Print WWW.GORRAN.NET
 قادر حاجی عەلی: بەشێوەیەکی شارستانیانە دەست بەبانگەشە دەکەین
4/15/2018 2:15:42 AM
هەڵسوڕاوان و پشتیوانانی بزوتنەوەی گۆڕان لە شاری چەمچەماڵ کۆبونەوە بۆ سەرخستنی لیستی گۆڕان لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و لە پەیامێکیشیدا سەرۆکی لیژنەی هەڵبژاردنەکان ئومێدی خۆی بە سەرکەوتنی لیستی گۆڕان نیشاندا.

دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە، لە هۆڵی شاکر فەتاح، کۆبونەوەی جەماوەریی بەرفراوانی هەڵسوڕاوان و پشتیوانانی بزوتنەوەی گۆڕان لە چەمچەماڵ بەڕێوەچو، وەک ئامادەکارییەک بۆ دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردن و سەرخستنی لیستی گۆڕان لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەراندا کە (12)ی مانگی داهاتو بەڕێوەدەچێت.

لەسەرەتای کۆبونەوەکەدا، عەبدوڵا کوێخا موبارەک باژێڕوانی مەکۆی چەمچەماڵی بزوتنەوەی گۆڕان باسی ئەوەی کرد کە شاری چەمچەماڵ شانازیی ئەوە پێبڕاوە کە ناسناوی پایتەختی شەهیدان و ئەنفالکراوانی پێببەخشرێت، لەبەرامبەردا زوڵم زۆرێکی گەورەی لێکراوە، کەم دایک و باوک هەیە لەمشارە جەرگی نەسوتابێت، کەم ژن هەیە هاوسەرەکەی شەهید یان ئەنفال نەکرابێت.

ئاماژەی بەوەکرد، سنورەکە خاوەنی سامانێکی سروشتی گەورەیە بەتایبەتی غازی سروشتی، یەڵام تائێستا لێ سودمەند نەبوە، گەورەترین وێستگەی کارەبا لەسەر خاک و بەسامانی ژێرخاکەکەی دروست کراوە، بەڵام کەمترین سودی بۆی هەیە و لە بەرهەمەکەی بێبەشە، سەرەڕای ئەوەش بێڕێزیی بەکەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و قوربانیان دەکرێت، هەمو ئەوانە وایان لێدەکات کە کار بکەن بۆ سەرخستنی لیستی گۆڕان، بۆ ئەوەی ئیدارەی شارەکە بکەوێتە دەستێکی ئەمین و دادپەروەر.

دواتر، قادر حاجی عەلی سەرۆکی لیژنەی هەڵبژاردنەکانی بزوتنەوەی گۆڕان وتەیەکی پێشکەش کرد و لەسەرەتا سەری رێزی رێزو نەوازشی بۆ کەسوکاری شەهیدان و شەهیدانی ئەنفال دانەواند، کە ئەمڕۆ ساڵیادی جینۆسایدی ئەنفال بو کە بەرامبەر کورد ئەنجامدرا.

ئاماژە بەوەکرد؛ شاری چەمچەماڵ زۆرترین قوربانی بەخشیوە و خەباتی کردوە لەو شوێنانەیە کە لە پلەی یەکەمی قوربانیداندایە، بەڵام بێنازترین خەڵکی کوردستانن، کە دەبو ئەوانەی شەهیدن و کەسوکاری ئەنفالن زۆرترین خزمەت بکرانایە، بەڵام ئەوەی قوربانی نەداوە و ئازاری نەچەشتوە و ئەوەی هاتوەتە سەر حازری، بە دەسەڵاترین و دەوڵەمەندترین توێژی ئەم کۆمەڵگایەن.

ئەوەی خستەڕو کە؛ چەمچەماڵ خاوەنی شارستانییەکی دورو درێژە ئەویش شارستانی چەرموە کە زانکۆکەی بەو ناوە ناونراوە، لەئێستادا هەرچەندە ئەو شارستانییەتە لەناوچوە، بەڵام هیچی پرۆژەیەکی گەشتیاریی بۆ نەکراوە بۆ ئەوەی زانکۆکان و خەڵک و گەشتیار روی تێبکەن، بۆیە پێویستە رۆڵی شارەکە وەکخۆی باسبکرێت و رێزی لێبگیرێت.

سەبارەت بەدەستپێکردنی پرۆسەی بانگەشەی هەڵبژاردنیش، قادر حاجی عەلی رایگەیاند: سبەینێ بانگەشەی هەڵبژاردن دەست پێدەکات مافی ئەوەمان هەی بانگەشە بکەین، بەڵام لەسەر حسابی خەڵکی تر نا، بەڵکو بەشێوەیەکی شارستانی و پێویستە باسی بەرنامە و کاندیدەکانی خۆمان دەکەین.

ئاماژەی بەوەکرد؛ پەرلەمانتارانی گۆڕان لە خولەکانی پێشودا کاری گەورەیان کردوە و سەریان بەرزکردوینەتەوە، ساڵی رابردو بۆ یەکەمجار لە مێژوی پەرلەمانی عێراق فراکسیۆنی گۆڕان مەراسیمێکیان بۆ ساڵیادی تاوانی ئەنفال رێکخست بۆ هەمو بەغدا و حیزب و لاینەکانیان باسکرد کە چی تاوانێک بەرامبەر کورد کراوە.

راشیگەیاند: بەرنامەی ئێمە بۆ ئەمجارە ئەوەیە کە هەمو شتێک لەپێناو سەرخستنی هەڵبژاردندابێت، لەبەرامبەردا هەمو شتێک وەلا بنێین لە ناکۆکی و ناڕەحەتی و گلەیی، لەسەر بەرنامەکانی خۆمان کاربکەین و بەیەک دەست لیستی گۆڕان سەربخەین لە (12)ی ئایاردا و هەروەک هەرکەسێک لە پەرلەمان و هەڵسوڕاوان و دەنگدەران هیچمان دەستەوەستان نەوەستین، دەرگا بە دەرگا و کەس بە کەس بانگەشە بکەین بۆ سەرخستنی گۆڕان، چونکە لەم هەڵبژاردنە، دەمانەوێت رەگ داکوتین و لە کوردستاندا بتوانین دەسەڵات بگرینە دەست.

وتیشی :"ئێمە سەربەرزین بەوکارانەی لە رابردودا کردومانە و هەوڵمان بۆ ئەوەیە کە بگەینە دەسەڵات بەرنامە چاکسازییەکانی خۆمان بۆ پێشخستنی کوردستان جێبەجێ بکەین، چونکە هەموان بۆیان دەرکەوتوە سەرکردایەتی ئەو وڵاتە بە خەڵکی گەندەڵ و تێنەگەیشتو ناکرێت".

جەختی کردەوە کە ئەگەر لە هەڵبژاردنی داهاتوی پەرلەمانی کوردستاندا یەکەم لیست بن تەنها یەک کورسیان لەوان زیاتربێت ئەوا لە مافی خۆمان خۆش نابین و دەسەڵات وەردەگرین، لەبەرئەوە مەنتیقی هێز ناخوات، بەڵکو هێز و فشاری مەدەنی بەکاردەهێنین بۆ بەدەستهێنانی مافەکانمان.