Print WWW.GORRAN.NET
 شەش لایەنی سیاسی بایكۆتی ئەژماری دەستی دەكەن
7/9/2018 7:19:22 PM

ئه‌مڕۆ دوو شه‌ممه‌ 9-7-2018 پڕۆسه‌ی ئه‌ژماری ده‌ستی ده‌نگه‌كان له‌ پارێزگای سلێمانی ده‌ستیپێكرد و هه‌ریه‌كه‌ له‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، كۆمەڵ، هاوپەیمانی، یەكگرتوو، بزوتنەوە‌و شیوعی بایكۆتی پڕۆسه‌ی دەنگەكانی پارێزگای سلێمانی دەكەن.

 

رۆژی 3ی ئه‌م مانگه‌ ئەژماركردنی دەستی دەنگەكان لە كه‌ركوك و شه‌ش پارێزگای عێراق دەستیپێكرد.

 

لەكەركوك لە سەرەتای دەستیپێكردنی جیاكردنەوەی دەنگەكان رێگە بە نوێنەری لایەنە سیاسیەكان نەدرا بچنە ژورەوە، دوای دوو كاتژمێر رێگەدرا لە هەر لایەنێك دوو كەس برۆنە ژورەوە.

 

دوای ده‌ست پێكردنی پڕۆسه‌كه‌ زمناكۆ جه‌لال، رێكخەری ژوری هەڵبژاردنی بزوتنەوەی گۆڕان رایگەیاند، ئەوەی ئێستا كاری لەسەر دەكرێت هەژماركردنەوەی دەنگی چەند سندوقێكی كەمە‌و ئەوەش هیچ لە بابەتەكە ناگۆڕێت.

هه‌روه‌ها وتیشی: ئەگەر هەژماركردنەوەكە بۆ هەموو سندوقەكان نەبێت، بزوتنەوەی گۆڕان ئەنجامەكەی رەتدەكاتەوە.


نوێنەری هەریەك لە كۆمەڵ ‌و یەكگرتوی ئیسلامیش رایانگه‌یاند: بەو جۆرەی ئێستا، هیچ ئومێدێك بەدی ناكرێت بۆ گەڕانەوەی دەنگی دزراوی هاوڵاتیان ‌و لایەنەكان.

 

بەپێی بڕیارەكە تەنیا دەنگی ئەو سندوقانە بەدەست دەبژێردرێن كە سكاڵایان لەسەر تۆماركراوە، ئه‌مه‌ش نێگه‌رانی لای ئه‌و لایه‌نه‌ سیاسیانه‌ دروستكرد كه‌ ساخته‌كاریان به‌رامبه‌ر كراوه‌، له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنی پڕۆسه‌كه‌ هەریەکە لە بزوتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی و هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری و یەکگرتوی ئیسلامی ره‌تیان كرده‌وه‌، كه‌ پێچه‌وانه‌ی هەمواری چوارەمی یاسای هەلبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانە.

 

هاوكات ئه‌مڕۆش پڕۆسه‌ی ئه‌ژماری ده‌ستی ده‌نگه‌كان ده‌ستی پێكردوو، هه‌ریه‌كه‌ لە بزوتنەوەی گۆڕان، كۆمەڵ، هاوپەیمانی، یەكگرتوو، بزوتنەوە‌و شیوعی، بایکۆتی پڕۆسەی ئەژماری دەستی دەنگەکان له‌ پارێزگای سلێمانی دەکەن و جەخت دەکەنەوە کە دەبێت ئەژماری دەستی تەواوی سندوقەکانی دەنگدان بکرێت.


.