Print WWW.GORRAN.NET
 دەقی بڕیارەکانی جڤاتی نیشتیمانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان
10/23/2017 7:34:49 AM

ئەمڕۆ یەکشەممە (22/10/2017)، جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان کۆبونەوەی خۆی ئەنجامدا و گەیشتە ئەم بڕیارانە:

  • سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و جێگره‌كه‌ی هیچ شه‌رعییه‌تێكیان نییه‌ و پێویسته‌ ده‌ستبه‌رداری پۆسته‌كانیان بن.
  • یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم هه‌ڵبوه‌شێته‌وه‌ و دامه‌زراوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم نه‌مێنێ و سیستمی په‌رله‌مانی بچه‌سپێت.
  • كابینه‌ی هه‌شتی حكومه‌تی هه‌رێمی کوردستان ده‌ستله‌كاربكێشێته‌وه‌ و له‌ جێگه‌یدا حكومه‌تێكی رزگاریی نیشتمانی ده‌ستبكات به‌ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ حكومه‌تی فیدراڵ، له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستور و ده‌سته‌به‌ركردنی مافه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی خه‌ڵكی كورستان.
  • سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان له‌گه‌ڵ فراكسیۆنه‌كان له‌ هه‌وڵدایه‌ بۆ دانیشتنی په‌رله‌مان، بەمەبەستی ده‌ربازكردنی گه‌له‌كه‌مان له‌و دۆخه‌ مه‌ترسیداره.‌
  • ئه‌نجومه‌نی باڵای سیاسی كوردستان هیچ شه‌رعییه‌تێكیان نییه‌ و ده‌یانه‌وێ خۆیان بكه‌ن به‌ جێگره‌وه‌ی دامه‌زراوه‌ شه‌رعییه‌كانی هه‌رێم.
  • داوا له‌ حكومه‌تی فیدراڵ ده‌كه‌ین په‌لاماره‌كانی بۆ سه‌ر شار و شارۆچكه‌كانی كوردستان رابگرێ و لیژنه‌یه‌كی لێكۆڵینه‌وه‌ دروستبكات بۆ قه‌ره‌بوی زیانلێكه‌وتوانی ناوچه‌كانی دوز و كه‌ركوك و خانه‌قین و جه‌له‌ولا و شه‌نگال و شێخان و زوممار و مه‌خمور ناوچه‌كانی تر
  • ئیدانه‌ی هه‌ر ده‌ستدرێژییه‌ك ده‌كه‌ین بۆ سه‌ر موڵك و ماڵ و ژیانی هاوڵاتیان و پێویسته‌ ده‌ستدرێژیكاران راده‌ستی دادگا بكرێن
  • پێویستە گفتوگۆی نێوان حکومەتی هەرێم و لەسە بنەمای دەستوری عێراقی و پاراستنی کیانی هەرێمی کوردستان بێت
  • بزوتنەوەی گۆڕان لەگەڵ کۆمەڵی ئیسلامی لەهەوڵدایە بۆ کۆکردنەوەی هێزو گروپی تر بەئامانجی جێبەجێکردنی ئەرکەکانی ئەم قۆناغەو لەسەروی هەمویانەوە کابینەی هەشت و پێکهێنانی کابینەیەکی رزگاریی نیشتمانی.

لەکۆتایدا داواکارین دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان ئەم داواکاریانە بەهەند وەرگرن و جێبەجێی بکەن، چونکە لە ئەگەری گوێنەگرتن لەم داواکاریانە، بژاردەی تر لەبەردەم کۆمەڵانی خەڵکی کودستاندایە.

جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان

22/10/2017