Print WWW.GORRAN.NET
 ئەندامێكی جڤاتی نیشتیمانی: گۆڕان کاردەکات بۆ بە پەرلەمانیکردنی سیستمی حکومەڕانی
7/14/2018 6:57:46 PM
ئەندامێكی جڤاتی نیشتیمانی رایدەگەیەنێت؛ گۆڕان لەخولی داهاتوی پەرلەماندا كاردەكات لەسەرهەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم ‌و گونجاندنی لەگەڵ سیستمی پەرلەمانی، بە پێچەوانەشەوە سەرنەگرێت ئەوا كار دەکەن لەسەر هەڵوەشاندنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم.

شاخەوان رەئوف، ئەندامی جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان رایگەیاند؛ ئەولایەنانەی رەخنە لە هەڵپەساردنی كارەكانی سەرۆكایەتی هەرێم دەگرن لەداهاتودا لەحیكمەتەكەی تێدەگەن.

وتیشی: لەخولی داهاتوی پەرلەماندا گۆڕان كاردەكات لەسەرهەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم ‌و گونجاندنی لەگەڵ سیستمی پەرلەمانی، بە پێچەوانەشەوە ئەگەر سەرنەگرێت ئەوا كار دەکەن لەسەر هەڵوەشاندنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم.

لەبارەی یاسای هەڵپەساردنی پۆستی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان رەخنە ئاڕاستەی بزوتنەوەی گۆڕان دەكرێت، بەڵام بزوتنەوەكە پێی وایە، هۆكارەكەی خۆی لە دو خاڵدا دەبینێتەوە، یەكەمیان پڕۆژەكە هی فراكسیۆنەكەیانە و دوەمیشیان موزایەدەی سیاسیەوە بەسەریانەوە دەكەن.

هەڵسوڕاوانی گۆڕان پێی وایە ئەوانەی ئەمڕۆ رەخنە لە گۆڕان دەگرن لەسەر هەڵپەساردنی كارەكانی سەرۆكایەتی هەرێم دوێنێ‌ پەیامە سیاسییەكانیان لەسەر ئەم پۆستە و بۆ كردنەوە گرێكوێرەكەی بەردەمی، وەك سوڵحی عەشایەری وابو نەك بە دامەزراوەیی كردنی كێشەی سەرۆكایەتی و چەسپاندنی سیستمی پەرلەمانی.

پۆستی سەرۆكی هەرێم لەلایەن چەند لایەنێكەوە بەردەوام وەك سەفقەی سیاسی بەكاردەهێندرێت، بۆپێكهێنانی حكومەتی هەرێم ‌و حكومەتی عێراق هەمیشە وەك كاڵایەك بازرگانی پێوەدەكرێت پۆستی پێوەردەگیرێت ‌و پێی دەبەخشرێت.

بەوتەی ئەو ئەندامەی جڤاتی نیشتیمانی؛ چی لەرابردودا ‌وبەئێستاشەوە بزوتنەوەی گۆڕان كاتێك كار لەسەر یاسای سەرۆكایەتی هەرێم دەكات هیچ پەیوەندیەكی بەسەر شەخسەوەنیە واتا بەو ئامانجە كارناكات كەكێ ئەو پۆستە وەردەگرێت، بەڵکو تەنها شتێك گۆڕان لای گرنگ بێت، رێكخستنی یاساكە وگۆڕینی سیستمی حكومڕانیە، بۆیە ئەوەی ئەمڕۆ گۆڕان شەڕی لەسەردەكات بۆ هەڵپەساردنی كارەكانی سەرۆكایەتی هەرێم خەڵكی تر لەخولی داهاتودا لەو حیكمەتە تێدەگات .