Print WWW.GORRAN.NET
 گۆڕان: سەعات (12)ی‌ ئەمشه‌و بانگه‌شه‌ی‌ میدیایی‌ و مه‌یدانی‌ ده‌ستپێده‌كه‌ین
4/15/2018 2:14:26 AM
بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان له‌ دوای‌ سەعات (12)ی‌ ئه‌مشه‌وەوە به‌ فه‌رمی‌ بانگه‌شه‌ی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ خۆی‌ بۆ هه‌ڵبژاردنی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق ده‌ستپێده‌كات.

له‌ كۆنگره‌یه‌كی‌ رۆژنامه‌وانیدا كه‌ ئێواره‌ی‌ ئه‌مڕۆ له‌ مه‌كۆی‌ سه‌ره‌كیی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان له‌ سلێمانی‌ به‌ڕێوه‌چو، زمناكۆ جه‌لال رێكخه‌ری‌ ژوری‌ هه‌ڵبژاردن و ئه‌ندامی‌ لیژنه‌ی‌ باڵای هه‌ڵبژاردنی‌ بزوتنەوەی گۆڕان رایگه‌یاند، ئه‌مشه‌و له‌واده‌ی‌ یاساییدا واته‌ له‌ سەعات (12)ی‌ شه‌وەوە كه‌مپه‌ینی‌ هه‌ڵبژاردن له‌سه‌ر هه‌ردو ئاستی‌ راگه‌یاندن له‌ كه‌ناڵه‌ میدیاییه‌كان و هه‌روه‌ها له‌سه‌ر ئاستی‌ مه‌یدانی‌ له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان ده‌ستپێده‌كات. 

وتیشی‌: هه‌رچه‌نده‌ چه‌ند هێز و لایه‌نێكی‌ تر پێشتر بانگه‌شه‌ی‌ پێشوه‌خته‌یان ده‌ستپیكردوه‌، به‌ڵام وه‌كو بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان له‌ واده‌ی‌ یاسایی‌ خۆی‌ ده‌ست به‌ بانگه‌شه‌ ده‌كه‌ن و رێز له‌ یاسا و رێنماییه‌كانی‌ تایبه‌ت به‌ بانگه‌شه‌ ده‌گرن له‌ سه‌رجه‌م شار و شارۆچكه‌كان و پابه‌ند ده‌بن به‌ رێنماییه‌ ئه‌منییه‌كان.

وتیشی‌: سبه‌ینێ له‌سەعات (2)ی‌ پاشنیوه‌ڕۆ له‌ هۆڵی‌ میدیا له‌ شاری‌ هه‌ولێر به‌ ئاماده‌بونی‌ لیژنه‌ی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ گۆڕان و سه‌رجه‌م كاندیده‌كانی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ارنی‌ عێراق ئاهه‌نگی‌ ده‌ستپێكی‌ بانگه‌شه‌ به‌ڕێوه‌ده‌چێت، هه‌روه‌ها سەعات (5)ی‌ ئێواره‌ له‌سه‌ر ئارامگای‌ ره‌وانشاد نه‌وشیروان مسته‌فا له‌ شاری‌ سلێمانی‌ و به‌ئاماده‌بونی‌ رێكخه‌ری‌ گشتی‌ بانگه‌شه‌ی‌ هه‌ڵبژاردن ده‌شتپێده‌كات و ناوی‌ ده‌نێین (بانگه‌شه‌ی‌ نوێبونه‌وه‌ی‌ وه‌فا)، له‌ پارێزگای‌ دهۆكیش له‌ سەعات (5)ی‌ ئێواره‌ له‌به‌رده‌م مه‌كۆی‌ گۆڕان له‌و شاره‌ بانگه‌شه‌ ده‌ستپێده‌كات و له‌ شاری‌ كه‌ركوكیش وه‌كو لیستی‌ نیشتمان، به‌ هاوبه‌شی‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و هێزانه‌ی‌ به‌شدارن له‌ لیستی‌ نیشتمان له‌ چه‌ند رۆژی‌ داهاتو بانگه‌شه‌ ده‌ستپێده‌كات.

زمناكۆ جه‌لال وتیشی‌: ئامانجی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان به‌ڕێكردنی‌ بانكه‌شه‌یه‌كی‌ مه‌ده‌نییانه‌یه‌ و داواكارین سه‌رجه‌م هێز و لایه‌نه‌كان پابه‌ند بن به‌ رێنماییه‌كانی‌ تایبه‌ت به‌ بانگه‌شه‌یه‌كی‌ مه‌ده‌نیانه‌.

رێكخه‌ری‌ ژوری‌ هه‌ڵبژاردنی‌ گۆڕان به‌ناوی‌ بزوتنه‌وه‌كه‌وه‌ سوپاسی‌ هه‌ڵوێستی‌ كۆمسیۆنی‌ باڵای‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ كرد كه‌ له‌سه‌ر پێشنیاری‌ گۆڕان بانگه‌شه‌ی‌ خسته‌ رێكه‌وتی‌ (15)ی‌ مانگ كه‌ پێشتر ده‌بو له‌ رۆژی‌ (14)ی‌ مانگ بوایه‌، به‌ڵام له‌به‌ر ساڵیادی‌ پرۆسه‌ی‌ ئه‌نفال و وه‌ك رێزێك بۆ كه‌سوكاری‌ ئه‌نفالكراون، ده‌ستپێكردنی‌ بانگه‌شه‌ له‌ شارو شارۆچكه‌كانی‌ هه‌رێم خرایه‌ (15)ی‌ مانگ.