Print WWW.GORRAN.NET
 لەناوخۆو دەرەوە زەمینەسازی بۆ ریفراندۆم نەکراوە
8/14/2017 8:15:37 PM
ئەندامێکی ژوری تویژینەوەکانی بزوتنەوەی گۆڕان رایدەگەیەنێت: لەڕوی ناوخۆیی و دەرەکییە و زەمینەسازی بۆ ریفراندۆم نەکراوە لەڕوی سیاسی و ئابوری و سەربازییەوە و پێویستە دوای زەمینەسازی تەواو، دواتر پەرلەمان بڕیار لەسەر ئەو پرسە بدات.

هەڵمەت محەمەد، ئەندامی ژوری توێژینەوەکانی بزوتنەوەی گۆڕان، لەکاتی بەشداریی كردنی لە كۆڕێكی ناوەندی سەربەخۆیی كوردستان، سەبارەت بە پرسی ریفراندۆم و سەربەخۆیی رایگەیاند: بزوتنەوەی گۆڕان دیدگای تایبەتی خۆی بۆ پرسی سەربەخۆیی و خۆبەرێوەبردن هەیە،  ئێستا ئامادەكاریی پێویست بۆ ریفراندۆم نەكراوە و ئەو پرسە پێویستی بە ئامادەكاری سیاسی و ئابوری و یاسایی هەیە.

وتیشی :"پێویستەریفراندۆم دوابخرێت، چونکە لەسەر  نێودەوڵەتی زەمینەسازی نەکراوە، دەزانین کە دەوڵەت لەسەر سینی ئاڵتونی پێشکەشی هەرێم ناکرێت، بەڵام پێویستە لەسەر ئاستی ناوخۆیی پایەکانی دەوڵەت بنیات بنرێت و لەڕوی سیاسی و یاسایی و ئابوری و کۆمەڵایەتی و سەربازییەوە هەمو ئامادەکارییەکان بکرێت و دواتر ئەو پرسە لەپەرلەمان بڕیاری لەسەر بدرێت و یەکلایی بکرێتەوە".

هەر لەو کۆڕەدا، پەیوەند عومەر ئەندامی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان رایگەیاند: پرسی ریفراندۆم پێویستی بەیاسای تایبەت بەخۆی هەیە و پێویستە ئەو پرسە لە پەرلەمانی كوردستان گفتوگۆی لەسەر بكرێت.

وتیشی :"هەرچەندە ئێستا بەبڕیاری حیزبی بەروارەکەی دیاری کراوە، بەڵام ئەو بەروارە موقەدەس نییە و پێویستە لایەنە سیاسییەکان دیالۆگ و گفتوۆگ لەوبارەیەوە بکەن و پەرلەمانی کوردستان ئاسایی بکرێتەوە و هەر پەرلەمان بەراوەکە دیاری بکات و بڕیاری لەسەر بدات".