Print WWW.GORRAN.NET
 وێنە؛ کەرنەڤاڵى بانگەشەى بزوتنەوەى گۆڕان لەهەولێر
4/16/2018 3:53:39 PM
دوانیوەڕۆی رۆژی یەکشەممە، کەرنەڤاڵى بانگەشەى بزوتنەوەى گۆڕان لە شارى هەولێرەوە دەستى پێکرد.

 

کەرنەڤاڵەکە بە بەشدارى سەرپەرشتیارى هەڵبژاردنى بزوتنەوەى گۆڕان و ئەندامانى خانەى راپەڕاندن و جڤاتى نیشتیمانى و کاندیدەکانى لیستى (142)ى بزوتنەوەى گۆڕان و بەشێکى بەرچاو لە گۆڕانخوازانى شارى هەولێر بەڕێوەچو.

 

لەسەرەتای مەراسیمەکەدا، قادر حاجی عەلی سەرۆکی لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەکانی بزوتنەوەی گۆڕان وتارێکی پێشکەش کرد و رایگەیاند: ئەمڕۆ هەڵمەتی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەست پێدەکات، بزوتنەوەی گۆڕانیش خۆی بۆ دەورەیەکی تر لە خەباتی مەدەنیی و بۆ بەستنی پەیمانێکی تازە لەگەڵ دەنگدەرەکانی و بۆ بەوەفابوونێکی تر بەرامبەر مێژووی گەلەکەمان، ئامادەدەکات. 

 

هەروەک داوای لە ھەمو ھاونیشتیمانیان لە ناوەوە و دەرەوەی ھەرێم کرد بە گوڕو تینی خۆبەخشانەی گۆڕانەوە بڕۆن بۆ دەنگدان و کار بۆ سەرخستنی لیستەکەمان بکەن لەژێر دروشمی گۆڕان ئیرادەیەکی بەردەوامە و گۆڕان ئیرادەیەکی بەرەدوامە، خەونێکی واقیعییە، ئومێدێکە ناشکێت.

دواتر کاوە محەمەد سەرۆکى لیستى گۆڕان لە هەولێر رایگەیاند: ئەمڕۆ هەولێر لەهەمو کاتێک زیاتر تینوە بۆ گۆڕان و کردنەوەی باوەشی گەرمی بۆ ئاڵا نیلـلیە پڕ لەئومێدەکەی، تا لێرەوە و لەم شارە بە شکۆ و هەیبەتەی مێژوەوە، تۆمارێکی تری وەستانەوە بەڕوی جەور و ستەم بکاتە تاج و بینێتە سەر قەڵا و منارە سەرکەشەکەی، تا لەم شارە بریندارەی دەستی مافیاکانی حوکمڕانی کوردی_ەوە، سەرەتای کۆتایی ئەو مۆدێلە شکستخواردو و ناشیرینە تۆمار بکرێت کە لەدەسپێکی نەوەدەکانی سەدەی رابردوەوە دەستیان کرد بەتاڵانی و گەندەڵی و هەر زو راپەڕینیان لەخەڵک دزی و هەرێمیان پڕکرد لەستەم و بێڕێزی و رۆژ بەرۆژ و ساڵ بە ساڵ لەجیاتی دەسکەنەکردنی دەستکەوت، شکست لەدوای شکستیان کەڵەکە کرد تا لەریفراندۆم و شانزەی ئۆکتۆبەردا گەیاندیان بە لوتکەی شکست و شەرمەزاری.

 

هەروەک د. یوسف محەمەد سەرۆکى لیستى بزوتنەوەى گۆڕان لە سلێمانى لە وتارێکدا رایگەیاند: بەسەری بەرزەوە دێینەوە خزمەتتان، کۆڵان بە کۆڵان، شەقام بە شەقام، ئاوایی بە ئاوایی و شار بە شاری هەرێم و ناوچە جێناکۆکەکان دەگەڕێین و داوای دەنگتان لێدەکەین.. چونکە سەلماندمان کە دەنگی ئێوەمان بۆ بەدەست هێنانی دەسەڵات و مانەوە تیایدا و، بۆ بەدەستهێنانی پارە و سامان ناوێت، بەڵکو دەنگی ئێوەمان بۆ دیفاع کردن لە مافەکانی خۆتان دەوێ. دەنگی زیاتری ئێوەمان دەوێ  بۆ ئەوەی بەهێزتر بین لە هێنانە کایەی گۆڕانکاریی گەورەتر، لە هێنانەکایەی دەسەڵآتی خەڵک بۆ خەڵک، بۆ حوکمی هاوڵاتی.. دەنگی ئێوەمان ئەوێ بۆ نوێنەرایەتی کردنتان بە دور لە مەرامی شەخسی لە بەرامبەر دەسەڵآتدارانی بەغدا، بۆ دیفاع کردن لە مافەکانی گەلی کردستان لە بەغدا بە پێی دەستور.

پاشان کاندیدانی لیستی گۆڕان لەسەرجەم پارێزگاکان ناسێنران.