Print WWW.GORRAN.NET
 راگەیەندراوێک لە جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕانەوە
8/13/2017 3:57:29 AM
بزوتنەوەی گۆڕان گفتوگۆکردنی نێوان هێزو لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بە بژاردەیەکی گونجاو دەزانێ بۆ چارەسەری قەیرانەکانی هەرێمی کوردستان لەرێگەی؛ هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری پاشەکەوتی موچە و دواخستنی پرسی ریفراندۆم و ئاسایی کردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان لە وادەی خۆیدا.

ئەمڕۆ شەممە، جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان کۆبوەوە و راگەیەندراوێکی بۆ رای گشتی بڵاو کردەوە کە ئەمە دەقەکەیەتی:

راگەیەندراوی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان

ئەمڕۆ جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان کۆبونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا. لە کۆبونەوەکەدا هەلومەرجی سیاسی کوردستان‌و قەیرانی دارایی‌و نیگەرانیی هاوڵاتیانی کوردستان تاوتوێکران. جڤاتی نیشتمانی جەختی لەسەر باشکردنی ژیان‌و بژێوی هاوڵاتیان کردەوەو دوای تاوتوێکردنی راپۆرتی جڤاتی گشتی بڕیاریدا ئەم راگەیەنراوە بخاتە بەردەم رای گشتی‌و هێزو لایەنە سیاسییەکانی کوردستان.

بزوتنەوەی گۆڕان گفتوگۆکردنی نێوان هێزو لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بە بژاردەیەکی گونجاو دەزانێ بۆ چارەسەری قەیرانەکانی هەرێمی کوردستان لە رێگەی:

یەکەم: هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری پاشەکەوتی موچە، کە حکومەتی هەرێم بە نایاسایی بەسەر خەڵکی کوردستاندا سەپاندویەتی.

دوەم: دەستەبەرکردنی شەفافیەت لە داهاتی نەوت‌و غازو داهاتە ناوخۆییەکانی تر لە رێگای جێبەجێکردنی یاسای ژمارە (٢) ی ساڵی (٢٠١٥)ی پەرلەمانی کوردستان تایبەت بە سندوقی کوردستان بۆ داهاتە نەوتی‌و گازییەکانی کوردستان‌و یاسا کارپێکراوەکانی وەزارەت‌و دەستەکانی هەرێمی کوردستان. ئەمەش بۆ ئەوەی بتوانرێ پارەی کۆمپانیاو کاسبکاران‌ بدرێتەوەو پارەی پرۆژە پەکخراوەکان خەرج بکرێ‌و خزمەتگوزاری لە هەمو کەرتەکاندا چاکبکرێت.

سێیەم: راگەیاندن‌و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان ئامانجی هەمو خەڵکی کوردستان‌و بزوتنەوەی گۆڕانە. ریفراندۆم ئامرازێکە پێش راگەیاندنی سەربەخۆیی ئەنجام دەدرێ. بەڵام بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆم لە (٢٠١٧/٩/٢٥) لە دەرەوەی زەمینەسازی یاسایی‌و هەلومەرجی لەباری سیاسی‌و ئابوری‌و ئەمنی‌و کۆمەڵایەتی دراوە، بە تایبەتی کێشەی ناوچە کوردستانییە دابڕێنراوەکان. بۆیە پێویستە ئەم پرسە بۆ کات‌و هەلومەرجێکی لەبار دوابخرێ‌و بخرێتەوە بەردەم پەرلەمانی کوردستان.

چوارەم: پەرلەمانی کوردستان، دوای رێکەوتنی سیاسی نێوان هێزو لایەنە سیاسییەکان، ئاسایی بکرێتەوەو درێژە بە کاری یاسادانان‌و چاودێری بکات‌و بەردەوام بێت لە هەموارکردنی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم بۆ چەسپاندنی سیستمی پەرلەمانی دیموکراسی لە کوردستان.

پێنجەم: هەڵبژاردنە گشتییەکان لە وادەی یاسایی دیاریکراوی خۆیاندا ئەنجام بدرێن.

بزوتنەوەی گۆران
٢٠١٧/٨/١٢