Print WWW.GORRAN.NET
 برێت مەكگۆرگ سەردانی بزوتنەوەی گۆران دەكات
9/13/2017 8:12:52 PM
بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی دۆخی سیاسی هەرێم ‌و پرسی ریفراندۆم ‌و ئاساییكردنەوەی پەرلەمانی كوردستان، وەفدێكی باڵای ئەمەریكا بە سەرۆكایەتی برێت مەكگۆرگ، سەردانی بزوتنەوەی گۆڕان دەكات.

پەیامنێری (تۆڕى میدیاى گۆڕان) رایگەیاند؛ بڕیارە دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە، وەفدێكی باڵای ئەمەریكا بە سەرۆكایەتی برێت مەكگۆرگ، نوێنەری سەرۆكی ئەمەریكا لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ شەڕی داعش سەردانی بزوتنەوەی گۆڕان بكات لە شاری سلێمانی.

لاى خۆیەوە هۆشیار عومەر عەلی، ئەندامی ژوری پەیوەندییە دیپلۆماسییەكانی بزوتنەوەی گۆڕان بە (تۆڕى میدیاى گۆڕان)ى راگەیاند، وەفدەكەی ئەمەریكا بە سەرۆكایەتی برێت مەكگۆرك دەبێت و هەریەكە لە دۆگلاس سیلیمان، باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق ‌و كێن گرۆس كونسوڵی گشتی ئەمەریكا لە هەرێمی كوردستان یاوەری وەفدەكە دەكەن. 

ئەو ئەندامەی ژوری پەیوەندییە دیپلۆماسییەكانی بزوتنەوەی گۆڕان ئاماژەی بەوەشكرد؛ كۆبونەوەكە لەسەر بارودۆخی ئێستای هەرێمی كوردستان دەبێت، لەناویاندا پرسی ریفراندۆم ‌و كاراكردنەوەی پەرلەمان.

چەند رۆژێك بەر لە ئێستا لە سەردانی بۆ لای بزوتنەوەی گۆڕان، باڵیۆزی ئەمریكا بە وەفدی بزوتنەوەی گۆڕانی راگەیاندبو؛ واشنتۆن داوا دەكات ریفراندۆم بۆ كاتێكی تر دوابخرێت، چونكە ئەمەریكا دان بە ئەنجامەكەیدا نانێت.

ئەوەشی بە وەفدی بزوتنەوەی گۆڕان راگەیاندوە، ئەنجامدانی ریفراندۆم لە كەركوك بە هەمو شێوەیەك رەتدەكەنەوە، "چونكە دەبێتە هۆی ئاڵۆزی زیاتر".