارانەی لەسەرمان بوە، ئێستاش بە هەمان نەفەس و رێچکەو عەقڵیەت بەردەوام دەبین لەسەر ئەو بەرنامە سیاسییانەی کە بڕوامان پێیەتی و لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستانە، گوێ بەوە نادەین و ئەم و ئەو و ئەملاو ئەولامان لەسەرە، چی لە بەرژەوەندی خەڵک بێت ئەوە دەکەین.

- پارتی دەڵێت ئەولەویەتی کارکردنی پەرلەمان دوای ئەوەی ئاسایی دەکرێتەوە، کارکردنە بۆ پرسی ریفراندۆم، لای ئێوە ئەولەویەتی کارکردنی پەرلەمان دەبێت چی بێت؟
شۆڕش حاجی: ئەوە لێرەیە ئەو جیاوازیە گەورەیە دروست دەبێت، هەندێ لێرەو لەوێ هەندێ بەرپرسی حیزبی باس لەوە دەکەن کێشەکە لە نێوان پارتی و گۆڕانە، گەر مەسەلەکە وابێت ئێمە شانازی پێوە دەکەین لەکاتێکدا ئێمە پێمانوایە ئەوە وانیە، حیزب و لایەنی سیاسی دیکەش هەیە کە جیهان بینی و دیدو بۆچونی لەسەر داهاتوی هەرێم وەک ئێمەیە، لای ئێمە ئەولەویەت ریفراندۆم نیە، ئەولەویەت لای ئێمە بژێوی و ژیانی خەڵکی کوردستانە، جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکانە لە کوردستان، دامەزراندنی حوکمێکی رەشیدە لە کوردستان، بە نیشتیمانی کردنی دامەزراوەکانە، ئەولەیەت لای ئێمە بنیاتنانی پێگەکانی دروست کردنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستانە، لای ئێمە ئەوانە پرسی زۆر گرنگن، لای ئێمە پرسی ریفراندۆم شتێکی بچوکی قۆناغێکی ناو ئەم پرۆسە سیاسییە هەمەلایەنەیە.

- هەندێ لە کادرەکانی بزوتنەوەی گۆڕان باس لەوە دەکەن ئەگەر پەرلەمان ئاسایی کرایەوە، لە کوێدا کارەکانی پەکیخرا دەبێت لەوەوە دەست پێ بکاتەوە، ئایا ئێوە وەک گۆڕان سورن لەسەر ئەوەی جارێکی تر کە پەرلەمان کارا کرایەوە، دەست بۆ پرسی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم ببەن وەک یەکەم کاری پەرلەمان؟
شۆڕش حاجی: باس لە یەکەم و دوەم ناکەین، ئێمە دەزانین پەرلەمان لەسەر ئەوە داخرا کە دەستی بۆ یاسای سەرۆکایەتی هەرێم برد کە پرسێکی یاسایی و ئاسایی و هەستیار بوە و کوردستان کەوتوەتە بۆشایی یاساییەوە، نەک هەر ئێمە لەگەڵ چوار لایەنی تر پرۆژەیاسامان پێشکەش کردوە بۆ ئەوەی نەیەڵین توشی ئەم بۆشاییە یاساییە ببین.
ئێستا کوردستان توشی بۆشایی یاسایی بوە، یەکێک لەو شتانەی دەبێت بکرێت چارەسەری ئەم بۆشاییە یاساییە و هەمواری یاسای سەرۆکایەتی هەرێمە. وەک وتم دیسان ئەمەش شتێکی بچوکە لە کۆی پرۆسەی سیاسی، بۆیە ئەگەر پەرلەمان ئاسایی کرایەوە دەبێت سەرۆکایەتی پەرلەمان کار بۆ هەمو ئەو پرسانە بکات کە ئاماژەمان بۆ کردن و لەناو هۆڵی پەرلەمان بڕیاری لەسەر ئەو پرسانە بدرێن. جگەلەوەش تەنیا وابزانین پەرلەمان دوکانێکە و دوکاندارەکەی دایدەخاو کەی ویستی دەیکاتەوە ئەبێ بیر لەوە بکەینەوە رێککەوتنێکی سیاسی بکەین گەرەنتی هەبێت کە پەرلەمانی کوردستان دەستی بۆ پرسێکی تر برد وەک (12)ی ئۆکتۆبەری لێ نەکرێتەوە.

- پارتی پەرلەمان پەکدەخات، نەوت دەفرۆشێت، موچە دەستکاری دەکات، ریفراندۆم بکرێت یاخود نەکرێت، هەمو ئەمانە پارتی دەیکات، ئەی هێزو لایەنە سیاسییەکانی تر. بەجۆرێک کەوتۆتەوە هەر پارتییە سیاسەت دەکات لایەنەکانی تر خەریکی کاردانەوەن بە بزوتنەوەی گۆڕانیشەوە.
شۆڕش حاجی: هی ئێمە کاردانەوە نیە، ئێمە دیدێکی سیاسی رونمان هەیە، ئێمە دەزانین دەمانەوێ هەرێمی کوردستان چۆن بەڕێوەبچێت، سیستمی حوکمڕانی چۆن پەرلەمانی بێت. ئێمە دەزانین دەبێت چۆن دەسەڵاتەکان لێک جیابکرێتەوە. قۆرخکاری نەمێنێت، دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان بە نیشتیمانی بکرێت هێزو دادگاو میدیای نیشتیمانی دروست بێت. ئەمەیە دیدگای ئێمە بۆ ئایندەو بۆ نەوەکانی داهاتومان. ئێمە هەوڵ بۆ ئەوە دەدەین چونکە دڵنیاین لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستانە، پارتی بە شێوەیەکی تر دەیکات ئەوە دیدگای خۆیەتی. هەروەها ئەوەی هەوڵی بۆ دەدەین لە بەرژەوەندی هەمو لایەنەکانیشە، رەنگە بە دڵی هەندێ ئەشخاسی ناو پارتی نەبێت، بەڵام لە بەرژەوەندی پارتی و لایەنەکانی دیکەشە.

- ئەگەر ریفراندۆم بکرێت ئێوە دەنگ بە بەڵێ یاخود نەخێر دەدەن؟
شۆڕش حاجی: ریفراندۆم پرسێکی چارەنوسسازە، پرسێکە هی هەمو خەڵکی کوردستانە پرسی تاکە حیزب و تاکەکەسێک نیە خۆی بڕیاربدات بڵێ ریفراندۆم دەکەین و وادەکەشی بۆ دیاری دەکەین. رۆژەکەشیان بۆ دیاری کردوە بە نایاسایی، بە لای ئێمەوە تاکە شوێنێک پرسی ریفراندۆم تاوتوێ بکات و بڕیاری لێ بدات و رۆژەکەی دیاری بکات پەرلەمانی کوردستانە.
ئەمە با نایسایی بەبێ پرس و راو گفتوگۆکردن و هەماهەنگی هەمو حیزب و لایەنە سیاسییەکان و بەبێ دابین کردنی ئاشتی کۆمەڵایەتی و بەبێ دیدگایەکی رون لەسەر مەبەست لە ریفراندۆم ئەمە کراوە ئێمە ئەوەمان پێ باش نیە. ئێمە پێمانوایە یەکەم؛ ئەمە پرسێکی چارەنوسسازە دەبێت هەمو هێزو لایەنە سیاسیەکان لەسەر کۆک بن، دوەم؛ ئەمە دەبێت لە پەرلەمانی کوردستانەوە تاوتوێ بکرێت و بڕیاری لەسەر بدرێت و وادەکەی بۆ دیاری بکرێت. سێیەم؛ پێمانوایە ریفراندۆم قۆناغێکە یان ئەداتێکە پێش راگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆ، واتە ریفراندۆم دوا قۆناغی پێش راگەیاندنی سەربەخۆییە، لەهەمو دنیادا وابوەو نمونەش زۆرە. 
پارتی دیموکراتی کوردستان ئیعلانی ریفراندۆمی کردوە سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان وادەکەشی دیاری کردوە، پارتی و سەرۆکەکەی ئەم هەمو بانگەشەیە بۆ ریفراندۆم دەکەن، هەمو پرسە گرنگ و هەستیارو بژێوییەکانی خەڵکیان وەلاوە ناوە هەمو تەرکیزی خەڵکیان خستوەتە سەر ریفراندۆم، ئەڵێن ئێمە ریفراندۆم دەکەین و دواتر دەچین لەگەڵ مفاوەزات دەکەین. ئەمە نەک هیچ پێگەو قورساییەکی یاسایی نیە مەنتقیشی تێدا نیە تۆ بچی ریفراندۆم بکەی ئینجا بچیت گفتوگۆ بکەیت.
ئێمە نەک لەگەڵ ریفراندۆمین ئێمە لەگەڵ دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستانین، بەڵام ئەم ریفراندۆمەی بەم شێوازە کراوە نایاسایی بە حیزبی بەشەخسی کراوە ئێمە دژی ئەم جۆرە ریفراندۆمەین. ئێمە لەگەڵ ئەویەن ریفراندۆم بەکاربهێنرێت بۆ راگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆ.

- پەرلەمانتارێکتان لە فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان بەشداری لە جوڵانەوەیەک کردوە بە نەخێر لە ریفراندۆمدا. قسەتان لەسەر ئەمە چیە؟
شۆڕش حاجی: هەڵوێستی بزوتنەوەی گۆڕان لە دوا کۆبونەوەی جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان ئەوە بوە، پێمانوایە ئەم پرسە پرسێکی نایاساییەو بە حیزبی و شەخسی کراوە، ئەمە پرسێکی چارەنوسسازەو دەبێت لەلایەن پەرلەمانی کوردستان و هەمو هێزو لایەنە سیاسیەکانەوە بڕیاری لەسەر بدرێت. بەدەر لەوە هەرکەسێک لەهەر کەمپینێکی دیکە بەشداری بکات ئەوە گوزارشت لە رای خۆی دەکات بەهیچ شێوەیەک گوزارشت لە رای بزوتنەوەی گۆڕان ناکات.

- هەر لەسەر ریفراندۆم وەکو زانیاری دەوترێت پارتی دیموکراتی کوردستان شکستیهێناوە لەو وادەیەی دیاریکراوە بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم، بەڵام دەیەوێت گۆڕان و کۆمەڵیش بەشداری پێ بکات لەو شکستە.
شۆڕش حاجی: یەکێک لەو مەتەڵانەی کە تائێستاش پارتی وەڵامی خەڵکی نەداوەتەوە (25/9)یان بۆ ریفراندۆم و (1/11)یان بۆ هەڵبژاردن دیاریکردوە، بەراوردی ئەمە بکە (37)رۆژ جیاوازی ئەو پرۆسەیەیە، ئەمە مەتەڵێکە ئەبێت خۆیان وەڵامی بدەنەوە کە بۆچی ریفراندۆم و هەڵبژاردن لە یەک رۆژو لە یەک کاتدا نەکرێ.

- رێککەوتنەکەی یەکێتی و گۆڕان لە کوێی بڕیاردانی سیاسی ئێوەدایە بە جیا جیا ئەوەی کە تێبینیتان کردوە لەماوەی چەند مانگی رابردودا؟
شۆڕش حاجی: زۆرجاری تریش باسمان لە رێکەوتنەکە کردوە، لەڕوی کرداریەوە ئەو رێککەوتنە هەنگاوێکی زۆر بچوکی چوەتە پێش، ئەویش راگەیاندنی رێککەوتنەکەو دروستکردنی سەرکردایەتی هاوبەشە، ئەوەی تری لەلایەن یەکێتی نیشتیمانی کوردستانەوە جێبەجێ نەکراوە. ئێمە لای خۆمانەوە پابەندین بەو رێککەوتنەو یەکێتیش ئەڵێن پابەندین پێوەی، بەڵام لەڕوی کردارییەوە هیچ هەنگاوێک نەچوەتە پێشەوە.

- پێتانوانیە زیانتان کردوە ئێوە هەر دەڵێن پێوە پابەندین و یەکێتیش بە کەیفی خۆی سیاسەت دەکات؟
شۆڕش حاجی: ئێمە زیانمان نەکردوە، چونکە دەزانین ئەم رێککەوتنە زۆربەی هەرە زۆری ئەندام و لایەنگرانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان و زۆربەی هێزو لایەنە سیاسیەکان بە کارێکی باشیان زانیوە. لە رۆژی راگەیاندنی رێککەوتنەکەوە جگە لە پارتی دیموکراتی کوردستان هەمو حیزبەکانی تر ئامادەبون.

- لە دوای هەڵبژاردنی خانەی راپەڕاندن و رێکخەری گشتی، ئێستا شێوازی دروست کردنی بڕیار لەناو بزوتنەوەی گۆڕان چۆنە؟
شۆڕش حاجی: شێوازی بڕیار لەناو بزوتنەوەی گۆڕان بڕیاری بەسەردا نەهاتوە، شێوازی جێبەجێ کردنی بڕیار ئەگەر گۆڕانکاری بەسەردا هاتبێت، جاران لەسەردەمی ئەوەی کە کاک نەوشیروان مابو خانەی راپەڕاندن نەبو. بەڵام رێکخەری گشتی هەبو کە کاک نەوشیروان بو. لە جڤاتی نیشتیمانی بڕیار دەدرا، هەربابەتێک لەوێ باسکرایە لەوێ تاوتوێ دەکراو بڕیاری لەسەر دەدراو ژورەکان جێبەجێیان دەکرد، لە وجودی کاک نەوشیروان سەرپەرشتی جێبەجێکردنی بڕیارەکەی دەکرد. ئێستا لە دوای نەمانی کاک نەوشیروان رێکخەری گشتی و خانەی راپەڕاندنمان هەڵبژاردوە، خانەی راپەڕاندن بڕیارەکانی جڤاتی نیشتیمانی جێبەجێ دەکات. میکانیزمی بڕیاردان لەناو جڤاتی نیشتیمانی هەروەکو جارانە کە لەلایەن جڤاتی نیشتیمانیەەوە بڕیاری سیاسی دەدرێت.

- وادەی هەڵبژاردن نزیک بوەتەوە ئەگەر بکرێ یان نەکرێت، بەڵام هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق نزیکەی هەشت مانگێکی ماوە، چیتان هەیە لەماوەی ئەم چوار ساڵەی رابردو شانازی پێوە بکەن و بە دەنگدەرەکانتانی بڵێن، لەکاتێکا پێشوتر ئۆپۆزسیۆن بون و راستیەکانتان لەسەر دەسەڵات ئاشکرا کرد.
شۆڕش حاجی: چوار ساڵ نەبو دو ساڵ بو، ئێمە دو ساڵە لە حکومەت و پەرلەمان نەماوین، بەڵام لەو دو ساڵەی لە حکومەت و پەرلەمان بوین، ئەو یاسایانەی لە پەرلەمانی کوردستان پەسەند کراوەو تێپەڕێنراوە هەمو ئەو یاسا گرنگانەن کە پەیوەندیان بە ژیان و بژێوی خەڵکی کوردستانەوە هەیە، پەیوەندیان بە نیشتیمانی کردنی دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستانەوە هەیە، پەرلەمانتارو وەزیرەکانمان بە چەندین پڕۆژە بەشداریان لەوە کردوە کە ئایندەیەکی گەشتر بۆ میلەتەکەمان دابین بکەن، بۆ نمونە پڕۆژەی گشتگیرمان پێشکەش کردوە بۆ بە نیشتیمانی کردنی هێزی پێشمەرگە بەڵام نەیانکردوە، هەروەها پڕۆژەمان پێشکەش کردوە بۆ بەرگری لەناوچە دابڕێنراوەکان و بۆ بنەبڕکردنی گەندەڵی لە موچەی فەرمانبەران، بۆ شەفافیەت لە داهاتی نەوت و داهاتە ناوخۆییەکان.