Print WWW.GORRAN.NET
 رەهەندە سیاسی‌و یاساییەكانی ریفراندۆم
8/30/2017 4:22:00 PM
بڕیاری ئەنجامدانی راپرسی هیچ بنەمایەكی یاسایی و دەستوریی نییە، وەك قانونییەكانی عێراق دەڵێن: ئەوەی لەسەر پوچی بنیاتكرابێت هەر پوچە. ئەم راپرسییە تەنانەت راپرسی راوێژكاریش نییە، چونكە بەگوێرەی یاسایەكان‌و ئەو بڕیارەی باسكرا، هیچ لایەنێك‌و دامەزراوەیەك ناتوانێت بڕیار لەم پرسە چارەنوسسازە بدات جگە لە پەرلەمانی هەرێم.

ئەمە بەشێکە لە لێکۆڵینەوەیەکی ژوری توێژینەوەی سیاسی بزوتنەوەی گۆڕان کە لەلایەن نیزام فەیسەڵ سادقەوە ئامادەکراوە. لە بەشێکی دیکەی لێکۆڵینەوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، ئەم هەنگاوەی ژمارەیەك لە پارتە سیاسییەكان بەتایبەتی پارتی و یەكێتی، جگە لە دروستكردنی بەربەست لەبەردەم هەڵبژاردنی گشتی و دەستاودەستكردنی ئاشتیانەی دەسەڵات، هیچی دیكە لێ ناخوێندرێتەوە.

دەقی لێکۆڵینەوەکە
رەهەندە سیاسی‌و یاساییەكانی ریفراندۆمی (25/9/2017)
نیزام فەیسەڵ سادق
ژوری توێژینەوەی سیاسی بزوتنەوەی گۆڕان
ئەیلولی 2017


ناوەڕۆک

پێشەكی
یەكەم: ریفراندۆم چییە؟
دوەم: هەڵسەنگاندنی بڕیارەكە لە دیدی سیاسییەوە
سێیەم: هەڵسەنگاندنی بڕیارەكە لە دیدی یاساییەوە
كۆتایی
سەرچاوەكان

پێشەكی
رۆژی 7/6/2017 مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، سەرەڕای كۆتایی هاتنی ویلایەتەكەی، وەكو سەرۆكی هەرێم لەگەڵ بەشێك لە حیزب و لایەنە سیاسییەكانی هەرێم، جگەلە بزوتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی كۆبوەوە، لەو كۆبونەوەیەدا لەسەر چەند خاڵێك رێككەوتن و كۆبونەوەكە دەركردنی فەرمانی هەرێمی ژمارە 105 لە 8/6/2017 ی لێكەوتەوە. لەفەرمانەكە پێنج خاڵ لە خۆدەگرێت و تایبەتە بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمان و هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم، دیاریكردنی رۆژەكەشی بۆ كۆمسیۆنی هەرێم بەجێهێشتوە لەكاتێكدا رۆژی 6/11/2017 ماوەی یاسایی پەرلەمانی هەرێم كۆتایی دێت. هەر لە كۆبونەوەكەی بارزانی لەگەڵ لایەنە بەشداربوەكان، بڕیاریاندا رۆژی 25/9/2017 واتە یەك مانگ بەر لە هەڵبژاردنە گشتییەكان، راپرسی بۆ سەربەخۆیی لە هەرێمی كوردستان و ناوچەجێناكۆكەكانی دەرەوەی هەرێم ئەنجامبدرێت.

لە دوای پێكهێنانی حكومەتی هەرێم لە ساڵی 1992، هەروەها دوای هەڵبژاردنی یەكەم سەرۆكی هەرێم لەساڵی 2005، یەكەمجارە دەسەڵاتدارانی هەرێم هەنگاوێكی لەم جۆرە داهاوێژن، ئەویش دیاریكردنی رۆژێكە بۆ ئەنجامدانی راپرسی "بەمەبەستی" سەربەخۆیی هەرێم. بڕیارەكە كاردانەوەی ناوخۆیی و هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی لێكەوتەوە، كاردانەوەكان بریتی بون لە ناڕەزایی و رەتكردنەوەی بڕیارەكە، چ لەلایەن بەشی زۆری خەڵكی هەرێمی كوردستان، چ لەلایەن بەغدا و كۆمەڵگای نێودەوڵەتی، بۆیە لە روی سیاسییەوە بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆم بوە جێگەی باس و مشتومڕی لایەنەكانی هەرێم. لەلایەكی دیكەوە؛ دەركردنی بڕیارێك لە كۆبونەوەی چەند حیزبێكی سیاسی و لەدەرەوەی هۆڵی پەرلەمان، پرسیاری یاسایی بونی بڕیارەكەی لێكەوتەوە، بۆیە لە روی یاساییەوە، بڕیارەكە هەڵوێستی جیاواز و ئیشكالیەتی یاسایی بەدوای خۆیدا هێناوە.

ئەمە لە كاتێكدایە، دو ساڵە سەرۆكی پەرلەمانی هەرێمی كورستان بە بەكارهێنانی هێز رێگریی لێكراوە لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستان، بەو هۆیەوە پەرلەمان لە كارەكانی وەستێندراوە، سەرەڕای مەترسیداری دۆخی ناوخۆ و بڕیاری موچە بڕین بەناوی پاشەكەوتی موچە لەلایەن حكومەتی هەرێم، دامەزراوەكانی هەرێم دور لە پەیڕەوكردنی یاسا بەمشێوەیە بەڕێوە دەبرێت:
1. پۆستی سەرۆكی هەرێم كێشەی یاسایی و شەرعیەتی هەیە، سەرۆكی هەرێم لە ساڵی 2005 وە، واتە دوازدە ساڵە لەو پۆستەدایەو لە ساڵی 2013ەوە ویلایەتەكەی كۆتایی هاتوە، بۆیە پرسەكەش دەگەڕێتەوە بۆ بەر لە دەستپێكردنی جەنگی داعش و دەكرا بەهەڵبژاردن چارەسەر بكرایە، جگە لە درێژكردنەوەی ویلایەتەكەی بەشێوەیەكی نایاسایی لەلایەن پەرلەمانەوە بۆ ماوەی دو ساڵ، دوای ئەو دو ساڵە بەبێ پاڵپشتی یاسایی بەردەوامە لە پۆستەكەی.
2. حكومەت، ماوەی 19 ساڵە دو ساڵی لێ دەرچێت تەنها یەك كەس سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانە، دوای 26 ساڵ لە ئەزمونی حوكمڕانی، حكومەتی هەرێم بە نیوە ئیفلیجی و دەركردنی پێنج وەزیری سەربە بزوتنەوەی گۆڕان و دەست لەكاركێشانەوەی وەزیری كارەبا لەم كابینەیە، لە ئێستادا وەكو حكومەتێكی كاربەڕێكەر بەبێ یاسای بودجەی ساڵانە و بەبێ چاودێری پەرلەمان لە كارەكانی بەردەوامە و سەرباری ئەم هەمو قەیرانە، هەڵناوەشێتەوە.
3. سەرۆكی ئەنجومەنی دادوەری، تا خانەنشین كرا بە نایاسایی ماوەی سەرۆكایەتییان بۆ درێژكردەوە، لە ئێستاشدا كەسێكی دیكە لە شوێنی داندراوە بەڵام نەتواندراوە سەرۆكێك بۆ ئەم دەسەڵاتە گرنگەی هەرێم دیاری بكرێت.
4. سەرۆكی دەستەی دەستپاكی هەرێم، چەندین دەزگاو دامەزراوەی دیكە ماوەی كاركردنییان كۆتایی هاتوە و بەردەوامن لە كاركردن.
5. هەرێمی كوردستان وەك كانتۆنێكی عێراق دەستوری نییە، ئازادی رۆژنامەگەریی و خۆپیشاندان و ناڕەزایی دەربڕین لە هەولێری پایتەخت و شارەكانی دیكە بەشێوەیەكە، بوەتە سەرچاوەی رەخنەی راپۆرتە جیهانییەكان و نیگەرانی نێودەوڵەتی.
6. دەستاودەستكردنی دەسەڵات لە هەرێمی كوردستان، كێشەی گەورەی لە بەردەمدایە و خەڵك بە نائومێدییەكی قوڵەوە لەم دۆخە دەڕوانێت، بۆیە لەگەڵ دەستپێكردنی قەیرانەكان و جەنگی داعش، ژمارەیەكی زۆری هاوڵاتیانی هەرێم رویان لە رێگای هات و نەهاتی هەندەران كرد.
7. گرنگترین پرسیار لە ئێستادا ئەمەیە؛ ئایا بڕیاری ریفراندۆم لە رۆژی 25 ی ئەیلول بۆ سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان و جیابونەوەی لە عێراق، بڕیارێكی یاساییە؟ لە رویی سیاسییەوە چارەسەری كێشەكان دەكات؟ یاخود قەیرانەكان قوڵتر دەبنەوە؟

یەكەم: ریفراندۆم چییە؟
ریفراندۆم پێناسە دەكرێت بە؛ خستنەڕوی بابەتێكی گشتیی بۆ گەل، بەو سیفەتەی گەل خاوەنی سەروەرییە، بۆ ئەوەی بۆچونی خۆی بە ئازادانە دەرببڕێت، جا بابەتەكە یاسایی و دەستوریی بێت، یاخود سیاسی، ئەمەش شێوازێكە لە شێوازەكانی بەشداری راستەوخۆی گەل لە حوكمڕانی و بڕیارەكاندا. ریفراندۆم یاسایی، دەستوریی، هەروەها سیاسی دەبێت، لەسەر پرسە گرنگەكانی وەك سەربەخۆیی و جیابونەوە، پەسەندكردنی دەستور، هەروەها بۆ پەسەندكردنی یاساكان ئەنجام دەدرێت.

لە روی بابەتەوە، هەروەها ئەو لایەنەی بە پرۆسەكە هەڵدەستێت؛ ریفراندۆم جیاوازی هەیە لەگەڵ (ئیستیتلاعی رەئی)، كە پەیمانگایەك یان رێكخراوێك پێی هەڵدەستێت. ریفراندۆم لە روی شوێنەواری یاساییەوە دو جۆری هەیە، ئیلزامی و راوێژكاریی، ئیلزامی وەكو چەندین نمونەی سەربەخۆیی كە بەگوێرەی یاساكانی ناوخۆ و یاسای نێودەوڵەتی، پابەندبونی یاسایی لێدەكەوێتەوە. بەڵام ریفراندۆمی راوێژكاریی؛ ئەو ریفراندۆمەیە كە هیچ پابەندبونێكی یاسایی تێدا نییە و تەنیا وەرگرتنی بۆچونە، هەندێك لە یاساناسان پێیان وایە ریفراندۆمەكەی 25ی ئەیلول راوێژكارییە، جاران لەسەردەمی كۆڵۆنیالیزم؛ وڵاتێكی داگیركەر لە رێگای راپرسییەوە پرسی بە دانیشتوانی وڵاتە ژێردەستەكەی دەكرد تاكو بزانێت چییان دەوێت. بەمدواییە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم لە چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ (بی بی سی) بەریتانی، گوتبوی: "مەبەست لەم راپرسییە بۆ ئەوەیە بزانین خەڵكی خۆمان چیان دەوێت!" قوباد تاڵەبانی لێرە كەوتبوە هەڵەیەكی گەورە‌و ئەوەی لەبیر نەبو حیزبەکەی‌و نەوەکانی پێشو لە پێناو دەوڵەتی کوردی‌و سەربەخۆییدا خەباتیانکردوەو دەیکەن.

لە مێژوی سیاسیی هاوچەرخدا، بۆ یەكەمجار ریفراندۆم لە ساڵی 1874 هێندرایە ناو دەستوری وڵاتی سویسرا. چەند نمونەیەك هەیە لە بەكارهێنانی مافی چارەنوس وەكو: باشوری سودان، تەیموری خۆرهەڵات، هەرێمی كەتەلۆنیا لە ئیسپانیا، هەرێمی كیوبیك لە كەنەدا، هەروەها سكۆتلەندا لە بەریتانیا، كە هەمویان لە رێگای یاساوە قۆناغەكانییان بڕیوە. بە گوێرەی پرنسیپە جیهانییەكان، راپرسی كۆمەڵێك مەرج و رەخساندنی ژینگەیەكی لەباری پێویستە، بۆ ئەوەی وەكو ریفراندۆم هەژماربكرێت و دانپیانانی ناوخۆ و نێودەوڵەتی بەدەست بهێنێت:
1. ئازادی دەنگدان و بانگەشەكردن: كەشێكی ئازادی بەشداری بەر لە دەنگدان و دوای دەنگدان، ناكرێت دەسەڵاتێك یان هێزێك خەڵك چاوترسێن بكات بەوەی؛ ئەوەی لەگەڵ راپرسی و دەنگدان نەبێت خائین و خۆفرۆشە! جگەلەوەش دەنگدان بۆ هەر راپرسییەك لە ژێر سایەی بەكارهێنانی هێز و بێلایەن نەبونی هێزەچەكدارەكان، راپرسییەكە بێ بەها دەكات.
2. پێویستە ریفراندۆمەكە رون بێت: لە هەمو جۆرێكی ریفراندۆم پرسیارێك یان بۆچونێكی تێدایە، بە بەڵێ یان نەخێر بەشداربوانی راپرسی رەئی دەردەبڕن، پێویستە ئەو پرسیارە یان ئامانجی راپرسییەكە رون و بێ تەمومژبێت، ناكرێت و لۆژیك قبوڵ ناكات؛ لەناوخۆی وڵات بە چڕی بانگەوازی راپرسی بكەی بۆ سەربەخۆیی و جیابونەوە، لە سەرئاستی نێودەوڵەتیش بە هەمو دنیا و رابگەیەنی كە راپرسییەكە بۆ مەبەستی سەربەخۆیی و گەڕانەوەی ناوچە جێناكۆكەكان نییە.
3. چاودێری نێودەوڵەتی: چاودێری رێكخراوی نەتەوە یەكگرتوەكان و رێكخراوەكانی دیكەی نێودەوڵەتی بۆ سەر هەر راپرسییەك، مەرجێكی گرنگی شەرعیەتە و زامنی سەركەوتنی پرۆسەكەیە.
4. رەزامەندیی دەسەڵاتی ناوەند: بەگوێرەی بەڵگەنامەكانی نەتەوەیەكگرتوەكان، ئەو هەرێمانەی لە دەوڵەتێك جیا دەبنەوە، پێویستە رەزامەندیی ئەو وڵاتە بەدەست بهێنێت.

دوەم: هەڵسەنگاندنی بڕیارەكە لە دیدی سیاسییەوە
1. لەسەر ئاستی ناوخۆ
ئاشكرایە دۆخی هەرێمی كوردستان، لە دۆخێكی چەقبەستوی سیاسی بێ دامەزراوەی شەرعی و خراپی رەوشی ئابوری و كۆمەڵایەتییە، رۆژبەرۆژ رەوشەكە بەرەو خەراپتر دەچێت، سەرەڕای كۆتایی جەنگی داعش و ناردنە دەرەوەی نەوتی هەرێم بەشێوەی سەربەخۆ، كەچی قەیرانەكان و كولەمەرگی بژێوی زۆرینەی خەڵك بەردەوامە، بێ متمانەییەكی قوڵ باڵی كێشاوە بەسەر هاوڵاتیان و پارتە سیاسیەكان. رەوشەكە بەو شێوەیەیە كە لە سایەی سیاسەتی هەردو حیزبی دەسەڵاتدار و حكومەتی هەرێم دەیبینین، حكومەتێك بەبێ چاودێری پەرلەمان و فرە قەیران، حكومەتێك تیایدا رۆژانە فەرمانی وەزاری دور لە یاساو رێنماییەكان دەردەچێت بەهۆی ئەوەی پێنج وەزیری حزبی دوەم كە بزوتنەوەی گۆڕانە، بە زەبری هێزوچەكدار دور خستوەتەوە، رۆژانە فەرمانی وەزاری و نوسراوی وەزاری لەلایەن چەند وەزیرێك ئیمزا دەكرێت كە لەلایەن پەرلەمانەوە دەستنیشان نەكراون رانەسپێردراون، بۆیە ئەم كابینەیە شەرعیەتی لە ئاستێكی زۆر لاوازدایە.

ئەگەر پێناسەی سیاسەت بە "رێكخستنی فەزای گشتی" بكرێت، ئەوا بڕیارەكەی ریفراندۆم فەزای گشتی هەرێم ئاڵۆزتر دەكات و بەربەرستێكی گەورە دەخاتە بەردەم ئاسۆی چارەسەری، چونكە:
• دوای تێپەڕبونی 25 ساڵ بەسەر ئەزمونی شەرعیەتی هەڵبژاردن و هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێم، بریاردان لە بابەتێكی چارەنوسساز و گرنگی وەك ریفراندۆم لەلایەن چەند حزبێكەوە بە بێ گەڕانەوە بۆ دامەزراوەكان، نەنگیەكی گەورەو لەكەیەكی سیاسی گەورەیە، لەسەردەمی بەرەی كوردستانی زۆربەی لایەنە سەرەكییەكان بەشداربون لە بڕیاردانی سیاسی، بەڵام پێگەی سیاسی كۆبونەوەكەی ریفراندۆم لە ئاستی بەرەی كوردستانی نزمترە، چونكە دو لایەنی سەرەكی بزوتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی، كە نزیكەی 30 كورسی پەرلەمانیان هەیە، بەشدارنەبون لە كۆبونەوەكە. بڕیاری ریفراندۆم هەرێمی كوردستانی لە هەرێمی خاوەن دەزگا شەرعیەكانەوە نزمكردۆتەوە بۆ ئاستێكی نزمتر، هەرێمی كوردستانی لە ئاستی ویلایەتێكی فیدڕاڵی عێراق دابەزاندوە بۆ چەند پارێزگایەكی سەردەمی بەرەی كوردستانی، بێگومان لە غیابی بزوتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی، ئاستی كۆبونەوەكە لە ئاستی بەرەی كوردستانیش نزمترە، چونكە بەرە جگە لە بزوتنەوەی ئیسلامی، هەمو حزبە گەورەكانی هەرێمی تێدا بەشداربو.
• كێشەی سەرەكی نێوان لایەنە سیاسیەكان كە سەرچاوەكەی بریتییە لە كۆتایی هاتن و تێپەڕبونی ماوەیەكی زۆر بەسەر ویلایەتی سەرۆكی هەرێم و بەردەوامبون لە خراپ بەكارهێنانی، دوای ئەوەی پەرلەمانی هەرێمیش لە كارەكانی وەستێندرا و حكومەت روبەڕوی قەیرانی شەرعی بون و بێ متمانەیی بو، بڕیارەكەی ریفراندۆم ئاماژەیەكە بۆ درێژەدان بەم قەیرانی بێشەرعیە، چونكە تاكە رێگای چارەسەری بە ئاشتیانە بە هەڵبژاردن دەبێت، ئەم بڕیارەش بەربەستێكی هێنایە پێشەوە بۆ بەردەم ئەنجامدانی هەڵبژاردنە گشتییەكان، لە كاتێكدا دەبوایە سەرۆكی هەرێم رەمزی كۆكردنەوەی لایەنەكان و یەكپارچەیی خاكی هەرێم بوایە كە ئێستا بە هۆی دو ئیدارەیی و ناكۆكی لایەنەكان قەوارەی هەرێم لە بەردەم لێكترازانێكی مەترسیدار دایە. لە ماوەی 12 ساڵی سەرۆكایەتی هەرێم بە شەرعی و ناشەرعیەوە، دەیتوانی ئەو لێكدابڕانەی سۆران و بادینان گرێبداتەوە و نەتەوە دروست بكات كە ئێمە وەكو پێكهێنەرەكانی دەوڵەت یان هەرێم نەتەوەیەكی یەكگرتومان نییە، دەیتوانی هەندێك بنەماو بناغەی ژیانێكی ئازاد و بەكەرامەت بۆ تاكی كورد بچەقێنێت، كە زۆر لە دەوڵەت و سەربەخۆیی و جیابونەوە بۆ هەمو مرۆڤێكی ئەم هەسارەیە گرنگترە.

2. لەسەر ئاستی دەرەوەی هەرێم
بەهۆی تایبەتمەندیی‌و هەڵكەوتەی جیۆسیاسی هەرێمی كوردستان‌و مێژوی خەباتی گەلی كورد لە باشور، قەوارەی هەرێم پێویستی بە باشترین ئاستی پەیوەندییەكانە لەگەڵ وڵاتانی جیهانی و هەرێمایەتی، بەتایبەتی توركیا و ئێران لەلایەك، وڵاتانی زلهێزی خۆرئاوا لەلایەكی دیكە‌و ڕاگرتنی هاوسەنگی پەیوەندییەكان لە نێوانیان. هەروەك چاوەڕوان دەكرا، دوای چەند سەعاتێك لە بڵاوبونەوەی هەواڵی ئەنجامدانی ریفراندۆم لە هەرێمی كوردستان، هەریەك لەوڵاتە زلهێزەكانی جیهان: روسیا، ئەڵمانیا، بەریتانیا هەروەها ئەمریكا و وڵاتانی دیكە، دژایەتی خۆیان بە رون و رەوان بۆ هەر هەڵوێستێكی لەم شێوەیەی هەرێم دەربڕی، دوای ئەوەش توركیا و ئێران دژایەتی خۆیان بۆ ئەم هەڵوێستەی پارتی و دژی بڕیاری ریفراندۆم دوپاتكردەوە، توركیا لە سەر زاری بینالی یەڵدرم سەرۆك وەزیرانی توركیا، بڕیاری راپرسی لەلایەن بارزانییەوە بە "نابەرپرسانە" وەسفكرد، ئەمەش لە كاتێكدایە، پێشتر چەندین جار ئێران و توركیا و وڵاتانی عەرەبی، بە توندی دژی جیابونەوەی هەرێم‌و دابەشبونی عێراق هەڵوێستیان وەرگرتوە. دوای بڵاوبونەوەی بڕیارەكەی راپرسی، حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق، بە ئاماژەكردن بۆ دەستوری عێراق كە پێنج نوێنەری كورد لە بەغدا ئیمزایان لەسەركردوە‌و لە راپرسییەكەی ساڵی 2005، دەنگدەرانی هەرێمی كوردستان بە بەڵێ پەسەندیان كردوە، هەڵوێستی حكومەتی ناوەندیی ئاشكرا كرد، عەبادی لە لێدوانەكەی؛ بەشێوەیەكی قاتیع بابەتی ریفراندۆمی هەرێمی رەتكردوە‌و بە نادەستوری وەسفی كرد. ئاشكراشە شەرعیەتی بڕیاری ریفراندۆم‌و جیابونەوە بەپێی پرنسیپەكانی نەتەوە یەكگرتوەكان، بەندە بە رەزامەندی عێراق و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.

چاوپێكەوتنەكەی دیپلۆماتكاری پارتی‌و وەزیری پێشوی دەرەوەی عێراق، هۆشیار زێباری، ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی، لە رۆژی 9/6/2017 لەگەڵ ئاژانسی رۆیتەرز، ناوبانگی هەرێم‌و هەنگاوەكانی بڕیاری ریفراندۆمی خستە ژێر پرسیار‌و گومانەوە. زێباری لە چاوپێكەوتنەكەیدا رایگەیاند: ریفراندۆمەكە بۆ جیابونەوە لە عێراق نییە‌و مەبەست تیایدا گەڕانەوەی كەركوك‌و ناوچە جێناكۆكەكان نییە بۆ سەر هەرێمی كوردستان.

بێگومان لێدوانێكی لەمشێوەیەی زێباری، كە دژیەكە لەگەڵ بڕیاری ریفراندۆم لەلایەن چەند حزبێكەوە، خزمەت بە دۆزی كورد و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان‌و پشتگیریی وڵاتان بۆ هەرێم ناكات، لەكاتێكدا بەهۆی جەنگی داعشەوە ناوبانگی پێشمەرگە‌و هەرێمی كوردستان لەسەر گۆڕەپانی نێودەوڵەتی زیاتر كەوتە بەر روناكی، پێشتریش لەسەردەمی نوسینەوەی دەستوری عێراقدا، هەرێمی كوردستان بە هۆی ئەمن و ئاسایش‌و بونی حكومەت‌و پەرلەمانی هەڵبژێردراو، بە "عێراقەكەی تر" ناسرابو، بەهۆی بەسەرچونی سەرۆكایەتی هەرێم، داخستنی پەرلەمان بە بەكارهێنانی هێز، بڕینی نانی میللەت بەناوی پاشەكەوتی موچە، كوشتنی رۆژنامەنوسان‌و نەبونی ئازادی و كۆچ بۆ هەندەران، هەروەها سیاسەتی ناجۆری پارتی، ناوبانگی "عێراقەكەی تر" كە هەرێمی كوردستانە لەكەدار و عەیبدار كرا.

سێیەم: هەڵسەنگاندنی بڕیارەكە لە دیدی یاساییەوە
بڕیاری ریفراندۆم بەگوێرەی یاساكانی ناوخۆ
پرۆسەی ریفراندۆم لە بنەڕەتدا پرۆسەیەكی یاساییە‌و ئێمە لە یاسا شتێكمان نییە بەناوی ریفراندۆمی یاسایی یان ریفراندۆمی نا یاسایی، ئەگەر كەموكوڕیەك لە روی یاساییەوە هەبێت زیاتر زاراوەی شەرعی و ناشەرعی بون بەكاردێت، نەك یاسایی، چونكە لە بنەڕەتدا ئەگەر یاسایەكی تایبەت‌و دیاریكراو لە پەرلەمانەوە دەرنەكرا، شتێكمان نابێت پێی بگوترێت راپرسی. بۆ یاسایی بونی راپرسی، دو پرسیاری گرنگ هەیە پێویستە وڵامەكەی بزاندرێت:
پرسیاری یەكەم/ كێ مافی بڕیاری ریفراندۆمی هەیە؟ لایەنی بڕیاردەر لەهەرێم كێیە؟
نەبونی دەستور لە هەرێمی كوردستان، یەكێك لە هۆكارەكان بو بۆ ئەوەی پەرلەمانی هەرێم بڕیاری ژمارە یەكی ساڵی 2005 دەربكات، لە دەقی بڕیارەكە هاتوە: "پەرلەمانی هەرێم تاكە مەرجەعی سیاسی‌و دەستورییە بۆ بڕیاردان لەسەر پرسە چارەنوسسازەكانی گەلی كوردستانی عێراق، لە دیاریكردنی پەیوەندی دەستوری لەگەڵ دەسەڵاتەكانی كۆماری فیدراڵدا .." بەگوێرەی ئەم بڕیارە؛ ریفراندۆم لەلایەن پەرلەمانی هەرێمەوە بڕیاری لێدەدرێت و هیچ دەزگایەكی دیكە لە شوێنی پەرلەمان بۆی نییە ئەم بڕیارە بدات، چونكە بەگوێرەی ناوەڕۆكی بڕیارەكە:
• ریفراندۆم بە پرسێكی چارەنوسسازی زۆر گرنگ دادەندرێت.
• ریفراندۆم بابەتێكە شێوازی پەیوەندی نێوان هەرێم‌و دەسەڵاتی ناوەندیی (بەغدا) دیاریدەكات و دەستكاریی دەكات.

جگەلەمەش ئێمە كۆمەڵێك یاسامان هەیە كە رەهەندی دەستوریان هەیە‌و پەیوەندیدارە بە پرسی ریفراندۆمەوە، ئەم یاسانە جارێكی دیكە بابەتەكە بە رونی یەكلایی دەكەنەوە؛ وەكو یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانی عێراق، ژمارە یەكی ساڵی 1992 ی هەمواركراو، یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان ژمارە یەكی ساڵی 2005، یاسای ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان ژمارە سێی ساڵی 1992 ی هەمواركراو، هەروەها یاسای كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی لە هەرێمی كوردستانی عێراق، ژمارە چواری ساڵی 2014 .

بەگوێرەی ماددەی سێیەمی یاسای ژمارە 4 ی ساڵی 2014 ی پەرلەمانی هەرێم، كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی لە هەرێمی كوردستان وەك دەستەیەكی پیشەیی‌و بێلایەنی سەر بە پەرلەمان‌و بەرپرس بەرامبەر پەرلەمان، لایەنی بەرپرسیارە لە ئەنجامدانی هەر راپرسییەك‌و هەڵبژاردنێكی گشتی كە لە هەرێمدا ئەنجامبدرێت. بەگوێرەی ئەم یاسایە، جگە لە پەرلەمانی كوردستان هیچ كەس‌و دامەزراوەیەكی دیكە بۆی نییە فەرمان بە كۆمسیۆن بكات بە ئەنجامدانی راپرسی یان هەڵبژاردنی گشتی، واتە هەریەك لە حزبەكان، سەرۆكایەتی هەرێم، ئەنجومەنی وەزیران، هەروەها هەر دەستە و وەزارەتێكی دیاریكراو، بۆی نییە بڕیار یان فەرمان بكات بە كۆمسیۆن بۆ ئەنجامدانی راپرسی و هەڵبژاردن، چونكە تاكە مەرجەعی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن پەرلەمانە. بەگوێرەی ئەم یاسایە كە یاسای كۆمسیۆنی هەڵبژاردنە، پەرلەمان رۆڵی سەرەكی‌و كۆتایی هەیە لە ئەنجامدانی هەر هەڵبژاردن‌و راپرسییەك. لە یاساكەدا هاتوە، هەر نۆ ئەندامەكەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی هەرێم لەلایەن پەرلەمانەوە هەڵدەبژێردرێن.  جگە لەمەش هەر راپرسییەك پێویستی بە یاسایەك هەیە رێوشوێنی راپرسییەكەو رێكارەكانی دیاری بكات، بۆ هەر ریفراندۆمێك پێویستە لە پەرلەمان یاسایەك دەربچێت بۆ دیاریكردنی ئەو پرسیارەی لە دەنگدەران دەكرێت، بۆ دیاریكردنی سنوری جوگرافی دەنگدەران، هەروەها بۆ رونكردنەوەی كۆمەڵێك بابەتی دیكە، دەكرێ بە تەنیا یاسایەك چەندین خول هەڵبژاردنی پێ ئەنجامبدرێت، بەڵام هەر راپرسییەك یاسایەكی پێویستە‌و ناتواندرێت یاسایەك بۆ دو ریفراندۆم بەكاربێت. بێگومان یاساش لە زەمانی یۆنانی كۆنەوە لە دامەزراوەی پەرلەمانەوە دەردەچێت نەك لە مەكتەبی سیاسی‌و كۆبونەوەی حزبەكان.

پرسیاری دوەم/ كێ ئەركی جێبەجێكردنی ریفراندۆمی لە ئەستۆیە؟ لایەنی جێبەجێكار كێیە؟
هەرێمی كوردستان دەستوری نییە، بەڵام ئەو یاسا و بڕیارانەی رەهەندی دەستوریان هەیە، ئەم بابەتەیان یەكلایی كردوەتەوە، بۆیە یاسابەركارەكان لەهەرێم، بەڕونی لایەنی بڕیاردەر و لایەنی جێبەجێكاری ریفراندۆمی لەنێو دەقە یاساییەكان دیاریكردوە، تەواوی پرۆسەكە لە چوارچێوەی یاسا وێنەكراوە، یاسا هیچ دەلاقەیەكی نەهێشتۆتەوە بۆ بەلاڕێدابردنی ئەم پرسە نیشتمانییە ستراتیژە، لەلایەن هەر كەس و حزب و دامەزراوەیەكەوە بێت. هەروەك یاسای ژمارە چواری ساڵی 2014 ی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی، بە وردی دەسەڵاتی جێبەجێكاری پرۆسەی راپرسی دیاریكردوە؛ كە بریتییە لەو دەستە سەربەخۆیە لە ژێر سەرپەرشتی و چاودێری پەرلەمانی هەرێم.

بۆیە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی دەزگای تایبەتمەندە بە ئەنجامدانی هەر راپرسی‌و هەڵبژاردنێك كە لە هەرێم ئەنجامبدرێت، چاودێری سەرەكی و سەرپەرشتیاری كۆمسیۆنەكەش پەرلەمانی هەرێمە.

كۆتایی
1. لایەنی بڕیاردەر و جێبەجێكاری ئەنجامدانی هەڵبژاردن و راپرسی، لە وڵاتێكەوە بۆ وڵاتێكی دیكە جیاوازی هەیە، یەكێك لە دەسەڵاتەكانی یاسادانان، جێبەجێكردن، یان دەسەڵاتی دادوەریی دەبێت، لە هەندێك وڵات دەسەڵاتی بڕیاردانی راپرسی دراوە بە حكومەت، لەم راپۆرتەدا بۆمان دەركەوت لە هەرێمی كوردستانی عێراق؛ دەسەڵاتی بڕیاردانی هەڵبژاردن و راپرسی لە ئەستۆی پەرلەمانی هەرێمە. بۆ جێبەجێكردنی پرۆسەكەش كۆمسیۆنێكی تایبەتی سەربەخۆ كە پێی دەڵێن كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی لە هەرێمی كوردستان، لەلایەن پەرلەمانەوە رادەسپێردرێت‌و كۆمسیۆنەكەش پررۆسەكە ئەنجامدەدات.
2. بڕیاری ئەنجامدانی راپرسی لە رۆژی 25/9/2017 لەلایەن سەرۆكی هەرێم، ویلایەتەكەی كۆتایی هاتوە، لە كۆبونەوەیەكی لەگەڵ ژمارەیەك لە حزبە سیاسیەكان، هیچ بنەمایەكی یاسایی و دەستوریی نییە، وەك قانونییەكانی عێراق دەڵێن: ئەوەی لەسەر پوچی بنیاتكرابێت هەر پوچە. ئەم راپرسییە تەنانەت راپرسی راوێژكاریش نییە، چونكە بەگوێرەی یاسایەكان‌و ئەو بڕیارەی باسكرا، هیچ لایەنێك‌و دامەزراوەیەك ناتوانێت بڕیار لەم پرسە چارەنوسسازە بدات جگە لە پەرلەمانی هەرێم، تەنانەت ئەگەر سەرۆكایەتی هەرێم كێشەی بەسەرچونی ویلایەتیشی نەبێت، بزوتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامیش لە كۆبونەوەكە بەشداربونایە، بڕیارەكەی ریفراندۆم هەر نایاسایی دەبو.
3. بەهۆی نایاسایی بڕیاری راپرسی لەلایەن سەرۆكی هەرێمەوە كە ماوەكەی بەسەرچوە، بڕیارەكە شیاوی تانەلێدانی دادوەریی‌و رەتكردنەوەیە، چ لە دەزگای دادوەریی هەرێم، چ لە دادگای ئیتیحادی لە بەغدا.
4. ئەگەر لە دەقی یاساكان وردبینەوە، بەتایبەتی بڕیاری پەرلەمانی هەرێم ژمارە یەكی ساڵی 2005، دواتر بەراوردی بكەین بە كۆبونەوە و هەڵسوكەوتی حزبەكانی هەرێم، دەردەكەوێت كە حزبە بەشداربوەكانی ئەم كۆبونەوەیە هیچ باوەڕێكیان بە شەرعیەتی هەڵبژاردن‌و پەرلەمان‌و دامەزراوەكانی دوای راپەڕین نییە كە خۆیان لایەنی سەرەكین تیایدا. لە شوێنی پەرلەمان‌و شەرعیەت هەڵبژاردن، ئەو حزبانە مەیلیان بۆلای شەرعیەتی چەكداری و زەمانی شۆڕش دەچێت.
5. بەگوێرەی بڕیارەكانی كۆبونەوەی سەرۆكایەتی هەرێم لە حەوتی حوزەیران، رۆژی 25/9/2017 دیاریكراوە بۆ راپرسی، رۆژی 6/11/2017 ماوەی یاسایی پەرلەمان كۆتایی دێت و لەو رۆژە بڕیارە هەڵبژاردنی گشتی پەرلەمان و سەرۆكایەتی ئەنجامبدرێت، دانانی بەروارێك بۆ راپرسییەكی پڕلە كێشە دور لە بنەما دەستوری‌و یاساییەكان، مانگێك دوای ئەوە چۆن هەڵبژاردنی گشتی ئەنجامدەدرێت! بێگومان ئەم هەنگاوەی ژمارەیەك لە پارتە سیاسییەكان بەتایبەتی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان، جگە لە دروستكردنی بەربەست لەبەردەم هەڵبژاردنی گشتی و دەستاودەستكردنی ئاشتیانەی دەسەڵات، هیچی دیكە لێ ناخوێندرێتەوە، بەتایبەتی سەرۆكی هەرێم كە 12 ساڵە لەم پۆستە بەردەوامە دور لە پرنسیپە دەستوری‌و یاساییەكان.
6. بڕیاردان لە دەرەوەی پەرلەمان‌و بێ نرخكردنی ئەم دەزگا شەرعیە لەلایەن حزبەكانەوە، كاریگەری نێگەتیڤی دەبێت لە سەر سەقامگیریی هەرێم و بێ هیوابونی هاوڵاتیان.
7. ئەو هەنگاوانەی حكومەت و دەسەڵاتی سیاسی لە هەرێم، كە پێشێلكردنی یاسای لێكەوتوەتەوە، بەڕێوەبردنی كاروباری گشتی لە دەرەوەی یاساو رێنماییەكان، ئاماژەیەكە لە داهاتویەكی نزیكدا ناتواندرێت لە فۆرمی دەوڵەتی قانون، حكومەتی هاوڵاتی پێكبهێندرێت، هەروەها سەروەربونی یاسا كێشەی گەورەی دەبێت لە داهاتودا، سەرچاوەی كێشەكەش دەسەڵاتی گشتییە نەك هاوڵاتی.
8. بەهۆی ئەوەی دامەزراوەكانی هەرێم بە گوێرەی یاسا بەڕێوەناچێت، پێشێلكردنی یاساكان ئاستێكی مەترسیداری تۆماركردوە، بەبێ ئەوەی جەنگ لەناو شارەكان هەبێت، یاخود بارودۆخێكی تەنگەتاوی ئەوتۆ لە ئارادابێت، بۆیە لە ئێستا هیچ زەمینەیەك نییە بۆ دروستكردنی هەرێمێك لە كوردستانی عێراق لە سەر بنەماو پرنسیپەكانی (دەوڵەتی قانون).

سەرچاوەكان
1. یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانی عێراق، ژمارە یەكی ساڵی 1992 ی هەمواركراو.
2. یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان ژمارە یەكی ساڵی، 2005.
3. یاسای ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان ژمارە سێی ساڵی 1992 ی هەمواركراو.
4. بڕیاری ژمارە یەكی ساڵی 2005 ی پەرلەمانی هەرێم، تایبەت بە مەرجەعی سیاسی و دەستوری.
5. یاسای كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی لە هەرێمی كوردستانی عێراق، ژمارە چواری ساڵی 2014.
6. ئاژانسە جیهانییەكانی هەواڵ.
7. میدیاكانی عێراق و هەرێمی كوردستان.