Print WWW.GORRAN.NET
 وه‌فدێكی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان به‌شداریی له‌ دوه‌م رۆژی‌ مه‌راسیمی‌ ماته‌مینی‌ مام جه‌لال كرد
10/8/2017 7:21:09 PM
وه‌فدێكی‌ باڵای‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان به‌شداریان له‌دوه‌م رۆژی‌ مه‌راسیمی‌ هاوخه‌می‌ بۆ كۆچی‌ دوایی‌ مام جه‌لال كرد له‌شاری‌ سلێمانی‌ و سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستانیش رایگه‌یاند كۆچی‌ دوایی‌ مام جه‌لال بۆشاییه‌كی‌ گه‌وره‌ی‌ له‌كوردستان و عێراق دروستكرد.

دوانیوه‌ڕۆی‌ رۆژی پێنجشەممە، رێكخه‌ری‌ گشتی‌ و ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانی‌ خانه‌ی‌ راپه‌ڕاندن و هه‌ڵسوڕاوانی‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌شاری‌ سلێمانی‌ به‌شدارییان له‌ مه‌راسیمی‌ هاوخه‌می‌ بۆ كۆچی‌ دوایی‌ مام جه‌لال سكرتێری‌ یه‌كێتی‌ و سه‌رۆك كۆماری‌ پێشوی‌ عێراق كرد.

یوسف محه‌مه‌د سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان، کە بەشداریی‌ مەراسیمەکەی‌ کرد، له‌ لێدوانێكدا رایگه‌یاند؛ نه‌خۆشكه‌وتن و كۆچی‌ دوایی‌ مام جه‌لال بۆشاییه‌كی‌ گه‌وره‌ی‌ له‌ گۆڕه‌پانی‌ سیاسی‌ عێراق و كوردستان دروستكرد.

هەروەک رۆڵی‌ مام جه‌لالی‌ له ‌دروستكردنه‌وه‌ی‌ عێراقی‌ نوێ‌ و یه‌كڕیزی‌ و یه‌كخستنی‌ هێزو لایه‌نه‌ سیاسیه‌ ناكۆكه‌كان به‌رز نرخاند و هیوای‌ خواست به‌رپرسانی‌ هه‌رێم و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان به‌یه‌كڕیزی‌ بتوانن بۆشایی‌ مام جه‌لال پڕ بكه‌نه‌وه‌.