Print WWW.GORRAN.NET
 قادری حاجی عه‌لی: هه‌ولێر هی ته‌نیا حزبێك و بنه‌ماڵه‌یه‌ك نییه‌
4/15/2018 11:03:33 PM
قادری حاجی عه‌لی، سه‌رۆكی لیژنه‌ی باڵای هه‌ڵبژاردنی گۆڕان ڕایگه‌یاند، هه‌ولێر نه‌هی ته‌نیا حزبێكه‌ نه‌هی بنه‌ماڵه‌یه‌ك، شاری برایه‌تی و ڕه‌نگاوڕه‌نگی و قاره‌مانێتییه‌ بۆیه‌ له‌وێوه‌‌ ده‌ستیان به‌ هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردن كردووه‌.

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ كه‌رنه‌ڤاڵی جه‌ماوه‌ری بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان بۆ په‌رله‌مانی عێراق له‌شاری هه‌ولێر به‌ڕێوه‌چوو، كه‌ تیایدا قادری حاجی عه‌لی، سه‌رۆكی لیژنه‌ی باڵای هه‌ڵبژاردنی گۆڕان وتارێكی پێشكه‌شكرد و وتی،  له‌ چه‌ند ساڵی‌ رابردوو بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان بۆ هه‌مووانی‌ سه‌لماند كه‌ ته‌سلیمی‌ ئیراده‌ی‌ خۆسه‌پێنی‌ هیچ بنه‌ماڵه‌یه‌ك نابێت، هاوكات به‌دۆست و دوژمنانیشی پیشاندا، كه‌ستراتیژییه‌تی ئه‌م هێزه‌ بۆ گه‌یشتن به‌ ده‌سه‌ڵات ده‌نگی خه‌ڵكه‌.

هه‌روه‌ها وتیشی، مێژووی‌ پاش ڕاپه‌رین ئه‌و ڕاسته‌یه‌ بۆ ئێمه‌ی‌ گۆڕانخوازان ده‌نوسێته‌وه‌ كه‌ پڕۆژه‌ی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌تا مردن له‌سه‌ر ده‌ستی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان شكستیهێنا، له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ كۆكردنه‌وه‌ی هه‌موو هێزه‌ ڕیفۆرمخوازه‌كان بۆ كۆتایهێنان به‌م ئه‌زمونه‌ خراپ و ئیداره‌ فاشیل و مۆدێله‌ گه‌نده‌ڵه‌ بهێنێت‌.

قادری حاجی عه‌لی ئه‌وه‌شی وت، كوردستانی نیشتیمانی ئێمه‌یه‌ و هه‌تا ئێمه‌ش مابین ڕێگا ناده‌ین ببێت به‌سه‌رزه‌مینی شكاندنی كه‌رامه‌تی هاونیشتیمانیانی ئێمه‌ و بێ ڕێزیكردن به‌ مێژووه‌ برینداره‌كه‌ی.

هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی وتیشی، ده‌مانه‌وێت ڕاشكاوانه‌ پێتان بڵێین، ئێمه‌ وه‌ك بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان نه‌سه‌ركه‌شین نه‌ ملكه‌چین، نه‌قومار به‌خواسته‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانمانه‌وه‌ ده‌كه‌ین، نه‌ خه‌ونه‌ نیشتیمانیه‌كانیشمان ده‌شارینه‌وه‌، نه‌ حه‌ماسه‌تی درۆزنانه‌ ده‌وروژێنین و نه‌ ده‌شهێڵین نائومێدی ببێت به‌نۆرم و خه‌ونی گۆڕانكاری بكوژێنێته‌وه‌.




.